دەسەڵاتی سیاسی و متمانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی
(له په‌ڕاوێزی ڕاکردنی زیندانیان له زیندانه‌کاندا)
کارامه‌یی سیسته‌مه سیاسییه‌کان له کاتی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانه‌کاندا ئاشکراتر و ڕوونتر ده‌رده‌که‌وێ. کاتێک وڵات ده‌که‌وێته باردۆخێکی ئاوارته‌ی وه‌ها که ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌که پێویستی به ته‌رخانکردنی سه‌رچاوه مرۆیی و ماددییه‌کان و به‌ڕێوه‌بردنی به‌رنامه بۆداڕێژراوی دامه‌زراوه نیشتمانییه‌کانه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر کۆمەڵگە، ئاستی کارامه‌یی و توانایی به‌ڕێوه‌به‌ریی ده‌وڵه‌ت باشتر وه‌دیار ده‌که‌وێ. ئه‌وه‌ش ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی هه‌یه به متمانه‌ی هاووڵاتیان به سیستمه سیاسییهكهیانهوه.
جۆری ڕێژێمی سیاسی کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له سه‌ر وڵامده‌ربوونی ده‌وڵه‌ت هه‌یه به‌رامبه‌ر هاووڵاتیان، به جۆرێك که له سیسته‌مه دیمۆکڕاتیک و خهڵکیهکاندا، ده‌وڵه‌ت له ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخی ئاوارته‌دا کارامه‌تره و باشتر و زووتر ده‌توانێ به سه‌ر قه‌یرانه‌کاندا زاڵ بێ، دیاره نابێ ئه‌و ڕاستییه‌ش له‌بیر بکرێ که له هه‌ندێ حاڵه‌تدا ده‌وڵه‌تانی ناوه‌ندگه‌را و نادیمۆکڕاتیک له کاتی ڕوودانی قه‌یرانه‌کاندا کارامه و به‌توانا ده‌رده‌که‌ون و وڵاته‌که‌یان به‌ره‌و که‌ناری ئارامی و سه‌قامگیری ده‌به‌ن. له‌و وڵاتانه‌دا سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی گه‌شه‌ی سیاسی، گه‌شه‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ڕوو ده‌دا، که هۆکاری تایبه‌تی وه‌ک سانایی بڕیاردان به‌هۆی یه‌کده‌ست بوونی ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان و پێشکه‌وتنی تێکنۆلۆژی و هتد.. یارمه‌تیده‌ر ده‌بن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخه‌که.
له ڕۆژانی ڕابردوودا له ژماره‌یه‌ک له زیندانه‌کانی ئێران‌دا، زیندانییه‌کان ڕاپه‌ڕین و ته‌نانه‌ت لانیکه‌م له یه‌ک که‌یسدا (زیندنی سه‌قز) توانیان له زیندان ڕابکه‌ن. ئازادکردنی ژماره‌یه‌ک له زیندانییه‌کان به مه‌به‌ستی به‌رگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی کڕۆنا، لاوازیی دامه‌زراوه‌کانی ده‌سه‌ڵات له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، نیگه‌رانیی زیندانییه‌کان له ته‌شه‌نه‌کردنی ویرووسی کڕۆنا له نێو زیندانه‌کاندا و گرینگتر له‌وانه نه‌بوونی متمانه لای زیندانییه‌کان به پاراستنی ته‌ندروستیان له لایه‌ن به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ته‌وه، له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی ڕاپه‌ڕینی زیندانییەکانن. ناکارامه‌یی ده‌وڵه‌ت له پاراستنی زیندانیه‌کان و هه‌ڵوێستی کۆمەڵگە به‌رامبه‌ر ڕاکردنی زیندانیان، کاردانه‌وه‌ی زۆری له ناو میدیا و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌دوای خۆیدا هێناوه.
ڕاکردنی زیندانی له هه‌موو سیستمه یاسایی و قه‌زاییه‌کانی جیهان به تاوان داده‌نرێ و وه‌ک هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی کۆمەڵگە له قه‌ڵه‌م ده‌درێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌و پڕنسیپه یاساییه و له هه‌مان کاتدا ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی تاوانبار بۆ سه‌ر کۆمەڵگە هه‌یه‌تی، له پرسی ڕاپه‌ڕینی زندانییهکانی ئێران و ڕاکردنیان له زیندانه‌کان، شاهیدی شه‌پۆلێک له ڕه‌زامه‌ندی و خۆشحاڵیی خه‌ڵکی ئێران و کوردستانین.
بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه دژوازه، پێویسته باس له چه‌مکێک بکه‌ین که له ده‌لاقه‌یه‌وه ده‌توانین ڕه‌فتاری کۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵک له هه‌مبه‌ر ڕاکردنی زیندانیان شی بکه‌ینه‌وه. “متمانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی” یان هه‌مان سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌و چه‌مکانه‌یه که لانیکه‌م له سه‌رده‌می دروست بوونی ده‌وڵه‌تی مۆدێڕنه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی دیاریکراو هاتۆته ئه‌ده‌بیاتی سیاسییه‌وه. ڕۆسۆ بیرمه‌ندی فه‌ڕانسه‌وی له شیکردنه‌وه‌ی بیردۆزی ڕێککه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ڵێ: “ده‌وڵه‌ت به‌ره‌نجامی هه‌وڵی پلانمه‌ندی مرۆڤه‌کانه بۆ وه‌دیهێنانی نه‌زم، ئه‌منیه‌ت و ئازادی که له ڕێگای ڕێککه‌وتنێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌دی دێ.” ڕێککه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی که به‌زۆری خۆی له یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵات‌دا ده‌بینێته‌وه، متمانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌کا و تاکه‌کانی کۆمەڵگە به ڕایه‌ڵه‌یه‌ک له نۆڕم و ههنجارهکان به یه‌کتره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه كه له ڕاستیدا ڕێککه‌وتن له سه‌ر ئه‌و به‌ها و بایه‌خانه‌یه که ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسی دروست ده‌کا و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پێ ده‌به‌خشێ. کاتێک په‌یوه‌ندیی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات که‌لێنی تێده‌که‌وێ و ئه‌و ڕێککه‌وتنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ده‌وڵه‌تی له سه‌ر دامه‌زراوه چیتر به‌رهه‌می دیمۆکڕاسی یان ویژدانی جه‌معی نییه، نه ته‌نیا ده‌سه‌ڵات ناتوانێ ئه‌رک و به‌رپرسیاره‌تیی خۆی جێبه‌جێ بکا، ته‌نانه‌ت بنیاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش به‌ره‌و داڕمان و هه‌ره‌سهێنان ده‌ڕۆن.
کۆماری ئیسلامی هه‌ر له دامه‌زرانییه‌وه سه‌رچاوه‌ی مه‌شرووعیه‌تی خۆی به متمانه‌ی هاووڵاتیان نه‌به‌سته‌وه، به‌ڵکوو نوێنه‌رایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتێکی خوایی کرده هه‌وێنی حوکمڕانیی، که به هیچ جۆر خۆی به‌رامبه‌ر گه‌ل به به‌رپرسیار نازانێ. له دوو ده‌یه‌ی یه‌که‌می ده‌سه‌ڵاتداریی کۆماری ئیسلامی‌دا، ڕێبه‌رانی ئه‌و ڕێژیمه توانیان به هه‌ڵخڕاندنی ده‌مارگیریی ئایینزایی تێکه‌ڵ به پاشماوه فکرییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی سه‌رده‌می پێشوو، مه‌شرووعیه‌تێکی ڕێژه‌یی بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. به‌دوای په‌ره‌گرتنی ئامرازه‌کانی په‌یوه‌ندی و پێگه‌یشتنی نه‌سله‌کانی پاش شۆڕشی ٥٧ و هاوکات ئاشنابوونی ئه‌و نه‌سله به حکوومه‌ته وڵامدهرهکانی سه‌رده‌م، درزێکی گه‌وره که‌وته مه‌شرووعیه‌تی رێژیم، به شێوه‌یه‌ک که کۆمەڵگە به‌ره‌و جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌کی ڕووتی ده‌سه‌ڵات – هاووڵاتی هه‌نگاوی نا. ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له سه‌حنه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێران‌دا ده‌بینرێ، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که نه‌مانی متمانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئێران‌دا بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که تێچووی به‌ره‌وپێشچوونی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌کانی ده‌وڵه‌ت زۆر به‌رز ببێته‌وه‌و ده‌وڵه‌ت تووشی گرفتی گه‌وره بكا. کاتێک که‌لێنی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی که هه‌رچی له‌نێو وڵات‌دا ڕوویدا گومانی ئه‌وه‌ی لێ‌کرا که ده‌وڵه‌ت بۆ دژایه‌تیی گه‌ل کردوویه‌تی، ده‌وڵه‌ت به ته‌واوی سیمای خۆسه‌پێن و سته‌مکار وه‌رده‌گرێ و هه‌وڵ ده‌دا به‌رنامه‌کانی خۆی له ڕێگای درۆ و خه‌ڵه‌تاندن و سه‌ره‌نجام سه‌رکوتی خه‌ڵک به‌رێته پێش. ئه‌و درزه‌ی نێوان خه‌ڵک و ده‌وڵه‌ت به‌ڕاده‌یه‌ک هاوسه‌نگیی کۆمه‌ڵایه‌تی تێکده‌دا که به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه‌و بێ متمانه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی، هاوکات کاریگه‌ری له سه‌ر پێگه‌و ڕێزی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش داده‌نێ. لێره‌دا کۆمەڵگە به‌ره‌و دۆخێکی مه‌ترسیدار ده‌ڕوا و داهاتووی دیمۆکڕاسی و دادپه‌روه‌ری و به‌ها مرۆییه‌کان ده‌که‌ونه مه‌ترسییه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆمەڵگە جێگای خۆیان ده‌ده‌ن به به‌رژه‌وه‌ندییه تاکی و به‌شه‌کییه‌کان.
ڕووداوی ڕاکردنی زیندانیان و ڕه‌زامه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌و ڕووداوه، داڕووخانی ته‌واوه‌تی ئه‌و سه‌رمایه کۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌گه‌یه‌نێ که ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رده‌وام بوونی پێویستی پێیه‌تی. لێره‌دا جه‌مسه‌ری خه‌ڵک باش له‌و ڕاستییه ئاگاداره که نه زیندان ئه‌و مانا ڕاسته‌قینه‌یه‌یه که مه‌ترسییه‌کان له کۆمەڵگە دوور بخاته‌وه‌و نه زیندانيیش لزوومه‌ن ئه‌و که‌سه‌یه که مه‌ترسی بۆ سه‌ر کۆمەڵگە دروست کردوه. ئه‌و سیستمه‌ی زیندان و زیندانی دروست کردوه ده‌بێته مه‌ترسیيه گه‌وره‌که بۆ سه‌ر کۆمەڵگە، مه‌ترسییه‌ک زۆر گه‌وره‌تر له زیندان و زیندانی. هه‌ر ڕووداوێک شکۆی ده‌وڵه‌ت بڕووشێنێ و پێگه‌ی ده‌وڵه‌ت لاواز بکا، ڕه‌زامه‌ندیی خه‌ڵکی به‌دواوه ده‌بێ. خه‌ڵک له ئێران‌دا متمانه‌ی به‌و یاسایه نییه که وڵات به‌ڕێوه ده‌با، متمانه‌ی به‌و ناوه‌نده نییه که پێویسته ڕه‌فتاری تاوانبار ڕاست بکاته‌وه، متمانه‌ی به‌و حوکمه نییه که دادگا ده‌ری ده‌کا و سه‌ره‌نجام متمانه‌ی به‌و سیستمه نییه که زیندان به‌ڕێوه ده‌با.
لێره‌دا ڕاکردنی زیندانی زه‌برێکه وه ده‌وڵه‌ت ده‌که‌وێ وه‌ک دوژمنی سه‌ره‌کیی خه‌ڵک، شکاندنی هێمای سه‌روه‌ر بوونی داموده‌زگای ده‌وڵه‌ته، سه‌رکه‌وتنی ئه‌و ئیراده‌یه‌یه که ده‌که‌وێته جه‌مسه‌ری خه‌ڵکه‌وه بۆ دژایه‌تی کردنی ده‌وڵه‌ت. ڕاكردنی زیندانی وه‌ك كردارێكی پێچه‌وانه‌ی ویستی ده‌وڵه‌ت لێكده‌درێته‌وه بێ ئه‌وه‌ی بیر له ناوه‌ڕۆكی كرداره‌كه بكرێته‌وه كه ئایا به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل ده‌پارێزێ یان نا.