بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ڕەنگبێ تا ڕادەیەک باڵی بەسەر شکستە سیاسییە یەک لە دوای یەکەکانی نێوخۆ و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کێشابێ و پرسە گەرمەکانی ڕۆژی سارد کردبێتەوە، بەڵام هەروەک دەڵێن” دزی نەزان پۆپەی کەڵەبابەکە بشارێتەوە، کلکی دەردەکەوێ و کلکی بشارێتەوە پۆپەی دیار دەبێ”.
ڕاستە پیاوانی بیرتەسکی کۆماری ئیسلامی لە کوشتن، خوێنڕشتن، دزی و گەندەڵی، زوڵم و زۆردا ئیشتیا و توانایەکی یەکجار زۆریان هەیە، ڕاستە ئەوان شارەزای ئەو بوارگەلەن و دەیان ساڵ ئەزموون لەو بوارەدا وای کردوە ئێران ببێتە زانکۆی وانەوتنەوە بە خوێنمژانی جیهان لە بواری کردەوەی نامرۆڤانەدا و، ڕێبەران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی شارەزای تەواوی خەڵک خەڵەتاندن و درۆ و جینایەتن؛ بەڵام لە ڕاستیدا تێکنۆلۆژی و پێشکەوتنەکانی مرۆڤ و بە گشتی ئاستی بیرکردنەوەکان تەنگی بە کۆنە دز و مرۆڤکوژەکانی سەردەم هەڵچنیوە؛ بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، هەربۆیە زۆر ناخایەنێ کە دەمامکیان لا دەدرێ و ڕووی ڕەشیان ئاشکرا دەبێ.
ئاشکرایە کە ڕووداوەکان چی بوون و چۆنیەتیی هاتنی کۆرۆنا بۆ ئێران و شاردنەوەی بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی خەڵک و سەرقاڵکردنیان هەرچەند بە قیمەتی گیانلەدەستدانی بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران و تەنانەت جیهانیش بێ، بەو مەرجەی ئاکامەکەی مانەوەی دەسەڵاتی ئاخوندەکانی لێبکەوێتەوە، بۆ هەمووان ئاشکرایە. بەڵام ئەوەیکە توانیبێتی یان ئەمجارە بتوانێ لەسەر شاردنەوەی ڕاستییەکان و مانەوەی خۆی بەردەوام بێ، دەکرێ بڵێین بەسەرهاتی چیرۆکی کەڵەبابەکە و کلک و پۆپەکەیە.
لە ئێستادا کە پەتای کۆرۆنا سەری بە هەموو کەلێن و قوژبنێکدا کردوە، ئەوەی جێی نیگەرانییە گیان و ژیانی بەندییە سیاسییەکانە، ئەو مرۆڤانەی ژیانیان بەختی ئازادیی گەلەکەیان کردوە و رێژیمیش دوژمنی قەستەسەریانە. چوار دەیە بیرکردنەوە و دەسەڵاتی کردەیی کۆماری ئیسلامی جێی هیچ شک و گومانێکی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە کە ئەم رێژیمە لەپێناو مانەوەی خۆیدا لە قوربانیکردنی خەڵکی _ئەویش بەندکراوانی سیاسی_ و هیچ جینایەتێکی دیکە سڵ ناکا، ئەوەش وایکردوە کە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بەهۆی دۆخی نالەباری بەندیخانەکان و کارنامەی کۆماری ئیسلامی و پێبەند نەبوونی ئەو ڕێژیمە بە هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤەوە و گواستنەوەی هەموو هەل و دەرفەتەکان بۆ کوشتن و سڕینەوەی جیابیران و ڕووناکبیران نیگەرانی حاڵ و گیانیان بن. بەتایبەت دۆخی خراپی بەندیخانەکان و ناستاندارد بوونیان و نەبوونی هیچ کەرەستە و ئیمکاناتێکی تەندروستی و پێڕاگەیشتنی پزیشکی و بێبایەخی گیانی زیندانیانی سیاسی لای ئەوان؛ ئەو نیگەرانییە زیاتر دەکا کە نەخۆشیی کۆرۆنا مەترسیی زۆر جیددی بۆسەر ئەوان دروست بکا. بۆیە لە چەند داواکاری و راگەیەندراێکدا داوای دەسبەجێ ئازادکردنی ئەو کەسانە دەکەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی گوێی لەو داوایە ئاخنیوە و، بەو ناسیارییەش کە لە ڕێژیم هەیە، مەترسیی ئەوە هەیە کە ڕێژیم بە پاساوی کوشندەبوونی کۆرۆنا و لەژێر سێبەری ترس و دڵەڕاوکێ و بێدەنگیی خەڵک و سەرقاڵ بوونی کۆمەڵگەی جیهانی بە گشتی و ئێران بە تایبەتی تاوانێکی دیکە ئەنجام بدا و بکەوێتە تۆڵەسەندنەوە لە بەندکراوانی سیاسی.
بە سەرنجدان بە کارنامەی کۆماری ئیسلامی و زاڵبوونی ڕوانگەی ئایینی و مەزهەبی لە دەسەڵاتدارییاندا کە هێشتاش بیر لە قوربانیکردنێکی زۆری خەڵک و کوشتن و زوڵم و زۆرێکی گەورە دەکەنەوە بۆ ئەوەیکە ئیمامی زەمان لە ئاسمان بێتە خوارەوە، هەروەها ساڵانێکە ڕۆژانە دەیڵێنەوە کە حکوومەتەکەیان و ڕێبەرەکانیشیان ئاسمانین و بۆ مانەوەیان ئامادەن هەموو خەڵکی دنیاش بکەنە قوربانی؛ ئەوە بابەتانە هەموو لایەکی نیگەران کردوە. هەر لەو پێوەندییەشدا ١٦٠ چالاکی مەدەنی و نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و پارێزەر لە لایەکەوە و ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕیکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەکی دیکەوە نیگەرانیی خۆیانیان بە دۆخی زیندانیانی سیاسی دەربڕیوە. هەروەها بەشێک لە زیندانیانی سیاسیی ڕێژیمی پێشووش لە نامەیەکدا بۆ خامنەیی داوایان لێکردوە کە وەکوو تەنیا کارێکی ئەرێنی کە لەم ماوەیەدا لەدەستی دێ، بەندکراوانی سیاسی ئازاد بکرێن تا کارەساتێک لە بەندیخانەکاندا ڕووی نەداوە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەم ڕێژیمە نەک هەر توانای زاڵبوونی بەسەر قەیرانەکاندا نییە، بەڵکوو بۆخۆی ڕێژیمێکی قەیرانخولقێن و کارەساتبارە و هیچ ڕێزێک بۆ هیچ بنەمایەکی مرۆیی دانانێ، هەربۆیە دەبێ هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان و ئێران و هەموو ڕێکخراو و چالاکانی سیاسی و مەدەنی نێوخۆ و دەرەوە و بنەماڵەی زیندانییەکان هەوڵەکانیان چڕترکەنەوە و بە هەموو شێوەیەک گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی. بەمجۆرە ئەو هەلە بە کۆماری ئیسلامی نەدەن کە بە مەرام و ئامانجە دژە مرۆییەکانی بگا، ئەویش ڕێژیمێک کە هیج هەل و دەرفەتێک بۆ پاکتاوکردنی دژبەرانی سیاسیی خۆی لەکیس نادا.
ئێستا کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو شیوەیەک لە ژێر گوشاردایە و بە تایبەت لە بواری ئابوورییەوە پێویستییەکی یەکجار زۆری بە وڵاتانی دیکە هەیە، ئەرکی وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانییە کە جاویان بەسەر ئەو بەندکراوانە بێ و بۆ ئازادکردنیان و پاراستنی ژیانیان گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی.