٢٣ ساڵ له‌وه پێش له رۆژی ٢٦ی خه‌رمانانی ١٣٧١ (١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢) د. سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، فه‌تاحی عه‌بدولی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب و هومایوونی ئه‌رده‌ڵان نوێنه‌ری حیزب له ئه‌ڵمان و نووریی دێهکوردی دۆستی حیزبی دێموکرات له بێرلین له رێستوورانێکدا به ناوی میکۆنووس به ده‌ستی تێرۆریسته‌کانی کۆماری ئیسلامی شه‌هید کران.
هه‌رچه‌ند تێرۆریزم دیارده‌یه‌کی نوێ نیه، به‌ڵام له‌وکاته‌وه که رادیکالیزمی ئیسلامی له شکلی کۆماری ئیسلامی له ئێران ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه گرتوه، پێی ناوه‌ته قۆناغێکی نوێ و مه‌ترسیداره‌وه. دوو خوێندنه‌وه‌ی توندڕه‌وانه له ئیسلام، دوو جۆر تێرۆریزمی مه‌زهه‌بیی لێ که‌وتۆته‌وه که هه‌ر چه‌ند تا راده‌یه‌ک له شێوه و تاکتیکدا وه‌ک یه‌کن به‌ڵام له رووی مه‌زهه‌بییه‌وه جیاواز‌و ته‌نانه‌ت دژ به یه‌کن. یه‌که‌میان خوێندنه‌وه‌یه‌کی توندڕه‌وانه له مه‌زهه‌بی شیعه که کۆماری ئیسلامیی ئێران له کۆنه‌وه به کرده‌وه نوێنه‌رایه‌تیی ده‌کا، دووه‌م، خوێندنه‌وه‌یه‌کی توندڕه‌وانه له مه‌زهه‌بی سوننی که تالیبان له ئه‌فغانستان به کرده‌وه نوێنه‌رایه‌تیی ده‌کرد و پاشان ئه‌لقاعیده به خوڵقاندنی رووداوی ١١ی سێپتا‌مبر له نیۆیۆرک گه‌یاندییه لووتکه و ئێستاش داعش باڵی به‌سه‌ر هه‌موو گرووپه تێرۆریسته‌کانی دیکه‌ی ئه‌م ره‌وته‌دا کێشاوه.
ره‌وتی تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تیی کۆماری ئیسلامی پێش روتی گرووپه تێرۆریسته‌کانی وه‌ک تالیبان، ئه‌لقاعیده، ئه‌لشه‌باب و بووکولحه‌رام له ئه‌فریقا و داعش له سووریه و عێڕاق ده‌ستی پێ کرد. ئه‌وکات له سه‌ره‌تاکانی ده‌یه‌ی ٨٠دا پاسدارانی کۆماری ئیسلامی به کرده‌وه‌ی خۆکوژی ناوه‌ندو پێگه‌کانی ئه‌مریکایان له ناوچه‌دا به تایبه‌تی له لوبنان ده‌ته‌قاندوه، زۆر که‌س وه‌ک ئه‌و رووداوانه‌ی سه‌یر ده‌کرد له سه‌ربازانی ژاپۆنی له شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا له دژی که‌شتییه‌کانی ئه‌مریکا ئه‌نجامیان ده‌دا. ئه‌و کات که ئازادیخوازانی ئێرانی به تایبه‌تی کورده‌کان له ئێران و ته‌نانه‌ت له وڵاتانی ئورووپایی ده‌بوونه قوربانیی تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی، تێرۆریزم له پێچ و په‌نای پێوه‌ندییه دیپلۆماسی و ئابووریه‌کاندا په‌رده‌ی بێده‌نگیی به‌سه‌ر داده‌کشا. ساڵی ١٩٨٩ له قه‌لبی ئورووپا و له‌به‌ر چاوی بیروڕای گشتی د. عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو تێرۆرکرا و تێرۆریسته‌کان به ده‌ستی خوێناوییه‌وه به‌ڕێ کرانه‌وه بۆ تاران. ده‌یان تێرۆری دیکه‌ی له‌م چه‌شنه له ئورووپا به هۆی سات و سه‌ودای ئابووری له‌گه‌ڵ ئێران به‌ردیان له‌سه‌ر دانراو به بێده‌نگی سپێردران. هه‌تا ئه‌و وه‌خته‌ی تێرۆریزمی هه‌ڵقوڵاو له رادیکالیزمی ئیسلامی داوێنی وڵاتانی ئورووپایی، به تایبه‌تی ئه‌مریکای نه‌گرته‌وه، رۆژئاوا وه‌خه‌به‌ر نه‌هات. سه‌ره‌نجام ئه‌وان بۆیان ده‌رکه‌وت سووده ئابوورییه‌کانی سات و سه‌ودا له‌گه‌ڵ تێرۆریستان زۆر له مه‌ترسییه‌کانی که‌متره.
تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تیی کۆماری ئیسلامی که له چاو تڕۆریزمی ئه‌لقاعیده‌و داعیش تێکه‌ڵ به فرت و فێڵ و نهێنی کاری بووه، له ره‌وتی دادگای میکۆنۆس‌دا په‌رده‌ی له‌سه‌ر داماڵراو رووی ئاشکرای رێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی ده‌ر که‌وت. دادگای ئه‌ڵمان ٣ ساڵ دوای تێرۆری میکۆنۆس به‌و ئاکامه گه‌یشت که رێبه‌رانی پله یه‌کی کۆماری ئیسلامی ده‌ستووری تێرۆری د. شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێیانیان داوه. بۆ یه‌که‌م جار وڵاتانی ئورووپا هه‌ڵوێستیان له دژی ئێران گرت و سه‌فیره‌کانی خۆیان له تارانه‌وه بانگ کرده‌وه. ئه‌وه زه‌برێکی قورسی له تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی دا. هه‌رچه‌نده وڵاتانی ئورووپایی پاشان پێوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ست پێ کرده‌وه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زموونه ده‌ری خست ئه‌گه‌ر دنیای متمدن و پێشکه‌وتوو له دژی تێرۆریزم هاوده‌نگ بێ ده‌توانێ پاشه‌کشه‌ی پێ بکا.
له کاتێکدا یادی 22 ساڵه‌ی تێرۆری د. شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێیانی ده‌که‌ینه‌وه که وڵاتانی جیهان مه‌ترسییه‌کانی تێرۆریزمی ده‌وڵه‌ت و ره‌وته توندڕه‌وه ئیسلامییه‌کانیان بۆ ده‌رکه‌وتۆه خۆیان له به‌رامبه‌ر پاراستنی ئاسایش و ئه‌منییه‌تی جیهان دا به به‌رپه‌رس ده‌زانن، بۆیه ٤٠ وڵات به رێبه‌رایه‌تیی ئه‌مریکا له کۆنفرانسێکدا له پاریس ئیئتیلافێکیان له دژی داعش پێک هێناوه. ئێران رێگه‌ی پێ نه‌درا له‌م کۆنفرانسه‌دا به‌شدار بێ. بیانووه رواڵه‌تییه‌که‌ی هه‌رچییه‌ک بێ، ئه‌م رێگه پێنه‌دانه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێشینه‌ی تێرۆریسییه‌که‌ی. ده‌بێ به‌شێکی زۆر له وڵاتانی جیهان به ته‌جروبه بۆیان ده‌رکه‌وتبێ که تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی هیچ کات مه‌سه‌له‌یه‌کی نێوخۆیی ئێران نه‌بووه و زۆر جار هه‌ڕه‌شه بووه بۆ سه‌ر ئاسایشی وڵاتانی دیکه‌ش. هه‌روه‌ها داعیش هیچ کات مه‌سه‌له‌یه‌کی سووری یان عێڕاقی نیه به ته‌نیا، به‌ڵکوو ده‌توانێ ئاسایشی هه‌موو وڵاتانی جیهان بشێوێنێ. ئه‌گه‌ر وڵاتانی جیهان له به‌رامبه‌ر تێرۆریزمدا هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی نه‌که‌ن، تێرۆریزم هیچ سنوورێک ناناسێ.
له ژماره ٦٤٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه