شه‌ره‌فکه‌ندی،تێکۆشه‌ر و رووناکبیرێکی نه‌ته‌وه‌یی
د.سادق شه‌ره‌فکه‌ندی، له ژێر سه‌رپه‌رستیی براگه‌وره‌که‌ی، شاعیری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌ر مامۆستا هه‌ژار دا، په‌روه‌رده ببوو. هه‌ر له منداڵییه‌وه خۆشه‌ویستیی نه‌ته‌وه و نیشتمان، به هۆی شێعر و رێنوێنی و ئامۆژگارییه‌کانی ئه‌و برایه‌ی تێکه‌ڵ به هه‌ست و بیری ببوو.
هاوینی ١٣٥٩، که له«یه‌نگیجه»ی نزیک سه‌رده‌رابات له گه‌ڵ ژماره‌کی زۆر له لاوه دیموکراته‌کانی شار‌و ناوچه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان، به‌شداری ده‌وره‌یه‌کی سیاسی نیزامی بووین، د.شه‌ره‌فکه‌ندی که بۆ خۆی خه‌ڵکی ئه‌و ده‌وروبه‌ره بوو، سه‌رپه‌رستیی ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی ده‌کرد. رۆژێک له خزمه‌تی دا، به‌و دۆڵ و ده‌ره‌یه‌ی ئه‌وێدا به‌ره‌وژوور، به‌ره‌و «کانیه‌ره‌ش» رۆیشتین. له ریگایه‌دا هێندیک له بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌رده‌می منداڵیی خۆی بۆ گێڕاینه‌وه. باسی رۆژانی جێژن و وه‌ده‌رکه‌وتن له گوند له گه‌ڵ مندالانی دیکه و شێعری تایبه‌ت به منداڵان و ئامۆژگارییه‌کانی مامۆستا هه‌ژاری بۆ کردین. بۆی باس کردین که چۆن هه‌ژار هانی ده‌دان نیشتمانی خۆیان خۆش بوێ و دواتریش که گه‌وره بوو هه‌ر له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و وتانه‌ی هه‌ژاری براگه‌وره‌ی دا بووه. بۆیه کاتێکیش رووی کرده کاری سیاسی و کۆڕی تێکۆشان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی وه‌ک حیزبی خۆی هه‌ڵبژارد، چونکه ئه‌و حیزبه هه‌ڵگری داوای نه‌ته‌وه‌یی بوو.
د.شه‌ره‌فکه‌ندی پێی وابوو پرسی چینایه‌تی، بڕوا به هیومانیزم (انساندوستی) و ململانێی به‌ره‌ی سوسیالیزم و ئیمپریالیزم، که هه‌موویانی له جێی خۆیاندا به‌وه گرنگ بوون، هیچیان له سه‌رووی پرسی نه‌ته‌وه‌یی نین. نابێ بۆ هیچکامیان مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی وه‌لا بنێ.
له‌و وتووێژانه‌دا که‌له‌گه‌ڵ «کشتگر»و بڵاوکراوه‌کانی ئۆپوزیسیۆنی ئێرانی دا کردوونی، زۆر به توندی داکۆکی له پرسی نه‌ته‌وه‌یی و پێویستیی دابینکردنی مافی نه‌ته‌وه‌کان له ئێران‌دا ده‌کا و به توندی دژی هێندێک بۆچوون ده‌وه‌ستێته‌وه که ئینکاری هه‌بوونی پرسی نه‌ته‌وه‌یی و فره نه‌ته‌وه بوونی ئێران ده‌که‌ن.
ئه‌و، به دروستی پیی وابوو ماهییه‌تی خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستان نه‌ته‌وه‌یی یه نه‌ک چینایه‌تی. له‌و وتارانه‌دا که وه‌ک وڵامدانه‌وه به هێرشه‌کانی حیزبی کۆمونیستی ئێران و کۆمه‌ڵه بۆ سه‌ر حیزبی دیموکرات نووسیونی، که دێته سه‌ر باسی ناکۆکییه سیاسییه‌کانی ئه‌و کات ، زۆر به شێوه‌یه‌کی زانستی باسی ته‌رکیبی چینایه‌تیی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کا و به به‌ڵگه و ئیستیدلالی به هێز ده‌یسه‌لمێنێ که بزووتنه‌وه‌ی کوردستان بزووتنه‌وه‌یه‌کی نهتهوهیییه و له قۆناغی ئێستا دا به شوێن دابینکردنی ئامانجی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌وه‌یه، نه‌ک چینایه‌تی.
ئه‌و کاته‌ی به شوێن نه‌مانی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌تی و ئاڵوگۆڕه‌کانی جیهان له دوا ده‌یه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، کۆماره نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت سه‌ربه‌خۆیی خۆیان راگه‌یاند، چێک و سلۆڤاکی، وه‌ک دوو نه‌ته‌وه و دوو وڵات لێک جیا بوونه‌وه، نه‌ته‌وه‌کانی نێو یۆگۆسلاویی پێشوو،هه‌ر کام بۆ جیابوونه‌وه و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و پێکهێنانی کیانی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان هه‌نگاویان نا، له نووسینه‌کان و له وتووێژه‌کایندا ، گرنگیی زۆری پێدان، وه‌ک ره‌وتی رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌کان، ناوی بردن وپێیان خۆشحاڵ و گه‌شبین بوو، ئه‌مه‌ی به سه‌ره‌تا و مۆژده‌یه‌ک بۆ رزگاریی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی دیکه زانی.
نه‌ورۆزی ١٩٩١(١٣٧٠) که راپه‌ڕینی خه‌ڵکی باشووری کوردستان به رزگاریی که‌رکوک گه‌یشته چڵه‌پۆپه، ئه‌م رووداوه که له باری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، گرنگی و بایه‌خێکی تایبه‌تیی هه‌بوو، به ڕاده‌ییه‌ک بووه هۆی خۆشحاڵیی ئه‌و که‌سایه‌تییه که هاته نێوشایی و هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌ک که کادر و پێشمه‌رگه‌کان به‌م بۆنه‌وه له بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی پێکیان هێنابوو و وێڕای ئه‌وان به‌و بۆنه‌وه هه‌ڵپه‌ڕی و شادیی کرد.
ئه‌گه‌ر سه‌یری وتار و نووسینه‌کانی له باره‌ی فه‌له‌ستینه‌وه بکه‌ین، له‌و مه‌یدانه‌شدا، گرنگیدانی به مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و به ره‌وا و پیرۆز زانینی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و راوه‌ستان له به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ران و به‌رزنرخاندنی خه‌بات و قوربانیدان له‌م رێگایه‌دا، به راشکاوی و با باشترین شێوه به‌دی ده‌که‌ین.
چه‌پ به‌ڵام چه‌پێکی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکرات
نووسین و وتووێژه‌کانی د.شه‌ره‌فکه‌ندی، ئاوێنه‌یه‌کن که ده‌توانین باوهڕکانی ئه‌و رێبه‌ره شه‌هیده له باره‌ی سۆسیالیزم و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تییان زۆر به روونی تیدا ببینین. ئه‌و، داکۆکیی له سوسیالیزم، وه‌ک سیستمێکی ئابووری_ کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کرد، چونکه ده‌یتوانی مه‌ودای نێوان چینه‌کان که‌م کاته‌وه. نه‌ک هه‌ر له ئاستی کوردستان و ئێران، به‌ڵکوو له راده‌ی دنیاشدا دژایه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی و نابه‌رابه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کرد. له‌م باره‌یه‌شه‌وه، روانینێکی جیهانیی هه‌بوو و له لێکدانه‌وه‌ی مه‌سه‌له نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ئالوگۆڕه جیهانییه‌کاندا، بایه‌خێکی تایبه‌تیی ده‌دا به گرنگیی مه‌ودای چینایه‌تی و دابه‌شبوونی ناعادڵانه‌ی سامان و رۆڵیان له گۆڕانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا. دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسووده‌یی ژیان، ئه‌وه‌نده به‌لای د. شهڕهفکهندییهوه گرینگ بوون که له نه‌بوونیان دا هه‌م دیموکراسی، هه‌م ئاشتیی جیهانیی به ناته‌واو و ناسه‌قامگیر ده‌زانی. له‌م باره‌یه‌وه له راپۆرتی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ کۆنگره‌ی نۆیه‌م، که بۆ خۆی وه‌ک سکرتێری گشتیی حیزب نووسیویه و ئاماده‌ی کردوه، ده‌ڵێ:
«…ئاشتی و هێمنایه‌تی له سه‌رانسه‌ری جیهان ئاواتێکی پیرۆزن. به‌لام شه‌ڕ و ئاشتی له‌سه‌ر مه‌یل و داخوازی یه‌ک یا چه‌ند حکوومه‌تی گه‌وره و به‌هێز یا دوو به‌ره‌ی جیاواز پێک نایه‌ن. ئه‌م شتانه له ئه‌سڵ دا به‌رهه‌می رازی بوون یان نه‌بوون و هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری کردن یا نه‌کردنی ئه‌فراد ئینسانی و گه‌لانی ئه‌م دنیایه‌ن نه‌ک ئاکامی پێکهاتن یا نه‌هاتنی دوو یا چه‌ند ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌ت. هه‌تا ئه‌وکاته‌ی ناعه‌داڵه‌تیی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری له دنیادا بمێنێ، هه‌تا ئه‌وکاته‌ی چه‌وساندنه‌وه به شێوه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ درێژه‌ی هه‌بێ و تا ئه‌وکاته‌ی مه‌ودایه‌کی زۆری هه‌ژاری و بێ ده‌ره‌تانی له لایه‌ک و ده‌وڵه‌مه‌ندی و زیاده‌خوازی له لایه‌کی دیکه لێک جیا بکاته‌وه دیاره ئاژاوه و شه‌ڕه و کێشه‌ش هه‌ر سه‌ر هه‌ڵده‌دا…»
زۆر له لاپه‌ڕه‌کانی دیکه‌ی راپۆرتی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ کۆنگره‌ی نۆیه‌م پڕن له داکۆکی له سۆسیالیزم و باس له نابه‌رابه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ودای زۆری نێوان هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی له جیهان دا که وه‌ک مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاشتیی جیهانی و دیموکراسی سه‌یریان کراوه. هه‌ر له‌و راپۆرته‌دا له سه‌ر کاریگه‌ریی نه‌بوونی و خراپیی ژیان و به‌ڕێچوون له‌سه‌ر دیموکراسی ده‌ڵێ:
«دیموکراسی دیاره بۆ ژیانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئینسانی وه‌ک هه‌وا وایه، به‌ڵام ئینسان ته‌نیا به هه‌وا ناژی و نان و ئاویشی ده‌وێ.» (پاشان ئاماژه به وڵاتانی ئامریکای لاتین ده‌کا که 10 ساڵێکه دێموکراسی له نێویان دا جێگیر بووه، به‌ڵام هه‌نگاو بۆ کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان نه‌نراوه، دوایه نه‌تیجه ده‌گرێ): «…دێموکراسی هه‌رچه‌ند مه‌رجێکی زۆر پێویست بۆ ژیانی به‌خته‌وه‌رانه‌ی نینسانه، به‌ڵام ته‌نیا مه‌رج نییه و دێموکراسیی سیاسی به بێ دێموکراسیی ئابووری و عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی چ له یه‌ک وڵات و چ له راده‌ی جیهانی دا ناتوانێ هه‌موو بۆشایی یه‌کانی ژیان پڕ بکاته‌وه.»
جێگای دیموکراسی له باوه‌ڕه‌کانی د. شهڕهفکهندیدا
د. شه‌ڕه‌فکه‌ندی دێمۆکراسیی به‌م جۆره پێناسه کردوه : «دێموکراسی» یانی پێکهاتنی فه‌زایه‌ک که له‌ودا هه‌ر که‌س هه‌ست به‌وه بکا که ده‌توانێ له باره‌ی ژیان و چاره‌نووسی خۆی و وڵاته‌که‌ی به ئازادی نه‌زه‌ر بدا و، بزانێ که نه‌زه‌ر و هه‌ڵوێسته‌کانی له به‌ڕێوه‌چوونی کاروباری وڵاته‌که‌ی دا جێگا و شوێنیان هه‌یه و حیسابیان له‌سه‌ر ده‌کرێ.» (راپۆرتی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ کۆنگره‌ی نۆیه‌م)
له‌م پیناسه‌یه دا ده‌بینین د.شه‌ره‌فکه‌ندی له مه‌نزه‌ر یا روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌سته‌وه، سه‌یری دیموکراسی ده‌کا. ئه‌و، له زۆر نووسین و بۆنه‌ی دیکه‌دا له روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بۆ دێمۆکراسی ده‌روانێ و ده‌یه‌وێ دێمۆکراسی، وڵامده‌ری نیاز و چاوه‌روانییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش بێ.
له تێگه‌یشتنی د. شه‌ڕه‌فکه‌ندی دا، دێموکراسی ئه‌گه‌ر به ره‌سمی ناسینی ئازادی و هۆوییه‌تی تاک بێ، ده‌بێ داننان به مافه‌کانی نهتهوهیهکیشی تێدا بێ:
“ئه‌گه‌ر ئینکاری هۆوییه‌ت و شه‌خسییه‌تی تایبه‌تیی تاقه فه‌ردێک کارێکی غه‌یره واقعی بێ، روونه که ئینکاری هۆوییه‌ت و شه‌خسییه‌تی تایبه‌تیی کۆمه‌ڵێک ئهفرادیش که گه‌ل و نه‌ته‌وه پێک دێنن تا چ ئه‌ندازه غه‌یره واقعی یه”.
هه‌ر وه‌ها له نیوان دێموکراسی و «عدم تمرکز» و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا، به قازانجی مه‌سه‌له ڕه‌واکه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی پێوه‌ندی دروست ده‌کا وپێێ وایه خودموختاری یا مافی نه‌ته‌وه‌یی له راستیدا ده‌بێ شکڵی پیاده‌کراوی ئه‌و دێموکراسییه بێ که له وڵات دا هه‌یه. هه‌ر وه‌ها به دروستی وای بیر ده‌کرده‌وه که ئه‌و مافه نه‌ته‌وه‌ییه که گه‌لان له وڵاتێکی وه‌ک ئێران دا ده‌یانبێ، ده‌بێته ده‌سته‌به‌ری دێموکراسی ، ده‌بێته هۆی کۆنه‌بوونه‌وه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان له مه‌رکه‌ز.
د.شه‌ره‌فکه‌ندی له نێوان دێموکراسی و چالاکبوونی کۆمه‌ڵ، له نێوان دیموکراسی و پێشکه‌وتنی ئابووریی کۆمه‌ڵ، له نێوان سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی وڵات و دیموکراسی دا، پێوه‌ندیی ده‌دیت و سه‌رنجی تێکۆشه‌رانی حیزبه‌که‌ی و لایه‌نه سیاسییه‌کان و خه‌ڵکی بۆ راده‌کێشان. ئه‌و پێی وابوو له حکوومه‌تی دیکتاتۆری دا خه‌ڵک خۆی له حکوومه‌ت به جیا ده‌زانێ و دڵخۆشییه‌کی به رۆڵ و جێگای تایبه‌تیی خۆی له کاروباری وڵات دا نییه، بۆیه کار کردن و به‌رهه‌مهێنان بۆوان وه‌ک بێگاری لێ دێ (نموونه وڵاتانی سۆسیالیستیی ئه‌و سه‌رده‌م، هه‌ر وه‌ها ئێران، که خه‌ڵکه‌که‌یان له دیموکراسی بێبه‌شن) به‌ڵام له دێموکراسی و سیسته‌می دیموکراتیک دا خه‌ڵك ده‌سه‌ڵات به هی خۆیان ده‌زانن و به عه‌لاقه‌وه له کاروباری کۆمه‌ڵ دا به‌شداری ده‌که‌ن:
“به‌ستراوه‌یی” ئاکامی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای دیکتاتۆری و سه‌ره‌ڕۆیی یه. ته‌نانه‌ت له باری ئابوورییشه‌وه . هه‌ر وه‌ک گوتمان «خودکفایی» مانایه‌کی روونی نییه، ئه‌وه دێموکراسی یه که نه‌خشی هه‌ره کاریگه‌ر ده‌گێڕێ. وڵاتێک ناتوانێ خۆ له پێوه‌ندیی ئابووریی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکه ببوێرێ. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه نه‌بێته به‌ستراوه‌یی، پێویسته که خه‌ڵکی وڵات له کاروباری ئابووری و به‌رهه‌مهێنان دا چالاکانه و دڵسۆزانه به‌شداری بکه‌ن. ئه‌مه‌ش وه‌دی نایه مه‌گه‌ر له سایه‌ی دێموکراسییه‌وه، یانی کاتێک که خه‌ڵك حکوومه‌ت به هه‌ڵبژارده و نوێنه‌ری خۆیان بزانن و هه‌ست به کاریگه‌ربوونی به‌شداریی خۆیان له کاروباری به‌ڕێوه‌بردنی وڵات دا بکه‌ن.» (راپۆرتی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ کۆنگره‌ی نۆیه‌م)
بوێر بوون له ره‌خنه‌گرتن و ئازایه‌تی له داواکردنی گۆڕاندا:
رازی نه‌بوون به وه‌زعی مه‌وجوود و نه‌زمی مه‌وجوود و پێناسه‌کانی سه‌رده‌م، یه‌کێک له‌و تایبه‌تمه‌ندییه به‌رزانه‌ی د.شهرهفکهندیین که کاریگه‌ریی زۆریان له سه‌ر بیر و باوه‌ره‌کانی و له سه‌ر هه‌ڵوێست و که‌سایه‌تیی خه‌باتگێڕانه‌ی هه‌بووه. با ئاماژه به دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی له نێو هێندێک هه‌ڵوێست و روانینهکانیدا بکه‌م.
د.شه‌ره‌فکه‌ندیی نه‌مر، لایه‌نگری سۆسیالیزم بوو و سه‌رسه‌ختانه داکۆکی له بیروباوه‌ڕی سوسیالیستی ده‌کرد، به‌ڵام ره‌خنه‌گری سیسته‌می سیاسیی وڵاتانی سۆسیالیستی بوو، بوێرانه ره‌خنه‌ی له‌و شتانه ده‌گرت که‌به ناوی سۆسیالیزمه‌وه ده‌کران.
له وتاری «رابردوو و دوارۆژی ئه‌فغانستان» (١٣٦٧)دا ده‌ڵێ: « ئه‌مه چ سۆسیالیزمێکه که له ترسی ئیمپریالیزم ده‌بێ به زۆر و له رێگای دامه‌زراندنی دیکتاتۆرییه‌کی ئاشکرای نیزامییه‌وه دیفاعی لێ بکرێ، نه‌ک به پشتیوانیی ره‌وابوون و حه‌قانییه‌تێک که له جه‌وهه‌ری خۆیدا هه‌یه‌تی؟”
هه‌ر وه‌ها ئه‌و کاته‌ی وڵاتانی سۆسیالیستی نه‌مان و سیسته‌مه سۆسیالیستییه‌کان رووخان، ئه‌وه‌ی وه‌ک ئاکامی خراپیی سیسته‌می سیاسی وبهتاڵبوونیان له دیموکراسی سه‌یر کرد نه‌ک وه‌ک نیشانه‌ی خراپیی سوسیالیزم، و به هه‌مان راشکاویی جارانه‌وه دیفاعی له سوسیالیزم ده‌کرد.
نموونه‌یه‌کی دیکه له‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ئه‌وه بوو ، ته‌سلیمی روانین و بیرکردنه‌وه و پێناسه‌ی دهوهڵهتان و هێزه گه‌وره‌کان نه‌ده‌بوو. له روانگه‌ی خۆی و به‌رژه‌وه‌ندی بزووتنه‌وه و نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیه‌وه سه‌یری دنیای ده‌کرد. چه‌مکه جۆراوجۆره‌کانی له روانگه‌ی سیاسی و خه‌باتگێڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌سته‌وه پێناسه ده‌کرد. له وتارێک له ژێر سه‌ردێڕی «تیرۆریزم به چی ده‌ڵێن»دا، به‌م جۆره روانینی ده‌وڵه‌تان و رێژیمه زۆرداره‌کان له باره‌ی تیرۆریزمه‌وه ره‌ت ده‌کاته‌وه :
«زۆر داران به که‌یفی خۆیان هه‌رچی به زه‌ره‌ریان و دژی خۆیان بووه، به تیرۆریزمیان داناوه و حکوومه‌تیان کردوه و هه‌رچی بۆخۆیان کردوویانه و به قازانجی خۆیان دیتووه به ره‌وایان زانیوه. حکوومه‌ته دیکتاتۆر و سه‌ره‌ڕۆکان به مه‌یلی خۆیان تا ئه‌و جێگایه ده‌ستیان ده‌ڕوا، خه‌ڵک ده‌گرن، ده‌کوژن و… به‌ڵام به هیچ جۆره ئه‌وه به تێرۆریزم ناو نابه‌ن. له به‌رامبه‌ر دا هه‌ر کات که‌سێک یان تاقمێک له ناچاری دژی زه‌بر و زه‌نگی حکوومه‌ت و تاقمی زۆردار و ده‌سه‌ڵاتدار راپه‌ڕن و به ناچار ده‌ست بۆ چه‌ک و توندوتیژی به‌رن، ئه‌وه ده‌ستبه‌جێ ناوی تێرۆریزمی له‌سه‌ر داده‌نرێ و هاواری مه‌حکوومییه‌تی بۆ به‌رز ده‌بێته‌وه.» ( لاپه‌ره‌کانی ١٥٣ و ١٥٤ی کتێبی هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له وتاره‌کانی دوکتور سادق شه‌ڕه‌فکه‌ندی، چاپی سوئێد )
هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێ:
«به کورتی تا کاتێک له دنیادا ماف و ئازادییه‌کانی ئینسانی «تابع»ی هه‌وا و هه‌وه‌سی زۆرداران بێ و قانوون له لایه‌ن زۆردارانه‌وه بنووسرێ، نه‌ک هه‌ر تێرۆریزم به‌ڵکوو زۆر کاری دیکه‌ش مانایه‌کی روون و دیاریکراویان نابێ و زۆرداران ده‌توانن هه‌موو جووڵانه‌وه‌یه‌کی عادڵانه و هه‌موو راپه‌ڕینێک و کرده‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه به خیلافی قانوونه‌کانی خۆیانی دابنێن و به عینوانی تیرۆریزم مه‌حکوومیان بکه‌ن، له به‌رامبه‌ر دا هه‌موو جینایه‌تێکی خۆیان به ره‌وا و عادڵانه و قانوونی له قه‌ڵه‌م بده‌ن.» (لاپهرهی١٥٦ ی کتێبی هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له وتاره‌کانی دوکتور سادق شه‌ڕه‌فکه‌ندی، چاپی سوئێد)،
یه‌کێکی دیکه له ره‌نگدانه‌وه‌کانی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه به‌رزه‌ی د.شه‌ره‌فکه‌ندی له هه‌ڵوێست و روانینه‌کانی دا، به‌ڕه‌سمی ناسینی خه‌بات دژی سته‌م و بێ مافی بوو، جا ئه‌گه‌ر به هۆی ئه‌م خهباتخوازییهوه ئاشتی له ئاستی ناوچه و جیهانیش دا که‌وتبایه مه‌ترسییه‌وه:
“تا کاتێک زوڵم و زۆر هه‌بێ، تا کاتێک چه‌وساندنه‌وه‌ی جۆربه‌جۆری چینایه‌تی، نه‌ژادی، نه‌ته‌وه‌یی، مه‌زهه‌بی و جینسی باو بێ، تا کاتێک دیکتاتۆری و سه‌ره‌ڕۆیی له لایه‌ک و یه‌خسیری و کۆیله‌تی و دیلی و ژێر چه‌پۆکی و هه‌ژاری له لایه‌کی دیکه له گۆڕێ دابێ، شه‌ڕ و ناکۆکی هه‌ر ده‌بێ و هه‌ر ده‌شبێ ببێ. چه‌وسێنه‌ر و زاڵم و سه‌ره‌ڕۆ هیچکات به مه‌یلی خۆیان ده‌ست له چه‌وساندنه‌وه و زوڵم و دیکتاتۆری هه‌ڵ ناگرن، مه‌گه‌ر به زۆری و له ئاکامی شکست له خه‌باتێکی توندوتیژ دا نه‌بێ! که‌وابوو سوڵح و ئاشتیی گشتیی جیهانی و هه‌روه‌ها شه‌ڕ و خه‌بات بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی و بۆ له نێوبردنی زوڵم و چه‌وساندنه‌وه نه‌ک هه‌ر لێک جیا نین، به‌ڵكوو دوو لایه‌ن و دوو دیوی یه‌ک مه‌سه‌له‌ن که یه‌کیان ته‌واوکه‌ری ئه‌وه‌ی دیکه‌یه. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش بریتییه له ئازادی و به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤ.» وتاری «ساڵی تازه‌ی جیهانی»
(به بۆنه‌ی ده‌سپێکردنی ساڵی ١٩٨٩)
***
ئەو وتارە لە یادی بیست ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور شەرەفکەندی دا بڵاو بۆتەوە (نووسەر)