ماکس وێبێری کۆمەڵناس، لێکۆڵینەوەیەکی هەیە لەسەر کاریگەریی دینی لە گۆڕانی بایەخەکان و ڕوانینی تاکەکان، هەتا هاوکێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان. وێبێر بە کەلکوەرگرتن لە گوتاری کلیسا و ڕەوتەکانی، جۆری بنیاتناسی لە ڕێکخراوێکی دینی پێشکەش کردوە، تاکوو شێواز و پڕۆسەی جۆراوجۆری دروستبوونی ڕێکخراوێکی دینی بناسێنێ.
هەروەها دورکهایم پێی وایە ڕۆڵی ئەسڵیی دین، وەدیهێنانی پێوەندیی توند و تۆڵ لە ڕێگای داب و نەریت و ڕێوڕەسمەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و بەرهەمهێنانی یەکگرتوویی ئەخلاقییە بۆ کۆمەڵگە. لە ڕاستیدا دینەکان هێما و ئەساسی کۆمەڵگە دێنە ئەژمار و سنوورە مۆڕاڵییەکان دادەڕێژن.
دورکهایم بڕوای وایە کە جیاوازیی بیرو و باوەڕ و ڕێوڕەسمەکان لە نێوان کارێکی پیرۆز و ناپیرۆزدا دەرهاویشتەی کۆمەڵایەتیی گرینگی لە هاوسەنگ کردن و وەبەریەک کەوتنی لە نێوان ساختار و دژەساختار، نەزم و شپرزەیی لەنێو کۆمەڵگە و تاک دروست دەکات و، لە ئاکامدا دینەکان هەم لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کاریگەری وەردەگرن و هەمیش کاریگەری دادەنێن و، سەرەڕای چاوگەی جوغرافیایی و کولتوورییان بە بەرهەم و دەرهاویشتەیەکی کۆمەڵایەتی دێنە ئەژمار.
ئێستا بە سەردەمی وەبەریەککەوتنی کولتووریی نێوان ژیارەکان و هاوکات سەردەمی جیهانگیری و … خوێندنەوەی نوێ لە دین و هەروەها کاریگەریی ڕیشەیی و جێکەوتوویی مەزهەبەکان، سەلەفیزم وەک یەکێک لە ڕێبازە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان بڕوای بە پێوەندیی دیالێکتیکی نێوان دین و بەستێنی کۆمەڵایەتی نییە و، بۆچوونی ئەوان لە نێوان بارودۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگە و ئەوەی گەورەکانمان لەگەڵ سەرچاوە دینییەکانی پێشوو وتوویانە و کردوویانە دژوازیی هەیە و پێیان وایە ئەوە کۆمەڵگەی سەردەمە کە ڕێگای ڕزگاریی ون کردوە .
ئەم پڕۆسێسە ئەوانی تووشی شەڕێکی قورس لەگەڵ هەموو شوناسە دینییەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی دنیای ئیسلام کردوە، ئەوان بە لادان لە ئیسلامی ڕاستەقینە و بێبڕوایی تۆمەتبار دەکەن و خۆیان لە بواری پێبەندییان بە قورئان و سوننەت بە ڕەسەنترین دەزانن و تەنانەت خۆیان گرێدراو بە هیچ مەزهەبێک نازانن و لەگەڵ هیچ حیزێک سازانیان نییە، هەموو ئەوانەی وەک خۆیان نین بە گومڕا و سەرلێشێوا دەزانن.
سەلەفیزم ڕێگە چارەی دەرباز بوون لەم قەیرانە مەعریفی و دەرباز بوون لەم لادانە لە ئیسلامی واقعییە، گەڕانەوە بۆ دینی ڕاست و دروستی پێشینیان و بۆ وتەکانیان لەمەڕ سیستمی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی سەرەتای ئیسلام دەزانێ.
سەرەڕای جیاوازیی ڕەوتەکانی هەڵگری سەلەفیزم (بانگخوازی، جیهادی) چ لە بواری ئەندێشە و چ پڕاگماتیستییەکەی، تایبەتمەندیی بەرچاوی ئەم تێڕوانینە مەزهەبییەیە، لەسەر نەریتی خەواریج، بۆ چوونەکانی ئیبن تەیمییە و محەممەد کوڕی عەبدولوەهاب و لێکدانەوە و شیکاریی جۆراوجۆر لە بۆچوونی (ئیمام ئەحمەد حەنبەل) دامەزراوە. گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی پێغەمبەر و پێداگری لەسەر سەرچاوەکانی ئیسلام لەو بڕوایە سەرچاوە دەگرێ کە پێیان وایە جیایی نێوان دین و سیاسەت لە ئارادا نییە و تەنیا پێغەمبەر و هاوەڵەکانی مافی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەیان بەپێی ویستی خوا هەبووە. لەسەر ئەم ئەساسە، بە لاساییکردنەوەی ژیانی پێغەمبەر و هاوڕێیانی دەتوانێ پڕۆسەی داڕمانی کۆمەڵگەی ئیسلامی پێچەوانە بکرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە سەر ئەساسی دروستی خۆی. سەلەفیەت وەک ڕێبازێکی مەزهەبی لەنێو موسوڵمانان بە پاساوی ڕێفۆرم لە سەدەی چواری کۆچیدا هاتە نێو مێژووی ڕەوتە مەزهەبییەکانەوە؛ تاقمێک لە پەیڕەوانی ئیمام ئەحمەد حەنبەل لە سەدەی چوارەمی کۆچیدا دروست بوون و دنیابینیی خۆیان بە نیسبەت دین هەبوو، ئیبن تەیمییە شوێندانەرترین بیرمەندی نێو ئەم ڕەوتەیە و دواتر محەممەد کوڕی عەبدولوەهاب بە کردەوە بەستێن بۆ پەرەسەندنی ئەم بیرۆکەیە خۆش دەکا.
لەم بیست ساڵەی دواییدا، هزری سەلەفیزم بە ئەندێشەی کەسانێکی وەک (ئەبوو ئەعلای مەودوودی و سەید قوتب) بەهێز بووە و بە بەرنامەڕێژیی دیاریکراوی سیاسی تەیار کراون، کە دواتر بە ڕێنوێنیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زۆرێک لە ڕەوتە سەلەفییەکان گۆڕدراون .
سەلەفیی تەبلیغیی ئەبووئەعلای مەودوودی زانای دینیی هێندی-پاکستانی لە سەر ئەم بڕوایەیە کە فەرموودەی خوا دەبێ لە ڕێگەی بانگەشەی ناتوندوتیژانەی دینی بڵاو بکرێتەوە؛ لە کاتێکدا سەلەفیی جیهادیی ژێر کاریگەریی بۆچوونی سەید قوتبدان، ڕێبازی توند و ڕادیکاڵیان هەیە و بانگەشە بۆ جیهاد دەکەن .
تێگەیشتنی سەلەفییەکان لە خواپەرستی لەگەڵ تێگەیشتنی موسوڵمانەکان لە یەکتاپەرستی جیاوازیی قووڵی هەیە.
هەروەک سەید قوتب دەڵێ یاسا و دانانی یاسا تایبەت بە خوایە و دەستێوەردان لەودا مرۆڤ و کۆمەڵگە بەرەو خوڕافات دەبا. سەردەمی تاریکپەرستیی پێش ئیسلام دەشوبهێنێ بە کۆمەڵگەی ئێستا و هەموو ئەوان بە نائاگا پێناسە دەکا، بەم پێیە سەید قوتب ڕاشکاوانە هەموو مرۆڤایەتی بە ئیسلامی و نائیسلامییەوە بە نائاگا دەزانێ و، لە ئاکامدا بۆ تێپەڕین لەم دۆخە، (جیهاد) وەک ئەرکێک بۆ خواپەرستانی ڕاستەقینە تا دامەزراندنی دەسەڵاتی دینی دەزانێ.
بەم پێیە، ڕەوتەکانی سەلەفییەت لەژێر کاریگەریی ئەندێشەکانی سەید قوتب کە دواتر نازناوی جیهادییان پێدرا، بە پشبەستن بە فتوای بە کافر زانینی موسوڵمانان و شارۆمەندانی ئاسایی، بوون بە یەکێک لە گەورەترین هێزە تێرۆریستییەکانی جیهان و، لە دوورترین شوێنی دنیا هێرش و شەڕی زۆریان ڕێکخست. ڕێکخراوی جیهادیی سەلەفیزم، ڕێکخراوێکی ئاڵۆز و شاراوەن، ئاشنا بە ڕێبازی قاعیدەن، بڕوایان وایە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە گەر سێ کەسی موسوڵمان پێکەوە بن ئەوە دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن و ئەمیر دیاری بکەن و جیهاد بە فەرمانی ئەمیرەکەیان لەو شوێنە بکەن. لە ڕوانگەی سەلەفییەکان پێناسەیەکی کۆنکرێت بۆ کافر بوون دیاری نەکراوە و هەر تاقمێکیان بە شێوەی دنیابینیی خۆی شڕۆڤە بۆ ئەم بابەتە دەکا.
هەر چەند چوار جیاوازیی بنەڕەتی، سەلەفییەکان لە ڕەوتە مەزهەبییە ڕادیکاڵەکانی تر جیا دەکاتەوە کە بریتین لە: بەرزبوونەوەی حوکمی جیهاد لەسەر پێنج ڕوکنی سەرەکیی ئیسلام، تەکفیری موسوڵمانانێک کە هاوبیری خۆیان نین، ڕەوایی بەخشین بە هێرش دژی شارۆمەندانی ئاسایی و، لە کۆتاییدا بەجێگەیاندیی هێرشی خۆکوژی.
بێجگە لەم بیرۆکەیە لێکۆڵەران هۆکارگەلی مێژوویی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییش لە پەرە سەندنی ئەم بیرۆکەیەدا بە کاریگەر دەزانن.
بەدەر لە جیاوازیی ئیدئۆلۆژیک دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم ڕەوتە سەلەفییانە بریتییە لە؛ ڕایەڵکەی توند و سەرچاوەی جۆراوجۆری هێز، کە بە پێچەوانەی ڕێکخراوە تێرۆریستییە کلاسیکەکانی تر کە پێکهاتەی پلەداری، ستوونی و ڕێبەری دیاریکراویان هەیە، لە ڕایەڵکەیەکی ئاسۆیی دروست بوون و زۆر بەکەمی لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی گەورەدا دەردەکەون.
(کۆرتۆڵۆس) لە چەمکی “گرووپ لە گرووپدا” بۆ ناسینی تایبەتمەندییەکانیان کەلک وەردەگرێ، ئەم گرووپانە ناوەندی فەرماندەیی و ڕێبەرییەکی دیاریکراویان نییە و ئەوەی تاکەکان لەنێو ئەم ڕایەڵکانە پێکەوە دەبەستێتەوە، هزر و بڕوای تێئۆریک و هاوبەشی ئەندامانەکانیەتی. بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام لەگەڵ خەڵکدا لە پێوەندیدان و لە ڕێگەی جیاوازەوە بانگەشەی دین دەکەن.
ئیدئۆلۆژیی سەلەفیزمی توندڕەو و ڕادیکاڵ لەم ساڵانەدا هەموو سنوورە نێودەوڵەتییەکانی بەخێرایی بڕیوە و توانیویەتی لە زۆربەی وڵاتاندا هێرشی تێرۆریستی بەڕێوە بەرێ و، بەمەش بۆتە سەرچاوەیەکی زاوزێی هێز. بە واتایەکی تر سەرەڕای دژایەتیی نیزامی، سیاسی، میدیایی و ئەمنیەتیی دەوڵەتانی بەرامبەر، چالاکی و هێرشی تێرۆریستی، ڕێکخستن و وەرگرتنی ئەندام و هێزی لاو و بانگەشەی ئەم ڕەوتە لە دنیادا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرە دەستێنی.
کۆمەڵگەی سوننیی ئێرانیش بە کوردستانەوە، وەک ناوچەیەکی گرینگی کۆمەڵگەی ئیسلامی، بە شێوازی جۆراوجۆر لە هەمبەر مەترسیی ئەم تەوژمە ئیسلامی-عەرەبی و جیهانییەدایە. لەم ساڵانەی دواییدا بە سەرنج دان بە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و دنیا، هەڵایسانی کێشەی مەزهەبی لە جیهانی ئیسلامیدا، هەندێک لە چالاکیی ئەم ڕەوتە توندڕەوانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕووی داوە .
ئەم بیرۆکەیە لە سەرەتادا لە کوردستانی باشوورەوە هەناردەی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرا، ئەم بەشە لە کوردستان بە هۆی نزیکیی لە دنیای عەرەب و حیزب و لایەنە مەزهەبییەکانی ئەم نەتەوەیە ڕۆڵی سەرەکیی لەم بارەوە گێڕاوە. ئەم هاتوچۆ و پێوەندییە مەزهەبییانە بەکگراوەندێکی مێژوویی هەیە لە نێوان ئەم دوو بەشەی کوردستاندا.
ئەم ڕەوتە ڕادیکاڵە ئیسلامییانە بە تێکەڵاوییان لەگەڵ هەندێک لەو حیزبە جیهادییانەی باشووری کوردستان وەک بزوتنەوەی ئیسلامی، جوندولئیسلام و دواتر ئەنسارولئیسلام، هەوڵی جێگیرکردنی ئەم بیرە جیهادییەیان لەنێو تاقمێک لە لاوانی هۆگری ئەم هزرە لە ڕۆژهەڵات داوە، کە ئاکامی وەک خۆتەقاندنەوە و چوونە نێو ڕیزی ئەلقاعیدە و داعشیشی لێکەوتوەتەوە.
بەشێک لە کورستانی ڕۆژهەڵات وەک ناوچەیەکی سوننی مەزهەبی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بە تایبەت بە هۆی پشتیوانیی لۆجستیکی، پەروەردەیی و ئابووریی ئەم ڕەوتانە لە ڕێگای ناوەندە مەزهەبییەکان دنیای ئیسلامەوە و هەروەها شوێنی گونجاوی گەشەکردنیان، لە تەوژمی بناژۆخوازیی گڕگرتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پارێزراو نابێ .
گەشەی خێرایان لە پەراوێزی شارەکان، وەرگرتنی قوتابیی ئایینی و پەروەردە و چوونە نێو ڕیزی ڕێکخراوی تێرۆریستیی وەک داعش و خۆتەقاندنەوەیان، نیشانەی بوونیان و ڕۆڵگێڕانیان لە ئاڵوگۆڕەکانی ئێستا و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
لە لایەکی تر گەشەی سەرمایەداری، دروستبوونی چینی فەقیر، جیاوازی و ناعەداڵەتی لە دنیای سەردەمدا کە بەپێچەوانەی ئیدئۆلۆژیی سەلەفیزمە کە بانگەشەی گەڕانەوە بۆ سەردەمی سادەژیانکردن دەکا، بۆتە دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵکێکی زۆر لە کۆمەڵگەی ئیسلامیی دژی مۆدێرنیزم و ئەمەش دەتوانێ هاندەر بێ بۆ نزیکبوونەوەی چینی هەژاری کۆمەڵگە لەم تاقمانە.
هاتنی بیری سەلەفیزم وەک ڕوانینێکی ڕادیکاڵ لە ئیسلام و تەیار بە ئیدئۆلۆژیی شۆڕشگێڕانە و هەروەها ئەو ژینگە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆ گەشەیان و، هاوکات پشتیوانیی ماڵی و لۆجستیکی لە دەرەوەی سنوورەکان، ئەم ڕەوتەی بۆ ئەمنیەتی شارۆمەندانی کوردستان کردوەتە مەترسییەکی جیدی.
لە ئاکامدا هزری بناژۆخوازی سەلەفیزم وەک هێمای حاکمیەتی شەرعی بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ لەگەڵ ڕوانگەی پارتە نەتەوەییەکانی وەک دێموکرات کە بڕوای بە پلۆرالیزمی سیاسی، زمانی، کولتووری و دینیی کۆمەڵگە هەیە و، هەروەها فێدرالیزم کە ئامانجی دواڕۆژیەتی و هاوکات لەگەڵ ڕێکخراوە دینییەکانی تریش، لە ژینگەیەکی سیاسیدا پێکەوە ژیانێکی ئاشتیخوازانەی هەبێ.
چوارچێوەی بەرتەسکی بیرکردنەوەی سەلەفیەت لەگەڵ جیهانبینیی دێموکراسی، ئازادی و ناسیۆنالیزم لە کێشەی مەعریفیدایە، چونکە ئەم گوتارانە بە گوتاری کافران دەزانێ. هاوکات لە مەنهەجی ئەم ڕێکخڕاوە ڕادیکاڵەدا پێکەوەسازان و سەقامگیری و ئاسوودەییەک نییە، لەبەر ئەوەی بەردەوام لەگەڵ هزر و ئەندێشەی جیاوازدا کێشە و ململانێی هەیە و هەوڵی سڕینەوەیان دەدا.
***