زمان ئەگەر یەكێكە لە فاكتەرە هەرە دیارەكانی جیاكردنەوەی مرۆڤ لە گیانلەبەرەكانی تر، بەڵام دەكرێ بڵێین «ناولێنان» و بەخشینی شوناس لوتكەی ئەو تایبەتمەندییەیە. ئاخر ئێمە دەتوانین ناو لەسەر شتەكان دابنێین، ئاوەڵناویان بۆ بدۆزینەوە و وەسفیان بكەین، بەڵام دەبێ لەبیرمان بێ، ئەم زانستی ناولێنانە لە سایەی زمانەوەیە و بە زمان دەكرێ و بەبێ زمان ئەو سیحرە بەتاڵ دەبێتەوە و ئەو حەقیقەتە هیچی لێ نامێنێتەوە.
ئینجیل ئاوا دەست پێدەكا: سەرەتا وشە بوو، وشە خوا بوو. قورئانیش هەر بە وشەی «اقرأ»، دەستی پێكردوە. كە هەردووكیان دەگەڕێنەوە بۆ گرینگیی زمان. واتە مرۆڤ لە دەرەوەی زمان هیچ شتێكی دیكەی نییە و ئەگەر زمانی نەبوایە و نەیتوانیبا ناو لەسەر شتەكان دابنێ و پێناسەیان بۆ بدۆزێتەوە، لە مرۆڤبوون دەكەوت و بەتاڵ دەبۆوە.
زمان هزر و جوغرافیا و كولتوور و مێژووی لەخۆیدا هەڵگرتوە. كە ئێمە دەچینە وڵاتێك و پێمان دەڵێن زمانت چییە و دەڵێین كوردی، تەواو لەو وشەی «كوردییە»دا كە زمانەكەمانە، جوغرافیا و كولتوور و مێژووەكەمان ڕەنگ دەداتەوە، واتە من مێژوویەكم هەیە كە تێیدا بەو زمانە قسەم كردوە و، جوغرافیایەكم هەیە كە تێیدا بەو زمانە قسە دەكەم و كولتوورێكم هەیە كە ئەم زمانەی بەرهەم هێناوە و؛ ئەم زمانەش ئەوی بەرهەم هێناوەتەوە. بەڵام سەرلەبەری ئەو شتانە بەبێ ئەم زمانە دەچنە نێو هەناو نەبوونەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە هەموو ئەو شتانە بە زمانەكەمان پێناسە دەكەینەوە و دایاندەڕێژینەوە. تۆ بڕوانە، لەو چل ملیۆن كوردە، ئەگەر ملیۆنێكی یەكسەر واز لە زمانەكەی بێنێ و بە زمانێكی دی قسە بكا، تۆ دەتوانی پێیان بڵێیتەوە كورد؟ نەخێر. نموونەی گەلانی دیكەش زۆرن. ئەو عیبری و قیبتییانەی بوونە موسوڵمان و زمانەكەی خۆیانیان وەلا نا و بە زمانی عەرەبی دەدوێن، ئیتر هەم خۆیان بوونەتە بەشێك لە نەتەوەی عەرەب و هەمیش نیشتمانەكەیان بووەتە بەشێك لە نیشتمانی عەرەبی؛ میسر و فەلەستین نموونەیەكی بەرچاون.
نموونەیەكی دیكە، لە مەڵبەندی هەوشاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە تورکیان هێناوە و تێكەڵی كوردیان كردوون، تیرەی موسڵانی لەوێن. بەپێی مێژوو نازانم چ سەردەمانێك، بەڵام وێناچێ زۆر دوور بێت كە ئەوانە لە مووسڵەوە هێنراونەتە ئەوێ. كە هاتوون زمانەكەیان هەر شتێك بووبێ توركی نەبووە، ئێستا توركن؛ توركی موسڵانی.
سۆسۆر كە بە باوكی زمانناسیی نوێ ناسراوە، باس لە دووانەی لێكدژ دەكا و لە سیستمی زماندا پەنجە لەسەر خاڵێكی زۆر گرینگ دادەنێ. كاتێك ئێمە دەڵێین تاریكی، كەوابوو دژەدیوی تاریكییمان لە زەیندایە كە دەبێتە ڕووناكی. سپی/ڕەش، خۆش/ناخۆش، تاڵ/شیرین، گەرم/سارد و هەتا بڵێی سیستمی زمان لەسەر ئەو دووانە لێكدژانە بەردەوامە. لێرەوە دوو چەمكی دیكە لەنێو دووانەی لێكدژ دێنە ئاراوە: داگیركەر و داگیركراو، زاڵم و مافخوراو، ئازادیخواز و ئازادیكوژ، دۆست و دوژمن. كەوابوو ئێمە بە زمان، خۆمان و جیهانی دەوروبەرمان پێناسە دەكەین. هەر بۆیەش داگیركەر یەكەم شتێك كە پەلاماری دەدا، زمانی بندەستەكەیەتی و یەكەم كارێك كە دەیكا زاڵكردنی زمانەكەی خۆیەتی. ئەو دەزانێ هەرچی لە چوارچێوەی زماندا پێناسە بكرێتەوە، چ ئەو بیكا یان خۆم ئەو پێناسەیە بكەم، ئیتر دەبێتە بەشێك لە زەینی من. هەر بۆیە لە دوو شوێنی زۆر هەستیاریشەوە ئەو پرۆسەكەی خۆی دەست پێدەكا، لە پەروەردە و میدیاكانی خۆیەوە. بەڵام پێش ئەوە، دەرگا لەسەر زمانەكەی من كڵۆم دەدا، بۆچی؟
یەكەم، دەیەوێ لە نەست و كۆنەستی مندا باوەڕێك دروست بكا، ئەویش ئەوەیە زمانەكەی من زمانێكی دەشتەكی و لادێیی و كشتوكاڵییە. ئەو سیاسەتە ئێستا پەڕیوەتەوە نێو خوێندەوارانی باشووری كوردستانیش بەداخەوە، كە لە هەر جێیەك تووشی دەقێكی خۆماڵی و خۆش و ڕەوان دەبن، دەڵێن بە زمانی لادێیی و بازاڕ و دەشت نووسراوە، ئەوەش لەو باكگراوەندەوە سەرچاوە دەگرێ، كە ئەو زمانە زمانێكی سووك و بێنرخە.
دووەم هەنگاوی داگیركەر، لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەكانەوە دەست پێدەكا و لەوێوە ئیتر ئەوەی پێی دەخوێنرێ، زمانی من نییە بەڵكوو زمانی ئەوە. چونكە ئەو هەوڵی داوە لە مێشكی منی بئاخنێ كە زمانی من دەرەقەتی فەلسەفە و كۆمەڵناسی و بیركاری نایە.
سێیەم هەنگاو لە میدیاكانەوە دەست پێدەكا، هەم لەو میدیایانەدا ڕۆژ و شەو چەمكە دڵخوازەكانی دەسەڵاتمان بەگوێدا دەچپێنن و هەمیش لە كارتۆن و بەرنامەكانی منداڵانەوە.
كەوابوو هەنگاوەكانی داگیركەر سێ قۆناغ دەبڕن: لە قۆناغی یەكەمدا دەرگای زمانەكەمان لێ دادەخەن و زمانەكەی خۆیان دەسەپێنن. لە قۆناغی دووەمدا بە قەناعەتمان دەگەیەنن كە زمانەكەی ئێمە زمانێكی سووك و بێنرخە؛ كە ئەو تۆوەیان لە مێشكماندا چاند، ئیتر هەنگاوەكانی دیكەیان ئاسانترە. لە قۆناغی سێیەمدا وردە وردە دەست بە تواندنەوەی زمانەكەمان دەكەن؛ ئیتر دوای ئەوە، ئەوان نەتەوەیەكیان لەسەر داروپەردووی نەتەوەی بندەست بنیات ناوە.
دەستەواژەی «كوردی ئێران، كوردی عێراق، كوردی توركیە، كوردی سووریە» دروستکراوی دەستی من و تۆ نییە. ئەوانەی تەمەنێكیان هەیە لەبیریانە، پێشینیانی ئێمە دەیانگوت دەچمە ئەودیو و دێمەوە، واتە دەچمە باشووری كوردستان، یان كوێستان و گەرمێن و … بەڵام ئێستا ئێران و عێراق و توركیە جێی ئەو دەستەواژانەیان گرتۆتەوە؛ ئەوەیە ئەو شتەی دەسەڵات كاری لەسەر كردوە و بە بەردەوامیش دەیكا.
ئێمە سەدەیەكە بەرەنگاری ئەو هێرشە بووینەتەوە و تا ئێستا سەركەوتووانە هێناومانە. ڕاستە زمانەكەمان لە زۆر لایەنەوە لاواز بووە، ئاخر زمان وەك جەستەی مرۆڤ وایە، جەستە هەمووی ماسوولكەیە، تۆ كار بە بەشێكی بكەی و لایەكی پشتگوێ بخەی، بە دڵنیاییەوە ئەو بەشە پشتگوێخراوەی ئیفلیج دەبێ. ئێمە لە سەد ساڵی ڕابردوودا تەنیا خەیاڵدانی شێعرییمان چالاك بووە و توانیومانە بە شێعر و گۆرانی، زمانەكەمان لە لەنێو چوون ڕزگار بكەین؛ بەڵام دەرفەت و بواری هزرین و چالاك كردنی بەشی زەینیی زمان و زمانی زەینییمان پێ نەدراوە و بۆ نەڕەخساوە.