مێژووی سیاسەتی دەرەکیی ئێران مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی هەیە و دەکرێ بەسەر سێ قۆناغی مێژووییدا دابەش بکرێ (قاجار، پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی).لە قۆناغی سێیەمدا دەسەڵاتدارانی ئێران کە زیاتر لە ڕوانگەی ئاینییەوە دەڕواننە پێوەندییەکانیان، دەکرێ بڵێین وەرچەرخانێک بوو لەمەڕ سیاسەتی دەرەکی و پێوەندییەکانیان لەگەڵ دنیای دەرەوەدا.
پێوەندییە دەرەکییەکان هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بە خۆیەوە بینی و لەگەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی باڵوێزخانەی ئەمریکا داگیر کرا. ئەم بە بارمتەگیرانە، بوو بە هۆکارێک بۆ پساندنی پێوەندییەکانی ئەمریکا و تەنانەت بوو بە هۆکارێک بۆ خستنەسەری گەمارۆی ئابووری لە لایەن واشینگتۆنەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای شۆڕشەوە بالوێزخانەی ئیسڕائیل داخراو و بیناکەشی درا بە فەلەستینییەکان و بەم جۆرە یەکەم سەردانی کەسایەتییەکی دیار و فەرمی بۆ ئێران یاسر عەرەفات بوو کە بە مەبەستی کردنەوەی باڵوێزخانەی فەلەستین سەردانی تارانی کرد. بەم جۆرە سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بناغەی خۆی لە سەر ناکۆکی و دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمریکا بنیات نا. ئەم ناکۆکییانەی تازە بە دەسەڵات گەیشتووەکانی ئێران هەر لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە نەبوو، ئاگری ناکۆکییەکانی کۆماری ئیسلامی، وڵاتانی موسوڵمانیشی گرتەوە و سنووری ئەم ناکۆکییانە وڵاتانی دەوروبەری ئێران و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشی گرتەوە. بڕینی کاتیی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان، کێشەکانی ئێران لەگەڵ ئیمارات لەسەر سێ دوورگەی خەلیج، ئاڵۆزبوونی پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتی بەحرەین لەسەر پشتیوانیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە شێعەکانی ئەم وڵاتە، نەمانی پێوەندیی دیپلۆماتیک لەگەڵ وڵاتی میسر لە دوای پشتیوانی کردنی ئێران لە خالید ئیسلامبۆلی، لێڵبوونی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و کوەیت لە کاتی شەڕی هەش ساڵەی ئێران و عێراق و چوونە نێو شەڕێکی قورس لەگەڵ عێراق؛ نموونەیەکن لە پێوەندییە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەمانە جگە لەوە بوون کە سیاسەتی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بوو بۆ هەموو جیهان کە ئەمە لە خۆیدا بوو بە هۆکارێکی سەرەکی کە وڵاتانی موسوڵمان بە گشتی و وڵاتانی موسوڵمانی سونیی مەزهەب بە تایبەتی بە هەستیارییەوە بڕواننە پێوەندییەکانی خۆیان لە گەڵ ئێران.
لە سەردەمی دەوڵەتەکانی ڕەفسەنجانی و خاتەمیدا سیاسەتی دەرەکیی ئێران ڕووی لە ئورووپا بوو، بەڵام لە دوای زنجیرە ڕووداوێک کە هەموویان بە فەرمان و بڕیاری ڕاستەوخۆی کاربەدەستانی پلە بەرزی ڕێژیم درابوو وەک؛ بە بارمتەگرتنی فەرمانبەر و دیپلۆماتکارەکانی باڵوێزخانەی ئەمریکا، شەڕی نێوان ئێران و عێراق، دەرکردنی فتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدی لە لایەن خومەینییەوە، زنجیرە تێرۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە وڵاتانی ئورووپا بە گشتی و بە تایبەتی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و کەیسی تێرۆری ناوبراو لە ئاڵمان کە بە دادگای میکۆنووس ناوبانگی دەرکرد، دانانی بۆمب لە ئارژانتین کە بە کارەساتی ئامیا بە ناوبانگە و … بوونە هۆکارێک کە ئێران نەتوانێ لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەکیی خۆیدا سەرکەوتوو بێ، سەرەڕای ئەوەی کە لە کەس شاراوە نییە کە یەکێک لە گرینگترین کۆڵەکەکانی سیاسەتی دەرەکی لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی ئابووری و بازرگانی دادەڕێژرێ و، ئێران وەک جەمسەرێکی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتی هەژمار دەکرێ و ئێران بازاڕێکی گەورەی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی ئورووپایە، بەڵام سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو خاڵە بەهێزە لە بواری بازرگانیدا نەک سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا، بەڵکوو بە هۆی ئەم کارنامە ڕەشەی خۆی لە سەرکوت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و لەنێو بردنی نەیارانی خۆیدا چ لە گرتووخانەکان و چ لە دەرەوەی وڵات تەنانەت لەسەر مێزی دانووسانیشدا، تەنیا گەمارۆی زیاتر و بلۆکەکردنی داراییەکانی ئەم وڵاتەی لێکەوتەوە.
هەر لە دوای دەرکردنی حوکمی دادگای میکۆنووس کە بۆ یەکەم جار کاربەدەستانی هەرە باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە تاوانبار ناساند، بۆ جارێکی تر سێبەری سەرەڕۆییەکانی ئەم کردەوانەی کاربەدەستانی خستە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە جۆرێک کە هەر هەموو ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا، نوێنەرایەتییەکانی خۆیان لە ئێران داخست و ئێرانیش وەک پەرچەکردار باڵوێز و کۆنسوولەکانی خۆی لە یەکیەتیی ئورووپا بانگهێشتی تاران کردەوە و ئەم پچڕانی پێوەندییانە بۆ ماوەی سێ مانگ درێژەی کێشا و، لە دوای دەسبەکاربوونی کابینەی خاتەمی وردە وردە ئەم گرژییانە هێور بوونەوەی بە خۆیەوە بینی. بە کورتی دەتوانین بڵێین کە سیاسەتی ڕەفسەنجانی و خاتەمی کەمکردنەوەی گرژییەکان بووە لەگەڵ وڵاتانی دیکە.
پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوە لە دوای هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ئەحمەدینژاد لە ساڵی ١٣٨٤ەوە ئاڵوگۆڕێکی بەخۆوە بینی و سیاسەتی ئێران زیاتر ڕووی لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و بەشێک لە ئەفریقا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کرد. نیشانەی ئەم ئاڵوگۆڕانە بە لابردنی باڵوێزەکانی پێشووی ئێران لەم وڵاتانەدا زیاتر ڕەنگی دایەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم وەرچەرخانە دەکرێ بگەڕێنینەوە بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم و بەرنامەی ناوکییەکەی و هەروەها پەرەسەندنی بەرنامەی مووشەکیی ئێران. جگە لەم بەربەستانەش خاڵێکی جێی تێڕامانی مەحموود ئەحمەدینژاد ناردنی نامە بۆ هەر یەک لە سەرۆک کۆمارەکانی ئەمریکا و فەڕانسە و سەرۆک وەزیران و ڕاوێژکاری باڵای ئاڵمان و ئامۆژگاری کردنیان بوو. لە هەمان کاتیشدا پەیتا پەیتا کۆمەڵکوژیی جووەکانی بە ناڕاست دەزانی و هەڕەشەی لەنێو بردن و سڕینەوەی ئیسڕائیلی لەسەر نەخشەی جیهان دەکرد و، ئەم جۆرە ڕەفتارانە ببوونە هۆکارێک کە یەکیەتیی ئورووپا بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێران بکا. کۆی ئەمانە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو بکشێتەوە و ڕوو لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئاسیا بکا.
بە هاتنی حەسەن ڕۆحانی جارێکی تر پێوەندییە دەرەکییەکانی ئێران وەرچەرخانێکی دیکەی بەخۆوە بینی و، بەرەو هێور بوونەوە چوو. هۆکاری ئەم هێور بوونەوەش دەتوانین گرێ بدەین بە سیاسەتی کاربەدەستانی پێشووی ئەمریکا کە بە دانی پووەن و ئیمتیاز بە ئێران خوازیاری پێوەندیی دیپلۆماتیک بوون لەگەڵ ئێران. بەڵام تەمەنی ئەم ئارامی و هێور بوونەوە تەنیا لە چوار ساڵی یەکەمی دەوڵەتی ڕۆحانی بوو.
لە ئێستادا دەزگای دیپلۆماسیی ئێران تووشی کێشەگەلێکی جۆراوجۆر بووە. هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان لە مەشهەد و بڕانی پێوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە و هەروەها لەگەڵ وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین، سوودان، جیبۆتی و هەروەها تۆمری ڕۆژهەڵاتیش پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران پساند و یان ڕێژەی دیپلۆماتکارەکانی خۆیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردەوە. ئێران جگە لە پاکستان لەگەڵ هەموو دراوسێکانی خۆی ناکۆکیی هەیە. لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان لەسەر پشتیوانیی لۆجێستیکی و ماڵی لە ئەرمەنستان و نزیکیی سیاسەتەکانی ئازەربایجان بە ئەمریکا و ئیسڕائیل، لەگەڵ تورکیە پێوەندییەکی لەرزۆک و پڕ لە هەوراز و نشێوی هەیە بەشێوەیەک جارجار لێک نزیک دەبنەوە و جارجار پێوەندییەکانیان زۆر کەمڕەنگ دەبێتەوە.
سیاسەتی دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی دراوسێکانی بۆتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دەربڕینی نارەزایەتیی خەڵکی ئەم وڵاتانە بۆ نموونە خۆپشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی عێراق و لوبنان. یەمەنیشی بە هەمان شێوە تووشی داڕمانی ئابووری و قەیران و قاتوقڕی کردوە. وڵاتانی خەلیجیش لەم سیاسەتە زێدەڕەوییانەی ئێران وەزاڵە هاتوون.
باڵوێزخانەکانیان لە ئورووپا بە هۆی پێڕەوی لە سیاسەتی تێرۆر و سەرکوت تووشی کێشە بوون. لە بێلژیک دیپلۆماتکارێکی ئێران بە ناوی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بۆ کردەوەیەکی تێرۆریستی لە پاریس بە دژی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراوە، هەر لە دوای ئەم دەستبەسەرکرانە وڵاتی هولەند ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی ئێران بڕیاری تێرۆری “محمد رضا صمدی کلاهی”ـیان داوە، دانمارک کە ئەندامێکی دیکەی یەکیەتیی ئورووپایە بە هەمان شێوە ئیدانەی هەوڵێکی تێرۆریستی کە لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو کرد.
ڕۆمانیش هەر بە هەمان شێوەی وڵاتانی پێشوو باسی لە پووچەڵ کردنەوەی کردەوەیەکی تێرۆریستیی کرد کە لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە داڕێژرابوو و باڵوێزخانەی ئێران لەم وڵاتەش پشتیوانیی لە تێرۆریستەکان کردبوو، ئاڵبانیش وڵاتێکی دیکە بوو کە دوو دیپلۆماتکاری بالوێزخانەی ئێرانی لە وڵاتی خۆی بە تۆمەتی تێرۆریستی دەرکرد، سیاسەتی بریتانیاش لە پێوەندی لەگەڵ ئێران لە کەس شاراوە نییە و بە هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکا هەژمار دەکرێ و سیاسەتەکانی بریتانیا هاوتەریبی سیاسەتی ئەمریکایە و لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران باڵوێزی ئەم وڵاتەش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بۆ ماوەیەکی کورت دەسبەسەر کرا و ناڕەزایەتیی توندی ئەم وڵاتەشی لێ کەوتەوە. فەڕانسە لە دوای هەڵدانی مووشەکی ئێرانی بۆ بۆشایی ئاسمان نیگەرانیی خۆی بە ڕاشکاوانە دەربڕی، خوازیاری کارپێکردنی مێکانیزمی ماشەیە لە بەرامبەر سەرەڕۆییەکانی ئێران. ئاڵمانیش لەم ڕێڕەوە بەجێ نەماوە و لە ساڵیادی ٤١ ساڵەی شۆڕشی گەلانی ئێران لە زمان وەزیری دەرەوەی خۆیەوە بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئاڵمان بە تەما نەبووە ئەمساڵ پەیامی پیرۆزبایی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بنێرێ و، ئەم پەیامە بە هەڵە و بەبێ ئاگاداریی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان نێردراوە و هەر وڵاتێک ئەگەر پەیامی پیرۆزبایی بۆ وڵاتێکی سەرکوتکەری وەک ئێران بنێرێ کارێکی باش ناکا. سۆئێد و ئۆکراینیش لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین بە دەستی سپای پاسداران پێوەندییەکانیان بەرەو ئاڵۆزی دەچێ و، کاناداش لە دوای کوژرانی هاووڵاتییەکی خۆی لە یەکێک لە بەندیخانەکانی ئێران هەموو پێوەندییەکی خۆی لەگەڵ ئەم وڵاتە بڕی. جگە لە لاوازیی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئورووپا ٨ وڵاتی ئەندام لەم یەکیەتییە ڕەزامەندیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پەیوەست بوون بە هاوپەیمانیی دەریایی بۆ ڕاگرتنی ئەمنیەتی گەرووی هۆرموز کە لەژێر هەڕەشەکانی ئێراندایە ئەم هەشت وڵاتە بریتین لە ئاڵمان، بێلژیک، ئیتالیا، پرتەغاڵ، فەڕانسە، یوونان، دانمارک و هولەند.
لاوازیی پێوەندییەکانی ئێران بە دنیای دەرەوە تەنانەت لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی کە دیارترین کەسایەتیی سەربازیی ئەم وڵاتە بوو خۆی نیشان دا، بە شێوەیەک کە ڕێژەی ئەم وڵاتانەی کە پەیامی هاوخەمییان بۆ کاربەدەستانی ئێرانی نارد نەدەگەیشتە ژمارەی قامکەکانی دەست و لە کۆتاییدا ئەگەر بە خێرایی ئاوڕێک لە دۆستان و دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئاستی ئەم پێوەندییانە چەندە نزمە و داهاتوویەکی ڕوون چاوەڕوانی ئەم وڵاتە ناکا.
***