به‌جیهانی بوون پڕۆسه‌یه‌كه كه تێیدا ڕووداوه‌كان، چالاكییه جۆراوجۆره‌كان و بڕیاره‌كان له لایه‌ن هه‌ركام له یه‌كه‌كانی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆی سیستمی جیهانی داده‌نێ. گه‌شه و به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌و پڕۆسه‌یه وای كردوه وڵاتان نه‌توانن سیاسه‌تی سنووری داخراو و سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و ته‌نانه‌ت فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تیش پێڕه‌و بكه‌ن. له سه‌رده‌می ئێستادا ئابووریی هه‌ر وڵاتێك پاژێکە له ئابوورییه‌كی گه‌وره‌تری جیهانی كه ته‌نیا و ته‌نیا به ڕه‌چاو كردنی پێك به‌ستراویی فره‌لایه‌ن، ده‌رفه‌تی گووران و گه‌شه په‌یدا ده‌كا. ئابووریی ده‌وڵه‌تانی جیهان به كۆمه‌ڵه ڕایه‌ڵه‌یه‌كی ئاڵۆز و له هه‌مان كاتدا قانوونمه‌ند به یه‌كه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه كه پێبه‌ندنه‌بوون به‌و ڕێسایانه ده‌توانێ تێچوویه‌كی زۆری بۆ وڵاتان به‌دواوه بێ. به جۆرێك كه “خودكفایی”ـی وڵاتان به تایبه‌ت له ڕووی ئابوورییه‌وه بووه‌ته چه‌مكێكی كۆمیك و ناواقعی.
مامه‌ڵه‌ی دارایی و ئابووریی وڵاتان به یه‌كه‌وه یه‌ك له ڕه‌هه‌نده‌كانی به‌جیهانی بوونه، به جۆرێك كه كۆمه‌ڵه ڕێسایه‌كی گشتگیر و دانپیانراوی جیهانی حوكمی ده‌كا و پێشێل كردنی ئه‌و ڕێسایانه به كرده‌وه وڵاتان به‌ره‌وڕووی به‌رپرسیاره‌تیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كاته‌وه و به كرده‌وه دژكرده‌وه‌ی ئابووریی وڵاتان به‌دوای خۆیدا دێنێ. ئێف ئه‌ی تی ئێف ڕێكخراوێكی ناده‌وڵه‌تییه كه ساڵی 1989 له لایه‌ن وڵاتانی گرووپی جی7 دامه‌زراوه و چاودێریی وڵاتان ده‌كا بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و ستانداردانه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه مه‌به‌ستێتی. ئه‌و ستانداردانه بریتین له خه‌بات دژی سپیكردنه‌وه‌ی پووڵ و هه‌روه‌ها دژی دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ تێرۆریزم و هه‌ر چه‌شنه مامه‌ڵه‌یه‌كی دارایی ناشه‌فاف.
ڕێكخراوی ئێف ئه‌ی تی ئێف به پشبه‌ستن به‌و مێكانیزم و ڕێوشوێنانه‌ی بۆ چاودێریی وڵاتان ده‌یگرێته به‌ر و هه‌روه‌ها به پێی ئاستی پێبه‌ندیی وڵاتان به ستاندارده‌كانی، وڵاتانی جیهانی به‌سه‌ر چوار گرووپ دابه‌ش كردوه: _ گرووپی یه‌كه‌م بریتین له وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوو كه به‌ته‌واوی پێبه‌ندی ڕێنماییه‌كانی ڕێكخراوهكهن و سیستمی دارایی و ئابوورییان ڕه‌وان و جێی متمانه‌یه.
_ گرووپی دووه‌م وڵاتانی له حاڵی گه‌شه‌ن كه به‌رده‌وام له مه‌سیری به‌ره‌وپێشچوون دان بۆ جێبه‌جێ كردنی ڕێنماییه‌كان.
_ گرووپی ناهاوكار كه مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان لێ ده‌كرێ كه ستانداره‌كانی ڕێكخراوه‌كه پێشێل بكه‌ن و ڕێكخراوه‌كه به‌رده‌وام چاودێریی جێبه‌جێ كردنی ستاندارده‌كانیان لێ ده‌كا.
_گرووپی چواره‌م بریتین له‌و وڵاتانه‌ی كه ده‌كه‌ونه لیستی ڕه‌شه‌وه. ڕێكخراوه‌كه داوا له هه‌موو وڵاتان و دامه‌زراوه ماڵی و داراییه‌كانی جیهان ده‌كا كه خۆ بپارێزن له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه، واته ئه‌و وڵاتانه‌ن كه بهرەوڕووی هه‌نگاوی دژكردهوانه ده‌كرێنه‌وه.
گرووپی تایبه‌تی ڕێكاری ماڵی له كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی ٢ی ڕه‌شه‌مه‌دا وڵاتی ئێرانی خسته لیستی ڕه‌شی ڕێكخراوه‌كه و به وڵاتێكی مه‌ترسیداری له‌ڕووی مامه‌ڵه‌ی بانكی و داراییه‌وه ناو هێنا. ئه‌وه له كاتێكدایه كه وڵاتی چین سه‌رۆكایه‌تیی دهورەیی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه ده‌كا و هه‌روه‌ها بڕیاره‌كانی به كۆده‌نگی و ڕێكه‌وتنی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌درێ، به‌ڵام ته‌نانه‌ت هیچ كام له دۆستانی كۆماری ئیسلامی نه‌یانتوانی یان نه‌یانویست لانیكه‌م دۆخی ئێران له وڵاتانی گرووپی سێهه‌مدا بهێڵنه‌وه.
پاش ڕێككه‌وتنی به‌رجام، ئێران له لیستی ڕه‌شی ئێف ئه‌ی تی ئێف هێنرا ده‌ره‌وه و داوا له كۆماری ئیسلامی كرا كه له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا خواسته‌كانی ڕێكخراو، له ڕێگه‌ی ده‌ركردنی كۆمه‌ڵێك یاسای تایبه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پووڵ و دابینكردنی دارایی تێرۆریزم له نێوخۆی ئێران‌دا و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ست بوون به كۆنڤانسیۆنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه دژبە تاوانه ڕێكخراوه‌كان و كۆنڤانسیۆنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پووڵ بێنێته‌دی. دوای ئه‌وه‌ی ئێف ئه‌ی تی ئێف چه‌ند جار مۆڵه‌ته‌كه‌ی بۆ ئێران درێژ كرده‌وه و هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی پێوه‌ست بوونی خۆی به كۆنڤانسیۆنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ڕاگه‌یاند، به‌ڵام یاسا نێوخۆییه داواكراوه‌كانی ڕێكخراوه‌كه له لایه‌ن ئێرانەوە ڕه‌ت كرانه‌وه. هه‌ر دوو یاسا نێوخۆییه‌كه له لایه‌ن مه‌جلیسی شۆڕای ئیسلامییه‌وه په‌سەند كران له كاتێكدا له لایه‌ن شۆڕای نیگه‌هبان و كۆڕی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕێژیمه‌وه ڕه‌ت كرانه‌وه. ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه یاسایانه له لایه‌ن داموده‌زگاكانی به‌ستراوه به خامنه‌یی و سپای پاسداران مشتومڕی زۆری له نێوخۆی ئێران‌دا لێ كه‌وته‌وه. لایه‌نگرانی چوونه‌پاڵ ئێف ئه‌ی تی ئێف له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن كه ئیزۆلهكردنی ئێران له سیستمی ئابووریی جیهانی و له‌ده‌ست دانی ڕایه‌ڵه بانكی و ماڵییه‌كان سه‌ره‌ڕای بوونی ئابلۆقه‌ی قورسی ئه‌مریكا، هێنده‌ی دیكه ئابووریی ئێران ده‌ته‌پێنێ و ڕێگاكانی ده‌ورلێدانه‌وه‌ی ئابلۆقه‌كانی ئه‌مریكا به‌رته‌سكتر ده‌كاته‌وه. گۆشه‌گیریی ئێران له سیستمی ئاڵوگۆڕی دارایی جیهانی له سه‌رده‌مێكدا كه به‌ستراوه‌یی ئابوورییه‌كان به یه‌كه‌وه له مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌شه‌ی ئابووری و ته‌نانه‌ت به‌رده‌وام بوونی دۆخی ئارایی ئابووریی وڵاتانه، پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئابووریی زیندوو و له حاڵی گه‌شه‌دایه. له لایه‌كی تره‌وه بۆش بوونی بناغه‌كانی ئابووریی ئێران و نه‌بوونی به‌ستێنه‌كانی ئابوورییه‌كی ئازاد كه بتوانێ وه‌به‌رهێنه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی ڕاكێشی ئێران بكا، دووره له هه‌ر چه‌شنه ئه‌قڵانییه‌تێكی ئابووری و له كۆتاییدا جۆرێك له خۆكوژیی ئابوورییه.
له كاتێكدا دژبه‌رانی په‌یوه‌ست بوونی ئێران به ئێف ئه‌ی تی ئێف به پشتبه‌ستن به تێئۆریی باوی “توهم توطئه“ كه ڕیشه‌یه‌كی قووڵی له مێژووی ئێرانییه‌كاندا هه‌یه، كرانه‌وه‌ی ده‌رگای چاودێریی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه به‌سه‌ر مامه‌ڵه داراییه‌كانی ئێران چ له نێوخۆ و چ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به ته‌سلیم بوون به ویسته‌كانی ئه‌مریكا و ئورووپا له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت نیگه‌رانیی گه‌وره‌ی به‌یتی خامنه‌یی و سپای پاسداران له‌و ڕاستییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ كه ئاشكرا بوونی مامه‌ڵه داراییه‌كان و گواستنه‌وه‌ی پووڵ بۆ ڕێكخراوه تێرۆریستییه‌كانی به‌ستراوه به كۆماری ئیسلامی له وڵاتانی ناوچه و هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌رچاوه گه‌وره داراییه‌ی كه له ڕێگه‌ی نامه‌شرووع و ناشه‌فاف و دامه‌زرانی كۆمپانیا و دامه‌زراوه ڕواڵهتییهكانهوه بۆ سپیكردنه‌وه‌ی پووڵ به ده‌ستی دێنن، ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
كۆماری ئیسلامی به دروستی له‌و ڕاستییه تێگه‌یشتوه كه شه‌فافیه‌تی ماڵی به‌شێكی گه‌وره له پڕۆژه ستراتێژییهكانیان بۆ ده‌ستێوه‌ردان له وڵاتان و له هه‌مان كاتدا هێژمۆن و قۆرغكارییه ئابووری و داراییه‌كانیان له نێوخۆی ئێران له‌گه‌ڵ ئاسته‌نگی جیدی به‌ره‌وڕوو ده‌كاته‌وه. هه‌ر بۆیه له ساڵانی ڕابردوودا و به تایبه‌ت له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی مه‌جلیسدا به ته‌واوی ته‌نانه‌ت ئاڵقه‌ی وه‌فادارانی خۆیشیان به‌رته‌سك كرده‌وه و به‌شێكی گه‌وره له لایه‌کانی دوورتری حاكمیه‌تیان دوور خسته‌وه.
هه‌ر چه‌نده فشاره ئابوورییه‌كانی ئەمریكا بۆسه‌ر ئێران به كرده‌وه زۆربه‌ی ده‌رگاكانی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و بانكی و دارایی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه له كۆماری ئیسلامی داخستوه، به‌ڵام چوونه نێو لیستی ڕه‌شی گرووپی تایبه‌تی ڕێكاری ماڵی، ده‌ستی كۆماری ئیسلامی ته‌نانه‌ت له بازاڕی بانكی و دارایی وڵاتانی دۆست و هاوپه‌یمانی خۆی كورت ده‌كاته‌وه. ڕووسیه و چین وه‌ك گه‌وره‌ترین سپۆنسه‌ر و یارمه‌تیده‌ره‌كانی ئێران هۆشدارییان به ڕێژیم دابوو كه له ئه‌گه‌ری په‌یوه‌ست نه‌بوونی ئێران به ستاندارده‌كانی ئێف ئه‌ی تی ئێف ناتوانن یارمه‌تیی ئێران بكه‌ن. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانی ئێران بیانهه‌وێ یارمه‌تیی ئێران بده‌ن ئه‌وا كۆمپانیا و دامه‌زراوه داراییه‌كانیان ئاماده نابن ڕیسكی ئه‌و مامه‌ڵه داراییانه ته‌حه‌ممول بكه‌ن و بۆ پاراستنی ئابووریی ئێران، سه‌رمایه‌كانی خۆیان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه.