به‌رده‌وام به‌درێژایی مێژوو، ئه‌و ڕه‌وت و لایه‌نه شارستانیه‌ت‌سازانه له ئاکامی به‌شداریی هه‌مووان یا لانی‌که‌م به‌شی هه‌ره‌زۆری شه‌به‌نگی کۆمه‌ڵگەکان هاتووەته ئاراوه و، ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌و هێرشانه‌ی گه‌رووز و گزمییه‌ی وه‌ک هێرشی عەره‌ب له ١٤٠٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یان هێرشی دڕندانه‌ی مه‌غوول له‌م پارادایمه بێبه‌ش نه‌بوونه و، هیچ کاتێکیش وێنا نه‌کراوه که که‌مینه‌یه‌کی بچووک بتوانێ له ڕه‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی شارستانییه‌ت و کو‌لتوور ده‌نگی هه‌بێ، ئه‌گه‌رچی زۆر جار بینیومانه گرووپێکی بچووک ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر زۆرینه‌دا هه‌بووه و هه‌موو ژین و ژیانی خه‌ڵکیان ڕه‌وگیر کردوه، که ئه‌مه‌ش هیچ ته‌وفیرێکی نییه ئه‌مه له‌لایه‌ن دوژمنێکی غه‌واره بووبێ یا خه‌ڵکانێکی سه‌ربه‌و کۆمه‌ڵگەیه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که جێگای هیچ شک و گومانێک نییه ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتێکی وه‌ها قه‌ت ناتوانێ شارستانییه‌ت بخولقێنێ و ڕه‌سه‌نایه‌تیشی بۆ ده‌سنیشان ناکرێ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی‌که قه‌ناعه‌تێک هه‌بێ که بخوازێ هێدی هێدی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بکاته هاوڕێی خۆی، ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که ڕه‌نگبێ سه‌ره‌تا به هۆکاری ئه‌وه‌ی‌که هیچ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ره‌وه نییه؛ به‌ڵام به تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن ئه‌و خه‌ڵکانه به هه‌ست پێکردنی، ببنه هاوڕێی و له‌ته‌کیدا بن.
خه‌ڵکی ئێرانیش، هه‌ر زۆر زوو به‌وه گەیشتن که، ئه‌و لادان و دوورخستنه‌وه‌یه له پێکهاته و بنه‌مای ڕێژیمی سه‌ڵته‌نه‌تی که وه‌ده‌ستیان هێنابوو ده‌گه‌ڵ ئه‌و شارستانییه‌ت و مه‌ده‌نییه‌ته‌ی سه‌رنجیان دابوویێ گه‌لێک مه‌ودای هه‌یه، به‌ڵام حاکمیه‌ت باوه‌ڕی وابوو که ئه‌مه گرنگیی هه‌یه و، هێورهێور ئه‌وه‌ی که خه‌ڵک هێشتا پێی نه‌گەیشتوون پێیان نیشان ده‌دا و خه‌ڵک ده‌بنه هاوڕێ و پشتیوانیان. ئاکامه‌که‌ی ئه‌وه بوو که هیچ جۆره به‌رچاوڕوونییه‌کی خێر نه‌بینرا و ته‌نانه‌ت هەندێک له‌و دروشمانه‌ش بوونه بڵقی سه‌رئاو و له‌بیر خۆیان برده‌وه، هه‌ر ده‌تگوت له سه‌ره‌تاوه که‌ڵکه‌ڵه‌ی ئه‌مانه نه‌ک ئازادی، هێمنایه‌تی، ته‌ناهی و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌شداریی خه‌ڵک بووه، به‌ڵکوو ته‌نیا سه‌رکوت و چه‌وساندنه‌وه و درۆ و بڕه‌و دان به‌و کولتووره سه‌قه‌ت و نه‌شیاوه بووه و هیچی تر.
ئه‌مڕۆکه بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌توانن بیر بکه‌نه‌وه و مێشکێکی پرسۆکیان بۆ ماویته‌وه، ئه‌م باسه بۆته مه‌ته‌ڵێکی پارادۆکسیکاڵ و ئیتر هیچ به‌ڵگه و لۆژیکێک بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه پێویست نییه. به‌ڵام ئاخۆ چۆنه هه‌تا ئێستاشی ده‌گه‌ڵ بێ ئه‌و گرووپه تاسه‌فرۆشه به‌و چیرۆکه دۆڕاوانه‌ی خۆیان که ده‌سه‌ڵاتی پێ ده‌گێڕن و ئه‌و لایه‌نه‌ی تر که زۆرینه‌ن و ئیدی هیچ باوه‌ڕ و متمانه‌یه‌کیان به‌و چیرۆکانه نه‌ماوه، هه‌روا مه‌حکوومن؟
ڕه‌نگبێ هاسانترین به‌ڵگه ئه‌مه بێ که سه‌رجه‌م ئێمه‌مانان وه‌ها ڕۆچووبێتینه نێو ژیانی ڕۆژانه‌مان و نوقم بووینه که له‌بیرمان چوویته‌وه ئه‌و خه‌یاڵ‌فرۆشه درۆزن و چه‌واشه‌کارانه هه‌رچه‌نده ڕیاباز و کڵاوچی بن به‌و مانایه نییه که نه‌زانن! ئه‌وان پێش ئێمه ده‌یانزانی که ئه‌و چیرۆکانه هه‌مووی گه‌مه و هه‌ڵبه‌ستراوه و، درۆزنیش یه‌که‌م که‌سه که درۆی خۆی ناس ده‌کا. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بێ که ئه‌مانه لانی‌که‌م ئه‌وه‌نده کارزان و به‌ته‌گبیرن که ده‌گه‌ڵ درۆ و گزمی هه‌ڵبه‌ستراوی خۆیان، ده بیری ڕێکارێکن که دوایی خه‌ڵک بۆیان ده‌رکه‌وت، بۆیان نه‌بێته کێشه.
زۆر و زێڕ و زوڵم، که‌ره‌سته‌ی ئه‌م گرووپه بوو که برینی ئه‌مڕۆمان و ترسی سبه‌ینێمان له‌وەوە سه‌رچاوه ده‌گرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که که‌متر سه‌رنجی دراویتێ ئه‌وه بوو که، ئه‌و چاندن و داڕشتنه‌وه‌ی شوناسی ئێمه بوو که بۆیان وێنا کردووین.
هه‌نووکه له په‌نا هه‌موو برین و ئێش و ئازارێک، به‌شی هه‌ره زۆرمان ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستا به‌رهۆده‌ی ئه‌تنیک، ڕه‌گه‌ز و هۆکاری له‌م چه‌شنه ده‌زانین! من ئه‌گه له دۆخێکی ناله‌باردا هه‌ڵکه‌وتبم، هۆکاره‌که‌ی ئه‌مه‌یه که کوردم، هۆیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که که‌مینه‌یه‌کی ئایینیم، ژنم، پیرم، لاوم و … واته لە نزیک هه‌رکام له ئێمه بۆ هه‌ڵکه‌وتن له‌و ڕه‌وشه‌دا چه‌ند هۆکارێکی له‌و ده‌سته‌یه‌مان هه‌یه که ده‌توانین به شێوه‌یه‌کی نه‌رێنی، به‌رپرسیاره‌تیی ئێستا و ئه‌مڕۆمان له‌کۆڵ خۆمان بکه‌ینه‌وه و بیخه‌ینه ئه‌ستۆی هه‌ستی زوڵم لێکراوه‌یی و سه‌ده‌مه دیتووییمان.
سه‌ره‌تا ده‌بێ سه‌رنج بده‌ینێ که ئه‌گه هه‌ستێکی وامان هه‌بێ یا نا، ئه‌وه‌ی‌که ئایا ئه‌م هه‌سته به‌رحه‌قه یا نا؛ هیچ جیاوازییه‌کی بۆ ڕه‌وشی ئه‌مڕۆمان نابێ و هیچ ده‌ردێکیشمان بۆ ده‌رمان ناکا و دڵ پێخۆش بوونمان به‌و پاساوانه یاری کردنه به خۆمان. که‌وابوو ده‌بێ ده‌ست له‌و خۆفریودانانه هه‌ڵگرین و جوانتر و وردتر بڕوانینه ده‌وروپشتمان. یه‌که‌مین و سه‌ره‌تاییترین تێگەیشتنمان له هه‌بوونی ئه‌و که‌مینه درۆزنانه چییه؟ زه‌خت و زۆری ته‌نیا بۆ بڕه‌ودان به ئیدئۆلۆژییه‌ک که به زۆر ده‌رخواردمان دراوه و ئه‌گه له‌ده‌ستیشیان بێ ده‌خوازن ئه‌و بیرۆکه‌یه‌یان بخه‌نه نێو ده‌ماری هه‌موو دنیا؛ ئه‌وه‌یش ئه‌سڵی ولایه‌تی فه‌قیهه و به‌س.
ته‌نانه‌ت باسی ئیسلام و شه‌رعیاتی شێعه‌ش نییه، ئه‌مر و حوکم ڕوون و دیاره. خه‌لیفه یا سوڵتانه که له‌هه‌موو کون و قوژبنێکدا خول ده‌خوا و حوکم ده‌دا و به‌رژه‌وه‌ندیی چێرومێری ده‌وروبه‌ری سوڵتانیش داڵغه و ختووره‌ی ئۆل و ئایین نییه و ته‌نیا حه‌زی زێڕ و زۆره. جا له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌مه‌یه که ئه‌وه‌یان هه‌موومان ده‌زانین و باس لێکردنی بۆمان چه‌ندپاته‌یه! به‌ڵام ئه‌وه‌ی که که‌متر سه‌رنجمان داویتێ ئه‌وه‌یه که، به ڕوانینی ده‌سه‌ڵات هه‌وێتی و شوناسی تاکیمان هیچ جێ‌بایه‌خ و گرنگیی نییه و ئه‌گه من ده‌چه‌وسێمه‌وه ئه‌وه له‌به‌ر کورد بوونی من نییه یا له هه‌مبه‌ر ئایینه‌که‌م نییه به‌ڵکوو ئه‌وه ئه‌و خه‌یاڵه‌یه که ئێمه بۆخۆمان دامانتاشیوه و هیچی تر، ئه‌گینا بۆ میناک ئه‌گه کورد نه‌بام و تورکێک بام ئایا ڕه‌وشه‌که ده‌گۆڕا؟ ڕه‌نگبێ بڵێم به‌ڵێ، ئه‌وه‌ی که به‌سه‌ر ئێمه هات به‌سه‌ر ئه‌وان نه‌هاتوه! به‌ڵام ئه‌وه‌شمان له‌بیر ده‌چێته‌وه که ئه‌وانیش به‌جۆرێک له ئێمه‌ن و ئه‌وانیش ئه‌زموونێکی تاڵ و تفتیان هه‌یه، ئه‌وانیش زۆریان زوڵم لێکراوه به‌ڵام به له‌ونێکی تر و به ئاقارێکی تر. ئه‌وه ڕێک ئه‌و جێگایه‌یه که له‌نێوان ئێمه له‌مپه‌ڕێک دروست ده‌کا و “ئێمه“ له‌و زۆرینه‌یه ده‌کاته “ئێمه“یه‌کی بچووک و ده‌بینه ڕاده‌یه‌کی زۆر له “ئه‌وان”، که هه‌رچه‌نده ئه‌وانیش وه‌ک ئێمه ده‌چه‌وسێنه‌وه به‌ڵام له ئێمه نین! بۆچی؟
چاره‌ڕه‌شییه‌ک ئا لێره‌دایه که، ئه‌مه‌یه ئه‌و یارییه تاڵه وا ساڵانێکه له‌ته‌کمانه و خه‌ڵکانێکی زۆر که‌م گرنگییان پێداوه. ده‌بینم که زوڵمێکی زۆر له ژنان ده‌کرێ به‌ڵام به نێرینی من، به‌من چی؟ خۆ من ژن نیم! ئه‌وه‌ی‌که دایک و خوشک و کچ و خێزانی منیش ژنن، کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆم له‌سه‌ر دانانێ!، ئه‌و “منه“ کێشه‌ی خۆی هه‌یه که ده‌بێ چاره‌سه‌ری بکا! من ده‌بینم که، به‌لووچێک، تورکه‌مه‌نێک یا عەره‌بێک له‌م وڵاته ده‌چه‌وسێته‌وه و زوڵمی لێ ده‌کرێ، به‌ڵام پێوه‌ندیی به منه‌وه نییه! چونکه من کوردم و به‌من چی، “ئه‌وان” چیان به‌سه‌ر دێ؟! من کێشه‌ی خۆم هه‌یه. من ده‌بینم دزێک، یا تاوانبارێک که ده‌بێ به‌سزای خۆی بگا، له ده‌ره‌وه‌ی عیداڵه‌ت و دادپه‌روه‌ری یه‌کجار زۆر زوڵمی لێ ده‌کرێ، هه‌میسان به من چی؟! باشه ده‌بێ سزا بدرێ ئیدی! و ته‌نانه‌ت ئه‌گه له ده‌ره‌وه‌ی ئینسافیش بێ هه‌ر به من چی؟! من گرفتی خۆم هه‌یه!
زۆر ناخهه‌ژێن و گه‌مژانه‌یه که ساڵانێکه ده‌گه‌ڵمان یاریی “من“ و “ئه‌وان” ده‌که‌ن و ئێستاش که ئێستایه ته‌نانه‌ت ئه‌گه هه‌ستیشمان به‌و یارییه کردبێ، ئه‌و جۆره‌ی که ده‌بێ ببێ هیچ هه‌ڵوێستێکی ئه‌وتۆمان نه‌نواندوه. ده‌بێ بزانین و وریا بین که خانی کۆتایی ئه‌و یارییه‌ی “منیه‌ت” زۆر تاک لایه‌نانه ده‌بێ، که بێ‌ده‌نگی و ته‌نیایی تاق به تاقی ئێمه‌ی به‌دواوه ده‌بێ و هێنده‌ی پێناچێ که برا له خه‌می برادا نابێ و مناڵ و دایک و باوکیش گوێیان به‌یه‌کدی ناچێ، چ بگا به قه‌وم و نه‌ته‌وه و نیشتمانمان! ئه‌و ڕۆژه‌ش ده‌بینه گرووپێکی ئاڵۆز و بڵاو و هه‌روه‌ک مسافیرانی گه‌راجێکمان لێ دێ که هه‌رچه‌نده هه‌ڵاهه‌ڵا هه‌یه به‌ڵام که‌سمان که‌س ناناسێ و نزیکیی بیر و باوه‌ڕمان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین. ته‌نیا له به‌رامبه‌ردا مرۆڤێک که ده‌توانێ ڕزگاریده‌ری هه‌موولایه‌ک بێ، هه‌مه‌ن ئه‌و که‌سه‌ی ده‌توانێ هه‌ست به ناسۆری و ژانی ئه‌ویتر بکا، نه‌ک هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌که تشتێکی پیرۆزه یا له ناخی ئێمه‌دا هه‌یه، به‌ڵکوو له‌م ڕووه‌وه که ده‌زانین لە ئاکامی ئه‌م یارییەدا چی و چمان به‌سه‌ر دێ. ئه‌گه من ده‌ردی ئه‌ویتر هه‌ست پێنه‌که‌م و ده‌رکی نه‌که‌م، چ هیوایه‌ک هه‌یه که ئه‌وانیتر ئه‌و هه‌سته‌یان هه‌بێ و ئاکامه‌که‌شی ده‌بێته ته‌نیایی و دیتنی زوڵم و زۆری!
هه‌رکه‌سێ له فکری ده‌ردی خۆیدایه له حاڵێکدا ئازارمان یه‌که و ده‌رمانی ئه‌م ده‌رده‌ش یه‌کبوون و یه‌کیەتیمانه.