گەر بمانهەوێ لە مانگی ڕێبەنداندا ئاوڕێک لە شۆڕشی ساڵی ٥٧ و دامەزرانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە، پێویستە جارێکی تر لە مانا و پێناسەی وشەی شۆڕش (انقلاب) بۆ چوونە نێو باسەکە ورد بینەوە.
شۆڕش له بواری ڕەچەلەکناسییەوە بە مانای گۆڕانکاری، وەرچەرخان، سەرەونخوونی و جێگۆڕکێ پێکردن و هەروەها، لە ڕوانگەی سیاسییەوە بە مانای هەوڵ و تێکۆشانی خەڵک بۆ ڕووخاندن و دامەزراندنی حکوومەتێکی نوێ دێ.
پێناسەی شۆڕش لە ڕوانگەی “هانا ئارێنت”ـەوە ئەوەیە، وشەی ئینقلاب لە ئەسڵدا پێشینەی ئەستێرەناسیی هەیە و لە ڕێگای داهێنانەکانی “کۆپێرنیکەوە” لە زانستی سروشتیدا شوێن و پێگەی تایبەتی پێدراوە .
لە سەدەی 17دا بۆ یەکەمین جار وەک زاراوەیەکی سیاسی و پاشان لە ساڵی 1960ی زایینیدا، پاش ئاڵوگۆڕی سیاسی لە یەکێک لەو وڵاتانە کەلکی سیاسیی لێوەرگیرا. هەر بۆیەش ساموئێل هانتینگتۆن دەڵێ: شۆڕش بریتی لە ئاڵوگۆڕێکی خێرا، ڕیشەیی و توندوتیژانەی نێوخۆیی لە بایەخەکان و هێما زاڵەکانی کۆمەڵگە، دامەزراوە سیاسییەکان، ساختاری کۆمەڵایەتی، ڕێبەری، چالاکیی حکوومەتی و سیاسەتەکانی نێو وڵاتێکە.
لەسەر بنەمای ئەم پێناسەیەی هانتینگتۆن، شۆڕش لە لایەک پێوەر و پێوانەی ئینقلابێکی سیاسی/ کۆمەڵایەتی نیشان دەدا و، لە لایەکی تریشەوە ئەم دیاردەیە لە کوودتا، بزووتنەوە و ڕێفۆرم جیا دەکاتەوە.
بە گشتی لەو پێناسە سیاسی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە لەسەر شۆڕش هەیە، دەتوانین شۆڕش بە ئاڵوگۆڕ لە ساختاری سەروەریی حکوومەت و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ببینین.
شۆڕشی سیاسی دەتوانێ بەبێ ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی وڵاتێکدا پێک بێنێ بێتە ئاراوە، بە واتایەکی تر لەم جۆرە لە شۆڕش، ساختاری حکوومەتە کە گۆڕانی بەسەردا دێ نەوەک پێکهاتەی کۆمەڵایەتی. بەڵام لە شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا ئاڵوگۆڕی خێرا و بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەیەک بە ڕاپەڕینی گشتیی خەڵک پێک دێ. هەرچەندە شۆڕشی کۆمەڵایەتی کەمتر ڕوو دەدا، بەڵام بە ڕووداوی گرینگ دەژمێردرێ و کاریگەریی زۆری لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەییدا دەبێ، لەبەر ئەوەی تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتێکدا شوێندانەر نین، بەڵکوو بە گشتی دەبێتە هۆی گەشەی هزر و ئەندێشە و مۆدێلەکان و داواکاریی گەورەی نێونەتەوەیی. بە تایبەت ئەگەر ئەم ئاڵوگۆڕە لە وڵاتێک بێتە ئاراوە کە لە بواری ژێئۆپۆلیتیکەوە گرینگ و، لە بواری کولتوورییەوە دەوڵەمەند و لە باری پانتایی ئەرزییەوە گەورە بێ؛ ئەوە کاریگەرتر دەبێ.
بە سەرنجدان بەو گرینگییەی کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەسەر پێکهاتەی وڵاتێک هەیەتی، ئێمە بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر دەبێ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و بەستێنی دەروونناسانەی دروستبوونی شۆڕش بناسین.
هەر بۆیە شۆڕش لە شوێن و کاتێک ئەگەری سەرکەوتنی هەیە کە دۆخی دووجەمسەری بە سەر کۆمەڵگەدا زاڵ بێ و کارکردی هەبێ، دۆخێک کە تێیدا هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە سیستمی سیاسیی وڵات جیا بووەتەوە و لە بەرامبەریدا وەستاوەتەوە .ئەم کۆمەڵگەیە لەگەڵ پارادۆکسی هێز ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بە جۆرێک کە سەرەتا ڕەوایی دەسەڵات دەچێتە ژێر پرسیار و مەترسیی لەنێو چوونەوە و، پاشان هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرامبەر سیستمی سیاسیدا دەوەستنەوە .
دیارە هۆکاری جۆراوجۆر دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخی لێکترازان و وەستاندنەوەی خەڵک/هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرامبەر سیستمی زاڵدا.
ناڕەزایەتیی قووڵ لە دۆخی ئارایی لە هەموو بوارەکان کە بەستێنی سەرهەڵدان و گەشەی زۆربەی هۆکارەکانی تر بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین دروست دەکا و، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئیدئۆلۆژیی نوێ و جێگرەوەی بڕوا و ئامانجەکانی پێشوو .خاوەن ڕایان پێیان وایە تا ئەو کاتەی ئیدئۆلۆژیی نوێ و شیاو بۆ سیستمی حکوومەتی دواڕۆژ لە ئارادا نەبێ، خێرایی ڕوودانی شۆڕش بە لەرزۆکی دەمێنێتەوە .
لەسەر گرینگیی ئیدئۆلۆژیی “برینتۆن” یەکێک لە بیرمەندانی شۆڕش پێیوایە، هیچ شۆڕشێک بەبێ گەشەی ئەندێشە و ئامانجی نوێ دروست نابێ، چون پێی وایە ئیدئۆلۆژی لە هەر شۆڕشێک لە چۆنیەتیی سەرکەوتنی ئینقلاب، جۆری دەسەڵاتی نوێ و قۆناغ و ئاڵوگۆڕەکانی پاش سەرکەوتنی شۆڕش ڕۆڵی بەهێز دەگێڕێ و، لە ڕاستیدا ئاوێنەی نیشاندانی دواڕۆژە.
هەر بۆیە ئەو وڵاتانەی لە کاتی شۆڕشدا ئامانجێکی دروست و ئاوێتە بە تایبەتمەندیی کولتووریی ئەو کۆمەڵگەیەیان گەشە پێدا و کردیانە ئیدئۆلۆژیی دواڕۆژی سیستمی حاکمیەتی خۆیان، خێراتر پەرە دەستێنێ و ئیرادەی جەماوەری بەدوادا دێ و لە لایەکی تریشەوە ئەم مۆدێلانە لە شۆڕش زووتر لە مۆدێلەکانی دی (بێئیدئۆلۆژی) بە سەرکەوتن دەگەن و پاش دامەزراندنیش بێسەروبەرەیی کەمتر بەرۆکی دەسەڵاتی نوێ دەگرێ .
بە مەبەستی کاریگەریی زیاتر، لایەنەکانی هەڵگری پەیامی شۆڕش دەبێ پەرە بدەن بە ورەی شۆڕشگێڕی و، هەستی بەرهەڵستخوازی لە هەموو سێکتەرەکانی ژیانی جڤاکی دژی سیستمی سیاسیی زاڵ دروست بکەن. لە وەها دۆخێکدا کە تاکەکان بڕوایان بە خۆیان بێ و، لە بەرامبەر ڕێگە چارەی ڕێفۆرمیستی و سیاسەتی سەرکوتکەرانەی حکوومەت وەستانەوە و، ئەم ورە شۆڕشگێڕانەیە لە نێو هێزەکان، ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگە و نێو جەماوەردا سەری هەڵدا، شۆڕش گڕوتینێکی زیاتر بە خۆیەوە دەگرێ .
بەڵام نابێ ئەوەش لەبیر بکەین وەها ورە و هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە پێویستی بە تایبەتمەندییە کولتووری و مێژووییەکان، جۆری ئیدئۆلۆژیی شۆڕشگێڕانە و هەروەها دژکردەوە لە بەرامبەر هەڵسوکەوتی حکوومەت بە نیسبەتی خەڵک هەیە؛ کە ئەم تایبەتمەندییانە دەبێ لەبەرچاو بگیردرێن.
دەبێ ئەم ڕاستییەش لەبەرچاو بگرین کە هەرکام لەم تایبەتمەندییانەش لە ئارادا بن، بەڵام ڕێبەری و دامەزراوەیەکی چاودێر نەبێ، شۆڕش ئەستەمە سەرکەوتن بەدەست بێنێ. لەم ڕووەوە سەرکەوتنی شۆڕش پێویستی بە ڕێبەرییە، هەتا جووڵانەوەیەکی ناڕازی لە دۆخی ئارایی و خاوەنی ئیدئۆلۆژیی دروستە و تاکەکانیشی بە هەستی شۆڕشگێڕانە تەیار بن، بە سەرەنجامی دڵخواز بگەیەنێ.
بەم پێناسەیەی لە بواری مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵناسی بۆ شۆڕش کرا، لێرەدا شرۆڤەیەک بۆلەسەر کۆماری ئیسلامی دەکەین. ئەم ڕێژیمە لە تەمەنی چل ساڵەی خۆیدا لە بواری نێوخۆیی بەرەو قەیرانێکی قووڵ بووەتەوە. ئەو کولتوور و وێژمانەی لە ساڵی 57ی هەتاویدا توانی ببێتە چەترێکی کۆکەرەوەی هێزە کۆمەڵایەتییەکان کە خۆی لە ئیسلامی بوون و عەداڵەتخواز بوون بۆ خەڵک پێناسە دەکرد، تووشی داڕمانی قووڵی مانایی و واتایی هاتوە و خەڵک تێگەیشتوە کە لە سایەی ئەم سیستمە دیکتاتۆر و پاوانخوازەدا ناعەداڵەتیی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی لە لووتکەدایە و ئازادییە سیاسی و کولتوورییەکان هەتا ڕادەیەکی زۆر بەرتەسک کراوەتەوە و پێشیان پێ گیراوە.
پاش سەرکەوتنی شۆڕش و دامەزرانی سیستمی تۆتالیتێری ئاخوندی لە قازانجی نەتەوەی فارسدا بەسەر وڵات و خەڵکی ئێراندا و بە درێژە دان بە شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق لەژێر ئیدئۆلۆژیی هەناردەی شۆڕش صدور انقلاب بۆ وڵاتانی دیکە، بە ناوی وڵاتێکی شەڕ لێدراو؛ هەر چەشنە فەزایەکی ئازادیخوازانە لە خەڵکی ئێران داخرا.
هەرچەند ڕوانینی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت کورد و کوردستان چون خاوەنی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بوو و هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ پرۆژەی خومەینی نەکەوت؛ کەوتە بەر ڕق و فەرمانی جیهادی لەدژ دەرکرا. ئێستا بەشێک لە دیارترین دیارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان لە پاش چوار دەیە لە دەسەڵاتەکەی ئەمانە بوون؛ میلیتاریزە کردنی کوردستان، ئاسیمیلاسیۆنی ئەم نەتەوەیە، دواخستنی کوردستان لە ڕووی گەشەی ئابوورییەوە، سەپاندنی پەروەردەی ئایینی، سەپاندنی دۆخی ئەمنیەتی، هەوڵی بە شیعە کردنی تاکی کورد و پەرەپێدانی زمان و ئەدەبی فارس و …
لە بەستێنی نێودەوڵەتیشدا، ڕێژیم بە هۆی سیاسەتە چەوتەکانی -دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پێکهێنانی دەستە و تاقمی چەکداری سەربە خۆیان- ڕۆژ بە ڕۆژ لەگەڵ گوشاری ئابووری، سیاسی و نیزامیی زۆرتر ڕووبەڕوو دەبێتەوە و، ئەم گوشارانەش لە لایەن ڕێژیمەوە بۆ سەر خەڵک دەگوازرێتەوە.
بەم چەشنە سەڕەرای ئەوەیکە لە مەیدانی نێوخۆیی لە هەموو بەستێنەکاندا تووشی قەیران هاتوە و لە دنیای نێودەوڵەتیش لەگەڵ گوشاری هەرە زۆر ڕووبەڕووە .
چون وڵاتی ئێران وڵاتێکی موزاییکییە (فرە نەتەوە، فرە زمان، فرە کولتوورە) و هاوکات ئازادیخوازانی ئێرانی لە هەموو نەتەوەکان لەسەر یەک باوەڕی یەکانگیر بۆ دواڕۆژی ئێران و گەلانی ئێران هاوڕا نین -جیا لە کوردستان کە بۆ دواڕۆژی پاش نەمانی کۆماری ئیسلامی لەسەر (فێدرالیزم) وەک سیستمێکی وڵامدەر و گونجاو ڕێککەوتوون- لە نێو نەتەوەکانی تر ئەم یەکگرتووییە نییە و، لە لایەکی تر حکوومەتی دیکتاتۆری بە دروست کردنی هەژاریی سیاسی و ئابووری، خەڵکی گەمارۆ داوە و بچووکترین ناڕەزایەتییەکان -لە دەیەی چوارەمی تەمەنیدا لەگەڵ زۆرترین ڕاپەڕینی خەڵک بۆ مافە ڕەواکانیان ڕووبەڕوو بووەتەوە-.
لە بواری دەرەکیشدا پرسی گۆڕینی ڕێژیم لای دوکتورینی وڵاتانی دژبەری ڕێژیمی ئێران هێشتاکەش لەسەر مێزی سیاسەتی دەرەوەیاندا نییە، بەڵام گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم پرس و مەسەلەیە.