له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه له کۆتایی مانگی فێوریه، ئه‌گه‌رچی كۆماری ئیسلامی ئێران خۆی سه‌رقاڵی ده‌نگدانی نوێنەرانی پاڕڵمان کردووه به‌ڵام ڕۆژ به رۆژ نیزیكتر ده‌بێته‌وه له کۆتایی ئه‌و ده‌رفه‌ته چوارمانگهیه که FATF واته ئه‌و ناوه‌نده جیهانییه‌ی که چاودێری به سه‌ر مامه‌ڵه بانکییه‌کانی دنیادا ده‌کات پێی دابوو، ھەرچەند تا ئێستا به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی خۆیان له ڕاگه‌یاندنی بڕیاری کۆتایی بێده‌نگ کردووه بەڵام خەریکە ئـەم ماوە كورته‌ش کۆتایی پێ بێ.
ھەروەک دەزانین ناوه‌ندی FATF ساڵی 1989 بۆ چاودێری به‌سه‌ر کاروباری بانکی وڵاتانی دنیا دامه‌زرا و تا ئێستا 198 وڵات تێیدا به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌خۆ ئه‌ندامن کە لەم نێوه‌شدا 37 وڵاتی خاوه‌ن ئابووری به‌هێز و پێشکه‌وتوو ئه‌ندامانی سه‌ره‌کی ئـەم ناوه‌نده جیهانییه‌ن که ساڵی 2012 به ده‌رکردنی 49 خاڵ سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌کانی ملزهم کرد که پابه‌ند بن به‌م خاڵانه، چون به پێی ئاستی چۆن جێبه‌جێ کردنی ئه‌و 49 خاڵه وڵاته‌کان به چوار پله دابه‌ش ده‌کران که نزمترین پله، وەک لیستی ڕەشی ئه‌و ناوه‌نده بڕیاری لەسەر درا که نیزیک نۆ وڵاتی تا چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی خراپ که‌ڵک وه‌رگرتن له پووڵ و پشتیوانی ماڵی کردن له تیرۆریزمی له‌خۆ گرتبوو و ئێران و کۆریای باكوور زۆر زیاتر له ئاستی چاوه‌ڕوان نه‌کراو له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕیزبه‌ندییه‌دا به‌رچاو ده‌که‌وتن، هه‌ر بۆیه ئه‌ندامانی سه‌ره‌کی ئه‌م ناوه‌نده پێیان وابوو که بۆ پێش گرتن له‌م سه‌ره‌ڕۆیی کردنه‌یان هێزی خۆیان بۆ ملکەچ کردنیان بۆ یاسا به کار بێنن.
هه‌رچه‌ند سه‌ره‌ڕای هه‌وڵێکی زۆر له لایەن سه‌رۆک کۆماری ئێران له ساڵی 2016ه‌وه تا ئێستا دوو جار رووحانی توانی که قه‌ناعه‌ت به FATFی بێنێ که به شێوه‌ی کاتی ده‌رفه‌ت بدرێ بە وڵاتەکەی که ئه‌م 49 خاڵه جێبه‌جێ بکات به‌ڵام تا ئێستاش که دوایین ڕۆژه‌کانی ئه‌م ده‌رفه‌ته خه‌ریکه کۆتایی پی بێ هیچ کام له خاڵه‌کانیان جێبه‌جێ نه‌کردووه. دیاره ڕووحانی ڕێك باسی له‌وه كرد كه ئیتر توانایی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی له‌وه زیاتر نییه بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌نده‌كانی بڕیار له‌گه‌ڵ خۆی هاوڕا بكا و باسی له ناردنی چه‌ندین نامه كرد كه هیچ وڵامێكیان نه‌بووه، به‌تایبه‌تی باسی له‌وه كرد له‌م باره‌وه به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ خامنه‌یی چاوپێكه‌وتنی هه‌بووه به‌ڵام وێده‌چی خامنه‌یی هیچ وڵامێكی ئه‌رێنی نه‌دابێ!
ئـ‌ێران بۆ ئه‌وه‌ی دیسان نه‌چێته‌وه ناو لیستی ڕه‌شی ئه‌و ناوه‌نده ده‌بێ له‌پێش هه‌ر بڕیارێک یاساکانی خۆی سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه کردن به پاره و پشتیوانی ماڵی له تیرۆریزم وه‌ک بڕیاڕنامه‌ی کۆنوانسیۆنی جیهانی AML, CFT ڕێک بخات. ئه‌گینا ئه‌وه دیسان ده‌چێته‌وه ناو ئه‌و لیستە ڕه‌شه‌ی که تا سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تێیدابوو.
هه‌رچه‌ند له ئێستادا ته‌نیا یه‌ك وڵات له ناو لیستی ڕه‌شدا هه‌یه كه ئه‌ویش کۆریای باكووره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتوو به هه‌ر هۆیه‌ک ئێران پێ مل نه‌بێ ئه‌وه به پێی دوایین به‌یاننامه‌ی FATFی که له 18ی ئۆکتۆبردا دابوویه ده‌رێ و له‌وێدا به ڕاشکاوی داوای له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌ندام ده‌کات که به‌سه‌رجه‌م داموده‌زگا ئابوورییه‌کانیان ڕابگه‌یه‌نن که به وردی چاودێری بکه‌ن به‌سه‌رهه‌موو چالاكییه ئابوورییه‌کانی ئێرانه‌وه ته‌نانه‌ت چاودێری هه‌موو حیسابه بانکییه‌کانی ته‌نانه‌ت که‌سی ئاسایی که ئێرانی بێت بکه‌ن و ئاگاداری هه‌موو جووڵه‌یه‌کی حیسابی بانکه‌که‌یان بن، لە ڕاستیدا ئه‌م شێوە یاسایانە لە ھەڵسوکەوتە بانکییەکان ده‌بێته هۆی قورس بوونی ئه‌رکه‌کانی ئه‌و شوێنانەی کە کاری ڕاگواستن و مامەڵە بە پارە و کار بۆ ئێرانیان ده‌که‌ن وه هه‌ر ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه که ئه‌م داموده‌زگایانه بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاروباری که‌سی ئێرانی خۆ بپارێزن. هه‌رچه‌نده پێش ئه‌وه‌ش زۆر جار بیستراوه که حیسابی بانکی که‌سی ئێرانی ، یان ناوه‌ند و ده‌زگایه‌کی ئێرانی یاخود بازرگانه ئێرانییه‌كانیان ڕاگرتووه به‌ڵام ئـەم جاره‌یان ئه‌وه‌نده گشتی ده‌بێ که هه‌رکه‌سێک هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئێرانی بێ ئه‌م گه‌مارۆیه به خه‌ستی هه‌ست پێده‌کات و هیچ ناوه‌ند و بانکێک ئاماده نابێ که پووڵی ئێرانیان ڕابگرێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پاره‌ی مه‌وجود له حیسابە ئـێرانییەکان بۆ کڕینی ده‌رمانیش بێ، به‌پێی ئه‌وه‌ی که بانک ده‌بێ بیسه‌لمێنێ که ئه‌و پووڵه بۆ ده‌رمان خه‌رج کراوه مه‌جبووره خۆ له‌م سه‌رئێشه دوور ڕابگرن.
ته‌نانه‌ت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ی ئه‌و بڕه که‌مه نه‌وته‌ی ده‌یفرۆشێ تووشی کێشه‌ی گه‌وره ده‌بێته‌وه. دیاره زۆر کەس پێیان وایه که ڕه‌نگه گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێران بۆناو لیستی ڕه‌شی FATF هه‌روه‌ک ساڵه‌کانی 2008 تا 2016 که نه‌یتوانی چۆک به ئێران‌دا بدات ئێستاش سزاکان هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌بن، هه‌ر چه‌ند لە ڕاستیدا ئه‌و کات ئێران سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی گه‌مارۆکانی نەتەوە یەکگرتووه‌کان ده‌یتوانی له گه‌ڵ تورکیا و چین و ئێماڕات و چه‌ند وڵاتێکی دیکه‌ش به هۆی باش جێبه‌جی نه‌کردنی یاساکانی FATF له‌گه‌ڵ ئێران کار بکه‌ن به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ 5 ساڵ له‌مه‌و به‌ر زۆر شت فه‌رقی کردووه. ته‌نانه‌ت بانکی چینی کۆنلۆن(Karamay City Commercial Bank )که دوای گه‌مارۆکان له چین به پاره‌ی نه‌وتی ئێران دامه‌زرا و هێزی گرت و تا ئیستاش ئێران زۆربه‌ی پاره و ئاڵیشوێریشی پاره نه‌وتییه‌کانی له‌و بانکه‌وه ده‌کرد و ده‌کا، ئه‌ویش به هیچ شێوه‌یه‌ک ناتونی کار بۆ ئێران و ئێرانی بکات.
هه‌رچه‌ند پێموایه ئه‌و بێده‌نگییه‌ی ئێستا سه‌باره‌ت به FATF له ئێران و ناوه‌ندی بڕیاره‌که‌یان واته شووڕای ته‌شخیسی مهسلهحەتی نیزام زاڵه، جۆرێک سه‌ر لێشێواوی و حاڵی نه‌بوونی پێوه دیاره به‌ڵام به باوه‌ڕی من به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێران بۆ ناو لیستی ڕه‌شی FATF ئێران تووشی گه‌وره‌ترین سزای ئابووری له مێژوودا ده‌بێ، ته‌نانه‌ت ده‌توانم بڵێم کە قوورساییان زۆر لە سزاکانی ئـامریکا زیاتر دەبێ.