كاریگه‌رییه‌كانی چوونەدهری ئێران له شۆڕای NPT كامانه‌ن؟
له وڵامدا ده‌بێ بڵێین ئێران ئیمكانی چوونەدەری له‌و شۆڕایه هه‌یه به‌ڵام تێچووی قورس دەخاتە سەر شانی.
دوای دمهقاڵهیهكی بێئاكامی چه‌ندساڵه له نێوان ئێران و ئه‌ندامانی شۆڕای ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ساڵی ٢٠١٥، ئێستا ئێران ده‌ستی ئاوه‌ڵه‌یه و دەیهەوێ به یه‌كجاری له ڕێكه‌وتنی NPT ـیش بكشێته‌وه.
په‌یمانی بەرگری لە بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی، لە ساڵی ١٩٦٠دا له نێوان وڵاتانێکی زۆردا بەسترا، كه دواتر ئێرانیش بووە ئەندامی ئەم ڕێککەوتننامەیە Non-Proliferation Treaty, NPT، -ئیسڕائیل و كۆرەی باكوور و پاكستان و هیندووستان كه خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمین ئه‌ندام نین-.
له ئه‌گه‌ری کشانەوەی ئێران له‌م پهیماننامەیه، ئەم وڵاتە له‌ژێر باری سزاكانی كۆمه‌ڵگەی جیهانی چۆن پشت ڕاست ده‌كاته‌وه؟ له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ئێران له‌و په‌یمانە بكشێته‌وه، به پێی ئه‌و په‌یماننامه،هیچ بنەمایەکی یاسایی كه بۆ ئەندامانی ئەم شۆڕایە لە پێوەندی لەگەڵ سزا خستنە سەر ئێران، نامێنێ؛ مه‌گه‌ر سزاكان به‌ده‌ر له چوارچێوه‌ی ئێنپیتی بن. چونكه ئەم سزا دیاریکراوانە بۆ ئه‌ندامانی ئه‌و پهیماننامهیەیە، ئەگەر ئێران له‌و په‌یمانه‌دا نه‌مێنێ بەو مانایەیە به یاسای نێوده‌وڵه‌تی ناکرێ سزا بدرێ.
به‌ڵام هه‌روا ئاسانیش نییه، کشانەوە له ئێنپیتی، خۆی كۆمه‌ڵێك سزای قورس‌تر به‌دوای خۆیدا دێنێ كه بێگومان ئێران فه‌له‌ج ده‌كا. چونكه وڵاتانی ئه‌ندام چه‌ندین ساڵه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر لایه‌نێك له‌و په‌یمانه بکشێتەوە یان خاڵەکانی ڕه‌چاو نەکا؛ هه‌روا به ئاسانی له یه‌خه‌ی نه‌بنه‌وه.
به‌ندی چوونهدهرەوهی په‌یماننامه‌كه ده‌ڵێ چی؟
چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كلایه‌نه‌ی هه‌ر كام له ئه‌ندامان، له خاڵی ئیكسدا دیاری كراوه. ئه‌ویش ده‌ڵێ: “هه‌ركام له ئه‌ندامان ئه‌گه‌ر پێیوابێ ئه‌و په‌یماننامه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه بۆ سه‌ر حاكمیه‌تی میللیی ئه‌و وڵاته و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی، له‌و په‌یمانه بكشێته‌وه.”
به‌ندی چوونەدەرەوە، به گشتی باس له‌و كاته ده‌كا كه په‌یماننامه‌كه به‌ستراوه (١٩٦٠)،کە لەسەر بنەمای ئەوە بوو نابێ به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتان بخرێته مهترسییەوه. ئه‌و كات هەر وڵاتێک ویستبای له وزه‌ی ئه‌تۆمی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و بژیوی خه‌ڵكه‌كه‌ی كه‌لك وه‌رگرێ و به هیچ شێوه‌یه‌ك مەبەستی چێكردنی چه‌كی ئه‌تۆمی نەبێ، له لایه‌ن ئه‌ندامانی پهیماننامهكهوە یارمەتیی مادیشی پێدەدرا. ئه‌وكات ده‌توانرا ئه‌ندامێك له پهیماننامهکە پێش لەوه‌ی ده‌ستی به چه‌كی ئه‌تۆمی ڕابگا بچێتە دەر و، ته‌نیا سزاكه‌شی ئه‌وه بوو چیتر یارمه‌تیی مادیی نه‌ده‌كرا و، له كۆنفرانسی ئه‌ندامانی ئه‌و په‌یماننامه له ساڵی ١٩٦٨ هه‌موو وڵاتان پێیانوابوو ئەگەر بە مەبەستی ئاشتیخوازانە کەلک لە وزەی ئەتۆمی وەر بگیرێ، جێگەی نیگەرانی نییە.
هەتا لە ساڵی ١٩٩٣دا ڕێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی بەرەوڕووی کشانەوەی کۆرەی باکوور بووەوە، شۆڕای ئه‌منیه‌ت هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی وای نه‌بوو، بۆیه ئەمریكا یه‌كلایه‌نه ڕایگه‌یاند له هێزی سه‌ربازی به‌دژی كۆرەی باكوور كه‌لك وه‌رده‌گرێ و، ئه‌و وڵاته‌ی ناچار كرد بگه‌ڕێته‌وه نێو په‌یماننامه‌كه و، گه‌یشتن بە ڕێككه‌وتنێك كه به‌رهه‌مهێنانی پلۆتۆنیۆم سنووردار بكرێ و كار له‌سه‌ر ئۆران‌یۆم نەکرێ. به‌ڵام زۆری پێنەچوو كۆرەی باكوور سایتێكی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنان و پیتاندنی ئۆرانیۆمی ڕاگه‌یاند و لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەفەرمی لەم پەیمانە چووە دەر و؛ دیسانیش کاردانەوەی شۆڕای ئەمنیەت بەرچاو نەبوو.
چوونەدەرەوە و ده‌سڕاگه‌یشتنی كۆرەی باكوور به چه‌كی ئه‌تۆمی گرینگیی پێشگیری و دانانی ڕێوشوێنی تایبەت بەم مەبەستەی پتر لە پێشووتر خستە بەرچاو؛ به‌ڵام دره‌نگ ببوو. ئیتر هه‌ر لایه‌نه و له‌به‌ر خۆیەوە نێوه‌رۆكی په‌یماننامه‌كه‌ی شی ده‌كرده‌وه و، چاوه‌ڕوانیی له وڵاتانی چاودێری په‌یماننامه‌كه ئه‌وه بوو كاردانه‌وه‌یه‌كی باشیان هەبێ، بەڵام كێشەکە هاودەنگ نەبوون بوو و؛ هەر بۆیەش هەتا ئێستاش بەردەوامە.
ئایا کشانەوەی ئێرانیش هه‌ر به‌و ئاقارەدا ده‌ڕوا؟ به پێی ئه‌زموونی ڕابردوو چاوه‌ڕوانییه‌كی ئەوتۆ له شۆڕای ئێنپیتی ناكرێ. بۆیه سالی ١٩٩٢ ئه‌ندامانی شۆڕای ئه‌منیه‌ت شیكرندهوهیهكیان له‌م باره‌وه كرد و، بڕیارنامه‌یه‌كیان ده‌ركرد كه لەوێدا هاتوە: “هه‌ر جۆره هەوڵێکی ناڕووون، له‌سه‌ر وزەی ئه‌تۆمی و پیتاندنی ئۆران‌یۆم به مه‌به‌ستی ده‌سڕاگه‌یشتن به چه‌كی كۆمه‌لكوژ و هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و جووڵانه‌ی كه مه‌ترسیی بۆسه‌ر ئاشتی و ئارامیی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بێ، دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ به‌ندی حه‌وتی مه‌نشووری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هەیە.
دوای پێوه زیادكردنی ئه‌م چه‌ند دێڕه به بڕیارنامه‌ی ١٥٤٠ له ئاوریلی ساڵی ٢٠٠٤ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به شۆڕای ئه‌منیه‌ت دا دژی هه‌ر وڵاتێك كه بەدزییەوە كار له‌سه‌ر پیتاندنی ئۆران‌یۆم بکات بوه‌ستێته‌وه، جا چ له ئێنپیتیدا ئه‌ندام بێ یاخود نا.
ده‌ستێوه‌ردان له ئه‌گه‌ری گوماندا
ئه‌گه‌ر ئێران له شۆڕای ئێنپیتی بكشێته‌وه، ئه‌گه‌ر به ئاشكراش نه‌ڵێ له ناوه‌ندە ئه‌تۆمییه‌كانی بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازی كه‌لك وه‌رده‌گرێ، شۆڕای ئه‌منیه‌ت ده‌بێ بەبێ سێ‌ودوو کردن و تەنانەت، به‌بێ به‌ڵگه‌ی ڕوونیش ئێران وه‌ك وڵاتێكی تاوانبار یان ده‌یهه‌وێ تاوان بكا، سه‌یر بكا و هه‌موو ڕێوشوێنه ئه‌منیه پێویستەکان بگرێته به‌ر. به پێی بڕیارنامەی ١٥٤٠، چونكه ئه‌و كات ئێران چ ده‌ستی به چه‌كی ئه‌تۆمی ڕاگه‌یشتبێ و چ بیهەوێ و كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیش لێی به‌گومان بن وه‌ك یه‌ك وایە.
شۆڕای ئه‌منیه‌ت ناتوانێ پێش بە کشانەوەی ئێران بگرێ، به‌ڵام به چوونه‌ده‌ری، ده‌ستی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی ئاوه‌ڵا ده‌كا هه‌موو سزا دیاریکراوەکان له به‌ندی حه‌وتدا، به‌سه‌ر ئێران‌دا بسه‌پێنن تەنانەت به كهلكوهرگرتن له هێزی سه‌ربازیش.
هه‌روه‌ها هەر وه‌ك باسمان كرد ئێران به چوونەدەر له‌م په‌یمانه‌ش ناتوانێ خۆی ده‌رباز بكا له سزاكانی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه وه‌ك له سه‌ره‌وه باس كرا ئه‌و سزایانه ئێستا بۆ هه‌موو ئەو وڵاتانەن كه له ژێره‌وه كار له‌سه‌ر وزه‌ی ئه‌تۆمی و چێكردنی چه‌كی كۆمه‌لكوژ ده‌كه‌ن.
ماوه‌ته‌وه بڵێین ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌یان شۆڕای ئه‌منیه‌ت له به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری کشانەوەی ئێران له ئێنپیتی، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌بێ، ده‌بێ بڵێین ئه‌و په‌یماننامه به‌كرده‌وه هیچ ئێعتبارێكی نامێنێ.