ساڵانێكی زۆره به‌رنامه‌ی ناو‌كیی ئێران بۆته مایه‌ی نیگه‌رانیی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ گوێنه‌دان و له‌به‌رچاونه‌گرتنی به‌رده‌وامی پڕه‌نسیپ و بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی له لایه‌ن ڕێژیمی سیاسیی ئێرانه‌وه. هیچ وڵاتێك ناتوانێ نه‌زمی زاڵ به سه‌ر كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی به پێی ویست و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆی پێشێل بكا. ده‌وڵه‌ت پێویسته هاوكات له‌گه‌ڵ له‌به‌رچاو گرتنی به‌دیهێنانی سه‌قامگیری و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی، له‌گه‌ڵ نیزامی نێوده‌وڵه‌تی خۆی بگونجێنی. هێنانه‌دیی مه‌به‌سته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له نیزامی نێوده‌وڵه‌تیی ئاراییدا په‌یوه‌سته به بڕی هێز و تواناییه‌كان، كه هه‌ر وڵاتێك خاوه‌نیه‌تی یان به‌رهه‌می دێنی. ئه‌وه‌ش به سوود وه‌رگرتن له هێز و سه‌رچاوه نیشتمانییه‌كان دێته‌دی كه له بنیادنانی نه‌زمی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای هاوسه‌نگیی هێز به‌كاری دێنێ.
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌و هێزه نیشتمانییه بریتییه له هێزی كار، ئه‌وه‌ش به ڕازی كردنی هاووڵاتیان و له به‌رچاوگرتنیان له به‌شداری پێكردنی به‌رهه‌ست له دیاریكردنی چاره‌نووسی نیشتمانی دێته‌دی، كه خۆی ده‌بینێته‌وه له زیادكردنی به‌رهه‌می نیشتمانی و ڕێزگرتن له بنه‌ماكانی سه‌روه‌ری و ئه‌منیه‌ت و هاوكاریی نیشتمانی و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری و هه‌ڵاوسان و گه‌نده‌ڵی و نه‌هێشتنی جیاوازیی چینایه‌تی. واته ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ كورتی بكه‌ینه‌وه هێز دێته دی به گرینگی‌دان به هه‌موو مه‌سه‌له نیشتمانییه‌كان و ڕێزگرتن له مافه مه‌ده‌نی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و ڕووناکبیرییەکان، كه ڕوونه هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئاماژه‌یان پێكرا له چوارچێوه‌ی نیزامی سیاسیی ئێران‌دا ئه‌سته‌مه بێنه‌دی.
له نیزامی كۆماری ئیسلامی‌دا به‌بێ له به‌رچاوگرتنی واقعیه‌ت و له چوارچێوه‌ی چه‌مكی مه‌شرووعیه‌تی زاتیدا بریار ده‌درێ و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كری له‌گه‌ڵ هه‌موو پرسه نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، به‌بێ له به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕێسایانه‌ی كه سنووریان بۆ ده‌وڵه‌ت دیاری كردوه و له‌ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران تا ئێستاش له خه‌یاڵی ده‌سه‌ڵات‌باڵایی ده‌وڵه‌تدا ده‌سووڕێنه‌وه. له نه‌زمی نوێی جیهانیدا مه‌سه‌له‌ی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت به‌پێی ئه‌و بیردۆزه كۆنانه‌ی كه بوونیان هه‌بوو له پێناسه‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ده‌وڵه‌ت ته‌نیا له خه‌یاڵی كۆماری ئیسلامی‌دا ماونه‌ته‌وه. له كاتێكدا له كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌و دۆخه قه‌بووڵكراو نییه و ده‌بێ ده‌وڵه‌ت له ڕه‌فتاریدا پێبه‌ند به بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی بێ، به‌تایبه‌تی ئه‌و ڕێسایانه‌ی له ڕێكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه دروست ده‌بن، كه رێكکه‌وتنامه‌كان به سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م و گرینگی یاسای نێوده‌وڵه‌تی داده‌نرێن.
به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌منیه‌تی گشتیی جیهانی به به‌رده‌وام بوونی رێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان خۆی ده‌بینێته‌وه له پێشێل‌نه‌كردن و پابه‌ندبوون به ده‌قه‌كانی، و هه‌روه‌ها گرێنه‌دانی به‌رده‌وام بوون و كۆتایی هاتنی به به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی ده‌وڵه‌ت جگه له هه‌ندێ بواری تایبه‌تدا نه‌بێ وه‌ك مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان و پاراستنی ژینگه یان پاراستنی ئینسانه‌كان له كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری و هه‌ندێ بابه‌تی تر. ڕێكه‌وتننامه‌ی ڕێگری له به‌كارهێنانی چه‌كی ناو‌كی و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه به دیارترین و گرینگ‌ترین ڕێككه‌وتننامه داده‌نرێ بۆ چالاك كردن و هێنانه‌دیی ئاسایشی گشتی.
ڕێكه‌وتننامه‌ی ڕێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ناو‌كی، بریتییه له هه‌وڵی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ناوه‌كی و ته‌كنه‌لۆژیای چه‌ك و هاندان بۆ به‌كاربردنی ئاشتیخوازانه‌ی وزه‌ی ناو‌كی و هه‌روه‌ها كاركردن بۆ مه‌به‌ستی داماڵینی چه‌كی ناو‌كییه.
هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ستنی ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه له نێوان ساڵه‌كانی 1965و 1968 ده‌ستی پێكرد به سه‌رپه‌رشتیی لێژنه‌یه‌كی پێكهاتوو له هه‌ژده ده‌وڵه‌ت له‌ژێر چاودێریی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له شاری ژنێڤی سوئیس. ئه‌و ڕێكه‌وتننامه له ساڵی 1970 چووه بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه و به به‌رواورد به رێكه‌وتننامه‌كانی تری نه‌هێشتن یان داماڵینی چه‌ك زۆرترین ژماره‌ی ده‌وڵه‌تان پابه‌ند بوون پێی. تا ساڵی 2016 ژماره‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی واژۆیان كردوه گه‌یشتوونه‌ته 191 ده‌وڵه‌ت. هه‌رچه‌نده كۆرەی باكوور دوای ئه‌وه‌ی واژۆی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی كرد له ساڵی 2003 كۆتایی به ئه‌ندامه‌تییه‌كه‌ی هێنا و هه‌روه‌ها چوار ده‌وڵه‌تی ئه‌ندامی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌ندام نین له‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه كه سیانیان خاوه‌نی چه‌كی ناو‌كین، واته هیند و پاكستان و ئیسرائیل و ، هه‌روه‌ها باشوری سودان كه له ساڵی 2011 بووه‌ته ئه‌ندامی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌ندام نییه تیایدا. له هه‌مان كاتدا ڕێكه‌وتننامه‌كه دانی ناوه به پێنج له ئه‌ندامانی كه خاوه‌نی چه‌كی ناو‌كین: ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ڕووسیە، بریتانیا ، فه‌ڕا‌نسه و چین. وڵاتی ئێرانیش ئه‌ندامی ئه‌و ریكه‌وتننامه‌یه و له ساڵی 1968 واژۆی كردووه و راستاندنی بۆ كردوه له ساڵی 1970. كۆماری ئیسلامی له بۆنه‌ی جیاجیادا هه‌ڕه‌شه‌ی كردوه کە پێبەندی ئه‌ركه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به بابەتی ناو‌كی نابێ، له‌وانه‌ش كشانه‌وه له ڕێكه‌وتننامه‌ی ڕێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ناو‌كی (واته ئێن پی تی). هه‌ر له ڕاستای ئه‌م مه‌به‌سته‌شدا له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا پارلمانی ئێران پرۆژه یاسایه‌كی ئاماده كردوه بۆ به‌دواداچوون و چۆنیه‌تیی كشانه‌وه له‌و رێكه‌وتننامه‌یه و ، ئه‌وه‌ش وه‌ك په‌رچه‌كردارێك به‌رامبه‌ر ڕاگه‌یاندنی به‌ریتانیا و فه‌رانسە و ئاڵمان بۆ چالاككردنی میكانیزمی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی به‌رجام ناسراو به «ماشه» و تۆمه‌تباركردنی ئێران به جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رجام، كه ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و سزا ئابورییانه‌یه كه ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌پاندبووی به‌سه‌ر ئێران به‌ر له به‌ستنی ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رجام. هه‌ر چه‌نده كۆماری ئیسلامی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كا کە بۆ مه‌به‌ستی ئاشتیخوازانه ده‌یهه‌وێ په‌ره به به‌رنامه ناوكییه‌كه‌ی بدا، به‌ڵام له دیدی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ك شیمانه‌ی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێ كه مه‌به‌ستی كۆماری ئیسلامی، هێنانی گوشار بێ بۆ سه‌ر ئه‌مریكا بۆ وه‌دیهێنانی هه‌ندێ ده‌سكه‌وت، یان قه‌ناعه‌ت هێنان بێ به یه‌كیه‌تیی ئورووپا بۆ گرتنەبەری هه‌ڵوێستی ئیجابی به‌رامبه‌ر به ئێران.
له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌و ئه‌گه‌ره تێبینی ده‌كرێ كه ئێران ده‌یهه‌وێ بەرەو وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێ بۆ پاراستنی خۆی، به تایبه‌ت له دۆخێك‌دا كه چ له ئاستی نێوخۆ و چ له ئاستی ده‌ره‌كی به‌ره‌وڕووی فشاری بێ وێنه بۆته‌وه و زیاتر له هه‌میشه له‌گه‌ڵ قه‌یرانی مه‌شرووعیه‌ت به‌ره‌وڕوویه. بێگومان له ئه‌گه‌ری سه‌رپێچیی ئێران له بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ناو‌كی ئه‌وا كۆمه‌ڵیك لێكه‌وته‌ی مه‌ترسیداری بۆ ئێران به‌دواوه ده‌بێ.
هه‌وڵه‌كانی ئێران بۆ په‌ره‌دان به به‌رنامه‌ی ناو‌كی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و له سه‌رده‌می په‌هله‌ویدا ئامانجێكی مه‌زنی خوازانه‌ی هه‌بووه، به‌شێوه‌یه‌ك كه حه‌مه‌ڕه‌زا شا په‌ره‌دان و پێشخستنی به‌رنامه‌ی ناو‌كیی وه‌ك ده‌ریچه‌یه‌ك له پێناو گۆڕینی ئێران بۆ هێزێكی هه‌رێمی سه‌یر ده‌كرد. به‌ڵام كاتێك سه‌رنجی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی به‌ره‌و مه‌ترسیدار بوونی به‌رنامه‌ی ناو‌كی ئێران ڕاكێشرا كه ده‌زگای هه‌واڵگریی ئاڵمان له ساڵی 1984 رایگه‌یاند كه پاكستان یۆرانیۆمی پیتێنراوی داوه‌ته ئێران به‌و بڕه‌ی كه له ماوه‌ی دوو ساڵدا ده‌توانێ چه‌كی ناو‌كی به‌رهه‌م بێنێ. نیگه‌رانییه‌كانی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌ی ناو‌كیی ئێران له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا به‌رده‌وام بووه به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌تێك كه پێبه‌ند نییه به بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌ره‌نجامی ئه‌و نیگه‌رانی و له ئاكامدا هه‌وڵانه‌ی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی سه‌پاندنی سزای ئابووری بووه به سه‌ریدا له پێناو كۆنترۆڵكردنی، سه‌ره‌نجام به‌ستنی رێكه‌وتننامه‌ی به‌رجامی له ساڵی 2015 لێ كه‌وته‌وه له پێناو كۆنترۆڵ و چاودێری به‌هێزتری به‌رنامه‌ی ناو‌كیی ئێران. له به‌رامبه‌ر هه‌موو پێبه‌ند نه‌بوونه‌كانی كۆماری ئیسلامی به پره‌نسیپه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ڕۆژئاوا سیاسه‌تی دوو لایه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران گرتۆته‌به‌ر، له لایه‌ك ئابڵۆقه‌ی ئابووری و هه‌ره‌شه و له لایه‌كی تر هاوكاری كردنی ئێران له فراوان كردنی به‌رنامه ناوكییه‌كه‌ی له مه‌ودای ئاشتیخوازانه‌دا. هه‌ر ئه‌وه‌ش بواری بۆ ئێران ڕه‌خساندوه تا له و بۆشاییانه‌ی دروست بوون بتوانێ زیاتر په‌ره به به‌رنامه‌كه‌ی بدا.
له ئێستادا هێنانه به‌رباسی مه‌سه‌له‌ی چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئێران له رێكه‌وتننامه‌ی ئێن پی تی یه‌كێكی دیكه له ره‌فتاره نابه‌رپرسیارانه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه كه بێگومان ده‌بێته مایه‌ی زیاد بوونی كێشه‌یه‌كی تر بۆ گه‌لانی ئێران وێڕای كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی تر.
جێبه‌جێ نه‌كردنی به‌نده‌كانی رێكه‌وتننامه‌ی به‌رجام له لایه‌ن هه‌ندێ لایه‌نی ڕێكه‌وتننامه‌كه ده‌لیلێكی قه‌ناعه‌ت پێكه‌ر نییه بۆ ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ به‌رحه‌ق بوونی مافی كشانه‌وه‌ی ئێران له ڕێكه‌وتننامه‌ی ئێن پی تی، چونكه هه‌ندێ بنه‌ما هه‌یه پێویسته له‌به‌رچاو بگیرێ له‌كاتی ده‌رچوون له‌و رێكه‌وتننامه‌یه. ده‌رچوون له‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه ناكرێ، ته‌نیا له حاڵه‌تی پێویستیی نیشتمانی نه‌بێ؛ واته ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی به‌رهه‌ستی نیشتمانی له ئه‌نجامی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه كه‌وتبێته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌وه‌ش پێویستی به به قه‌ناعه‌ت گه‌یاندنی ناوه‌نده جیهانییه‌كانه، له‌وانه‌ش ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ناو‌كی و شووڕای ئەمنیەت. له نێوه‌رۆكی مادده‌ی 10 له ڕێكه‌وتننامه‌ی ڕێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ناوكی‌دا هاتوه: (بۆ هه‌موو ده‌وڵه‌تێك له ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام هه‌یه له‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه بكشێنه‌وه به مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی.) واته ده‌وڵه‌تێك مافی كشانه‌وه‌ی هه‌یه له رێكه‌وتننامه‌كه ئه‌گه‌ر هۆكاری قه‌ناعه‌ت پێكه‌ری هه‌بوو كه هه‌ندێ رووداوی تایبه‌تی په‌یوه‌ندیدار به ڕێكه‌وتننامه‌كه هه‌یه زیان به به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌یه‌نێ، و ده‌بێت ئه‌و كشانه‌وه‌یه ڕابگه‌یه‌نێ به هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له ڕێكه‌وتننامه‌كه و شووڕای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێش سێ مانگ له كشانه‌وه‌ی. هه‌روها پێویسته ئاگاركردنه‌وه‌ی كشانه‌وه، ئه‌و مه‌ترسیانه بخاته ڕوو كه ڕووبه‌ڕووی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتیمانیه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌بنه‌وه.
كشانه‌وه‌ی ئێران له ڕێكه‌وتننامه‌ی ئێن پی تی به‌بێ له‌به‌رچاو‌گرتنی به‌نده‌كانی ڕێكه‌وتننامه‌كه ڕووبه‌رووی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی گه‌وره ده‌بێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕووی دا به‌رامبه‌ر به كۆرەی باكوور. له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێته كێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌گه‌ری ئه‌وه دروست ده‌كا ده‌وڵه‌تانی تری ناوچه‌ش به تایبه‌تی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی له‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه بكشێنه‌وه و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و چه‌كه بده‌ن له پێناوی پاراستنی خۆیان له مه‌ترسییه‌كانی ئێران. ئه‌وه‌ش دێوه‌زمه‌ی دروست بوونی شه‌ڕێكی هه‌رێمی دروست ده‌كا. هه‌روه‌ها ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی كۆماری ئیسلامی به‌ره‌و ئاراسته‌ی ناسه‌قامگیرییه له كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و دژبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ بنچینه‌یی سیسته‌می بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی چه‌كی ناو‌كی. به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه قه‌ناعه‌تێكی به‌هێز هه‌یه له نێو ناوه‌نده جیاوازه‌كانی بڕیاری سیاسی له جیهاندا كه له ئورووپاوه ده‌ست پێده‌كا و تێده‌په‌رێ به ئه‌مریكادا و ناوچه‌ی جیاوازی تری جیهان به‌وه‌ی كه نابێ ئێران ببێته خاوه‌نی چه‌كی ناو‌كی، چونكه مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئه‌منیه‌ت و سه‌قامگیریی جیهانی، ئه‌وه‌ش ده‌بێته مایه‌ی دروست بوونی هاوسۆزییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و له هه‌مان كاتدا ده‌بێته مایه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی دووباره‌ی ده‌وڵه‌تان له رێگری له ئێران بۆ ده‌ستكه‌وتنی چه‌كی ناوه‌كی به‌هه‌ر وه‌سیله‌یه‌ك بێ.
دەرەنجامەکان چ دەبن: سه‌ره‌تا له رێگه‌ی فراوان كردنی چوارچێوه‌ی سزاكان، كه كۆماری ئیسلامی تا ئێستاش له ژێر فشارێكی قورسی سزاكان دایه و له هه‌موو ڕێگه‌كان كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ بۆ سووك كردنی ئه‌و فشارانه. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی ناچار ده‌بێ له ئه‌گه‌ری وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی سزا ئابوورییه‌كان سیاسه‌تی خۆی بگۆڕێ به‌رامبه‌ر به ئێران، له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی زۆر ده‌بێ وه‌ك ڕێگه‌یه‌ك له ڕێگه‌كانی ملپێكه‌چ كردنی ده‌وڵه‌ت بۆ ڕێزگرتن له بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و له به‌رچاوگرتنی سه‌قامگیریی نه‌زمی جیهانی.
ئه‌وه له كاتێك دایه كه كشانه‌وه‌ی ئێران له ئێن پی تی نه‌ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییدا نییه به‌ڵكو ڕێك به پێچه‌وانه ئاسته‌نگی گه‌وره بۆ بژێو و گوزه‌رانی هاووڵاتیانی دروست ده‌كا. ده‌وڵه‌تی ئێران له هه‌موو ئه‌و سه‌ره‌ڕۆییانه‌ی به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ینوێنێ ته‌نیا بیر له پاراستنی ڕێژێمی سیاسیی خۆی ده‌كاته‌وه و وه‌ك باڵاترین به‌رژه‌وه‌ندی چاوی لێ ده‌كا.