خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ جۆری پێوه‌ندیی خامنه‌یی و قاسم سوله‌یمانی له یه‌ک ڕسته‌دا ده‌کرێ بڵێین دووانه‌ی “ئاخوند-پاسدار” له‌سه‌ر درۆ و به‌لاڕێدا بردنی کۆمه‌ڵگەی ئێران له ڕێی شیعه‌گه‌رییه‌وه و دواجار به زه‌بری چه‌ک و زۆره‌ملی، له ڕێگه‌ی پاسداره‌کانی ئه‌م سیستمه‌وه دامه‌زراوه. ئه‌مه تا هه‌نووکه‌ش سه‌ره‌کیترین ستراتێژیی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتن و پاراستنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، چ له ئاستی نێوخۆیی و چ له ئاستی ده‌ره‌وه بووە. بۆ وێنه ئه‌رکی سپای قودس، به تایبه‌تی له سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تیی قاسم سوله‌یمانی ڕێک بۆ ئه‌م مه‌به‌سته داڕ‌ێژرابوو!
به‌لاڕێدا چوونی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، ئه‌م هه‌له‌ی بۆ ئاخونده‌کان ڕه‌خساند سواری لووتکه‌ی شۆڕش بن و بۆ گه‌یشتن به ڕۆخی ده‌سه‌ڵات، چینێکی گه‌نجی هه‌ژاری نه‌خوێنده‌وار بکه‌ن به سه‌وڵی لووتکه‌که‌یان. چینێکی په‌راوێزخراوی بێده‌ره‌تان، که به نیسبه‌ت حکوومه‌تی پاشایه‌تی پڕ بوون له گرێوگۆڵی ده‌روونی. ئاخونده‌کان زۆر باش ده‌یانزانی ئه‌م ڕق و کینه په‌نگخواردووه ته‌نیا و ته‌نیا به کوشتن و قه‌تڵوبڕی دیتران داده‌مرکێ و ئه‌وانیش به ناوی خوا و ئیسلامه‌وه ئه‌وه‌ی خواستی دڵیان بوو، پێیان کردن. بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌م پاسدارانه که زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان ته‌مه‌نیان له نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵ لانکه‌ی ده‌کرد، به‌رپرسایەتیی زۆر گه‌وره‌یان ده‌درێتێ، ئه‌وان به‌ته‌واوی گۆشکراوی ئاخوندی شیعه و ڕێبازه‌که‌ی بوون و تا ئێستاش که له ساڵانی ٦٠ی ژیانیاندان، وه‌فادارن به ڕێچکه و ئیدئۆلۆژیی شیعی و له ڕاستیدا ئه‌وانن که پارێزه‌ری ڕێژیمن وه‌ک پاسدار.
لێره‌دا چه‌مکێکی هانا ئارێنتی ده‌توانێ هۆکاری گوێ لهمستیی پاسدار بۆ ئاخوند، ده‌ربخا. ئه‌ویش ئه‌مه‌یه که له ڕاستیدا پاسدار “مه‌ئموور”ی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌مری ئاخونده، ئه‌و ئاخونده‌ی که واده‌ی به‌هه‌شتی پێداوه و ته‌نانه‌ت کلیله‌که‌شی خستۆته ملی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌رگای به‌هه‌شت ماتڵ نه‌بێ! شینگێڕیی خامنه‌یی بۆ سوله‌یمانی ڕێک سه‌لمێنه‌ری ئه‌م بۆچوونه‌یه. له‌م ڕوانگه‌وه پاسداره‌کان وه‌ک مه‌ئمووری خودا له سه‌ر عه‌رز، بۆ بەجێ هێنانی ڕاسپارده‌ی نوێنه‌ری خودا به وڵات‌دا وه‌رده‌بن و له ئه‌نجامی هیچ جه‌نایه‌تێک خۆ نابوێرن، جه‌نایه‌تێک که له باری شه‌رعییه‌وه ئیزن پێدراوه و ئاخوند فتوای له‌سه‌ر داوه، بێگومان تێرۆری ڕێبه‌رانی حیزبی دێموکرات ڕوونترین نموونه‌ی له‌م چه‌شنه جه‌نایه‌تانه‌یه.
شکاندنی پۆرتێک، گه‌ڕاندنه‌وەی شکۆیه‌ک
تا به‌ر له کوشتنی سوله‌یمانی، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر سیمای گه‌وره‌ترین زلهێزی جیهانی پێوه دیار نه‌مابوو، به تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و به تایبه‌تیتر لە بارەی کێشه‌کانی جوغرافیایه‌ک به ناوی هیلالی شیعی، ناوچه‌یه‌ک که ده‌کرێ بڵێین ئه‌مریکا به‌ته‌واوی مه‌یدانی بۆ کۆماری ئیسلامی چۆل کردبوو، نموونه‌ی دوایی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له ڕۆژاوا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌یدان چۆڵکردنه‌ی ئه‌مریکا، کۆماری ئیسلامی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کرد که ڕه‌نگه خوێندنه‌وه و هه‌ڵه‌ی زۆربه‌ی شرۆڤه‌کارانی سیاسیش بووبێ، که ئه‌ویش بریتی له‌مه بوو که پێشبێنیی که‌سایه‌تیی تێکچندراوی ترامپی بۆ هاوکێشه سیاسییه‌کانی ناوچه ڕه‌چاو نه‌کردبوو. کارهکتێرێکی تێکچندراو که هه‌ندێ جار لێدوانه‌کانی ئه‌وه‌نده پارادۆکسیکاله که جاری وایه له ماوه‌ی که‌متر له کاتژمێرێکدا دۆستان و دوژمنانی تووشی سه‌رسووڕمان یان باشتر بڵێم سه‌رلێشێواویی ده‌کا!
ڕۆژنامه‌ی لۆس‌ئانجلێس تایمز باس له‌وه ده‌کا کاتێ ئه‌ندامانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی واته وه‌زیری به‌رگری، وه‌زیری ده‌ره‌وه و سه‌رۆکی ئه‌رکانی سپای ئه‌مریکا چوون بۆ هاوینه‌هه‌واری مارالاگۆ له ئه‌یاله‌تی فلۆریدا، پێشبینیی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌کرد که ترامپ فه‌رمانی کوشتنی سوله‌یمانی بدا. ئه‌م فه‌رمانه که ڕێک دوابه‌دوای هێرش بۆ سه‌ر پایەگای کێی وان و کونسوولی ئه‌مریکا له به‌غدا ده‌رچوو ترامپ له تویتێکدا کوتبووی: “ئێران به‌رپرسی هێرشه‌کان و گیانه لهدهسچووهکانه و ئه‌وان ده‌بێ باجێکی زۆر قورس بده‌ن.”!
ئه‌مه هۆشدار نه‌بوو به‌ڵکوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیدی بوو، ئه‌و باجه گه‌وره‌ی که ترامپ باسی کرد که ده‌بێ کۆماری ئیسلامی بیدا دیسان له لایه‌ن ئێرانییه‌کانه‌وه به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرا، چون له ڕاستیدا ئه‌و کارانه‌ی کۆماری ئیسلامی کردبووی له ماوه‌ی گرژبوونه‌وه‌ی زیاتری پێوه‌ندیی ئه‌مریکا و ئێران‌دا وه‌ک؛ خستنه‌خواره‌وه‌ی دڕۆنی ئه‌مریکایی، هه‌ڕه‌شه له گه‌رووی هورموز، هێرش بۆ سه‌ر چاڵه نه‌وته‌کانی ئارامکۆی عه‌ره‌بستان، ڕاگرتنی گه‌مییه نهوتییەکان، شه‌ڕی پراکسی و “نامتقارن” له ناوچه و … دژکرده‌وه‌یه‌کی جیدی و وڵامێکی ئه‌وتۆی له لایه‌ن ئه‌مریکاوه نه‌درابۆوه. (ته‌نانه‌ت وا باشه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا لە بارەی شه‌ڕی پڕاکسی پێداچوونه‌وه‌مان هه‌بێ و باس له “به‌شداریی ئه‌کتیڤ” بکه‌ین، چون له ڕاستیدا قاسم سوله‌یمانی به عاله‌م ئاشکرا خه‌ریکی تەراتێن له ناوچه‌دا بوو، وه‌بیر خۆمانی بێنینه‌وه که له پاش ڕێفراندۆمی باشوور چۆن وه‌پێش حه‌شدی شه‌عبی که‌وتبوو بۆ داگیر کردنی که‌رکووک!) بۆیه کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی هه‌ر به‌م ڕبه‌ی پێشوویان پێوا و به‌م شێوه‌یه خافڵگیر بوون.
چون ڕێک له شه‌وی سه‌ری ساڵی تازه‌دا، ترامپ کۆماری ئیسلامیی دڵنیا کرده‌وه که ئه‌مریکا ئاشتی و ئارامیی ده‌وێ و ئێرانیش ده‌بێ زیاتر له هه‌موو که‌س خوازیاری سوڵح بێ! سه‌یر که، له ماوه‌ی که‌متر له سێ چوار ڕۆژ تویته پڕ له هه‌ڕه‌شه‌که‌ی ترامپ و قسه‌کانی شه‌وی سه‌ری ساڵ، ڕێک به‌ته‌واوی دژبه‌یه‌کن و کۆماری ئیسلامی و خودی سوله‌یمانییان تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی ستراتێژیک کرد و دواجار بوو به هۆی کوێر بوونی چاوی کۆماری ئیسلامی!
بۆیه ئه‌وه‌ی کرا ڕێک له‌نێوبردنی هێژمۆنیی کۆماری ئیسلامی و گه‌ڕانه‌وه‌ی سەرنجهکان بوو بۆ سه‌ر ئه‌مریکا، که دنیا ئه‌و ڕاستییه بزانێ که نه‌زم و ته‌کوزی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌بێ ئه‌مریکا جێبه‌جێ نابێ! کوشتنی سوله‌یمانی ته‌نیا کوشتنی پاسدارێک نه‌بوو که جێگاکه‌ی به یه‌کی تر پڕ بکرێته‌وه، کوشتنی سوله‌یمانی به سوخرهگرتنی هێما و سه‌مبولی ده‌سه‌ڵات و هێزی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا بوو و بۆ هه‌موو که‌س سه‌لمێندرا که سوله‌یمانی سووپێرمەن نییه. ده‌رکردنی فه‌رمانی کوشتنی قاسم سوله‌یمانی له هاوینه‌هه‌واری مارالاگۆ، کۆتایی قووڵایی ستراتێژیکی کۆماری ئیسلامی بوو.
سوله‌یمانی “وجهالمصالحه“؟!
سوله‌یمانی ئامرازی تایبه‌تی ده‌ستی خامنه‌یی بوو، به‌ڵام ئه‌م ئامرازه چۆن دروست بوو؟ ده‌بوو ئه‌م ئامرازه ببێته ئه‌م بوونه‌وه‌ره “ئهوپهڕمرۆڤ” (ابرانسان)ـەی که وه‌ک ئاره‌شی کهواندێر سنووره‌کانی شۆڕش (وڵات) به‌رینتر ده‌کا و، وه‌ک ڕۆسته‌می داستان پارێزه‌ری ئێرانه و وه‌ک ئیمامی عه‌لی شمشێروهشێنه، بۆیه به یارمه‌تیی میدیاکانی کۆماری ئیسلامی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، سوله‌یمانی بوو به عارفێکی شیعه که له سه‌ده‌کانی ئێرانی باستانه‌وه هاتبوو بۆ پاراستنی گیان و ماڵی خه‌ڵکی ئێران. سه‌یر که، چه‌مکه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، وه‌ک ئایینزای شیعه و زمانی فارسی له‌م ئامرازه‌دا کۆ ده‌بنه‌وه!
ئه‌م نازناوانه: شه‌هیدی زیندوو، ته‌نیا چه‌کداری خاوه‌ن نیشانی زولفه‌قار، سه‌رداری عارف، مالکی ئه‌شته‌ر، ژێنڕاڵی تارمایی و … هه‌ر هه‌مووی بۆ شوێنهونکهی ئه‌م جینایاتانه بوون که له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له ناوچه و ته‌نانه‌ت له نێوخۆدا دەکران!
به‌ڵام ئه‌م سەمبولسازییه تا ڕاده‌یه‌ک گرتی و هه‌ر ئێستا به‌شێک له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی بۆ لای خۆی په‌لکێش کردوه، ته‌نانه‌ت له‌نێو ئۆپۆزیسیۆنیشدا -به‌دیاریی فاشیسته‌کان- وه‌ک به‌شێک له پاشاییخوازه‌کان و کۆماریخوازه‌کان و چه‌په‌کان و هه‌ندێ سێلێبریتی بوون به شه‌یدای سوله‌یمانیی پارێزه‌ری خاکی ئێران!
وێناچێ قاسم سوله‌یمانی له‌باری سیاسییه‌وه شتێکی ئه‌وتۆی لهباراندا بووبێ، مه‌گه‌ر وه‌ک خومه‌ینی پاش لە مه‌رگی بیکه‌ن به شاعێر و دیوانی شێعری بۆ دروست که‌ن، خومه‌ینییه‌ک که له ئاخاڤتنی ئاساییشدا گرفتی هه‌بوو! دیاره به‌پێی ئه‌م گرته‌ڤیدیۆییانه‌ی له سوله‌یمانی بڵاو بۆته‌وه لێوڕێژه له هیچ! به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێکی بێ‌سنوور و ڕه‌های مادی و چه‌کداریی هه‌بوو و به کرده‌وه وه‌ک دووهه‌م که‌سی کۆماری ئیسلامیی پاش خامنه‌یی سه‌یر ده‌کرا.
دیاره ئه‌و وه‌ک فه‌رمانده‌ی سپای قودس به زەبری پاره‌ی نه‌وت و، هاندانی هه‌ستی ئایینزای شیعی له ناوچه بوو به مه‌ترسیدارترین که‌سایه‌تیی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و به ده‌یان کرده‌وه‌ی تێرۆریستی له ناوچه‌دا بەڕێوە برد و هۆکاری سه‌ره‌کیی ناسه‌قامگیریی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوڕهاست ڕێک بۆخۆی بوو. لێدوانه‌کانی تارق هاشمی، جێگری پێشووی سه‌رکۆماری عێراق لەسەر ده‌وری نه‌رێنیی قاسم سوله‌یمانی بۆ دروستکردنی شه‌ڕی ئایینزایی و تائیفی و ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری عێراق، سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن که هۆکاری سه‌ره‌کیی جه‌نایه‌ته‌کانی ناوچه، سوله‌یمانی بوو! چیرۆکی په‌لهاوێژی بۆ ئورووپا و ئه‌مریکای لاتینیش ڕێک له‌سه‌ر بنه‌مای حاتهمبهخشیی پاره‌ی خه‌ڵکی ئێران ده‌کرێ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکه‌ی.
به‌ڵام خامنه‌یی سوورسوور ده‌یزانی سوله‌یمانی به مردنی سروشتی نامرێ و به قسەی خۆی “شه‌هید” ده‌بێ، بۆیه ڕاسته‌وخۆ ئاره‌زووی شه‌هید بوونی بۆ ده‌کا، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌ڵێ: “هه‌ڵبه‌ت جارێ نا”! خامنه‌یی که به زه‌بری پاره و چه‌ک سیمایه‌کی تایبه‌تی له سوله‌یمانی دروست دەکا، ده‌زانێ که دره‌نگ و زوو به پێی ئه‌م کارانه‌ی ئه‌و ده‌یکا تیری ئه‌جه‌ل ده‌یپێکێ (ده‌یان دوژمنی ورد و درشتی له ناوچه‌دا هه‌بوو) و بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌م هێماسازییهوه، کوژران و قۆناغی پاش کوژرانی ئه‌و، سێناریۆسازیی بۆ کراوه. تۆ بڵێی بۆ ئه‌وه‌ی دواجار ببێته “وجهالمصالحه“ له‌گه‌ڵ دژبه‌رانی کۆماری ئیسلامی؟ چون ئیتر بۆ هه‌مووان ده‌رکه‌توه که کۆماری ئیسلامی بۆ مانه‌وه‌ی خۆی مل بۆ هه‌موو شتێک که‌چ ده‌کا، ته‌نانه‌ت قوربانی کردنی قاسم سوله‌یمانی!
جووتشهشی سوله‌یمانی – به‌غدادی
دێیڤید پێترایۆس، بەرپرسی پێشووی CIA و فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقی پاش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، پێی وایه کوشتنی سوله‌یمانی لە کوشتنی بێنلادێن و کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی گرینگتره! دیاره پێترایۆس ڕاست ده‌کا چون له‌م دۆخه‌ی ترامپ تێیدا بوو واته گوشاره‌کان بۆ لێپرسینه‌وه (Impeachment) توانی تا ڕاده‌یه‌ک پشوویەکی بێته‌وه به‌ر و ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی دێموکراته ناڕازییه‌کانیش به خشکهش بێ له‌گه‌ڵ خۆی هاوده‌نگ کا، هه‌رچه‌ند ئه‌وان له‌به‌ر کێبه‌رکێی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماریی 2020 هه‌ر خێسه‌ی لێده‌که‌ن! به‌ڵام به‌گشتی کۆنگرێس و سێنا، ڕایان وایه که جیهان به‌بێ قاسم سوله‌یمانی دنیایه‌کی ئه‌من و ئارامتره و نه‌مانی سوله‌یمانی به فاکتۆرێکی گرینگی ئه‌منی بۆ ئه‌مریکا وه‌سف ده‌که‌ن.
ڕاستی ئه‌وه‌یه که پاش کوشتنی به‌غدادی و شوبهاندنی ئه‌و وه‌ک “سه‌گ” له لایه‌ن دۆناڵد ترامپه‌وه، هه‌ڵوێسته‌کان زۆر لاوازتر بوو به نیسبه‌ت کوشتنی سوله‌یمانی، ته‌نانه‌ت ترامپ که‌وته به‌ر ڕه‌خنه‌ش که بۆ به‌غدادیی به سه‌گ شوبهاندوه؟!
به‌ڵام بۆ سوله‌یمانی له به‌غدادی گرینگتر و مه‌ترسیدارتر بوو؟
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ به‌غدادی تێرۆریستێکی “به‌ڕه‌ڵڵا” بوو، واته هیچ وڵاتێک لانیکه‌م به فه‌رمی پشتگیریی نه‌ده‌کرد و ماوه‌ی خه‌لافه‌ته سنوورداره‌که‌ی زۆر درێژ نه‌بوو، به‌ڵام سوله‌یمانی وڵاتی خۆی هه‌بوو که به ته‌واوی هێزه‌وه پشتیوانی بوو، به پاره و چه‌ک و به سیستمی سیخوڕییه‌وه و له هه‌مان کاتیش‌دا جوغرافیای هیلالی شیعی له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینزای شیعه پشتگیریی لێده‌کرد و، زیاتر له دوو ده‌یه بوو که له‌م ناوچه‌یه‌دا ته‌راتێنی ده‌کرد، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه ده‌کرێ بڵێین سوله‌یمانی زۆر گرینگتر و مه‌ترسیدارتر بوو. بۆیه من پێموایه ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا ترامپ براوه بێ، یه‌کێ له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کان جووتشهشی سوله‌یمانی-به‌غدادی ده‌بێ!
تراویلکەی هیلالی شیعی، دواخهونی قاسم سوله‌یمانی
پێترایۆس ده‌ڵێ: “جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رکۆماری ئه‌و کاتی عێراق په‌یامێکی قاسم سوله‌یمانی دامێ که تێیدا هاتبوو؛ “ژێنڕاڵ پێترایۆس! من قاسم سوله‌یمانی، سیاسه‌تی ئێران لەسەر عێراق کۆنترۆڵ ده‌که‌م و جگه له عێراق، کۆنترۆڵی سیاسه‌تی ئێران له سووریە، لوبنان، غه‌زه و ئه‌فغانستان له‌ستۆی منه.” ئه‌و خاڵه‌ی مه‌به‌ستی سوله‌یمانی بوو، ئه‌وه بوو که تۆ ده‌بێ له‌گه‌ڵ من ڕێکه‌وتن بکه‌ی و […]”
ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و فیز و ئیفاده‌یه، که سوله‌یمانی خۆی به سوڵتانی بێتاج و ته‌ختی ئه‌و ناوچانه ده‌زانی، بوو به هۆی ئه‌وه که سه‌ری خۆی به فه‌ته‌ڕات بدا.
خامنه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌همی دوژمن، ده‌یکوت و ده‌ڵێ دوژمن چوارده‌وری ته‌نیوین و بۆیه ده‌بێ تا قووڵایی خاکی دراوسێکان و ته‌نانه‌ت شوێنی دوورتریش که دوژمنه‌کانمان له‌وێنده‌رێن په‌لهاوێژی بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کان له‌سه‌ر خۆمان لابه‌رین و ئه‌مه وه‌ک قووڵایی ستراتێژیک وه‌سف ده‌کا، نه‌ک ده‌ستێوه‌ردان و هه‌نارده کردنی شۆڕش! بۆیه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته شه‌ڕی پڕاکسی (شه‌ڕی جێگرەکان) له ناوچه‌دا دروست دەکا و قاسم سوله‌یمانیش ده‌بێته که‌ره‌سه‌ی کرده‌یی ئه‌م ستراتێژییه.
کۆماری ئیسلامی به هۆی شه‌ڕی پڕاکسی، له هه‌مان کاتدا که ویستوویەتی بازنەی نفووزی خۆی لەنێو وڵاتانی دەوروبەردا بەربڵاوتر بکا، ئاستی ئەمنیەتی خۆیشی له‌سه‌ر بنەمای بیردۆزیی پێشگیرانه بردۆته سەرێ. بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە فاکتەری مەزهەبیی شیعە وەرگرتوە و جوغرافیای “هیلالی شیعی” وەک ژێئۆپۆلیتیکی شیعی کردوەتە مەیدانی تەراتێنی خۆی. ئەم هیلالە کە جەمسەرێکی لە لوبنانە و بەسەر سووریە، عێراق، کوەیت، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر و ڕۆژهەڵاتی عەرەبستاندا خەرمانەی داوە، جەمسەرەکەی تری دەگاتەوە یەمەن. واتە پانتاییەکی جوغرافیی بەرین بە حەشیمەتێکی بەرچاوەوە. بە پێی ئەوەی کە گەورەترین سەرچاوەکانی وزەی دنیا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە، ئەم هیلالەش بەشێکی بەرچاو لەم سەرچاوانە لەخۆدەگرێ و دەورێکی گرینگی ژێئۆپۆلێتیکی هەیە، بۆ وڵاتێکی وەک ئێران زۆر ئاساییە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خۆی لە حەوشەچۆڵی ئەم وڵاتانەدا ببینێتەوە و، ئاستی ئەمنیەتی خۆی لەمەڕ هەڕەشە دەرەکی و تەنانەت نێوخۆییەکانیشی بەرێتە سەر، بۆ ئەوەش کە بتوانێ شوێن پێی خۆی لەم وڵاتانەدا جێ بێڵێ، باشترین فاکتەر هاوتەریب کردنی ئەو وڵاتانە لەگەڵ خۆیەتی کە خەڵکی شیعە مەزهەبیان تێدا دەژی.
ئەوەی کە ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع بەدی دەکرێ، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتانەی لەنێو هیلالی شیعیدان بووەتە هۆکاری تێکدانی ئاسایش و ئەمنیەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی ناوچەکە. لە ڕاستیدا ئەم ناسەقامگیرییە پێوەندییەکی ئەم-ئەوێتی لەگەڵ درێژەی تەمەنی ئەم دەوڵەتە هەیە و زۆر جاران لەم دۆخەی کە خۆی خولقێنەرێتی، وەک کارتی سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و تەنانەت زلهێزەکانی جیهان و لە سەرووی هەمووان ئەمریکا کەلکی لێوەرگرتووە. نموونه، بڕیاری پارلمانی عێراق بۆ ده‌رکردنی هێزه‌کانی ئه‌مریکا پاش کوشتنی سوله‌یمانی، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌یان بۆ ناچێته سه‌ر.
جەختی ئێران لەسەر ئەم هیلالە وەک پشتێندێکی ئەمنی بۆ پاراستنی خۆی لە کورتماوەدا جوابی داوه، بەڵام بەم ئاڵوگۆڕانه‌ی ناوچە و بە سەرنجدان به دۆخی نالەباری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی نێوخۆیی، لە درێژماوەدا ئێران بە تەنیا دەمێنێتەوە. ئەو هیلالە شیعییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران به سه‌رکردایه‌تیی قاسم سوله‌یمانی بهدوویهوه بوو و به فیز و له‌خۆباییه‌وه به پێترایۆسی کوت من پاشای ئه‌م هیلالهم، جگه لە تراویلکەیهک هیچی تر نه‌بوو!
***