وەرگێڕان: ئاڵەشێن
پرسی ژن له ئیران و تورکیه‌دا، ده‌گه‌ڵ (که‌شف حجاب)ی سه‌رده‌می دسه‌ڵاتداری ره‌زاشای په‌هله‌وی و که‌ماڵ پاشا (ئاتاتورک) فۆڕمێکی نوێی به خۆوه گرت. ئه‌م هه‌نگاوه شۆکێک بوو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نه‌ریت و هزره مه‌زهه‌بییانه‌ی که چه‌ندین سه‌ده‌یه له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین وه‌ک بایه‌خ و زیاتریش به شێوه‌یه‌کی زۆره‌ملییانه له لایان کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاری و حکوومه‌تی ناوه‌ندییەوە به‌سه‌ر ژناندا ده‌سه‌پا. به تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن و پێشکه‌وتنی تێکنولۆژی و په‌ره‌گرتنی توێژینه‌وەی زانسته کۆمه‌ڵایەتییه‌کان له کۆمه‌ڵگه رۆژاواییه‌کان و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌کان، ده‌وڵه‌ته‌کانی دوای ره‌زاشا و ئاتاتورک رێگه و رێچکه‌ی جۆراوجۆر و میتۆدی جیاوازیان گرته به‌ر بۆ بیچمدان به‌و هزر و هه‌ڵبژاردن و ئەو بایه‌خانه که ژنێک پەسندی دەکا، یا ناچارن قەبووڵی بکەن. هه‌نووکه‌ی فه‌زای مه‌جازی و راگه‌یانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش وه‌ک ئامرازێکی به‌هێز و تازه بۆ فۆڕم به‌خشین به کۆمه‌ڵگه‌ی ژنان له پێناو ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی حکوومه‌تە ناوه‌ندییه‌کان به‌کار ده‌هێنرێن. به‌ڵام ئه‌و خاڵه گرینگه‌ی له پێوه‌ندیی لەگه‌ڵ بەکارهێنانی فه‌زای مه‌جازی و ڕاگه‌یاندنه گشتییه‌کان له ئارادایه، چالاکییه کۆمهڵگەتهڤهرییە سیاسی و مهدهنییەکانی ئه‌و ژن و پیاوانه‌یه که بڕوایان به سڕینه‌وه‌ی هه‌ڵاواردن دژی ژنان و رێزگرتن لە مافی ژن هه‌یه و، له‌م پێناوه‌دا چالاکن؛ ئه‌م هه‌له‌یان بۆ ڕه‌خساوه بتوانن له به‌رانبه‌ر حوکم و نۆرم دژه ژنەکان، هزری نه‌ریتی و یا گوشاره حکوومهتییەکان راوەستن و دژی هه‌ڵاواردن جینسی بوەستنه‌وه.
ده‌سته‌به‌ربوونی مافی ژن و سرینه‌وه‌ی هه‌ڵاواردن دژی ژن، یه‌کێکه له گرنگترین بنه‌ما و پێوه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دێموکراتیک که پارته کوردییه‌کان به‌تایبه‌ت حیزبی دێموکراتی کوردستان ساڵانێکە هه‌وڵ بۆ چەسپاندنی ده‌دا. دامه‌زاندنی یهکەتیی ژنان له لایه‌ن حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه، خاڵی ده‌ستپێکی خه‌باتی ژنان بۆ نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردنی جینسی، به‌شداریی سیاسی و مه‌ده‌نی ژنان له هه‌موو کوردستانە. ئه‌و کاته بایه‌خی ئه‌م تهفگهڕهمان لێ ڕوون ده‌بێته‌وه، که بزانین یهکەتیی ژنان له هه‌موو کۆمه‌ڵگه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا، یه‌کێکه له‌و یه‌که‌م دامه‌زراوانه‌ی بۆ داکۆکی له مافی ژن و گه‌شه‌ی فیکری و به‌شداریی ژنان دامه‌زراون. بزووتنه‌وه‌ی کورد که زیاتر نێوه‌رۆکێکی نه‌ته‌وه‌یی- دێموکراتیکی هه‌یه، له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی فه‌زای مه‌جازی و په‌ره‌سه‌ندنی ڕاگه‌یه‌نه گشتییه‌کان له بیاڤه‌کانی سیاسی، مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگیدا ڕووبه‌ڕووی پرسیارێکی زۆر بۆته‌وه، که له هه‌موو بابه‌ته‌کاندا پرسی ژن و مافی ژن ده‌ورێکی گرنگ و به‌رچاو ده‌گێڕن.
هه‌ستی سه‌ربه‌خۆبوون و متمانەبەخۆیی ژنان، به‌شداریی کۆمه‌ڵایه‌تی ژنان، گۆڕینی باوه‌ڕ و هزره نه‌ریتییه‌کانی ژنان، به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی زانیاری ژنان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕووداوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له زەین و جه‌سته‌ی ژناندا، هه‌ڵسوکه‌وتی ژنان، پێکهێنانی فه‌زای گشتی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی مەشروعییەت پێدانی سیاسی و مه‌ده‌نی نێوان ژنان و پیاوان، جموجۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی ژنان، به ئه‌ندام بوونی ژنان له فه‌زای زانیاری‌دا و، پرسی په‌روه‌رده، قه‌بووڵی ژنان له پله و پێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریدا، ئه‌ده‌بیاتی کۆمه‌ڵگه سه‌باره‌ت به ژن، ئه‌منییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ژن و دادوه‌ری له سه‌ر ژنان، گرنگترینی ئه‌و بابه‌تانه‌ن هه‌میشه به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاستەوخۆ زۆر به‌ربه‌رین له فه‌زای مه‌جازیدا دێنه گۆڕێ و ڕه‌نگدانه‌وه‌کانی له ژیانی ڕۆژانه‌دا به‌رده‌وام له گه‌شه دایە. کارکردی بزوتنه‌وه‌ی کوردی به‌رانبه‌ر ئه‌م چه‌شنه پرسیارانه‌ی کۆمه‌ڵگه، به‌تایبه‌ت توێژی ژنان، وه‌ک پێوه‌رێک بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی دێموکراتیک بوونی بزووتنه‌وه و یا ناکارامه‌یی بزووتنه‌وه له به‌رچاو ده‌گیرێ. کهواتە بزافی کوردی بۆ به‌ره‌وپێش بردنی خه‌بات ناچاره زۆر به‌هێز و ئه‌کتیڤانه گرنگیی تایبەت بە پرسی ژن و نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردن دژی ژنان بدا و به به‌رنامه‌ڕێژی دروست وگونجاو که وڵامده‌ری خواسته دێموکراتییه‌کانی ژنانه له پێناو پێشخستنی بزووتنه‌وه‌ی کورددا به‌شداری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رزبکه‌نه‌وه. به‌ڵام به سرنج‌دان به‌و بارته‌قا زۆره‌ی زانیاریی که له فه‌زای مه‌جازیدا به‌رده‌وام له لایه‌ن به‌کارهێنه‌رانێکی زۆره‌وه ئاڵۆگۆڕ ده‌کرێ، بزوتنه‌وه‌ی کورد چۆناوچۆن ده‌توانێ پێوه‌ندییه‌کی دوولایه‌نه ده‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌و ژن و پیاوانه دابمه‌زرێنێ که خه‌بات بۆ نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردنی جنسی ده‌که‌ن و تێچووی به‌رخۆدانی نه‌ته‌وه‌یی دێموکراتیکی کورد بۆ نزمترین ئاست دابه‌زێنی؟ ئایا ته‌نیا ناسینی شووناسی ژن و ویسته‌کانی و سرنج‌دان به مافی ژنان، بۆ نه‌هێشتنی نادادپه‌روه‌ری و دێموکراتیک کردنی کۆمه‌ڵگه تەواوە؟ حکوومه‌تی ناوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئیمکاناته به‌رینه ئابووری و هێزه مرۆییه‌ی هه‌یه‌تی، به چ شێوه‌یه‌ک به‌رانبه‌ر به داخوازیی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی بزووتنه‌وه‌ی کورد و چالاکانی مافی ژن له دوو بیاڤی کۆمه‌ڵگه و فه‌زای مه‌جازیدا وه‌ستاوه‌ته‌وه و هه‌وڵ ده‌دا سه‌رکوتیان بکا؟
به سرنج‌دان به پێچه‌ڵاوپێچی پرسی مافی ژنان و ئه‌و هه‌ڵاواردنانه‌ی له لایه‌ن سیستمی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه به‌رده‌وام به شێوه‌ی جۆراوجۆر و پڕ گرێوگۆڵ به سه‌ر ژن‌دا ده‌سه‌پێ، ڕوون و ئاشکرایه دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌کی ژیرانه و کارامه هه‌روا سووک و ئاسان نییه. ئه‌زموونه‌کانی خه‌باتی گه‌لی کورد بەڕوونی ده‌ریده‌خا، سه‌ره‌ڕای ئاماده‌یی و به‌شداریی به‌ربه‌رینی ژنان له خه‌باتی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و مه‌ده‌نیدا، پارته کوردییه‌کان نه‌یانتوانیوه له ڕێگه‌ی میکانیزمێکی کاریگه‌ره‌وه ڕێگه‌چاره‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌ن بۆ تێپه‌ڕین له‌و دۆخه دژوار و ئه‌سته‌مه بدۆزنه‌وه.
هه‌نووکه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، وه‌کوو ناوچه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین پێناسه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرای بۆ دۆخی ئیده‌ئاڵ و دڵخوازی داهاتووی ژن نییه و فه‌زای مه‌جازیش، یه‌کێکه له‌و هۆکارانه و ڕه‌نگه گرنگترین هۆکاریش بێ که زۆر خێرا بایه‌خ و سه‌رچه‌شنه‌کانی ژنان ده‌گۆڕێ. ئه‌و گۆڕانه‌ی که ئه‌گه‌ر بزافی کوردی نه‌توانێ به ئاقاری دێموکراتیزه کردن و نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردنی دژی ژنان، که نیوه‌ی کۆمه‌ڵن، ههنگاوێکی کاریگه‌ر بنێ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌ره‌و لایه‌ک ده‌کێشێ که شوناسی کوردی که یه‌کێکه له کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌کانی ناسیونالیزمی کوردی، تووشی قه‌یران ده‌بێ و بزافی شوناسخوازانه و نه‌ته‌وییانه‌ی کورد تووشی زه‌ره‌ر و زیانی جددی و ڕه‌نگه قهرهبوونەکراو بکاته‌وه.
ئه‌زموونی وڵاتانی دێموکراتیک و ئازاد ده‌ریده‌خا بارودۆخی ژنان و له‌شساغی و ئه‌منییه‌تی ژنان گرنگترین پێوه‌ر و بنه‌ماکانی گه‌یشتن به دێموکراسین و ته‌نانه‌ت پاش بڕینی هه‌لومه‌رجی دیکتاتۆری و نادادپه‌روه‌ری و گه‌یشتن به دێموکراسیش، ده‌بێ به‌رده‌وام ڕۆڵ و هه‌لومه‌رجی ژنان به‌ره‌وه به‌رزبوونه‌وه و ڕه‌وشی دڵخوازتر و باشتر بڕوا، چونکە گه‌یشتن به دێموکراسی و مافی دیاریکردنی چاره‌نووس یه‌که‌م قۆناغی گه‌یشتن و پێگه‌یشتوویی گه‌لێک و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک بووه دوای ئه‌ویش کۆمه‌ڵگه‌ی دێموکراتیک هه‌میشه مه‌ترسی دیکتاتۆری و گه‌ڕانه‌وه بۆ نادێموکراتیکی بوونی له سه‌ره. له کۆتاییدا ده‌بێ بگوترێ تا ئه‌و کاته‌ی هه‌ڵاواردنی دژی ژنان بوونی هه‌یه، کۆمه‌ڵگه به دێموکراسی ناگا و تا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کیش دێموکراتیک نه‌بێ، هه‌ڵاواردن و سته‌می رەگەزی نابڕی. که‌واته بزافی کورد هه‌تا نه‌توانێ متمانه و به‌شداریی ژنان ڕاکێشێ ناشتوانێ به دروستی ئه‌رکی خۆی ڕاپه‌ڕێنێ و ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی له کوردستان خه‌بات بۆ نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردنی جنسیش ده‌که‌ن، به بێ هاوکاری کردن و پێوه‌ندی کردن به بزووتنه‌وه‌ی کوردییه‌وه ناتوانن بکه‌ونه ئه‌و هه‌لومه‌رجه دێموکراتیک و دڵخواز و دادپهروهرانهیهوه.
لە ژماره ٦٦٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه