شلێر مەحموودی: پێشەنگایەتیی ژنان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا پڕستیژ و ئێعتباری زیاتری بە بزووتنەوەی ژنان بەخشیوە
هەتا دێ ژنی کورد لە ڕەوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی کۆمەڵگەدا پتر دیار و شوێندانەر دەبن. ژنانی کورد بە پێناسەیەکی نوێ لە بوونگەرایی خۆیان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارن و سەرەڕای هێزمەندیی کۆمهڵگهی پیاوسالاری کوردستان و تێپهڕنهکردنی قۆناغی ڕزگاری نهتهوهیی، بەڵام توانیویانە شوێنپەنجەی بە سەر زۆر لە گۆڕانکارییەکانەوە دیار بێ. “کوردستان” لە بارودۆخی ئێستای ئێران و تەقینەوەی ناڕەزایەتییە گشتییەکان بە ڕووی کۆماری ئیسلامیدا، بۆ زیاتر باسکردن لەسەر ڕۆڵ و پێگەی ژنان و چەندی و چۆنیی بەشدارییان لەو بزووتنەوانەدا وتوێژێکی لەگەڵ خاتوو شلێر مەحموودی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان پێک هێناوە.سەرەتا با بەو پرسیارە دەست پێ بکەم، ژنان ئەمڕۆ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناغێکی گرینگ لە گەشە و پێشکەوتندان، وەک دەبینین لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەشدا نەک دیار و بەرچاو، لە ڕیزی پێشەوەشن؛ ئایا ئەمە هۆکاری تایبەتیی هەیە؟
بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەبێ هۆکاری ناڕەزایەتییەکان بزانین چین. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر خۆپێشاندانەکان زوو بە زوو سەر هەڵدەدەن و بەشداریکردنی ژنان جار لەگەڵ جار ڕوو لە هەڵکشانە. ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ مێژوو، لەساڵی ١٣٥٧دا و دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، تەنها دوو حەوتوو دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، نووسینگەی خومەینی بڕیاری هەڵپەساردنی قانوونی پاراستنی خێزان و سەپاندنی حیجابی زۆرەملیی دەرکرد. ڕۆژی پێش ڕووداوە مێژووییەکەی ١٧ی ڕەشەمە خومەینی لە قسەکردنی لە قوتابخانەی “ڕیفاه”دا ڕایگەیاند کە ژنانی فەرمانبەر لە ئیدارەکانی حکوومەتدا بە مەبەستی پاراستنی ئابڕوویان پێویستە حیجابی ئیسلامی بپۆشن. هەر ڕۆژی دوای ئەو قسانە ژنانێک کە بەبێ سەرپۆش هاتبوون بۆ شوێنی کاریان ڕێگەیان پێنەدرا بچنە سەر کارەکانیان. ئەوە بووە هۆی ئەوەی هەزاران ژن لە دامودەزگا ئیدارییە جیاوازەکان لە تاران خۆپێشاندان بکەن و، لەسەر مافی خۆیان وەجواب بێن. ئەوە بەو مانایە دێ کە ژنان یەکەمین توێژی کۆمەڵگەن کە لەدژی دەسەڵات و قانوونەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەم سیستمە دژیگەلییە ڕاپەڕیون.
بۆیە دەمەوێ بڵێم کە بەشداریی بەرچاوتری ژنان لە ئێستادا هەر لە درێژەی هەڵوێستی بوێرانە و پێشەنگایەتیی ئەوانەوە دێ کە لە هەر دەرفەتێکدا بوونی خۆیان سەلماندوە و وەک بەشێک لە کۆمەڵگە ڕۆڵی خۆیان دەبینن و کاریگەریی خۆیان لەسەر ڕووداوەکان بەجێ دێڵن.
ئەوەندەی ژنان پێشەنگن و لە بەرگی ڕێکخەر و بزوێنەری ناڕەزایەتییەکاندا دەردەکەون، ئەوەندەش دەسەڵات دەیەوێ ڕۆڵی ژنان بە کەم بگرێ، تەنانەت سووکایەتیی ئەوەیان پێدەکا کە ژنان ئیرادەیان نییە و ئامرازن بە دەست لایەنە دەرەکییەکان. وەک ئەو داننانە زۆرەملێیەش کە لە فاتمە دادوەند بڵاویان کردەوە کە گوایە هەڵفریواوە و حیزبە سیاسییەکان بەمەبەست بەکاریان هێناوە. ترسی ڕێژیم لە بەشداریی ژنان لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ کە بەمجۆرە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکا؟
هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگە دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامی بجووڵێتەوە، ڕێژیم هەم بە کەمیان دادەنێ، هەم تۆمەتی بەستراوەیی بە ئۆپۆزیسیۆن و لایەنە بیانییەکانیان دەداتە پاڵ. هەروەک لە باسی فاتمە دادوەنددا کە خۆتان ئاماژەتان پێ کردوە و زۆر حاڵەتی تر، مەبەست لەوەش پەروەندەسازییە و بۆ ئەوەیە ئاسانتر بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی حکوومەت سەرکوتیان بکا. کۆماری ئیسلامی هەموو کات ترسی لە هاتنە مەیدانی ژنان بووە، چونکی دەزانێ ژنان نیوەی کۆمەڵگەن و ئەگەر ئەم نیوەیەی کۆمەڵ بجووڵێ و بێتە ڕیزی خۆپیشاندەران و نارەزایەتییەکان؛ بەهۆی کاریگەریی ژنان لە بزواندنی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگە ناتوانێ بەرهەڵستی ناڕەزایەتییەکان بێتەوە. بۆیە لەلایەک بە کەمیان دەگرێ و لەلایەک بە داردەست و ئامرازیان ناو دەبا و نایەوێ دان بەو ماتەوزە هەراوەی ژنان دابنێ کە بە ئاراستەی گۆڕانکارییەکان ئەویش لە دژی ئایدۆلۆژی و بەرژەوندییەکانی ڕێژیم دەچێتە پێشێ.
کۆماری ئیسلامی بە سیستمی سیاسی، بە بیانووی دین و شەریعەت، بە قانوون و لە ڕێگەی هەموو کۆت و بەندە کۆمەڵایەتی و دابو نەریتەکانەوە ژنانی سەرکوت کردوە، بەڵام ژنان دەستیان بەر نەداوەتەوە و پێملی ئەو چارەنووسە نەبوون کە ڕێژیم بۆیانی دیاری کردوە. بۆیە بەرتەسکترین دەلاقە و چووکترین دەرفەتەکان دەقۆزنەوە هەتا بوونی خۆیان بسەلمێنن و بڵێن کە چوار دەیە سیاسەتی سەرکوتگەریی ڕێژیم نەیتوانیوە ئەوان لە شوناسی راستەقینەی خۆیان داببڕێ.
ئەوەندە کە ژنان پتر لە بزووتنەوەکەدا بەشدارن، ئایا ئەوەندەش بزووتنەوە ئێعترازییەکانی ئەم دواییانە توانیویەتی گۆڕان لە دۆخی ژنان و لە بزاوتی مافخوازیی ژناندا پێک دێنی؟
بێگومان بێدەسکەوت نەبوون. ژنان لە ئێران کۆمەڵێک داب و نەریت و یاسا و ڕێسای کۆمەڵگەیان شکاندوە کە ناتەبان لەگەڵ ئەو بەها و بایەخانەی کۆماری ئیسلامی بانگەشیان بۆ دەکا. ئەوەش ئێعتباری زیاتری بە بزووتنەوەی مافخوازیی ژنان بەخشیوە. دیارە ئەگەرچی دەستکەوتەکان زۆر و بارتەقای تێچووەکان نین، بەڵام هەر ئەوەی کە ژنان بەردەوامن لە خەبات و تێکۆشانیان ئەوە پڕستیژێکی دیکەی بە مەوقعییەتی ژنان داوە. لەبیرمان نەچێ کە بەشێکی زۆری وزەی خەباتگیڕیی ژنان لە قۆناغی ئێستای ناڕەزایەتییەکاندا لە خزمەت پرسە گشتییەکاندایە،
ئەمن گومانم نییە کە ئەگەر ژنان هەوڵەکانیان تەنیا بۆ دەستەبەر کردنی مافە تایبەتییەکانی خۆیان بێت، دەسکەوتی زیاتریان دەبێ.
زۆر جار باس لەوە دەکرێ کە ژنان بەپێی پێویست و بارتەقای ئەم زوڵمەی لێیان دەکرێ و ئەو مافانەی لێیان زەوت کراوە لە مەیدانەکەدا نین؛ ئەم چاوەڕوانییانە چەندە لە جێی خۆیاندان؟ یان بوێریی کچان و ژنانێکی وەک زارا محەممەدی و سپیدە قولیان بۆ دەبێ وەبەر چاو نەیە؟
کۆماری ئیسلامی بەهۆی دەسەڵاتی سەرکوت و سیستمی دژەژن بوونی مەیدانی خەبات و تێکۆشان بۆ ژنانی زۆر بەرتەسک کردووە، هەروەها تێچووی چالاکیی سیاسی و بەرهەڵست بوونی بۆ ژنان زۆر بردووەتە سەرێ، ئەمە هۆکارێک بووە کە زەبروزەنگەکە بۆ ژنان دوو قات و تەنانەت چەند قات بێ.
لەبیرمان نەچێ کە کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی سووننەتیشە، کۆماری ئیسلامیش بەردەوام هەوڵی داوە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی نەریتی لە بەرژەوندیی مەرامەکانی خۆی بەکار بێنێ، کە یەک لەوان ئەم کۆت و بەندانەن لە کۆمەڵگەدا بەدژی ژنان هەیە. ئەوانە هەمووی بارگرانیی زیاتر بوون لەبەردەوام بزووتنەوەی مافخوازیی ژناندا. بۆیە ئینساف نییە بەشداریی ژنان، قوربانیدانی ژنان و هەموو ئەو تێچووانەی ژنانی چالاک لەپێناو سەرخستنی بزووتنەوە گشتییەکان و جووڵانەوەی ژناندا دەیدەن بە کەم بگیردرێ. ژنان بۆ شکاندنی تابۆکان و بەرەوپێشچوونی زیاتر پێویستییان بە پاڵپشتی و هاوکاریی چین توێژەکانی تری کۆمەڵگەیە. هەروەها پێویستییەکی دی یەکڕیزی و بەیەکەوە وەدەنگ هاتن و یەکتر داپۆشینی چین و توێژەکانە بۆوەی ناڕەزایەتییەکان ئاکامی بەرهەستتری لێ بکەوێتەوە.
بۆ وێنە جەنابت ناوی “زارا” و “سپێدە”ی هێنا. ئەم دوو کەسە هیچیان لەسەر چالاکیی تایبەت بە ژنان دەسبەسەر نەکراون و لە سۆنگەی چالاکیی بەرچاویان لە حەوزەی گشتیی ماف و داخوازییەکان گیراون؛ بۆیە دەبێ زۆر بە ڕێزەوە چاویان لێ بکرێ و بەهیند وەربگێرێن کە بە خۆشییەوە واش بووە. زارا و سپێدەکانیش لە هەناوی کۆمەڵگەدا کەم نین، نموونەی ئەو ژنە بوێر و بەجەرگانەمان زۆر دیوە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا. هەروەها لە نێو ئەو ژنانەدا کە ڕۆڵە و ئازیزەکانیان لەدەست دا، بەڵام بە حەماسەت و بە بوێرییەوە دەرکەوتوون و لەسەر داخوازی ڕۆڵەکانیان کە داخوازی ئەوانیشە سوورن.
بەڵام کە دروشمەکانیش دەبینین، دەبینین لە نێو خۆپیشاندانەکاندا دروشمی وامان بەر گوێ ناکەوێ کە تەعبیر لە بەشداریی هەراوی ژنان و خواستی ژنان بکا، ئەمەیان بۆ؟
ئەمەیان تایبەتە بە قۆناغی گرینگ و چارەنووسسازی ناڕەزایەتییەکان لە ئێستادا. سەرچاوەی هەموو مەینەتی و هەموو بێمافی و هەموو چارەڕەشییەکانی خەڵک و کۆمەڵگە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە. دەی سروشتییە کە لە ئێستادا کە ناڕەزایەتییەکان گشتین و ڕوو لە دەسەڵاتن، هەموو وزە و توانای کۆمەڵگە بەو ئاراستەیەدا بڕوا.
دەزانین کە ناڕەزایەتییەکان ئێستا لە سۆنگەی قەیرانی ئابووری و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی پێوەندیدار بە بژیوی خەڵکن، پرسەکانی دیکەی کۆمەڵگەش کاریگەریی خۆیان لەسەر شکڵگرتنی ناڕەزایەتییەکان هەیە. ناڕەزایەتییەکانی ئێستا ئی چین و توێژێکی تایبەتی کۆمەڵ نین کە لە دروشمەکانیاندا بیانناسینەوە. ناڕەزایەتییەکان گشتین و لە هەناوی کۆمەڵگەوە هەڵقوڵیون و هەموو چین و تویژەکان تێیدا بەشدارن، بۆیە دروشمەکانیش گشتین و هەموویان ڕوویان لە دەسەڵات و ڕێژیمە.
ئەگەر بە تایبەتی باس لە کوردستان بکەین، ژنان لە کوردستاندا بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی تری ئێران زیاتر لە چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگی و مەدەنییەکان بەشدارن، هۆکاری دیاربوونی زیاتری ژنان لەم مەیدان و بوارانەدا بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا ئەوە تەعبیر لە دۆخی تایبەتیی ژنانی کورد دەکا و هەروەها پەیامێک لەلایەن ئەوانەوە؟
ئەگەر ژنی فارس جارێک قوربانیی ئەو دەسەڵاتە و کولتوور و ئایدۆلۆژییەکەی بێ، ژنی کورد دوو جار، یەک لەڕووی نەتەوەییەوە چونکی کوردە، دوو لە ڕووی ڕەگەزییەوە کە گشتییە. هەم توندوتیژیی دەسەڵات و هەم کاریگەریی نەریتەکانی کۆمەڵگە وەک پێشووتر باسمان کرد وای کردوە کە تێچووی چالاکیی سیاسی بۆ ژنان بە گشتی و بە تایبەت بۆ ژنی کورد لە ئێراندا زۆر قورس بێ، ئەوەش وا دەکا ژنان زیاتر لە حەوزەی چالاکییە مەدەنی، ئەدەبی و فەرهەنگییەکاندا ڕۆڵیان هەبێ کە دیارە هەموو ئەو بوارانەش هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندیی خەباتی نەتەوەیی و شوناسخوازین.
چالاکیی سیاسی بەئاشکرا ئەویش لە فۆڕمی ئەندامەتیی حیزبە سیاسییەکان _کە دیارە کەم نین ئەو کچ و ژنانەی لەو ئاست و بوارەشدا بەشدارن_ ژنان و ژیانیان دەخاتە مەوقعییەتی دی هەم لە خێزانەکەیاندا و هەم لە ئەگەری ئاشکرابوونی چالاکییەکانیان. بۆیە لەبەر ئەوەی دەرەتانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ ژنان سنووردارە، ئەوان لە کایەکانی دیکەی خەباتی کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و مەدەنی و ژینگەپارێزیدا خۆیان دەبیننەوە کە هەر وەک باسم کرد هەڵگری توخم و ڕەگەزەکانی نەتەوەیی و خەباتگێڕی و شوناسخوازین.
ئەگەر ئاکامگیرییەک لەو باسەمان هەتا ئێستا بکەین، دەمەوێ بزانم دەسکەوتی ژنان لەو ساڵانەدا چی بووە؟ هەروەها کۆسپی بەردەم بەرەو پێشچوونی زیاتری بزووتنەوەی ژنان لە ئێران و کوردستان چییە؟
بە بڕوای من دەسکەوتەکان زۆر نین، چونکە سیاسەت، یاسا و شەریعەتی ئیسلام و لە هەمان کاتدا دابونەریتە باوە دژەژنەکان کۆسپ بوون لە بەردەم بەرەوپێشچوونی زیاتری ژنان لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستاندا. پێموایە ژنان کاتێک دەتوانن خاوەن دەسکەوت و مافی ژنانەیان بن ئەگەر ئاڵوگۆڕێک لە کۆمەڵگەی ئێراندا بێتە ئاراوە و لە هەموو بوارە سیاسیی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەبێ جیاوازی و هەڵاواردنی ڕەگەزی وەک هەر تاکێک بەشداربن.
بەڵام دیسانیش ناکرێت دیاربوونی ژنان لە جموجۆڵ و چالاکییەکانی ئەم دواییانەدا لەبەرچاو نەگرین، بە تایبەت لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا کە زۆربەی کات پێشەنگ، ڕێکخەر بوون و لەم پێناوەشدا قوربانیان داوە.
تەنانەت لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵدا ژنان زۆر ئازایانە دیار و بەرچاو بوون، لە مەیدانەکەدا بوون و بە دروشم و تایبەتمەندیی خۆیانەوە دژی کۆماری ئیسلامی وەستاونەوە و بەڕاگەیەندراوی ڕەسمی داوای دەستلە کارکێشانەوەی رێبەری ڕێژیمیشیان کرد و تێکۆشاون نەریتە دژە ژنەکان تا ڕادەیەک بشکێنن و بیسەلمێنن کە ژنان لە ئێراندا پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان.
بۆیە دەکرێ ئەمانە سەرجەمیان وەک دەسکەوتێکی گەورە بۆ ژنان بە گشتی و بە تایبەتی ژنی کورد لە ژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو پڕ لە هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی ئێران ببینین.
ڕێکخراوەکانی ژنان، بەتایبەت لە کوردستان لە کوێی بزووتنەوەی ژناندا جێ دەگرن؟ ئەم ڕێکخراوانە لە ئێستادا دەتوانن بەرعۆدەی چ چەشنە ئەرک و بەرپرسایەتییەک بن جیا لەو ڕۆڵەی لە پەنا حیزبە سیاسییەکان دەیبینن و بۆیان دیاری کراوە؟
ئەگەر باس لە ڕێکخراوەکەی خۆمان “یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان” بکەم، بە شانازییەوە دەتوانم بڵێم کە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە کاریگەریی گەورەی لەسەر گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە هەبووە.
بێگومان ڕێکخراوەکانی تری ژنانیش هەر یەک لە جێی خۆیان و بەپێی توانا و زەرفییەتەکانی خۆیان توانیویانە ڕۆڵ و کاریگەرییان لەسەر دۆخی ژنان لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستاندا هەبێت، لە ڕێگەی کاری تەشکیلاتی و پێوەندییەکانیان لەگەڵ ژنانی نێوخۆ، هەروها هەوڵەکانیان لە ڕێکخراودا بۆ وشیارکردنەوەی ژنان لە سەر مافەکانیان و یاسا داڕێژراوە دژەژنەکانی کۆماری ئێسلامی ئێران.
بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی ئێران بۆ گشتگیربوونی کارەکان و زیاتر یەکدەنگ بوونیان سەبارەت بە ڕووداو و پیشهاتەکان، ناوەندێکیان پێک هێناوە و تێکۆشاون بە یەکەوە لە ڕێگەی یەکخستنی گوتار و پەیامەکانیان، وەڕێخستنی کەمپەین و بەڕێوەبردنی سیمینار و گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین کاریگەریی زیاتریان هەبێت.
بەڵام ڕاستیەکی تاڵ هەیە کە ناتوانم بیشارمەوە و باسی نەکەم، ئەویش دووربوونمان لە مەیدانی ئەسڵی خەباتەکەمان، تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگر بووە لە بەرەوپێشچوونی کارەکانمان.
بۆچی هەتا ئێستا هەڵوێستی یەکیەتیی ژنان بەنیسبەت هەڵبژاردنەکانی مەجلیس ڕوون نییە، لە حاڵێکدا کەمتر لە مانگ و نیوێکی بۆ هەڵبژاردنەکان ماوە و لە کاتێکدا بەشداری و بەشداری نەبوونی ژنانیش لە هەڵبژاردنەکاندا چارەنووس سازە؟
هەڵبژاردنەکان لە چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و بە گشتی مەجلیس هەتا ئێستا قەت لە بەرژەوەندیی ژنان نەبوون و مەجلیس قەت شوێنێک نەبووە بۆ بەرجەستەکردنەوەی ویست و ماف و داواکانی ژنان. بۆیە ڕوانگە و ڕوانینی ئێمە بۆ هەڵبژاردنەکان ڕوونە و لامان وایە ئەگەچی لە کۆماری ئیسلامیدا مافەکانی ژنان بەر لە هەموو شتێک بە “قانوون” پێشێل کراون و مەجلیس شوێنی گۆڕین و دانانی قانوونە، بەڵام لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا مەجلیس نە ئەو پێگەیەی هەیە و نە ئەوانەش کە ڕێیان دەکەوێتە مەجلیس لەو کەسانەن باوەڕیان بەو مافانە هەبێ.
بەو حاڵەش قسە و پەیامی خۆمان هەیە و لە چواچێوەی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتدا و بەمزووانە هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین.
سپاس بۆ ئەوەی کاتت دانا بۆ ئەم وتووێژە
ئێوەش ماندوو نەبن
***