ئاڵمان و فه‌ڕانسه و بریتانیا، ده‌ڵێن ئه‌وه دوایین هه‌ڵه‌یە بۆ ئێران كه پێبه‌ندیی ته‌واو نیشان بدا بۆ ڕێكه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه و ئه‌وه دوایین هه‌وڵی ئێمه‌یه بۆ ڕزگاریی ئه‌و ڕێككه‌وتنه، به‌ڵام تاران هه‌روا لاساری ده‌كا. ئێستا بارودۆخه‌كه وا ئاڵۆز بووه وێده‌چێ به بنبه‌ست بگا.
هه‌روه‌ک وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان و فه‌ڕانسه و بریتانیا ده‌ڵێن ڕێكه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كێشه‌ی جیدی تێكه‌وتوه و پێی ناوه‌ته قۆناغێكی هه‌ستیار و، مه‌جبوورین دوایین بژارده چالاک بكه‌ین.
له‌م قۆناغه‌دا هه‌ر كام له لایه‌نه‌كانی واژۆكاری ڕێكه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ساڵی ٢٠١٥ ده‌توانن، له ئه‌گه‌ری ڕه‌چاونه‌كردنی ته‌واوی خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه، بژارده‌ی كۆمیسیۆنی كێشه‌كان چالاک بكه‌ن و كۆمیسیۆنه‌كه پێک هاتوه له ئه‌ندامانی هه‌موو لایه‌نه‌كانی واژۆكاری ڕێكه‌وتنه‌كه، چین، ڕووسیه، ئاڵمان، فه‌ڕانسه و بریتانیا و ئێران هه‌روه‌ها، به‌پێی ڕێكه‌وتن له وه‌ها حاڵه‌تێكدا، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كیه‌تیی ئورووپاش به‌شدار ده‌بێ كه ئه‌ویش جۆزێف بۆرێله، كه ده‌ڵێ، هیوادارم ئێران له‌ماوه‌ی داهاتوودا نیشان بدا كه ده‌یهه‌وێ به‌ربه‌سته‌كانی ڕێكه‌وتنه‌كه چیتر نابه‌زێنێ و پێبه‌نده به خاڵ به خاڵی ڕێكهوتنهکەوه چون كێشه‌كه گه‌یشتۆته قۆناغێكی هه‌ستیار و مه‌ترسیدار.
كێشمه‌كێشه‌كانی ده‌وڵه‌تی ترامپ و ئێران
مانگی مای ٢٠١٨ دۆنالد ترامپ یه‌كلایه‌نه ئەمریكای له‌و ڕێكه‌وتنه ئه‌تۆمییه كشانده‌وه و گه‌مارۆی خسته سه‌ر ڕێژیمی ئێران و به‌ڵێنی دا زۆرترین فشار بخاته سه‌ر حكوومه‌تی ئێران، له به‌رانبه‌ریشدا ئێران له مانگی جوولای هه‌مان ساڵدا ده‌ستی كرد به پێشێلكردنی خاڵه‌كانی ڕێكهوتنهکە و به‌ره‌به‌ره یه‌كبه‌یه‌كی خاڵه‌كانی پێشێل كرد.
ئورووپاییه‌كان ده‌یانهه‌وێ به هه‌موو قیمه‌تێک ڕێكه‌وتنه‌كه زیندوو ڕاگرن لەبه‌ر ئەوه‌ی لێکههڵبهزینهوهی زیاتری لێ بكه‌وێته‌وه، هه‌رچه‌ند ده‌وڵه‌تی ترامپ و ڕێژیمی ئێران هه‌ر دێ و كێشه‌كانیان قووڵتر ده‌بێ. بەتایبه‌ت دوای كوژرانی فه‌رمانده‌یه‌كی گه‌وره‌ی سپای قودس، قاسم سلێمانی له لایه‌ن ئەمریكاوه، ئێران ڕایگه‌یاند بەبێ هیچ به‌ربه‌ستێک دووباره ئۆران‌یۆم دهپیتهنێ و گوێ بۆ قسه‌ی كه‌س شل ناكا.
ئورووپاییه‌كان به چاوی خۆیان دیتیان كه تا ئێستا هیچیان له‌ده‌ست نه‌هاتوه بۆ ڕاگرتنی ڕێككه‌وتنه‌كه و هه‌وڵه‌كانیان بێسوود بووه، ئه‌وه دوایین لێدوانی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئورووپاییه‌كان بووه.
گشت كۆمپانیا و شیركه‌ته بازرگانییه‌كانی ئورووپا له ترسی گه‌مارۆكانی ئەمریكا، ئێرانیان به‌جێ هێشتوه، ئورووپاییه‌كان پڕۆژه‌ی ئینستێكسیان دانا بۆ شكاندنی گه‌مارۆكانی ئەمریكا كه ئه‌ویش تا ئێستا سوودێكی وای نه‌بووه. چون شیركه‌ته ئورووپاییەکان نایانهه‌وێ بازاڕی ئەمریكا و دۆلار له‌ده‌ست بده‌ن و هەر بۆیە پێویستیان به ئەمریكا زیاتره هه‌تا ئێران.
ئورووپاییه‌كان ویستیان ته‌نانه‌ت چاوپێكهوتنێک له به‌ینی حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک كۆماری ئێران و ترامپ چێ بكه‌ن به مه‌به‌ستی هێوركردنه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
ئێستا ئورووپاییه‌كان باس له دوایین هه‌وڵ ده‌كه‌ن كه ئه‌ویش ماده‌ی ٣٦ی ڕێكه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌یه، ئه‌و كۆمیسیۆنه ١٥ ڕۆژ كاتی هه‌یه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكا، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كاته ده‌توانرێ بۆ چه‌ندین جار درێژ بێته‌وه له‌سه‌ر داوای لایه‌نه‌كان، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كیه‌تیی ئورووپا ئاغای بورێل ده‌ڵێ: «من ته‌نیا هیوادارم هه‌موو لایه‌نه‌كان به ورەی ئاشتیخوازانه به مەبه‌ستی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه هه‌نگاو بنێن.»
سزادان له ئه‌گه‌ری ڕێكنه‌كه‌وتن له‌و قۆناغه‌دا
ئه‌گه‌ر كۆمیسیۆنی چاره‌سه‌ریی كێشه‌كان دوای چه‌ندین جار درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌كه‌ش نه‌توانێ كێشه‌كه چارەسەر بكا ئه‌وه به‌رز ده‌كرێته‌وه بۆ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی واژۆكاری ڕێككه‌وتنه‌كه، ئه‌وانیش ده‌توانن هه‌یئه‌تێكی ڕاوێژكاری سێكهسی دیاری بكه‌ن بۆ دوایین تاوتوێكان،كه ئه‌وه‌ش ده‌توانێ چه‌ند مانگ كاتی بوێ كه زانرا هەموو هه‌وڵه‌كان بێسوودن و لایه‌نەكان ده‌توانن له ڕێكه‌وتنه‌كه بكشێنه‌وه و له عه‌مه‌لدا ڕێكه‌وتنێک نامێنێ و ته‌واوی گه‌مارۆكانی ئورووپاییه‌كان دووباره ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر ڕێژیمی ئێران و هه‌روه‌ها كێشهكە ده‌چێته شۆڕای ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. هه‌ڵبه‌ت ئورووپاییه‌كان چه‌ندین جار جه‌ختیان له‌سه‌ر موزاكەره و وتووێژی زیاتر كردوه و ئێرانیان دڵنیا كردۆته‌وه كه گه‌مارۆكان ناگه‌ڕێنه‌وه مادام وتووێژ له ئارادا بێ.
هه‌ڕه‌شه‌كانی تاران
ئه‌گه‌ر ئێران پێبه‌ندی ڕێكه‌وتنه‌كه نه‌مێنێ ئورووپاییهكانیش نایانهه‌وێ ڕوخساری خۆیان چیتر خهدشهدار بكه‌ن، كه‌واته چ بژارده‌یه‌ک له به‌رده‌ستیاندا ده‌مێنێ له وه‌ها حاڵه‌تێكدا؟
حكوومه‌تی ئەمریكا به‌ڕواڵه‌ت پشتیوانی له چالاک كردنی به‌ندی ٣٦ كردوه كه هه‌مان چاره‌سه‌ری كێشه‌كانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵه دیپلۆماتیکهكان و گه‌مارۆكانیش كاری خۆیان ده‌كه‌ن و له بنه‌ڕه‌تیشدا پێی باشه ئورووپاییەکانیش وه‌ک ئا‌مریكا له رێككه‌وتنه‌كه بكشێنه‌وه.
ئاڵمان و فه‌ڕانسه و بریتانیا له‌سه‌ر فشاری له ڕاده به‌ده‌ری گه‌مارۆكان بۆ سه‌ر ئێران له‌گه‌ڵ ئەمریكا هاوڕا نین به‌ڵام ورده ورده درزیش دهبهرهی ئورووپاییه‌كان ده‌كه‌وێ،
بۆریس جانسۆن سه‌رۆک وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ بی‌بی‌سی ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد و وتی، لاریمان نییه له‌سه‌ر ڕێکكه‌وتنێكی تر له‌گه‌ڵ ئێران مادام به هیچ ئاكامێک ناگه‌ین و ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌مان بۆ ڕزگار ناكرێ و وتی ده‌توانرێ پڕۆژه‌كه‌ی ترامپ جێگره‌وه‌ی ڕێكه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه بێ و دۆناڵد ترامپیش له تویتێر ئه‌وه‌ی پشتڕاست كرده‌وه .
حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران
حەسەن ڕۆحانی ڕه‌تی كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌ی ڕێكه‌وتنێكی نوێ بێ و وتی ئەمریكا ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه نێو ڕێككه‌وتنه‌كه و پێبه‌ندی خاڵ به خاڵی نێو په‌یمانه‌كه بێ و ئێمه‌ش خاڵ به خاڵی ڕه‌چاو ده‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها له هه‌مان كاتدا ڕۆحانی هه‌ڕه‌شه‌ی له سه‌ربازانی ئورووپایی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست كرد و وتی به ئاڵۆزبوونی بارودۆخ گیانی ئه‌وانیش ده‌كه‌وێته مهترسییەوه.
له لایه‌كی تره‌وه مێدیای ئێرانی باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه باڵوێزی بریتانیا له‌ژێر فشاردا تارانی به‌جێ هێشتوه و له ئه‌سڵدا ده‌ركراوه، دوای ئه‌وه‌ی ناوبراو به‌شداری خۆپیشاندانەكانی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی ئێران بووه، كه به مه‌به‌ستی ئیدانه كردنی ته‌قاندنه‌وه‌ی فڕۆكه ئۆكرانییه‌كه له تاران ڕێك خرابوو. له‌و خۆپیشاندانه‌دا بۆ ماوه‌یه‌كی كورت باڵوێزی بریتانیا له لایه‌ن سپای پاسدارانەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو و دوایه ئازاد كرا.
قسه‌ی كۆتایی، نیشانه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه ئورووپا و ئێران تا دێ زیاتر ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه و زیاتر لێک هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه.