بڕیارە ڕۆژی هەینی، دووی ڕەشەممە هەڵبژاردنەکانی یازدەیەمین خولی مەجلیسی شووڕای ئیسلامیی ڕێژیم بەڕێوە بچێ. وەک هەموو هەڵبژاردنەکان لە کۆماری ئیسلامیدا ئەمجارەش شووڕای نیگەهبان بەشێکی بەرچاوی ئەو کەسانەی بۆ نوێنەرایەتیی مەجلیس ناونووسییان کردبوو، بەهۆی جۆراوجۆر ڕەد کردەوە. لەو نێوەدا ئەوەی تەنانەت سەرنج و ناڕەزایەتیی حەسەن ڕووحانی و ڕێفۆرمخوازە حکوومەتییەکانی لێکەوتەوە، ڕەدی شیاویی زۆربەی هەرەزۆری ڕێفۆرمخوازەکان لە ئاستی ئێران، بەتایبەت لە تاران و شارە گەورەکان بوو. شووڕای نیگەهبانی ڕێژیم کە ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی خامنەییدایە، بەوەش ڕانەوەستا و شیاویی زیاترلە ٩0 نوێنەری مەجلیسی ئێستای بۆ مەجلیسی داهاتوو ڕەد کردەوە کە لە نێویاندا کەسانی وەک، علی موتەهەری، مەحموود سادقی و ئەلیاس حەزرەتی دەبیندرێن. شووڕای نیگەهبان هۆکاری سەرەکیی ڕەدی شیاویی زۆربەی نوێنەرانی مەجلیسی گەڕاندۆتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو کەسانە پێبەندیی خۆیان بۆ ڕێبەر و نیزامی کۆماری ئیسلامی نەسەلماندوە و وەک دەڵێن دەستیان هەبووە لە گەندەڵیشدا. دیارە لەکەس شاراوە نییە کە گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا نەهادینە کراوە و بووەتە جمکی ئەو دەسەڵات و ڕێژیمە و هەموو کاربەدەستەرەدەباڵاکان دەستیان لەگەندەڵیدا هەیە و تێوەیگلاون.
هەرچەند هەڵبژاردنی ڕاستەقینە لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەهۆی بەناو «نەزارەتی ئیستسوابی»ـی شووڕای نیگەهبان و فیلتێرەکانی دیکەی دەسەڵات هیچکات نەبووە و، لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا هەزاران خوازیار کە لە نێویاندا کەسانی باوەڕپێکراوی خەڵک هەبوون، ئیزنی هاتنە مەیدانی هەڵبژاردنیان لێ زەوت کراوە و بەگشتی ڕێژیم بەپێی گرینگیی هەڵبژاردنەکان موهەندیسی کردوون، بەڵام بەو حاڵەش هەڵبژاردنەکان دەرەتان و مەجالێک بوون بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و هەروەها هێنانەوە بەرباسی ویست و داواکانیان.
شک لەوەدا نییە هەڵبژاردنەکان و ئاکامەکانی، وەک هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری، هەڵبژاردنی مەجلیس و هەروەها شووڕای شارەکان بۆ هەر دوو باڵی دەسەڵات گرینگیی هەبووە و، ئەو هەڵبژاردنانە مەیدانێکیش بوون بۆ پاکانەحیسابی باڵەکان لەگەڵ یەکتری؛ وەک هەڵبژاردنی مەجلیسی حەوتەم کە خامنەیی و شووڕای نیگەهبان و بەگشتی باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵاتدا بە تۆڵەی مەجلیسی شەشەم کە بە مەجلیسی ئیسلاحات دەناسرا، بە شێوەیەکی بێوێنە دستیان دایە ڕەدی شیاویی ڕێفۆڕمخوازەکان و زۆرینەی مەجلیسیان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد. هەروەها لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ساڵی ٨٨دا خامنەیی و سپای پاسداران بە دزینی دەنگی زیاتر لە دە میلیۆن دەنگی خەڵکی ئێران بە قازانجی مەحموود ئەحمەدینژاد وەک کاندیدای باوەڕ پێکراوی خۆیان، لە لایەک لەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵکی ناڕازی بەرەوڕوو بوون و بۆ دامرکاندنی ئەو ناڕەزایەتییە جینایاتی زۆریان خوڵقاند و لە لایەکی دیکەش خامنەیی ئابڕووی خۆی و نیزامەکەی لەسەر دانا و لاپەڕەیەکی نوێی لە بێباوەڕیی خەڵکی ئێران بە ڕێژیمەکەی هەڵدایەوە.
ئێستاش کە هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیس لە ڕەشەمە بەڕێوە دەچێ، بۆ جارێکی دیکە دەبینین هەم ململانێی باڵەکانی ڕێژیم و ناکۆکییەکانیان زیاتر لە جاران زەق بوونەتەوە و شووڕای نیگەهبان زۆربەی زۆری ڕێفۆرمخوازەکانی لە بازنەی هەڵبژاردن دەرهاویشتوە و، هەمیش بێمتمانەیی خەڵکی لە نیزامی ئاخوندە شەییادەکان بەتایبەت پاش ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ڕابردوو و هەروەها کردەوەی جینایەتکارانەی تەقە لە فڕۆکەی مسافیرهەڵگری ئۆکڕاین لەلایەن سپای پاسدارانەوە کە ١٧٦ قوربانی لێکەوتەوە و، شەپۆلی ڕق و بێزاریی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی وەڕێخست، وایان کردوە کە هەر لە ئێستاوە دەرکەوێ کە ئەو هەڵبژاردنە لەگەڵ بەشداریی زۆر کەمی خەڵکی ئێران بەرەوڕوو ببێ؛ بەتایبەت کە گەلانی ئێران لەمێژە بەو ئاکامە گەیشتوون کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی دژیگەلییە کە ئیزن بە هەڵبژاردنی ئازاد نادا.
لە کوردستانیش وەک جاران ئەو هەڵبژاردنە دەبێتە مەیدانی دەربڕینی ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کورد لە سیاسەت و کردەوە دژیگەلییەکانی ئاخوندەکان و ئەم جارش بەتایبەت پاش ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ بایکۆتی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیس لە ڕەشەمەدا، خەڵکی کوردستان لەچاو شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران کەمترین بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن. خەڵکی کوردستان لەمێژ ساڵە لەوە گەیشتوون کە کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی سەرکوتکەری کوردکوژە کە نەک هەر هیچ بایەخێک بە ویست و داخوازەکانیان نادا، بگرە بە توندترین شێوە هەر چەشنە ناڕەزایەتی دەربڕینێک بە سەرکوت و زیندان و تەنانەت سێدارە وڵام دەداتەوە و، گیانی تاکی کورد چ وەک چالاکانی مەدەنی و پیشەیی لە زانکۆ و خوێندنگەکان و چ لە شاخ و بەندەن و ناوچە سنوورییەکان وەک کۆڵبەر و کاسبکاران هیچ بایەخێکی بۆ ئەوان نییە، تەنیا تاکی کورد کاتێک مافی هەیە کە گوێڕایەڵی دەسەڵاتداران و کاربەدەستەکانیان لە کوردستان بێ. هەر بۆیەش چاوەڕوان ناکرێ بەشداریی کورد لە هەڵبژاردنی ئەم جارە بەرچاو بێ و ڕەنگە سندووقەکان بە فرتوفێڵ و دەنگی ساختە پڕ بکەنەوە.
دیارە هاتنە سەرشەقام و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نەپساوەتەوە و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەت کرێکاران و خوێندکاران و مامۆستایان و ژنان و مایە پووچکراوەکانی بنکە و بونیاتەکانی سەر بە ڕێژیم بەردەوام بووە و ئێران و شەقامی شارەکانی، بوونەتە ناوەندی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕین، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە لەو ماوەیە و لە بەرەبەری هەڵبژاردنی ڕەشەمە خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان و ئێران، شەپۆلێکی بەهێزی دیکەی ناڕەزایەتی وەڕێخەن و کۆڵەکەکانی دەسەڵات بهەژێنن. بەتایبەت کە لەدوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە مسافیربەرییەکەی ئۆکڕاین لەلایەن سپای پاسدارانەوە، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کە پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران لەلایەن ئەمریکاوە، بە شێوەیەک نسکۆیەکی تێکەوتبوو، دیسان هەڵگیرسایەوە و ئێستا کەشێکی بەتەواوی ئەمنی و گران باڵی بەسەر شارەکاندا کێشاوە و ئاخوندەکان لەوە گەیشتوون کە کۆماری ئیسلامی لەرزۆکە و دەبێ بە زەبری هێز و سەرکوت و تۆقانی زۆرتر بیپارێزن. لەڕاستیدا کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەو شین و گابۆڕ و قوڕپێوانەی خامنەیی و سپای پاسداران کردیان و ئەو شانۆیەی لە شارەکانی ئێران وەڕێیان خست و ئەو وەهمەی کە گۆیا خەڵکیان بەلای خۆیان ڕاکێشاوە لە پاش ئەو جینایەتەی خوڵقاندیان، وەک بڵقی سەر ئاوی لێهات و وەبیر کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی هێناوە ئەو ڕێژیمە و ئاخوندە شەیادەکان کێن و چ بەڵایەکیان بەسەر ئێراندا هێناوە.
کۆماری ئیسلامی بە هەستیارییەوە دەڕوانێتە هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیس و هەر دوو باڵی ڕێژیم ئەگەر کێشمەکێشی ڕەدکردنەوەی شیاویی نوێنەرانی ڕێفۆرمخوازیان هەیە، یان لە شێوەی دەسەڵاتداری و سیاسەتەکانی نێوخۆ و دەرەوەدا ناکۆکیی قووڵیان هەیە، لەوەدا کە دەبێ خەڵکی ئێران هان بدەن بۆ بەشداریی هەرچی زیاتر لە بەناو هەڵبژاردنی مەجلیس و هێنانە سەر سندووقەکان بۆ دەنگ دان، هاوڕان؛ ئەوان بەتەمان شەرعییەتی لەکیسچوویان بە هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان بکڕنەوە و، بە بیروڕای گشتیی ئێران و جیهان بڵێن ئەو ئاپۆرایە گەورەیەی لە بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ لە زیاتر لە ١٠٠ شاری گەورە و بچووکی ئێران شەقامیان داگیر کرد «خەڵک» نین و، ئەوەی دێنە سەر سندووقی دەنگدان خەڵکن. ئەوان بۆ چەواشە کردنی بیروڕای خەڵک و پاراستنی دەسەڵاتە ڕەشەکەیان پەنا بۆ هەموو ئامراز و کردەوەیەکی نامرۆڤانە دەبەن و لەسەر ئەو باوەڕەن «ئامانج» (پاراستنی کۆماری ئیسلامی) پاساوە بۆ کەلکوەرگرتن لە «ئامراز»، جا ئەو ئامرازە کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی ناڕازی بێ، وەک کوشتاری نیزیکەی ١٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ڕابردوو و ئاخنینی بەندیخانە و ئەشکەنجەگەکان لە خەڵکی بێزار لە ڕێژیم و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ بێ؛ یان پچڕانی تۆڕی ئینتێرنێت و داخستنی دەرگای پێوەندییەکان لەگەڵ نێوخۆ و دەرەوە بێ، یان ڕاکێشانی زۆرەملیی خەڵک بۆ شەقامەکان و بەشداری پێکردنیان لە هەڵبژادنەکان بێ؛ گرینگ بۆ خامنەیی و ئاخوندەکان ڕاگرتنی باڵانسی دەسەڵات بەقازانجی کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدایە؛ لەو سۆنگەیەوە دەست بۆ هەر ئامرازێک درێژ دەکەن.
داهاتووی کۆماری ئیسلامی ڕوون و ئاشکرایە و ئەو ڕێژیمە توانای خۆڕاگری لە بەرامبەر ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە نێوخۆ و ئەو گوشارە دەرەکییانە نییە کە بۆخۆی خولقێنەری بوون. هەموو دەمڕاستەکانی ڕێژیم بە خامنەییشەوە لەلایەک تووشی ترس و تۆقان لە ڕووخانی دەسەڵاتە نگریسەکەیان و تۆڵەی گەلانی ئێران بوون، کە زیاتر لە چوار دەیەیە لەژێر نیری یەخسیری ئاخوندەکاندا دەناڵێنن و لە لایەکی دیکەش ئامادە نین لە ئاست کەمترین ویست و داواکانی خەڵکی ئێران ملکەچ بن؛ بەوحاڵەش بەردەوامبوون لە سەرکوت زەبروزەنگ لە نێوخۆی وڵات هێز و تاقەتی سەرکوتکەران لە ئاست خۆڕاگریی گەلانی وەزاڵەهاتوو لاواز دەکا و لە دەرەوەش و لەهەمبەر ئەو قەیرانانەی خولقاندوونی، درێژەدانی سیاسەتی «نە شەڕ و نە ئاشتی» لە بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و هەروەها بەردەوامیی هەڕەشەکانی ڕێژیم، لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی جێی قەبووڵ نییە و ئەم جارە کۆدەنگییەکی باش لەدژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی پێک دێ و لەو گێژاوەدا ئەوەی دۆڕاوی سەرەکییە، ئاخوندە شەییادەکانی دەسەڵاتدار لە ئێرانە و زۆر دوور نییە ڕۆژی هاتی گەلانی ئێران بە گەلی کوردیشەوە بێتە دی.
***