ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ئاکامدا و لەژێر گوشاری ڕاگەیەنەکان ڕۆژی شەممە ٢١ی بەفرانبار، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک دانی بەوەدا نا کە فڕۆکەی ئۆکراینی بە ژمارە فڕینی ٧٦٢ و ١٧٦ موسافیرەوە بەهۆی پەدافەندی سپای پاسداران کەوتووەتە خوارەوە. هاوکات جەواد زەریف لە تویتێکدا گوتی: «لە ئاکامی لێکۆڵینەوە سەرەتایی و نێوخۆییەکانی هێزە چەکدارەکان بۆمان دەرکەوتوە، هەڵەی مرۆیی لە کاتی قەیرانێک کە بەهۆی سەربزێویی ئەمریکاوە هاتبووە ئاراوە، کارەساتی لێ کەوتەوە.» لەدوای ڕوونبوونەوەی هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە و هاوکاتیی ئەم ڕووداوە لەگەڵ هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی ئەمریکا لە عێراق، باسی دانەخستنی هێڵی ئاسمانیی لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتی مشتومڕی نیزامیدا، بوو بە پرسیارێکی گشتی. لەم بارەوە تلەڤیزیۆنی ئیران ئینتێرنەشناڵ لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە: «چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بە ئینتێرنەشناڵیان کوتوە، سپای پاسداران لە شەوی هێرشکردنە سەر بنکە نیزامییەکانی ئەمریکا لە عێراق؛ فڕینە ئاساییەکانی بەئەنقەست ڕانەگرتوە بەو مەبەستەی وەک قەڵغان کەلکیان لێ وەربگرێ.»
بەڵام کاریگەریی حقوقیی ئەم کردەوە لە حقووقی نێودەوڵەتیدا چییە؟
دەبێ بابەتەکە بەپێی ڕادەی پێبەندیی ئێران بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر هێڵی فڕۆکە مەدەنییەکان تاوتوێ بکرێ. دەوڵەتی ئێران لە ساڵی ١٩٤٤دا چووەتە نێو کونڤانسیۆنی فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتی ناسراو بە کونڤانسیۆنی شیکاگۆ. بەپێی مادەی ٣ی ئەم کونڤانسیۆنە کە بە شێوەی پرۆتۆکۆل هاتوە و، ئێران بە دانانی سەنەد لە ژوئەنی ١٩٩٤دا، لە پێناو پاراستنیدا بەرپرسیارە و، لەوێدا بەکارهێنانی هەر جۆرە چەکێک لەدژی فڕۆکە مەدەنییەکان ڕێگە پێنەدراوە. ئەم پرۆتۆکۆلە لەدوای کارەساتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی مەدەنیی کۆرەی باشوور لەلایەن یەکیەتیی سۆڤییەتەوە کە لە نیۆیۆرکەوە بەرەو سێئوول دەچوو و، بە هەڵە ڕۆیشتبووە نێو خاکی سۆڤییەتەوە و بووە هۆی کوژرانی ٢٦٩ کەس، پەسەند کرا و ئەم ڕێگە پێنەدانە چووە خانەی کاروباری حقووقیی چاودێر بەسەر فڕۆکە مەدەنییەکاندا.
هەڵبەت بە مەبەستی ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی دەوڵەتەکان بەسەر خاکی خۆیان، لە مادەی ٩ی ئەم کونڤانسیۆنەدا ڕێگە بە دەوڵەتان دراوە لە ئەگەری ناچاریدا و بەپێی هۆکاری نیزامی دەتوانن لە بەشێک لە ئاسمانی وڵاتەکەیان ڕێگەپێنەدان یا بەرتەسکییەک بەو مەرجەی بە لایەنەکانی تری کۆنڤانسیۆنەکە و ڕێکخراوی فڕۆکەیی وڵات (ئیکائۆ)ش ڕابگەیەندرێ؛ دابنێن.
ئێستا بە سەرنجدان بەوەی کە دەوڵەتی ئێران دەیتوانی لە کاتی هێرشی مووشەکیی خۆی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، فڕین لە هێڵی ئاسمانیی نێودەوڵەتی لە وڵاتی خۆیدا هەڵپەسێرێ و یا بەرتەسکی بکاتەوە؛ دوو بابەت دەخەمە بەر باس:
یەکەم، دیوانی دادی نێودەوڵەتی لەسەر کوژرانی ٤٤ ئەفسەری کەشتیی جەنگیی بریتانیا بەهۆی تەقینەوەی مین لە گەرووی کوورفۆ لە ساڵی ١٩٤٦دا کە بەشێک لە سنوورە ئاوییەکانی وڵاتی ئالبانی بوو، دەوڵەتی ئاڵبانیی لەم بارەیەوە بە بەرپرسیار زانی. بنەمای بۆچوونی دیوانی داد لەسەر ئەوە بوو کە بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی دەوڵەت چاودێریی تەواوی هەیە بەسەر خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، لە بەرامبەر ئاگادارکردنەوەی ئەگەری مەترسیی بۆ دەوڵەتانی تر بەرپرس و ئەرکدارە. دیوانی داد لەمەڕ ئاگادارکردنەوە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بەشێک لە بنەما مرۆییەکانە. ئێستا لە بارەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەوە دەوڵەتی ئێران نەتەنیا ئاگاداری هەموو مەترسییەک بوو بەڵکوو خۆی بەدیهێنەری مەترسیی لەم چەشنە بوو و، سەرەڕای ئەوەش هەوڵی داخستنی هێڵە ئاسمانییەکان و نەهێشتنی هەڵفڕینی فڕۆکەکانی بەسەر ئاسمانی ئەم وڵاتەوە نەدا.
دووهەم، لە لایەکی دیکەشەوە دیاریکردنی دۆخی حقووقیی چاودێر بەسەر کاتی هێرشی مووشەکیی ئێران و بەدوای ئەوەشدا تەقەکردنی پەدافەندی سپای پاسداران زۆر جێگەی سەرنجە. گونجاندنی مادەی ٢ی هاوبەشی کونڤانسیۆنەکانی ژێنێڤ، هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی چەکدارانە، یاساکانی چاودێری مافی مرۆڤدۆستانە وەک پشتیوانی لە کەسانی مەدەنی پتانسیێلی جێبەجێ کردنیان هەیە، ئەگەر تەنانەت لایەنی بەرامبەر وەها شەڕێکیشی ڕانەگەیاندبێ. بەپێی لێکۆڵینەوەی کومیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لەسەر جێبەجێ کردنی مافی مرۆڤدۆستانە، لە هەر ئاستێک لە شەڕدا ئەم مافە پشتیوانییانە پێویستە ڕەچاو بکرێن. بە سەرنجدن بەوەی کە ئێران ئاگاداری ئەگەری هێرشی دژکردەوانەی ئەمریکا بوو، بەڵام دیسانیش هەوڵی داخستنی هێڵی ئاسمانیی وڵاتی نەداوە. واتای پێچەوانەی ئەم کارە کەلکی خراپ وەرگرتن لە کەشی ئاسمانیی باسکراو و ئەو بەشە لە خاکی ژێر دەسەڵاتە کە پڕ لە جەماوەر و فڕۆکەی مەدەنییە. وێدەچێ کۆماری ئیسلامی بەو مەبەستەی کە ئەمریکاییەکان بەبۆنەی چڕیی فڕینی فڕۆکە مەدەنییەکان لە هێرشی بەرامبەر چاوپۆشی دەکا، ئاسمانیان دانەخستوە.
بنەمای جیاکردنەوەی بنەڕەتە چەسپاوەکان لە حقووقی نێودەوڵەتیدا مرۆڤدۆستانەیە، کە تەنانەت دادگای باڵای ئیسڕائیلیش بەکارهێنانی تێئۆریی کوشتاری ئامانجداری بەستووەتەوە بە ئەسڵی جیاکردنەوە و پشتیوانی لە کەسانی مەدەنی. ئەم جیاکردنەوەیە هەندێک جار دەبێتە هۆی بەکارهێنانی خەڵک بە مەبەستی خراپ بۆ نموونە لە خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی کەلک وەردەگیرێ. بەکارهێنانی قەڵغانی مرۆیی نەتەنیا لە کونڤانسیۆنە چوارێنەکانی ژێنێڤ و پرۆتۆکۆلی یەکەمی ئیلحاقیدا ڕێگە پێنەدراوە بەڵکوو بەپێی شەقی (٢٣)، پاژی (ب)، بەندی (٢) و مادەی (٨)ـی ئەساسنامەی دیوانی کەیفەریی نێودەوڵەتی، بە جینایەتێکی جەنگی دادەنرێ.
دەرەنجام:
١- بەپێی حقووقی نێودەوڵەتی، بەکارهێنانی چەکی نیزامی لەدژی فڕۆکەی مەدەنی ڕێگە پێنەدراوە.
٢- ئێران، کۆنڤانسیۆنی شیکاگۆی پێشێل کردوە.
٣- کانادا و ئۆکراین دەبێ هەر لە سەرەتاوە سکاڵای خۆیان پێشکەش بە ئیکائۆ کردبا بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی تایبەتی و تکنیکیی بێلایەنانە.
٤- تەنیا لەدوای لێکۆڵینەوەی تکنیکی دەتوانرێ لەسەر بەئەنقەست یا بەئەنقەست نەبوونی بەردانەوەی فڕۆکەکە، قسە بکرێ.
٥- ئەگەر ئێران لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا کێشە دروست بکا و سندووقە ڕەشەکەی فڕۆکەکە نەخاتە بەردەست کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئیکائۆ، دەوڵەتە خاوەن بەرژەوەندییەکان لەم بارەوە دەبێ بەخێرایی لە شۆڕای ئەمنییەتدا لەدژی ئێران شکایەت بکەن.
٦- سیستمی دادی ئێران بەهۆی نەبوونی سەربەخۆیی، سەلاحییەتی دادگایی کردنی کەسانی تۆمەتباری نییە و، دەبێ لانیکەم دادگایەکی ad hoc لە وڵاتێکی سێهەم بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکا.
٧- ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەکەیاندا بەرپرسایەتیی خۆیان لە ئەستۆ گرتوە، بە لەبەرچاو گرتنی بەندی ٤ی ئەسڵی ١١٠ی یاسای بنەڕەتی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە. هەڵبەت لە سیستمی دادی کۆماری ئیسلامیدا هیچ دادگایەک توانای پێڕاگەیشتن بە تاوانەکانی ڕێبەری ڕێژیمی نییە!
٨- بەردانەوە و تێکشکاندنی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بەهۆی هەر کاربەدەستێکی نیزامی بە هەر پلەیەکەوە بووبێ، دەرخەری بەرپرسایەتیی نێودەوڵەتیی ئێرانە و تەنانەت ئیدیعای نائاگادار بوونی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەم بارەوە بە هیچ شێوەیەک وەر ناگیرێ.
٩- دابینکردنی ئەمنیەتی فڕینی نێودەوڵەتیی فڕۆکە مەدەنییەکان یاسای حقووقیی عورفیش لەخۆ دەگرێ.