کوژرانی قاسم سولیمانی کۆمەڵێک کاردانەوەی لێ کەوتۆتەوە و لەو سۆنگەیەوە بارودۆخی ناوچەکە بەرەو شڵەژان و ئاڵۆزی زیاتر دەچێ. هێماکان هێمای جاران واتا شەڕی پرۆکسی( وەکالەتی-نیابەتی) نەماوە و لێدوانەکان و هەڵوێستەکانی لایەنەکان شێوەیەکی نوێیان بە خۆیانەوە گرتوە و ناکۆکیەکانی نێوان ئامریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران وەرزێکی نوێ لە گرژی بە خۆیانەوە دەبینن و هەر دوو لایەن خەریکی هەڕەشەکردنی زیاترن لە یەکتری.
لێرەدا چەند پرسیارێکی سەرەکی و گرینگ دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە کە لە دوای کوژرانی فەرماندەی سپای قودس کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی چ دەبێت؟ هەروەها کاردانەوە جیهانییەکان بە کوژرانی قاسم سولیمانی و ئالۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو چ ئاقارێک هەنگاو دەنێ؟ یان ئەوەی بریارەکەی پارلمانی ئێراق لە مەڕ دەر کردنی هێزە بیانیەکان چ لە هاوکێشەکان دەگۆڕێ و هەڵوێستی هاوپەیمانی دژی داعش چ دەبێت؟ لەدوای ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە چیدی پابەند نەبوون بە بەرجام گرژییەکان بەرەو کۆ دەچن؟
قاسم سولیمانی کاراکتێری سەرەکیی سەرکوت و کوشتن و قەڵاچۆی نەیارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە بوو و، دایمەن لە هاتوو چۆ دابوو لە نێوان ئێران و سووریە و لوبنان و ئێراق و یەمەن و سەرۆک وەزیرانی بۆ ئەم وڵاتانە دیاری دەکرد و بە گشتی کۆڵەکەی سەرە کی و ئاڵقەی پێوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و لق و پۆپەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ناوچە بوو. بەڵام ئەمانە هەمووی پێش کوژرانی ناو براو بووە و دوای مەرگی قاسم سولیمانی، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەچێتە وەرزێکی نوێ لە مێژووی خۆیەوە.
لەئێستادا چاوەڕوان دەکرێ کە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو خۆ بپارێزێ لە ئالۆزکردنی زیاتری بارودۆخەکە و نەچێتە نێو شەڕێکی ڕاستەو خۆ لە گەڵ ئامریکا لە بەر دوو هۆکار.
یەکەم، بەرپرسان و کاربەدەستانی سەربازی و سیاسیی ئێران ئەوە باش دەزانن کە توانای سەربازی و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران کارێکی ئاسان نییە و ئابووریی داڕماوی ئێران دەروەستی بارودۆخی شەڕ نایە.
دووهەم، هەر دوو وڵات هەڵبژاردنێکی گرینگیان لە پێشە و گریمانەی ئەوە دەکرێ کە هەر وەک لە لێدوانەکانی هەر دوو لایەندا دیارە هیچیان خوازیاری هەڵگیرساندنی شەڕ نیین.
بەڵام سەرباری ئەوەش ئەوە هەر ئێرانە کە زەرەرمەندی سەرەکییە لەم بارودۆخەدا، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە یەکەم، کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سەربازی و دیاری ڕێژیم زەبرێکی قورسە هەم لە پەیکەری ڕێژیم و هەم لە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە، هەمیش کە تۆڵە گەورەکەی! ڕێژیم تەنیا ڕیسواییەکی گەورەتری تووشی دەسەڵاتبەدەستانی ڕێژیم کرد.
لەلایەکی دیکەوە گوشار و گەمارۆکانی ئەمریکا نەک لەجێی خۆیانن، بگرە هەردەم زیاتریش دەبن؛ لەگەڵ ئەوەشدا سێبەری ئەم گەمارۆیانە خراوەتە سەر لق و پۆ سەربازی و میلیشیایەکانی لە ناوچەکەشدا و ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیانەشی تووشی قەیرانی ئابووری کردوە و؛ بەوەش بەرەو لاوازی بردوون و توانای کردەوەی تیرۆریستیی کەمتر کردوونەوە. بەدرە لەمە ئەم ڕێکخراوانە جگە لە ئامریکا حکومەتێکی ناوەندیشیان دوژمنە ویان لانیکەم لەگەڵ لایەنێک لە بارودۆخی شەڕدان و لە هیچ کام لەم وڵاتانە( سووریە و شەری نێوخۆ- حوسیەکانی یەمەن و سعودی و ئیمارات- حشدی شەعبی و ئامریکا و ئیسرائیل) لە حاڵەتی ئاگر بەسدا نیین و ڕۆژانە دەبێ تێچووی ماددی و لۆجستیکیی ئەم شەڕانە بدەن و جگە لە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی ڕاستەوخۆیان نییە.
جگە لەم بابەتانە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای کوژرانی قاسم سولیمانی تووشی شکەستێکی سیاسی دیکەش بووە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و ئەویش هەڵوێستی وڵاتانی جیهان بوو لە مەر کوژرانی کەسێکی پلەبەرز و دیاری دەسەڵات. زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان قاسم سولیمانییان بە کەسێکی مەترسیدار بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی ناوچە و جیهان ناو برد و تەنانەت ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە کوژرانی سولیمانییان ئیدانە کرد زۆر کەم بوون و مەحکوومکردنەکەش زۆر بە شێوەیەکی نافەرمی بوو و داوایان لە هەر دوو لایەن کرد پشوو درێژ بن و دان بە خۆدا بگرن و ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر نەبەن!
ئەوە بوو کاتێک ڕێژیم نەیتوانی هیچ سۆزێکی وڵاتانی زلهێز بەنیسبەت کوژرانی فەرماندە مەیدانییەکەی ڕاکێشێ، کەوتە خۆ کە لە نێوخۆی وڵاتدا بە هەڵخڕاندنی هەستی ئایینی و نیشتمانیی خەڵک کەلک لە مەیتەکەی قاسم سولەیمانی وەرگرێ. بەڵام لەوەشدا سەبارەت بەو ڕووداوانەی لە کاتی ناشتنی سولەیمانیدا ڕوویان دا و دواتر کارەسات و جینایەتی بەردانەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکەی ئۆکڕاینی بەدوودا هات؛ ئەوەی بۆ ڕێژیم مایەوە هەر ڕیسوایی بوو. دەمێنێتەوە ئەو بەناو دەسکەوتەی کە خۆی لە بریاری پارلەمانی ئێراق بۆ کشانەوە و جێهێشتنی هێزە بیانیەکاندا دەبینێتەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی نێوخۆ و ناسەقامگیریی سیاسی لەو وڵاتە، چوونە بواری جێبەجێکردنەکەی نە ئەوەندە ئاسان بێ و نە لە ڕاستیشدا حکومەتی عێڕاقیش شتی وای بوێ. تەنانەت لە ئەگەری ئەوەی کە دەسەڵاتی شیعەی ئێراق هەر پێداگر بن لە سەر دەرکردنی هاوپەیمانان کە لە ٧٦ وڵات پێک هاتووە، ژێرخانی ئێراق تووشی دارمان دەبێ و وەبەرهێنانی بیانیش تێدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە کەمی دەدا. بەتایبەت کە ترامپ هەڕەشەی ئەوەی لە عێڕاق کردوە کە وەها گەمارۆی ئابووریی ئەم وڵاتە دەدا کە گەمارۆکانی ئێران لە چاو گەمارۆ ئابوورییەکانی ئێراق هەر هیچ نەبێت.
کشانەوەی ئێران لە بەڵێنەکانی بەرجامیش وایکردوە کە سێ وڵاتی ئورووپایی بریتانیا، فەڕانسە و ئەڵمانیش هەڵوێستیان بەدژی ڕێژیم توند ببێ و لە هەڵوێست و بڕیاردا لە ئەمریکا نیزیک ببنەوە، ئەوانەش هەموو ئاماژەی ڕوونن بۆ قەیرانێکی گەورە لە سیاسەتی دەروەی ڕێژیمدا؛ قەیرانێک کە لەگەڵ قەیرانە نێوخۆییەکان پێشبینیی ڕۆژ و ئەیامێکی ناخۆش و چارەنووسساز بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بکەن.