لەم ماوەیەدا ئێران و ناوچەکە شاهیدی چەند ڕووداوی بەدوای یەکدا بوون کە زۆریەک لە خاوەنڕایانی سیاسیی پێیان وابوو ئێران و ئەمریکا ناوچەکە تووشی شەڕێکی نوێ دەکەن. ئەو گرژی و هاڵۆزییانە لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانییەوە هاتە ئاراوە. کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدا بەتایبەتی لەلایەن ڕێبەر و سپای پاسداران هەڕەشەی “تۆڵەی توند”یان دەکرد و، لەو لاشەوە دەوڵەتی ئەمریکا دەیگوت ئەگەر لووتی سەربازێکم لە خوێن بێ ساختاری نیزامی و فەرهەنگیی ئێران لێک هەڵدەوەشێنم. دوای ئەو هەموو هەڕەشە و گوڕەشە و خۆڕاپساندنی سپای باسداران، هێزەکانی مووشەکیی سپا هێرشیان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەر زوو دەرکەوت کە هێزەکانی ئەمریکا هیچ زیانێکی ئینسانییان پێ نەگەیشتووە و، لەولاشەوە سپای پاسداران ئیدعای دەکرد کە زەربەیەکی کاریگەری وەشاندوە و لەو نێوەدا ڕێبەری کۆماری ئیسلامی گوتی زللەیەکی توندمان لە ئەمریکا داوە.
خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە تاووتوێی ئەوەدا بوون کە دژکردەوەی ئەمریکا چ دەبێ و ئەم کێشەیە بە چ ئاقارێکدا دەڕوا، بەڵام بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەربوونەی فڕۆکەی ئۆکراینی هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی. بەربوونەوەی ئەو فڕۆکەیە دروست دوو سەعات دوای مووشەکبارانی پێگەی سەربازانی ئەمریکایی لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕووی دا.
لە یەکەم دژکردەوەی کاربەدەستانی ئێرانیدا ڕاگەیندرا بەربوونەوەی ئەو فڕۆکەیە بەهۆی عەیبی فەننییەوە بووە، بەڵام هەر زوو لەلایەن کامێراکانی خەڵکەوە ئاشکرا بوو بە مووشەک لێی دراوە و لە هەمان کاتدا دەوڵەتەکانی ئۆکراین و کانادا و ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییان لەوێدا بوو، هەتانە سەر خەت و داوای ڕوونکردنەوەیان لە دوڵەتی ئێران کرد و دوای سێ ڕۆژ درۆ و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە خەڵک، ناوەندی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە پەدافەندی سپا و هەڵەی ئینسانی کرد.
دوای ئەوە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی خەڵک شەقامەکانی ئێرانی گرتەوە و لە ڕادەی نێونەتەوەیی کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدا کەوتە تەنگەژە و، لە لایەنی جۆراجۆرەوە پرسیاری زۆر ئاستەمی هاتە سەر. بە چەشنێک کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و فەرماندەکانی سپای پاسداران لە وڵام دانەوەیان عاجز بوون. بە واتایەکی دیکە، تەواویەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی هاتە ژێر پرسیار. لە لایەک ڕوون نەبوو دەسەڵاتدارانی تاران بۆچی سێ ڕۆژان خۆیان لە گوتنی ڕاستی بە خەڵک بوارد. لە دوای ڕاگەیەندراوی ناوەندی هێزە چەکدارەکان هەر کام لە بەرپرسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی بە جۆرێک دەیانهەویست بە بیانووی دەرنگ ئاگادار بوونەوە خۆیان لە ئاستی بەرپرسیارەتی بدزنەوە، بەتایبەتی ڕێبەر و سەرکۆمار کە پلەی بەرپرسایەتییان بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران یەکەم و دووهەمە.
بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران، ئەسڵی ٥٧ دەزگاکانی حاکم لە کۆماری ئیسلامی بریتین لە: “دەزگای قانوون دانان، بەڕێوەبەری و دادوەری، کە لەژێر چاودێریی ولایەتی ڕەهای ئەمر و ئیمامی ئۆمەت بەپێی ئوسوولی داهاتوو لەو قانوونەدا بەڕێوە دەچێ.” بەپێی ئەو ئەسڵە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەتوانێ بۆ هەر بابەتێک کە خۆی بە مەسڵەحەتی زانی بێتە مەیدان و چۆنی پێ باش بوو ئاوا بڕیاری بۆ دەربکا و بە دەزگای جێبەجێکەر ئەمر بکا بۆ جێبەجێ کردنی. لە هەمان کاتدا ڕێبەر وەک سەرۆکی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ئەسڵی ١١٠ی قانوونی ئەساسیدا کۆمەڵێک دەسەڵاتی بۆ دەسنیشان کراوە، کە لانیکەم یازدە دەسەڵاتە و هەریەکی پێشتر ئیشارەی پێ کرا ئەو دەسنیشان کردنە بەو مانایە نییە کە دەسەڵاتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەر ئەو یازدە بێ، بەڵکوو ویلایەتی ڕەهای فەقیهـ وەک بنەما لە قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە دەسەڵاتی ڕێبەر ڕەهایە. بەڵام ئەوی لە قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا لە بارەی ڕێبەرەوە نییە، ئەوەیە ڕوون نییە لە بەرابەر کێدا بەرپرسیار و وڵامدەرە. ئەو ئەسڵە دەبێ لەبەرچاو بگیرێ کە دەگوترێ، ڕێبەری هەر ئەوە نییە فەرمان و بڕیار بدا بەڵکوو دەبێ هەست بە بەرپرسایەتی بکا و لە بەرابەر خەڵک و وڵاتدا وڵامدەر بێ.
هێزە چەکدارەکان لە هەموو نیزامە سیاسییەکان وەک ئۆرگانێکی گرینگ و یەکلاکەرەوە چاویان لێ دەکرێ، کە بەشێکیان لەژێر ناوی پۆلیسدا نەزمی نێوخۆی وڵاتیان لەئەستۆیە و بەشی زۆریشیان لەژێر ناوی سپا و ئەرتەشدا سنوورەکانی وڵات لە هەڕەشە دەرەکییەکان دەپارێزن و، لە هەمان کاتدا بەهۆی توانای هێزە چەکدارەکان هەوڵ دەدرێ بە قانوون ڕێگری بکرێ لە دەستێوەردانی ئەو هێزانە لە پرسە نێوخۆییەکانی وڵات. هەر بۆیە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان هەموو کات لەئەستۆی کەسی یەکەمی وڵاتە، ئەم دەسەڵاتە لە دیاریکردنی پلەی فەرماندەکانەوە هەتا بڕیاری شەڕ و ئاگربەس لەخۆ دەگرێ . بۆیە کەسی یەکەمی وڵات چ ناوی ڕێبەر یا شا یا سەرکۆمار بێ هیچ لە بەرپرسایەتییەکەی وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکان لە بەرابەر کار و کردەوەی ئەو هێزانەدا ناگۆڕێ.
کاتێک کارەساتی بەربوونەوەی فڕۆکەی موسافیرهەڵگری ئۆکراینی کە بەهۆی مووشەکی سپای پاسدارانەوە ڕووی دا، چاوەڕوانیی ئەوە بوو ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەک یەکەم کەس لە ڕاگەیەندنەکان دەربکەوێ و بەرپرسایەتیی ئەو کارەساتە وەئەستۆ بگرێ و، لە هەمان کاتدا بڕیاری لێکۆڵینەوەی خیرای دەرکردبایە بۆ هەموو دامودەزگاکانی پێوەندیدار و هەم لەگەڵ کەس و کاری کوژراوەکان هاودەردی کردبایە. بەڵام دەبینین دوای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو لە کوژرانی قاسم سولەیمانی لەگەڵ ئەوەدا بە چەندین ڕووداو و کارەساتی مرۆیی وەک پێشێل بوونی زیاتر لە ٥٠ کەس لە کاتی ناشتنەکەیدا و، بەربوونەوەی فڕۆکەکە و ماڵوێرانیی خەڵکی بەلووچستان بەهۆی لافاو، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەر لە خەمی لەدەستدانی قاسم سولەیمانیدایە و لە قسەکانیدا بەتایبەتی لە ڕۆژی هەینی سەروبنی قسەکانی تۆڵەکردنەوە بوو، بەبێ ئەوە لە ڕستەیەکدا باس لەوە بکا کە بەردانەوەی فڕۆکەی موسافیرهەڵگر لەژێر هەر ناوێکدا تاوانە و دەبێ لێکۆڵینەوەی خێرا بۆ دەرکەوتنی ڕاستییەکان لەو کارەساتە بکرێ.
لە هەمان کاتدا بۆ سەلماندنی بێتاوانیی ڕێبەر خێرا خێرا دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە خامنەیی ئاگاداری ئەو ڕووداوە نەبووە و، دوو ڕۆژ دواتر ئاگادار کراوەتەوە و ئەگەر ئەوە لە هەر حاڵەتێکدا ڕاست بێ نیشانەی ئەوەیە کە بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران خامنەیی وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە ناتوانێ بێئاگا بووبێ لە ڕووداوێکی وەها گەورە کە لەلایەن ژێردەستەکانیەوە کراوە، نیشان لەوەە کە فەرماندەیەکی ناشیاوە؛ ئەگەریش ئاگای لێ بووبێ و بەئەنقەست بێدەنگیی لێ هێنابێ ئەوە وەك ڕێبەرێک لایەنگریی لە درۆ کردوە. دەنا لە بارودۆخێکی وادا و بە مەبەستی پاراستنی گیانی خەڵک بۆ ماوەیەکی کورت فڕینەکانی ئاسمانی وڵاتیان ڕادەگرت.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەر بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران، ئەسڵی ١١٠، بەندی یەک، داڕێژەری سیاسەتە گشتییەکانی نیزام لە هەموو بەستێنەکانی نێوخۆیی، سیاسی، ئابووری، نیزامی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە و بەپێی ئەو ئەسڵە ڕێبەر چاودێری بەسەر بەڕێوەچوونی ئەو سیاسەتانەدا دەکا. بۆیە دەتوانین بەڕاشکاوی بڵێین بەپێی ئەو ئەسڵە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەرپرسە لە پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی پەیماننامەی شیکاگۆ کە پێوەندیدارە بە ڕێوشوێنی فڕۆکە و فڕۆکەوانی لە جیهاندا و، بەپێی ئەو پەیماننامەیە کە ئێرانیش تێدا ئەندامە هەموو ئەندامەکانی ئەو پەیماننامەیە لەبەرامبەر پاراستنی گیان و ماڵی موسافیرەکان و هەروەها دابینکردنی ئاسمانێکی ئەمن و بەدوور لە ترس و هەڕەشە بۆ هەموو ئەو فڕۆکانەی بە ئاسمانی وڵاتەکانیاندا دەفڕن، بەرپرسن.
لە ئاکامی ئەم باسەدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەک بەرپرسی یەکەم لە نیزامی سیاسیی ئێستای ئێراندا و نیزامەکەشی لەمێژ ساڵە مەشرووعیەتیان لەدەست داوە و، بێجگە لەو هەموو ناڕەزایەتییانەی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کە بە بەربەرینی بەرۆکی کۆماری ئیسلامییان گرتوە و، خۆی نیشانەی لەدەست دانی ئەو مەشرووعییەتە سیاسییەیە و لێدان و بەردانەوەی فڕۆکەی موسافیرهەڵگری ئۆکڕاینی بەهۆی شێواویی هێزەکانی سپای پاسداران و وڵامنەدانەوە و خۆگێل کردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەجیات داوای لێبوردن و ڕاپێچی بکەرەکان بۆ دادگایەک دادپەروەر، بەڵکوو بەپێی ڕەواڵی ئەو چل ساڵە بە داتاشینی دوژمنی فەڕزی شان لەبەر بەرپرسایەتی خاڵی دەکەن و؛ ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کۆماری ئیسلامی لەنێو خۆیدا ڕووخاوە و متمانەی بە خەڵک و کۆمەڵگەی ئێران نییە و، هەر بۆیە نیزامی سیاسیی ئاوا ماوەیەکی درێژ ناتوانێ بمێنێتەوە.