مێژوو پڕە لە چیرۆک و بەسەرهاتی ئەو نەتەوە بندەستانەی بۆ وهدستهێنانی سەروەریی سیاسی و بڕیاردان له سهر مافی چارهنووسی خۆیان بەدژی دەسەڵات ڕاساون و هەوڵیان داوە لە ههموو شێوهکانی خهبات بۆ دەستەبەری مافەکانی کەلک وەرگرن. ئەم بەسەرهات و چیرۆکی ڕزگاریی نەتەوەکان لە مێژووی هاوچەرخدا دیارتر و بەرچاوترە. نهتهوهی کوردیش یهکێک لەو نهتهوانهیه که لانیکەم لە یەک سەدەی ڕابردوودا بۆ بەرگری لە شوناس و کێیەتیی خۆی وهک نهتهوهیەکی خاوەن سەروەریی نەتەوەیی خهباتی کردوه و ئەگەر لە زۆر بڕگەدا تووشی نسکۆ بووە؛ گەلێ دەستکەوتیشی بووە کە دامەزرانی «کۆماری کوردستان» یەک لەو دەسکەوتە مەزنانەیە.
کۆماری کوردستان کە بەرهەمی خەباتی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە فۆڕمی نوێی شۆڕش لە چوارچێوەی حیزب و قۆستنەوەی هەلێکی مێژوویی بەهۆی بلیمەتیی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات بوو، هەر ڕووداوێکی مێژوویی تایبەت بە قۆناغێک لە مێژووی کورد نییە. ئەم قۆناغە لە مێژووی سیاسیی کورد خاڵی وەرچەرخانی بزووتنەوەی کوردە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بزووتنەوەی سیاسیی دواتری کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان داناوە.
کارنامەی درەوشاوەی کۆمار لە ماوەی کورتی 11 مانگ تەمەنی دەسەڵاتەکەی لە بوارەکانی زمان، بەرگریی نیشتمانی، شوناسی میللی، پەروەردە، ماف، ئابووری و ئازادییە مەدەنییەکان و… سەرچاوەی ئیلهام بۆ دەسەڵات و بەڕێوەبەریی دەوڵەتی کوردی لە سەردەمی ئێستاشن.
کۆماری کوردستان بناغەی پەرورەدەی نەتەوەیی و گواستنەوەی ڕێبەریی ئەم بزووتنەوە شوناسخوازانەیە نەوە دوابەدوای نەوە بووە. ئەوە کۆماری کوردستان بوو کە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هەستی باوەڕبەخۆبوونی لەنێو نەتەوەی کوردا نەوە دوای نەوە دروست کرد و ئەو باوەڕی بەدی هێنا کە کورد مافی خۆیەتی وڵات و دەوڵەتی خۆت هەبێ و ئەگەر دەست بدا دەتوانێ بەباشی بەڕێوەی ببا. ئەم هەست و شعوور و باوەڕەی نەوە بۆ نەوە گواستۆتەوە. یەکیەتیی لاوان کە یەکێک لە دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان بوو، خۆی قوتابخانە و مەڵبەندی پێگەیاندنی ڕێبەرانی دواتری شۆڕش و بزووتنەوە بوو. بینیمان کە دوای نسکۆی کۆمار و شەهیدبوونی پێشەوا، ئەوا کۆمەڵێک لە پێگەیشتووانی یەکیەتیی لاوان بوون کە ئاڵای خەباتی حیزب و بزووتنەوەی کوردیان لەدژی ڕێژیمی پاشایەتی بەرز ڕاگرت و زیندانەکانی ئەم ڕێژیمەیان کرد بە مەتەرێزی تێکۆشان و بەرخودان. دواتر و لە قۆناغێکی دیکەدا ئەوە نەوەی دووهەمی دوای کۆمار بوون کە بەیرەقی ڕاپەڕینەکەی ساڵانی 46-47یان گرتە دەست و دوڕگە مەندەکەی نیزامی پەهلەوی لە ناوچەیان شڵەژاند.
بیری کۆمار و وانەکانی مەکتەبی پێشەوا بوو کە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357دا حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردەوە ئەکتەری سەرەکیی ڕووداوەکانی کوردستان و، لەسەر دەستی نەوەی سێهەمی حیزبی دێموکرات و کۆمار بوو کە کۆمەڵێک دەسکەوتی دیکە بۆ بزووتنەوەی نەتەوایەتی لەسەر یەک داندرا. لەو بڕگە مێژووییەدا حیزبی دێموکرات ئەمجارەیان لەژێر ڕێنوێنی و سەرکردایەتیی د. قاسملووی گەورە، قوتابییەکی دیکەی پێشەوا قازی محەممەد بوو توانی کۆمەڵێک بەها و بایەخی جیهانگیر ئاوێتەی بزووتنەوەی شوناسخوازیی کورد بکا و پرسی کورد لە سنووری ئێران بترازێنێ و لە ئاستی ناوچە و جیهاندا بیکاتە پرسێکی ڕۆژەڤ و کاری بۆ بکا.
کۆماری کوردستان کەسایەتیی ئیرادەگەریی بە تاکی کورد بەخشی و هەستی باوەڕبەخۆبوونی تێدا بەهێز کرد و ئەوەش بۆشاییەکی وای لە ئارمانخوازیی تاکی کورددا پڕ کردەوە کە قوتابیانی پێشەوا، قاسملوو و شەرەفکەندی بتوانن هەتا ئیستاش لە سەنگەری خەباتی شوناسخوازیی کورددا بمێننەوە و ئاڵاهەڵگری بن.
فێرگەکانی حیزبی دێموکرات و هاتنی پۆل پۆل لاوی کورد بۆ ڕیزی حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد پێمان دەڵێن کە حەوت دەیە دوای کۆماری کوردستان، خەون و خولیاکەی پێشەوامان نەوە دوای نەوە هاتوە و، ئامانجەکانی کۆمار هەروا ئامانج و مەبەستی خەباتی کوردی ڕۆژهەڵاتن. پاش حەوت دەیە پێشەوا قازی محەممەد ئیدی نەک ڕەمز و سیمبولی حیزبی دێموکرات، بەڵکوو پێشەوای هەموو کوردان و ڕێبازی نەتەوەییە و، ڕيسالەت و شوناسخوازیی کۆماریش بووەتە ئامانجی هاوبەشی هەموو شۆڕشگێران و لایەنە سیاسییەکان بۆ خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.