بڕیار درابوو کارەساتێکی گەورە بقەومێ، کارەساتێک بە فەرمانی کەسێک کە خۆی بە نوێنەری خوا لە سەر زەوی دەزانی! ئەو مافی بە خۆی دابوو کە ئەم «کافرانە» دەبێ بنێردرێنە شوێنی خۆیان… بڕۆن بۆ جەهەننەم! ….دەستە دەستە کچ و کوڕی لاو بانگ دەکران و نەدەگەڕانەوە نێو بەندەکانیان، ئەو شوێنەی تەنیا بە تاوانی ئازادیخوازی تێیدا زیندانیی کرابوون.
…..
بیست وحەوت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له 6ی گه‌لاوێژی 1367ی هه‌تاویدا خومه‌ینی رێبه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فه‌رمانی قه‌تڵی هه‌زاران که‌س له زیندانیانی سیاسیی ئێرانی ده‌رکرد: «ئه‌و که‌سانه‌ی که له زیندانه‌کاندان و له‌سه‌ر بیر وباوه‌ری خۆیان سوورن کافرن و ده‌بێ له ناو بچن.»
ئه‌وان تەنیا بە تاوانی به‌شداریی له خۆپیشاندانێک یان به‌شداریی له کۆبوونه‌وه‌یەکی سیاسی یان نووسینی دروشمێکی سیاسیی ئازادیخوازی له سه‌ردیوار، زیندانی کرابوون. ته‌نانه‌ت هێندێکیان ماوه‌ی زیندانییه‌که‌شیان ته‌واو ببوو، بەبێ ئەوەی بتوانن دیفاع لە خۆیان بکەن، بەبێ ئەوەی بتوانن هاوارێک بکەن، جەللادەکان بەرەوە کوشتارگایان بردن. نەیاندەزانی لێسەندنەوەی ژیان، یان درێژه‌ی ژیانیان پێوه‌ندی به‌و وڵامانەوە ده‌بێ که ده‌یده‌نه‌وه به پرسیارەکانی هه‌یئه‌تی هه‌ڵبژێردراوی خومه‌ینی، هەیئەتێک کە ناوی لێ نرا هه‌یئه‌تی مه‌رگ!
هۆکاری ئه‌و کوشتاره
زۆر له سه‌رانی رێژیم و تەنانەت هێندێک که‌سیش له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و رێژیمه هۆکاری ئه‌و کوشتاره سامناکەیان دهگهڕاندەوە بۆ عه‌مه‌لیاتی نیزامیی رێکخراوی مجاهیدین کە به ناوی «فروغ جاودان» کە لە سەرەتای گەلاوێژی ١٣٦٧ لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر رێژیمی ئێران دەستی پێ‌کرد. به‌ڵام هه‌م له روانگه‌ی مێژووییه‌وه ئه‌م بۆچوونه نادروست بوو، هه‌م له روانگه‌ی ئه‌خلاقی و مافی مرۆڤه‌وه، ناره‌وایه که ئەو تاوانه ببەسترێتەوە بەم رووداوەوە.
به پێی نێوه‌رۆکی نووسراوه و بیره‌وه‌ریی زۆر له زیندانیانی پێشوو که به جۆرێک له جۆره‌کان له چنگی هەیئەتی مه‌رگ رزگاریان بووه، زۆر زووتر له‌و رێکه‌وته کوشتار و فشار دژی زیندانییه سیاسییه‌کان ده‌ستی پێ کردبوو. له راستیدا رێژیمی خومەینی هه‌ر له سه‌ره‌تای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە بۆ له‌ناو بردنی موخالیفانی خۆی له هیچ کرده‌وه‌یه‌کی نامرۆڤانه شه‌رمی نه‌ده‌کرد. ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو موخالیفانی نیزامه‌که‌ی بسرێتەوە. ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لە ساڵەکانی ٦٠ و ٦١ ئەوە دەسەلمێنن کە کۆماری ئیسلامی هەمووکات بۆ لەنیوبردنی موخالیفانی خۆی دەستی لە هیچ جینایەتێک نەگێڕابۆوە. ئەو کوشتارەش درێژەی هەمان ئەو ئێعدامانە بوون کە لەسەرەتای دەسەڵاتەکەیەوە دەستی پێ کردبوو. بەڵام بیانووی ئەمجارەی بۆ سڕینەوەی موخالیفان، ترس لە کۆتاییی شەڕی ئێران و عێراق بوو. سەرانی رێژیم کۆتایی شەڕیان وەک پاشەکشەیەکی گەورە دەدی بۆ نیزامەکەیان. ئه‌وان پێیان وابوو موخالیفانی کۆماری ئیسلامی به ئاسانی ده‌توانن به قازانجی خۆیان له‌م رووداوه که‌ڵک وه‌ربگرن. به خه‌یاڵی خۆیان به‌م شێوه‌یه ویستیان بۆ هه‌میشه حیسابی خۆیان له‌گه‌ڵ نه‌یاران ته‌واو بکه‌ن. بۆیە خومەینی ئەم پیلانەی داڕشت بۆ لە ناوبردنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی.
رێژیمی خومەینی بۆ چاوترسێن كردنی موخالیفانی خۆی هه‌زاران كه‌سی له ژن و پیاوی ئازادیخوازی ئێرانی قەڵاچۆکردن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی ئازادیخوازی‌و جیابیری بێده‌نگ بكا و بە نیازی ئەوەی ببێته ده‌رسی عیبره‌ت بۆ خهڵكانیتریش. ئەو ئێعدامکراوانە جگه له چه‌ند كه‌سێكیان كه پێشتر حوكمی ئێعدام‌یان هه‌بوو، زۆربه‌یان تەنانەت ماوه‌ی مهحکوومهتهکهیان تێپه‌ڕ کردبوو و لە چاوەڕوانیی ئازادبوون دا بوون. پاشان به شه‌و به كۆمه‌ڵ ته‌رمه‌كانیان له گۆڕه بێناوونیشانهكاندا ده‌خستنه بن گڵه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاسه‌واری ئەو جینایه‌ته سامناکە بشاردرێته‌وه.
ئاشکرابوونی ئەو جینایەتە
هه‌ر له به‌هاری 1367ه‌وه چاوپێکه‌تنی بنه‌ماڵه‌کان له‌گه‌ڵ رۆڵه‌کانیان راگیرابوو. له مانگی خه‌رماناندا بنه‌ماڵه‌ی زیندانییه‌کان ده‌نگۆی زۆریان له باره‌ی کاره‌ساتێکه‌وه بیستبوو، ئه‌وان نه‌یان ده‌زانی چ بکه‌ن، باوه‌ڕ بکه‌ن یان نا؟ له ناباوه‌ڕی و دڵه خورپه و نیگه‌رانیدا مابوونه‌وه، ئاخر زۆربه‌یان ئازیزانیان پێشتر محاکمه کرابوون و هۆکارێک نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌وانه ئێعدام بکرێن، لێیان روون نه‌بوو، به‌تایبه‌ت که نه ته‌رمه‌کانیان ده‌دراوه به بنه‌ماڵه، نه شوێنی ناشتنیان دیار بوو. پاشان له ئاخری مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا چاوپێکه‌وتنی بنه‌ماڵه‌ی زیندانیان که له به‌هاره‌وه راوه‌ستابوو ده‌ستی پێ کرده‌وه. هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ک که ده‌چوو بۆ چاوپێکه‌وتن و ئیتر زیندانییه‌که‌یان نه‌ده‌دیته‌وه، بۆی ده‌رده‌که‌وت که رۆڵه‌که‌ی نه‌ماوه. به‌تایبه‌ت که بنه‌ماڵه‌کان سوور بوون له‌سه‌ر سۆراغێکی رۆڵه‌کانیان. رێژیم رێگه‌یه‌کی دیکه‌ی نه‌بوو بۆئه‌وه‌ی لێی راکات و ناچار بوو نیشانه‌یه‌ک بداته‌وه پێیان. ئه‌وه بوو هێندێکیان جانتایەک که چه‌ند ورده که‌لوپه‌لێکی شەخسیی رۆڵەکانیانی تێدا بوو پێیان ده‌درایه‌وه. به‌م جۆره بوو ده‌رکه‌وت چ کاره‌ساتێک رووی داوه. به‌شێکی زۆر له‌و بنه‌ماڵانه پێکه‌وه که‌وتنه خۆ بۆدیتنهوهی شوێنی ناشتنه‌که‌یان. گۆرستانی خاوه‌ران و هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆره‌کان له‌لایه‌ن سه‌گه برسییه‌کان و شوشتنه‌وه‌ی زه‌وی به ئاوی باران و ده‌رکه‌وتنی ئێسک و پرووسکی ئه‌و ئێعدامکراوانه، رووداو و به‌سه‌رهاتێکی زۆر تاڵ و به‌ئازاری دەرخست. بەم جۆرە بە هەزاران کەسی بێ‌تاوان بە فتوای کەسێک کە خۆی بە رێبەری «مستضعفان»ی جیهان دەزانی! و لە دادگایەکی رواڵەتی و چەند خولەکیدا حوکمی مەرگیان بەسەردا سەپا.
دیارە تا ئێستاش ژماره‌ی ئه‌و ئێعدامکراوانه بە روونی دیار نییه. تەنیا دێرێک له قسه‌کانی مونته‌زیری لەم پێوەندییەدا که بۆ خومه‌ینی نووسیوه بەسە بۆئەوەی گەورەیی کارەساتەکە نیشان بدا . له 9ی گه‌لاوێژدا که 4 رۆژ دوای فتواکه‌ی خومه‌ینی و 3 رۆژ دوای ده‌ستپێکردنی ئێعدامه‌کانه مونته‌زیری بۆ خومه‌ینیی نووسیوه: «به‌هه‌ر حاڵ ئێعدامی چه‌ند هه‌زار که‌س له ماوه‌ی چه‌ند رۆژدا کاردانه‌وه‌یه‌کی باشی نابێ و به‌دوور له هه‌ڵه نابێ». ئه‌و دێره بە جۆرێک گه‌وره‌یی کاره‌ساته‌که نیشان ده‌دا. بۆیه مونته‌زیری ده‌یه‌وێ خومه‌ینی له‌و هه‌ڵه‌یه ئاگادار بکاته‌وه.
…ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه که ئه‌م کاره‌ساته گه‌وره‌یه نابێ ته‌نیا و ته‌نیا له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی قوربانییانهکانهوه یادی بکرێته‌وه. پێویستە هه‌موو لایه‌ک هه‌وڵ بدەن ئه‌و جینایه‌ته‌ی خومه‌ینی و رێژیمه‌که‌ی که ئێستاش به شێوەیەکی دیکه دژی ئازادیخوازانی ئێران و کوردستان هه‌ر به‌رده‌وامه، له بیر‌و زه‌ینی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که له ئێران‌دا ده‌ژین نه‌سڕێته‌وه و له‌بیر نه‌کرێ و داوا لە کۆڕ‌و کۆمەڵە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ بکرێ ئەو رێژیمە بە هۆی کردەوە نامرۆڤانەکانیەوە مەحکووم بکەن و چی دیکە رێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی ئاوا بە ئاسانی گیانی ئینسانە شەریف و ئازادیخوازەکانی ئێران بستێنێ.
مه‌ودای ئه‌و کوشتاره گه‌وره‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆ که‌م نیه و زۆر له‌وانه‌ی شاهیدی کاره‌ساته‌که یان خوڵقێنه‌ری کاره‌ساته‌که بوون خه‌ریکه ژیان به‌جێدێڵن و له‌جێیان نه‌وه‌یه‌کی نوێ که که‌متر ئاگایان له روودانی ئه‌و جینایەتەیە، هاتوونه‌ته ژیانه‌وه، به تایبه‌تی ئه‌و رێژیمه‌ی که خوڵقێنه‌ری ئه‌و کاره‌ساته نامرۆڤانه‌یه بوو هه‌ر له ده‌سه‌ڵات دایه و بۆ سڕینه‌وه‌ی جینایه‌ته‌که هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ ئه‌وه‌یه رووداوی کوشتاری 67 بسرێته‌وه یان هه‌ر نه‌بێ بچووک بکاته‌وه.
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وه‌کوو ئه‌رکێکی گرنگ له سه‌ریه‌تی له هه‌ر کات و ساتێکدا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بە زیندوویی رابگرێ بۆ به‌دوادا چوون و لێپرسینه‌وه و زیندوو راگرتنی یادی ئەو شەهیدانە، پشتی بنەماڵەکانیان بگرن . گرنگ نیه ئه‌و قوربانییانه سه‌ر به چ ئیدئۆلۆژی و فکرێک بوون، هه‌موو ئه‌وانه پێش ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی رێکخراوێک بن ئینسان بوون و به ناحه‌ق گیانیان لێ سه‌ندراوه، بۆ دیتنه‌وه‌ی راستییه‌کان و ریسوایی خوڵقێنه‌رانی ئه‌و جینایه‌ته دڕندانه‌یه پێویسته هاوکار و یاریده‌ده‌ری یه‌کتر بن، تاکوو جارێکی دیکه کاره‌ساتی له‌م شێوه‌یه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا دووباره نه‌بێته‌وه.
لە ژماره ٦٦٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه