دوای هەشت ساڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی تر چووەوە سەر تریبۆنی نوێژی هەینیی تاران، قۆناغی ئێستا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕادەیەک هەستیار بوو کە چاوی خۆیی و ناخۆیی، دۆست و دوژمن لەسەر قسەکانی ئەو بوو. گەشبینەکان پێیان وابوو کە خامنەیی هەندێک پاساو بۆ دۆخەکە دەهێنێتەوە و، لانیکەم بەڵێنێکی زارەکی بە خەڵک دەدات و داوای لێبوردنێکیش کە چل ساڵە بە خەڵک قەرزدارە دەکا. ئەوانەی ڕەشبین یان باشترە بڵێین واقعبین بوون پێیان وابوو کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو جاری جاران هەڕەشە و گوڕەشەکانی خۆی دووپات دەکاتەوە و، بێمنەتیی خۆی لە خەڵک دووپات دەکاتەوە و خۆی لە ڕاستییەکانی ئێستای نێوخۆی ئێران نەناس دەکا.
گەمارۆکانی ئەمریکا و لەوانیش کاریگەرتر بێپلانیی دەسەڵاتداران، قەیرانێکی گەورە و تاقەتپڕووکێنی ئابووری دروست کردوە، بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی کار و خۆشبژیوی ٥٥٪ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان، حکوومەتیش دەڵێ ٦٠ میلیۆن کەس لەو ٨٠ میلیۆن دانیشتووەی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دوو جار خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران ڕووی دا و، لەم خۆپیشاندانانەدا خودی عەلی خامنەیی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن جەماوەرەوە کرایە ئامانج. لەو دۆخەدا قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای پاسداران لە بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا، کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیکەی هەفتەیەک پرسەیەکی حکوومەتی گەورەی بۆ ئەم کەسە بەڕێوە برد، هەموو توانای حکوومەت و ڕاگەیاندنەکانی ئێران بە پرسەکەی قاسم سولەیمانی سەرقاڵ کران، عەلی خامنەیی نوێژی لەسەر مەیتەکەی کرد و بەگریانەوە بە بەژن و باڵای فەرماندەکەیدا هەڵکوت، هەموو ئەوانەش بۆ ئەوە بوون کە وێنایەکی ئوستوورەیی مەزهەبی و میللی لە قاسم سولەیمانی دروست بکەن و، بە گوتەی خۆیان لەو دۆخە قەیرانییەی نێوخۆدا یەکدەنگییەک دروست بکەن. ئەوەش زۆری نەخایاند، دوای ئەوەی سپای پاسداران خۆیان گوتەنی بە هەڵە فڕۆکەی بووئینگی ٧٣٧-ی ئۆکراینیان لەسەر ئاسمانی تاران کردە ئامانج و ١٧٦ سەرنشینەکەی کوژران، خەڵک هاتنەوە سەرشەقام و وێنەی خامنەیی و قاسم سولەیمانییان دڕاند و ئاگر تێبەردا، سیناریۆکەی پرسەکە سەری نەگرت.
عەلی خامنەیی وەکوو ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکە پێشنوێژی دائیمی تارانە، بەڵام شەش کەسی وەکوو پێشنوێژی کاتی داناون و ئەوە هەشت ساڵە قسەی دڵی خۆی لەسەر زاری ئەوان باس دەکا، زۆربەی ئەوانەی دیاریشی کردوون وەکوو ئەحمەد خاتەمی لە توندڕەوەکانن، بەڵام ئەم جارە خامنەیی دەبوا خۆی قسە لەگەڵ خەڵک بکا. چونکە لە بەیرووت و بەغدا دژی خۆی و کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشم دەدەن، لە هەموو شارەکانی ئێران چەندین جار دروشم لەدژی گوترایەوە و وێنەکانی سووتێندران، دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونیی خەڵکی ئێران لەو پەڕی خراپیدایە، سەرکوت و لەسێدارەدان و ئەشکەنجەکان بەردەوامن و ئیتر خەڵک دروشمی دەربازبوون لەو دەسەڵاتە دەڵێنەوە و لەسەری پێداگرن.
لەو دۆخەدا زۆر کەس پێی وابوو خامنەییش وەکوو محەمەدڕەزاشا دەڵێ گوێم لەدەنگی خەڵک بوو و، ئیتر واز لە دەسەڵات دەهێنم و بە داوای لێبوردنێک دەسەڵات ڕادەستی خەڵک وەکوو خاوەنە ڕاستەقینەکە دەکا، بەڵام عەلی خامنەیی بە قەنناسەیەکەوە هات و هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی لە خەڵکی ئێران کرد. خامنەیی وتی ئەوانەی دروشمی “نە غزە نە لبنان، جانم فدای ایران” دەڵێنەوە فریویان خواردووە! ئەوانەی وێنەی قاسم سولەیمانییان سووتاند ئێرانی نەبوون! ئەو خەڵکەی کە بەدواداچوون بۆ کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەش دەکەن “هەستەکی و فریودراوی ڕاگەیاندنە دەرەکییەکان” و بەگوتەی ئەو “سەهیۆنیزمن”!
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ یەک جاریش باسی لەو ٦٠ میلیۆن کەسە نەکرد کە لەژێر هێڵی هەژاریدان و توانای دابینکردنی خۆراک و پۆشاکی خۆیشیان نییە، لای خامنەیی خۆپیشاندەران و ئەوانەی داوای ژیانی باشتر و ئازادی دەکەن خەڵک نین، بەڵام ئەوانەی بۆ پرسەی قاسم سولەیمانی هێندراون خەڵکە ڕاستەقینەکەن. لە وتارەکەی خامنەییدا خەڵک غایب بوو، ئەوەی باسی کرد و پەسنی کردن ئەو کۆیلانەن کە دەبێ ئەو نەهامەتییانەی بەسەریان دێ بە تاقیکردنەوەیەکی ئیلاهی بزانن و ڕووداوەکانی سەریشیان بە یەوموڵا ناو ببەن، لەو نێوەندەشدا خۆی ویلایەتی موتڵەقی فەقیهـە و وەلی ئەمری موسوڵمانانە و نابێ کەس دەستی بۆ ببات، خامنەیی ویستی بڵێ لە سەرکەوتنەکاندا پاڵەوانەکە منم، تەقدیری خواش لە شکستەکاندا ئامادەیە!
خامنەیی نەک داوای لێبوردنی نەکرد، بەڵکوو زۆر لە پەراوێزدا باسی لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کرد کە ١٧٦ نوخبەی ئەو وڵاتە بوونە قوربانی، تەنانەت ددانی بەوەدا نەنا کە سپای پاسداران کردوویەتە ئامانج و هەر وتی لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەدا! ڕێبەری ئێران ناهۆمێد بوو چونکە باش دەیزانی خەڵکی سەرشەقام ڕێگە و خواستی خۆیان دۆزیوەتەوە، هەربۆیە هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی ئێرانی نەدا، بەڵکوو گوتی ئەگەر بە قسەی ئەو نەکەن هەڕەشەی عەزابی ئیلاهی یەخەی هەمووان دەگرێ.
ئەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبیری کردبوو یان لەبیر خۆی بردبووەوە ئەوەیە کە لە هەفتەیەکدا لە ١٩ پارێزگای ئێران خۆپیشاندان لەدژی شەخسی خۆی بەڕێوە چوو، دروشمی “اصلاح طلب، اصولگرا دیگە تمومە ماجرا”، “مرگ بر دیکتاتور”، “مرگ بر اصل ولایت فقیە” و هتدیان گوتەوە. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ڕێبەری خامنەیی دەزانێ خەڵکی ڕاستەقینە کێن، ئەو دڵنیاشە کە ئەو خەڵکە کە لە هەموو ئێران لەسەر شەقامن دژی ئەون. ئەو هەر وەکوو جاری جاران قسەی کرد، بەڵام ئەم جارە خەڵکەکە بڕیاری خۆی داوە و ئەو ڕێبەر و سیستمەی ناوێ.