له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دوای چونه ده‌ره‌وی ڕووس و عوسمانی له1297ی هه‌تاوی دا هیوا و ئۆمێده‌کان بۆ دروست کردنی ده‌وڵه‌تی کوردی و هه‌روه‌ها به ده‌ست هێنانی ئازادی و سه‌ربه‌ستی له قه‌فه‌زی بێگانه ڕه‌نگ و ڕه‌واڵه‌تێکی دیکه‌ی گرت. «ڕه‌زاشا»ی ئێران ده‌وڵه‌تێکی سه‌رکوتکەری له ئێران‌دا به‌رپا کرد و دوای ئه‌وه‌ی زنجیره‌ی پاشایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی «قه‌جه‌ر»ی ڕووخاند و هاته سه‌رته‌خت له‌وپه‌ڕی توندوتیژی‌دا چوارپه‌لی ئێرانی به کوردستانه‌وه دایه به‌ر شاڵاوی سه‌ربازی و ئاگر و ئاسن و چه‌کمه و قامچی. لووتکه‌ی ئه‌م خراپه‌کاریانه له کوردستان ئه‌نجام درا. بۆ وێنه له هه‌ورامان، ئیلام، ورمێ و برادۆست، موکریان و مه‌ڵبه‌ندی»هه‌وه‌توو»، خوێنی کوردی ڕشت و هه‌موو کورده ئازادیخوازه‌کانی کوشت، یان له گۆشه‌ی به‌ندیخانه‌دا، یان له تاراوگه‌دا به‌ره‌و مه‌رگ و نه‌مان ڕه‌وانه‌ی ده‌کردن. ڕه‌زاشا بڕوای به‌وه بوو بریتانیا سه‌به‌بکاری دواکه‌وتوویی وڵاتی ئێرانه، هه‌ر بۆیه کاتێ هیتلێر، دیکتاتۆری ئاڵمان سه‌ری هه‌ڵدا، بیری له نزیک بوونه‌وه له ئاڵمان کرده‌وه و هه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ی ڕه‌زاشا و هیتلێر، بوو به هۆکاری داگیرکردنی ئێران له لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه (بریتانیا- ڕووسیا) له 3ی خه‌رمانانی ١٣٢٠ی هه‌تاویدا دوای ئه‌وه‌ی هیتلێر له ئه‌وروپا هاوکات له گه‌ڵ بریتانیا و ڕووسیا خه‌ریکی شه‌ڕێکی ماڵوێرانکه‌ر بوو، وا له مێژوودا به شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی ده‌ناسرێته‌وه.
ڕه‌زا شا ده‌یویست وڵاتی ژێر حوکمی خۆی بباته ئاستی وڵاتانی ئه‌ورووپا، هه‌رچه‌نده ئه‌م ئاواته‌ی ئه‌و وه‌ک شای وڵاتی ئێران له ناوه‌رۆکدا ئاواتێکی ڕه‌وایه، به‌ڵام کێشه‌که له‌وه دابوو ئه‌ویش وه‌ک ئاتاتورک، فرانکۆ، مۆسۆلینی و ستالین پێی وا بوو له پانتای ئه‌و وڵاته‌دا که ئه‌و تێیدا فه‌رمانڕه‌وایه، ده‌بێ سه‌ربازخانه‌یه‌ک دروست بکات و هه‌مووکه‌س یه‌ک جل وبه‌رگ بپۆشن و به یه‌ک زمان قسه بکه‌ن و بیر و هۆش وهزریان ته‌نیا له سه‌ر وتار و فه‌رمایشی ئه‌و کار بکات…
له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌م ئاواته دوور و درێژه‌ی ڕه‌زاشا بۆ کورد که به‌شێک له پێکهاته‌ی جوگرافیای سیاسی ئێران بوو هه‌ر وه‌ک پێشتر باس کرا ئاڵۆزی و ئاژاوه و ماڵوێرانی زۆری دروست کرده‌وه. هه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی ڕه‌زاشا له کوردستان‌دا دژ کرده‌وه‌یه‌کی هه‌بوو، بۆ وێنه جل و به‌رگی یه‌کده‌ست بۆ پیاوان که شۆڕشی»مه‌لا خەلیل گۆڕئۆمه‌ری» لێ که‌وته‌وه یان سه‌ربازگیری ئیجباری که بوو به هۆی دژایه‌تی کردنی کوردانی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت له ژێربڕیاری «ئۆمه‌رپاشای قه‌له‌ڕه‌شی» و ئه‌وه‌ی دیاره کوردان هیچ کات له مه‌ڕ سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ی ڕه‌زاشا‌دا بێ ده‌نگ نه‌بوون هه‌رچه‌نده ده‌ست و پاوه‌نه‌کانی ڕه‌زاشا له کوردستان ده‌ستیان له ئه‌نجام‌دانی هه‌موو جۆره کرده‌وه‌یه‌کی خراپ دژ به هاووڵاتیانی کورد ئاوه‌ڵا بوو.
کاتێ له ساڵی ١٣٢٠ی هه‌تاوی و له ڕۆژی 3ی خه‌رمانان‌دا فڕۆکه‌کانی ڕووسیا شاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان بۆردمان کرد و ئەرته‌ش واته هێزی سه‌ربازی ئێران هه‌ڵوه‌شایه‌وه سه‌ربازه‌کانی ئێران پرش و بڵاوکران ،گه‌لی کورد هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکیشا و پشووی ئاسووده‌یی دا.
بریتانیا و ڕووسیا ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان وه‌ک هه‌موو به‌شه‌کانی دیکه له ئێران‌دا کۆنتڕۆڵ کرد و له ده‌وروبه‌ری شاری سه‌قزه‌وه هه‌تا ڕووباری ئاراس له ژێر ڕکێفی سوپای سۆڤیه‌ت‌دا بوو. کوردان له‌م به‌شه‌دا جموجۆڵی زۆرتریان هه‌بوو له به‌ر ئه‌وه‌ی ڕووسه‌کان له ته‌ورێزو ئازه‌ربایجان‌دا ده‌یانویست پێگه‌ی سیاسی خۆیان بۆ داهاتوو قاییم بکه‌ن هه‌ر بۆیه چاوپۆشی‌یان له هه‌ندێ کرده‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خوازانه‌ی سیاسی کورده‌کان له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌کرد.
دوای دورخستنه‌وه‌ی ڕه‌زاشا بۆ دوورگه‌یه‌ک له ئه‌فریقا، محه‌مه‌د ڕه‌زاشا، یه‌که‌م کوڕی ڕه‌زاشا له لایه‌ن بریتانیا و سۆڤیه‌ته‌وه ئیجازه‌ی پێدرا حوکمی ئێران بکا. ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ڕه‌زاشا که‌سی له ئێران‌دا نه‌هێشتبوو که ببێ به فه‌رمانڕه‌وای ئێران، هه‌موو پیاوانی لێهاتووی سیاسی ئێرانیی له ناو بردبوو. هه‌ر بۆیه بریتانیا و سۆڤیه‌ت به مه‌جبووری ڕێگه یان به محه‌مه‌د ڕه‌زاشا دا ببێ به شای ئێران و دوای چه‌ند مانگ ڕووس و بریتانیا ئیجازه‌یان به ده‌وڵه‌تی شای ئێران‌دا له چه‌ند شوێن‌دا یه‌که‌ی سه‌ربازی ئێرانی جێگیر بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی هێمایه‌ک بێ بۆ هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی ئێران وه‌ک وڵات له سنووره‌کاندا.
به‌ڵام ئه‌م بڕیاره وره‌ی به ئێران‌دا ڕووبکاته‌وه کوردستان وکرده‌وه‌ی توندوتیژی له‌شکری ئێران له سه‌قزو داگیرکردنه‌وه‌ی سه‌قز و دواتر بانه له لایه‌ن ئه‌رته‌شی ئێرانه‌وه ڕووناکبیرانی کوردی له مه‌هاباد خسته ئاویلکه‌وه تاکوو بیرله‌وه بکه‌نه‌وه ئه‌مجاره ده‌بێ مه‌ڵبه‌نده‌که‌ی خۆیان بپارێزن و هه‌ربۆیه به نهێنی بڕیاری دروست کردنی ڕێکخراوی « کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد» یان دا که کورت کراوه‌که‌ی به ژێ- کاف ناوبانگی ده‌رکرد. له ساڵی ١٣٢١ی هه‌تاویدا ژ- ک چالاکی ته‌شکیلاتی له شاره‌کانی مه‌هاباد و چه‌ند شاری دیکه‌ی ده‌وروبه‌ری ده‌ست پێ کرد و بانگه‌وازی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی کولتووری کوردی ده‌کرد، ئه‌و کولتووره‌ی وا ڕه‌زاشا و ده‌سه‌ڵاتدارانی دیکه‌ی پێش ئه‌و دژایه‌تی‌یان ده‌کرد و ده‌یانویست بیسڕنه‌وه.
له ١٣٢٤ی هه‌تاویدا شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م کۆتایی پێ هات و بریتانیا ئێرانی چۆڵ کرد، به‌ڵام سۆڤیه‌ت ئه‌جێندای خۆی به‌ڕێوه ده‌برد، ئێرانی چۆڵ نه‌کرد و ئه‌مه‌ش بریتانیا و ئێرانی خسته بزاڤه‌وه که له جیهان‌دا پڕۆپاگه‌نده‌ی نه‌رێنی دژبه سۆڤیه‌ت بخه‌نه‌گه‌ڕ.
له ٢٥ی گه‌لاوێژی ١٣٢٤دا ڕێکخراوی ژ- کاف دوای کۆبوونه‌وه‌یه‌کی فراوان ناوی خۆی گۆڕی بۆ « حیزبی دێموکراتی کوردستان». ئه‌م وه‌رچه‌رخانه سیاسی‌یه‌ی ئه‌ندامان و ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ژ- کاف ئاماژه به گه‌شه‌ی هزری سیاسی ئه‌و که‌سانه ده‌کات که بیر له ستراتیژی و به‌رنامه‌یه‌کی درێژخایه‌ن و تۆکمه‌ی سیاسی، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی هه‌مه‌لایه‌نه ده‌که‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی به‌ڕێوه‌به‌ریی کوردستان وه‌ک وڵات تاقی بکه‌نه‌وه.
حیزبی دێموکراتی کوردستان به پشوو درێژیه‌وه چاوه‌ڕوانی ڕووداوه‌کانی دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی ده‌کرد و کاتێ له ته‌ورێز کۆماری ئازه‌ربایجان به‌رپا کرا و پشتگیری سۆڤیه‌تی بۆ ئه‌وان بینی، بیری له ڕاگه‌یاندن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆماری کوردستان کردوه. دیاره سه‌ره‌ڕای هه‌موو گه‌شبینی‌یه‌کانی کورد، هه‌م ژ- ک و هه‌م حێزبی دێموکراتی کوردستان لایه‌نی ئه‌قڵ و بیرمه‌ندیی خۆی پاراستبوو، بۆیه له گه‌ڵ تاران وه‌ک پایته‌ختی ئێران په‌یوه‌ندی سیاسی هه‌بوو، له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێران گفتگۆ وبیروڕا گۆڕینه‌وه‌ی هه‌بوو، سیاسه‌ته‌کانی کۆماری کوردستانی بۆ ئێرانیه‌کان ڕوون ده‌کرده‌وه.
له کۆتایی‌دا له 2ی ڕێبه‌ندانی ١٣٢٤دا حیزبی دێموکراتی کوردستان له گۆڕه‌پانی چوراچرای مه‌هاباد به‌سه‌رهه‌موو بارگرانی و که‌ندوکۆسپه‌کانی سه‌ر ڕێگه‌یدا و له گه‌ڵ به‌شداربوونی نوێنه‌رانی چوارپارچه‌ی کوردستان کۆماری کوردستانی ڕاگه‌یاند و لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێی له مێژووی خه‌بات و بزاڤی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد و فه‌رهه‌نگی کوردایه‌تی مۆدێڕن‌دا هه‌ڵدایه‌وه و به هه‌موو جیهانی نواند که کورد خاوه‌نی ئیراده‌یه و ده‌یه‌وێ و ده‌توانێ هاوسه‌نگی بۆخۆی و ناوچه‌که بپارێزێ به‌و مه‌رجه‌ی پشت گوێ نه‌خرێ و به گه‌له کۆمه‌کی و فێڵ و ته‌ڵه‌که له گه‌ڵی هه‌ڵسوکه‌وت نه‌کرێ.
هه‌رچی بێ ٣ی خه‌رمانانی ١٣٢٠ی هه‌تاوی ده‌ستپێکی چیرۆکێکی ئاڵۆزوسه‌یری سیاسی‌یه که ده‌سکه‌وتێکی مێژوویی بۆ کورد هه‌بوو هه‌رچه‌نده به خوێنی سووری سه‌رۆک کۆماری کوردستان له ١٠ی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٢٦ی هه‌تاویدا ڕه‌نگین کرا.
لە ژماره ٦٦٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه