کۆچ، ئاکام و بڕیاری به‌سه‌رداسه‌پاوی ژیان و حاڵێکی شپرز و، لێکه‌وته‌ی په‌نگی هه‌زاران ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و کۆڵه‌واری، پاڵپێوه‌نانی ئازارێکی بێ کۆتاییه! کۆچ هه‌ڵاتن له سووکبوون و سووکایه‌تی و ژیانی کۆڵهمهرگییه! یان دڵ هه‌ڵکه‌ندن له‌و زێد و ئاو و خاکه‌یه مرۆڤ فرچگی پێوه ده‌گرێ و هه‌رده‌م یاد و بیره‌وه‌رییه‌کانی له سه‌ر توێی یاده شیرینیه‌کانی تاک مهییون و هیچ ڕووشان و شوخت و سووتانێک له داڵانه‌کانی بیره‌وه‌ری دایناکڕێنێ! یان نا کۆچ ڕێگه‌یه‌که بۆ دۆزینه‌وه و بنیاتنانی داهاتویه‌کی گه‌ش و بێگه‌رد، ڕێچکه‌یه‌که بۆ سه‌ربه‌ست بوون له کۆت و به‌ندی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دواکه‌وتوو و گه‌یشتن به سنووری ئازادی!؟
شه‌پۆلی بهربهرێنی کۆچی هه‌زاران سه‌رهه‌ڵگرتووی، ماڵ و حاڵ شێواوی ڕۆژهه‌ڵاتی و ئه‌فریقایی، به هیوای بینینی ڕۆژێکی خۆش له ژیاندا و لانیکه‌م بنیاتنانی داهاتوویه‌کی بێ قڕه و بڕه، بۆ وه‌چه و منداڵانیان؛ باریکهڕێیهکی له ڕۆژهه‌ڵات ناڤینه‌وه به‌ره‌و ئه‌وپه‌ڕی ئورووپا، باریکهڕێیهکی پڕ له پشووسواری به ته‌وێڵی مێژوی هاوچه‌رخی مرۆڤاتییهوه کێشاوه؛ باریکهڕێیهکی هێند ته‌نگ و که‌له‌به‌ر، که هه‌زاران ژن و منداڵ، پیر و گه‌نج تێیدا پشوویان لێ بڕا، باریکهڕێیهکی هه‌روا به پانایی هه‌موو ڕێگه و جاده‌کانی جیهان، باریکه‌ڕێیه‌ک بۆ غه‌نی بوونی هه‌ندێک بازرگانی ویژدان، کوێره‌ڕێیه‌کی بێ ڕه‌زا، بێ به‌زه‌یی، هه‌ر ههنگاوێکی ئه‌م ڕێگه‌یه شه‌ڕه ده‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و مۆتهکانهی ژیانیان له‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه قوربانییه تاڵ کردوه. ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی، نێوشهقاوی به‌ره‌و مه‌رگ و نه‌مانه و، نێوشهقاویشی به‌ره‌و هێوایه‌کی لێڵ و ته‌مومژاوی نادیار.
ئایا به ڕاستی هۆکاری ئه‌م لێشاوه کۆچ به‌ره‌و هه‌نده‌ران چییه؟ به‌رپرساریه‌تی وڵاتانی جیهان و به تایبه‌ت و وڵاتانی کۆچهرگر ده‌بێ له‌و پێناوه‌دا چی بێ؟ ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌م سونامییه به‌ده‌ست کێیه و چۆناوچۆنن؟
ئه‌م جێگۆڕکێ جوگرافییه زه‌ره‌ر و زیان و قازانجه‌کانی کێ ده‌گرێته‌وه و به ده‌یان و سه‌دان پرسیاری دی ده مێشکی ئه‌و که‌سانه‌دا جمه‌ی دێ که بینه‌ری ته‌رمی بێنازی بێ‌دایک و باوکی ئه‌و منداڵانه‌ن به ده‌م ئاودا دراون، بینه‌ری ته‌رمی به سه‌ریه‌کدا که‌وتووی نێو کانتینه‌ر و ره‌قهه‌ڵاتووی نێو دارستان و لێره‌واره چڕوپڕهکانن، بینه‌ری دۆشداماوی ئه‌و گه‌نج و لاوانه‌ی بۆ په‌ڕینه‌وه له تێلدڕوو و به‌زاندنی هێڵێک زمانی نزا‌و پاڕانه‌وه بۆ که‌سنه‌دیو و کهسنهناسان پان ده‌که‌نه‌وه؟ ئایا حکوومه‌ت و کۆمه‌ڵگه و سیستمی ئه‌و وڵاته دواکه‌وتووانه بۆته هۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه ملی رێگه‌ی نادیاری بگرنه‌به‌ر؟ ئایا ئاکامی سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی زلهێزانی جیهانه له پێناو ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی کۆشکی خۆیان که‌پری هه‌ژاران تێکده‌ده‌ن؟ له‌م چه‌ند دێره نووسینه هه‌وڵ ده‌درێ به کورتی هه‌ڵه‌کانی زلهێزانی جیهان و به‌رژه‌وه‌ندیخوازان، به‌تایبه‌تیش رۆژاواییه‌کان له‌و سۆنگه‌یه‌دا بخرێته به‌رباس.
دابه‌شینی وڵاتانی رۆهه‌ڵاتی ناڤین و ئه‌فریقایی به پێی هۆگان هاویشتن له لایه‌ن ولاتانی کۆلۆنیالیستییه‌وه به‌بێ ره‌چاوی هیچ پێوه‌رێکی ئاوه‌زمه‌ندانه و ته‌نیا له‌سه‌ر بناخه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، رووبارێکی خوێنی بێپسانهوه، شه‌ڕ و کێشه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی، کۆچ و هه‌ڵاتن و گرتن و، قه‌ڵاچۆ و نائارامییه‌کی هه‌میشه‌یی بۆ ئه‌م وڵاتانه و تاراده‌یه‌کی زۆر که‌میش بۆ خودی ئه‌ربابه کۆنه‌کان لێکه‌وتۆته‌وه، دیاره مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی و کۆتایی ئه‌و کۆنه ئهربابانهش هه‌ر ئه‌م دۆخ و که‌شه سامناکه هه‌میشه‌ییه بووه، هه‌تا چۆڕایی ته‌ڕ له ده‌مار و خوێنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جیهان ههڵچۆڕینن و له پێناو چراخانکردنی کۆشکه‌کانیان، خانووچکه‌ی مرۆڤی به‌سته‌زمانی ئه‌ودیوی ئاوه‌کان کاول بکه‌ن. پاش پێکدادانه گه‌وره‌کانی نێوان جه‌مسه‌ره ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی جیهان و ده‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا دیاری کردنی چاره‌نووسی پڕ له نه‌گبه‌تی بۆ هه‌ندێک گه‌لی دواکه‌وتوو و سووتان و کۆڵه‌واربوونی خه‌ڵک و گه‌لێکی زۆر به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیخوازی و زلهێزه‌کانه‌وه، رکه‌به‌ریی دوو به‌ره‌ی جیهانی به رێبه‌رایه‌تی ئه‌مریکا و یه‌کێتی سۆڤییه‌تی جاران، بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو به‌ره‌یه به دژی یه‌کتر له چوارقوڕنه‌ی جیهاندا ده‌ست بکه‌ن به پێکهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ و دیکتاتۆر؛ هه‌تا پشتێنده و به‌رگێڕه‌وه له دژی په‌ره‌ی بیر و ئایدیۆلۆژیای جه‌مسه‌ره‌که‌ی دیکه دابنێن. ئه‌و نه‌ریته به‌ده‌یان دیکتاتۆری به‌رهه‌م هێنا، که ته‌نانه‌ت دوای رووخانی به‌ره‌ی سۆڤییه‌ت و کۆتایی هاتنی شه‌ڕی ساردیش، وه‌ک مڵۆزم به سه‌ر خه‌ڵکی وڵاته‌کانیاندا مانه‌وه و هه‌ر ئێستاش ئاکامی زۆربه‌ی ئه‌و بێسهرهبهرییانهی جیهان، فه‌رهه‌نگی به‌جێماوی ئه‌م چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتانه‌ن. شۆڕبوونه‌وه‌ی ئه‌و چه‌شنه سیاسه‌ته تا سه‌ر ئێسک به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌یه هه‌تا ئێستاشی دهگهڵبێ، له لایه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌وه ده‌رهه‌ق به وڵاتانی دیکه و به تایبه‌ت ئه‌و ولاتانه‌ی خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی ژێرزه‌وی به پیت و به‌رکه‌تن به‌رده‌وامه و هه‌ر سه‌رده‌می به چه‌شنێک هه‌وڵی وردکردنه‌وه‌ی چه‌کۆچۆڵی خۆیان و ههرزانکڕی ماده‌ی خاوی ئه‌و وڵاتانه ده‌ده‌ن. کۆچی به هه‌زاران که‌سی سووری و عێراقی و ئێرانی و … له ئه‌فریقاش مه‌راکێشی و ئه‌لجه‌زیری و لیبیایی و … هتد، ئاکامی نه‌بوونی دیموکراسی، گهشهنهستهندووی فه‌رهه‌نگی و ئابووری و سیاسی و، ده‌سوه‌ردانی ده‌ره‌کی، پشتیوانی بێجێی هه‌ندێک وڵات له ده‌سه‌ڵات دیکتاتۆره‌کانیان و ….
وڵاتانی خۆشبژیوی دنیا له‌پێناو رانه‌وه‌ستانی دهستاری که‌رتی پیشه‌سازییه‌کانیاندا، له‌پێناو فرۆشتنی چه‌کوچۆڵ و به‌رهه‌می کارگه و شتومه‌ک و که‌لوپه‌له سازکراوهکانیان، ئاوری شه‌ڕێکیان خۆش کرد که داوێنی خۆشیانی گرته‌وه. زلهێزان و دهسڕۆیشتووانی جیهان بێ ئاگا له‌وه‌ی هه‌ر رووداوێک له‌و سووچی دنیا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌وپه‌ری جیهان ده‌بێ؛ به‌هۆی به‌رچاوته‌نگی و چاوچنووکی ئابووری و هێژمۆنیخوازییهوه، سه‌رهه‌ڵدانی دیموکراسیخوازانه‌ی گه‌لانی سووریه‌یان کرد به قه‌یرانێک، بۆ تواندنه‌وه و فرۆشی چه‌کوچۆڵ و هه‌ستاندنه‌وه‌ی ئه‌و باره ئابوورییه ناله‌باره‌ی چه‌ند ساڵێکه له والئیستریتهوه به‌رۆکی گرتوونه‌ته‌وه. سپاردنی هه‌ندێک وڵاتی ناسه‌قامگیری وه‌ک ئه‌فغانستان و عێراق به هێزه ناوچه‌ییه سه‌ره‌ڕۆکانی وه‌ک ئێران، رقهبهریی ناوچه‌یی ئه‌و حکوومه‌ت و رێژیمه دیکتاتۆرانه‌ی پاشماوه‌ی پشتیوانی و هه‌ڵه‌ی جه‌مسه‌ره‌کانی جیهانن، به چه‌شنێک ژیانیان له خه‌ڵک و به‌تایبه‌ت ئه‌و گه‌له بێ ده‌وڵه‌تانه‌ی وه‌ک گه‌لی کورد که هه‌ر له پێناو به‌رژوه‌ندی خۆیان و به پێی هۆگان کێشان دابه‌شی چه‌ند وڵاتی بێسهرهوبهره کراون، ههندەی دیکه بواریان بۆ هه‌ڵاتن له‌و ناوچه تووک لێکراوه خۆش کردوه. ده‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) که زیاترین هێدمه و زیانی بۆ گه‌لی کورد له باشوور و رۆژاوا هه‌بووه، ئه‌مریکا و زلهیزه هاوپه‌یمان و دژه‌کانی تووره‌که‌یان بۆ ههڵدوریبوو که به چه‌ند ساڵی دیکه ئه‌و رێکخراوه، تێکهوهناپێچدرێ، دیاره ئه‌م پرۆژه‌ی چه‌نده ساڵ خایاندنهی قه‌یرانی داعش که هه‌ر رۆژه زیاتر په‌ل بۆ وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر ده‌کێشێ، پرۆژه‌یه‌ک که له دیوه تاریکه‌کانی رێکخراوه هه‌واڵگرییه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌دا نه‌خشه‌ی بۆ دارێژراوه، هه‌تا هه‌رچی زیاتر به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی یه‌که سیاسییه‌کانی خۆیانی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن و ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێڵنجی کۆمه‌ڵگه‌کانی خۆیانیانی تێدا بڕشێنن (ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه تیرۆریسته‌ی له رۆژاواوه روو ده‌که‌نه داعش). چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشه ههڵاواسراوهکان و، یه‌کێکیش له‌وان کێشه‌ی کورد، قه‌یرانی سووریه، کێشه‌ی فەله‌ستین، هه‌وسار شلکردنی بۆ ره‌وته بنئاژۆخوازه‌کان له ئه‌فریقا و ….. هه‌موویان هۆکارن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێک بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و منداڵانیان رێگه‌ی هات و نه‌هاتی هه‌نده‌ران بگرنه به‌ر و په‌ڕیوه‌ی غهریبایهتییهک بن، که ده‌رکه‌وته‌کانی له سه‌ر ژیانی زۆربه‌یان وه‌ک ئه‌وی تا ئێستا بینراوه، به‌تایبه‌ت بۆ که‌سانی به‌ته‌مه‌ن و چیڕتر دڵخۆشکه‌ر نه‌بووه. هه‌تا سیستمه سیاسییه‌کانی جیهان به‌م چه‌شنه به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه و چاوچنووکانه به‌ڕێوه بچن و به‌خته‌وه‌ری خۆیان له کۆستخستنی ئه‌وانی دیکه‌دا بینن و به چاوێکی مرۆییانه‌تر سه‌رنجی خه‌م و ئازار و خواستی هه‌موو پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی نه‌درێته‌وه، به‌م جۆره ئێستا ده‌یبینین، ئه‌م سیاسه‌ته پڕ له فرتوفێڵانه، تفی سهربهراوژووره و به‌رووی ئه‌و که‌سانه‌شدا ده‌گه‌ڕێته‌وه که بۆ که‌سانی دیکه‌ی هه‌ڵده‌ده‌ن.
لە ژماره ٦٦٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه