٢٢ی تەموز، لە پرسوس سەر بە شاری عورفا، تەقینەوەیەکی بەهێز لە نێو ئەنجوومەنی لاوانی سۆسیالسیت دا، ٣٢ قوربانی ئەستاند. ئەنجوومەنی ناوبراو خەریکی چوون بۆ کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەرهەمهێنانی فیلمێکی دۆکومێنتاری لە سەر وێرانەکانی ئەو شارە بوون. وەک بکەری ئەو کردوە ترۆریستییە پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپی ترۆریستی داعش راکێشراوە، گرووپێک کە دەرفەتی تەراتێنی لەو دیو و ئەو دیوی سنووری نێوان تورکیە و ڕۆژئاوای کوردستانی بە ئاسانی بۆ رەخساوە. چەند کاتژمێر پاش ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە، لە ئاکامی ئۆپەراسیۆن و گەڕانی سوپای تورکیە لە گریلاکانی پەکەکە، سەربازێک دەکوژرێ. بەرەبەیانی ٢٤ی تەموز، واتە دوو رۆژ پاش ئەو کارەساتە، تەرمی بێ گیانی دوو پۆلیسی تورک، دۆزرایەوە. پەکەکە، کوژرانی دوو پۆلیسەکەی وە ئەستوو گرت. پاساوی پەکەکە ئەوە بوو دوو پۆلیسەکە هاوکاریی داعشیان کردوە. کوشتنی دوو پۆلیس و – ئەوەش لە تەم و مژ دایە و جێی گومانە- لەویش خەراپتر وە ئەستۆ گرتنەکەی، بوو بە دەرفەتێکی زێرن و پاساوێکی بەهێز لە دەستی ئەردۆغان و دەوڵەکەتەی تاکو جارێکی دیکە و سەر لە نوێ دێوەزمەی شەرێکی ماڵوێرانکەر بە سەر باکوری کوردستان دا بسپێتەوە.
پانتایی هێرشەکانی تورکیە و شەڕەکە لە تەواوەتی خۆیدا، کات و سات و لەوانەش گرینگتر ئامانجی شەڕەکە جێگای لێ وردبوونەوەن؛ یەکەم، نوکی هێرشی فرۆکە بۆمب هاوێژەکانی تورکیە بۆ سەر بنکەکانی پەکەکە ڕاست ڕووی دەو شوێنانە دابووە کە لە باشوری کوردستان هەڵکەوتوون، هاوکات شەڕ و ئاڵۆزی خۆی کێشاوەتە بەشێکی بەرچاوی نێو شارەکانی باکوری کوردستان و شەڕی نێوان ڕێکخستنەکانی پەکەکە و هێزەکانی دەوڵەتیی کۆڵان و گەڕەکی شارەکانی گرتۆتەوە، دووهەم، ئەو شەڕە دوای نیزیک سێ ساڵ لە ئاگربڕ و پرۆسەی نیوەچڵی ئیمڕاڵی – ئانکارا و پاش شکستی پارتەکەی ئەردۆغان، ئاکەپە، لە هەڵبژرادنی ٧ی حوزەیران و پاش دوو حەوتوو لە دەسپێکردنی دانووستانی چوار لایەنی براوەی هەڵبژاردنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی، هەڵگیرساوە، سێهەم، ئامانجی شەڕەکە کە بۆ سیاسەتی سەرکوت و شەڕخوازنەی دەوڵەتی تورکیە، سەرۆک کۆمار و پارتی ناوبراو دەگەرێتەوە، ویستوویەتی دوو ئامانج بپێکێ؛ یەکەم، بەستێن بۆ هەڵبژاردنەوەی پێشوەختە خۆش بکات و بە هەر نرخێک بێ ئاکەپە بتوانێ حکوومەت بە تاقی تەنیا بگریتە دەست، دووهەم، خەباتی سیاسی کورد، تووشی سەر لێ شێواوی بکات و شکستی بدات. سەرئەنجام هێرش و پێکدادانەکان ئەگەر بە ڕواڵەت لە ژێر نێوی شەڕی داعشن، لە ڕاستی دا لە ژێر نێوی شەڕی ڕواڵەتی داعش، شەڕبۆ سەر کورد و ماف و دەسکەوتەکانێتی.
لە ئاکامی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانەدا، دەوڵەتی تورکیە سەدان چالاکی سیاسی و بەڕێوەبەری هەدەپەی ڕاپێچی گرتووخانەکان کردوە، چەندین سەرۆک شارەوانی پارتی هەرێمەکانی دێموکراتیک ( دەبەپە)ی بەو بۆنەوە گرتوون، جیا لە قوربانی خەڵکی بێ تاوان لە باشوور کوردستان زیاتر لە ٢٠ خەڵکی سڤیل لە کوردستانی باکوور گیانیان لە دەست داوە، دەوڵەتی تورکیە وەک نەریتی باو گیانی لە منداڵی پشتی سەر لانک و تەنانەت ژنی دوو گیانیش ئەستاندوە، خەڵکێکی زۆر لە ماڵ و هێلانەی خۆیان هەڵقەندراون، کوردستان بە هێزێکی زۆری شەڕکەر، کەرەستەی تۆکمە و تەیاری نیزامی ئاخنراوە و باری نائاسایی لە زۆر شار و ناوچە خەریکە ببیتە بە تابڵۆیەکی ڕاستەقینە.
بە درێژایی دوو ساڵ و نیوی پرۆسەی ئیمڕاڵی- ئانکارا، ئەگەر جار و بار لێرە و لەوێ شەڕ و تێکهەڵچوونێک دەهاتە پێش و سەربازێکی تورک گیانی لە دەست دەدا یان گریلایەک شەهید دەبوو، مەسەلەکە درێژەی پێ نەدەرا و بەردی لە سەر دادەنرا، چونکە؛ دەوڵەتی تورکیە پرۆسەکەی بە غەنیمەتێکی کەم وێنە بۆ لە خشتە بردنی کورد دادەنا و خەونەکانی ئەردۆغان لە لایەک و لە خوار بوون و ناڕوونیی داواکانی بەرێز ئۆجەلان لە لایەکی دیکە نەیدەهێشت پڕۆسەکە تووشی شکان و نسکۆ بێ. لە بەرامبەردا، دەوڵەتی تورکیە لە بەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە- کە دەوڵەت نەیهێشت بە ئاکام بگات و بە نێوە چڵی چۆ پێش- لە خاکی باکووری کوردستان، بەردەوام جێگە و پێگەی سەربازێییەکەی لە کوردستان قایمتر دەکرد، بەنداوی لێ دەدان کە پەکەکە پێی وایە دەبنە هۆی بەرتەسک کردنەوەی هات و چۆی هێزەکانیی، هەر بۆیە جیا لە هۆ و ئامانجانەی لە سەرەوە قامکمان خستنە سەر هۆکار و هەڵگیرسانەوەی شەڕ و پێکدادنەکان زۆر لەوە قووڵترن بتوانین بە نووسێنکی کورت پێی ڕابگەین. کەواتە، جیا لەوەی باوەڕ و مەتمانە بە دەوڵەتی تورکیە لەو پرۆسەیەدا لە خۆ فریو دان زیاتر نەبووە و نییە و ئەو دەوڵەتە هەرگیز باوەڕی بە چارەسەری سیاسیانەی کێشەی کورد نییە، دەبیتە ئەوپەڕی ساویلکەیی ئەگەر هەرچی پەکەکە کردی و گوتی ئافەرینی بۆ بنێرین. لە پاڵ ئەو ڕاستییە دەبێ بێژین، سیاسەتی سەرکوت، تواندنەوە، گرتن و تۆقاندن، کوشتن و شاڵاو و بڕین و خەراپییەکانی دەوڵەتی تورکیە، ئەوەندە دەرفەتەی بۆ نەهێشتووینەتەوە بتوانین بپڕژێینە سەر هەڵە و کەم و کوڕییەکانی خەباتی باکووری کوردستان بە پەکەکە، هەدەپە و خودی بەڕێز ئۆجەلانیشەوە. خۆ ناکرێ دەوڵەتی تورکیە مادام شەڕ و تێکهەڵچوون دەخوازێ، کورد ئۆباڵێ بۆ بکێشێ و لە ژوورە تاریکەکانی ئیمڕاڵێ ئەوەی دەگوترێ و ڕادەبرێ ئەرخەیان بین.
پەکەکە، ئازادی کوردستان لە گوللە دا دەبینێ. هەدەپە، ئەوەندە بەرە و ناوەند بوون ڕۆیشتوە کە بڵی ئێمە تورکیەین و تورکیەش ئێمەیەن. بەڕێز ئۆجەلان بێ ئەوەی وشەی کورد و کوردستان بهێنێ و بێ ئەوەی داوایەکی ڕووک و ڕوونی لە دەوڵەت دارانی تورک هەبێ خۆی بە تەوەری تێکڕای کێشەی کورد دادەنێ، ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی هەر سێ لایەن لانی کەم رێگەی گەڕانەوەیان ئاستەم بێ. لە دۆخێکی وا دایە، تیری شەڕخوازنەی دەوڵەتیی نیشانەکە دەئەنگێوێ و مەترسی هەمە جۆر بکەوێتە سەر کوردستان.
وەک لە سەرەوە کوتمان، شەڕ و پێکدانان خۆی کێشاوەتە هێندێک شار و ناوچەی کوردستان. لە جەزیرە، شەمزینان، ڤارتۆ، سیلوان، گەوەڕ… پەکەکە خۆسەری دێموکراتی ڕاگەیاندوە، لە هێندێک گەڕەکی ئەو شارانە رێکخستنەکانیان چاڵ و کەنداڵیان هەڵقەندوون، هاوکات شەڕ و تێکهەڵچوون و باری نا ئاسایی بە سەر ئەو شار و ناوچانە دا زاڵ کراوە. لە گەڵ ئەوەی، خەباتی کورد لە باکوور خەباتێکی ڕەواو و بەرگری مەشرووعە بەرامبەر بەو زمانە کوشت و بڕەی دەوڵەتیی ، بەڵام بە سەرنجدان بەوەی خەباتە سیاسەکە ڕووی دە ناوەند بێ و ڕیبەری ئەو بزووتنەوەیە داواو ویستەکانی هێندە لە خوارێ بن، ئەو هەوڵە هەڵەپڕووزەی پەکەکە بە دوور نییە ببیتە هۆی لێک پرینگانەوە و لە بەرامبەر یەکتر ڕاوەستانی سێ لایەنەکە.
شەڕێک کە ئەردۆغان خوازیاری بێ و مەترسی سوریەیی بوون لە باکووری کوردستان بکرێ، شەڕێکی سەپێنراو کە لە ئەگەری پەرەگرتن و لە گرێژنە چوونیی دا هیچ هێزێک نەتوانێ پێشی پێ بگرێ، ئەشێ بە شمشێری داموکلیس بۆ سەر ملی تورکیە و زەبری قورس بۆسەر باکوری کوردستان چاوی لێ بکەین. کەواتە؛ چما شەڕ؟ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی تورکیە و باکووری کوردستان بەشێکە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تورکیە دەمێکە تێیوە گلاوە، بەڵام هەرگیز کێشەی کورد لە باکوور بە شەڕ و وێرانی چارەسەر نابێ. باکووری کوردستان لە قۆناغی ئێستا بە خەباتی هەراوی نەتەوەیی چەندین میلیۆنی لە گۆڕەپانی شارەکان بە ئاکامی دڵخواز دەگات، شێوە خەباتێک کە ترسی زۆری لە دڵی ئەردۆغان و حاکمانی تورکیە دا دروست کردوە. شمشێری داموکلیس خەریکە کاری خۆی دەکات.
لە ژمارەی ٦٥٩ دا لە ژێر وتاری؛ «هەدەپە و حکوومەتی هاوپەیمانیی»، دەرفەتی ٤٥ ڕۆژەی پێکهاتنی ئەو حکومەتە لە ڕۆژی هەڵبژادنەوە دانرابوو، کەچی ئەو دەرفەتە لە ٩ی تەمووز دەستی پێکرد و ٢٣ی ئاگوست بە بێ پێکهاتنی حکوومەتی هاوپەیمانی کۆتایی هات. بە بۆنەی ئەو هەلەیە، داوای لێبوردن لە خوێنەرانی ڕۆژنامەی کو»ردستان» دەکەین.
لە ژماره ٦٦٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه