ئەرکی دادگاکان لە وڵاتان پاراستنی چه‌مک و به‌هاکان و هه‌روه‌ها پاراستنی نیشتمان له تاوان و پاراستنی مافی مرۆڤ و، ئه‌و ئازادییه بنچینهییانهیە که له یاسای بنه‌ڕه‌تی و به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا هاتوون. ئه‌گه‌ر یاسای نیشتمانی نه‌یتوانی ئه‌و پاراستنه بێنێته دی، ئه‌و کاته بوار بۆ یاسای نێوده‌وڵه‌تی دروست ده‌بێ که له پێناو پاراستنی کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و پاراستنی له تاوانه قورسه‌کانی وه‌ک ژینۆساید و تاوانه دژه‌مرۆییه‌کان و تاوانی جه‌نگ و تاوانی دوژمنکارانه ده‌ستوه‌ردان بکا. ئه‌و تاوانانه که‌سه‌کان ئه‌نجامی ناده‌ن به سیفه‌تی که‌سی یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تاکه‌که‌سی یان به پاڵنه‌ری تۆڵه‌کردنه‌وه هاوشێوه‌ی زۆرێک له تاوانه نێوخۆییه‌کان، به‌ڵکوو به ئامانجی بردنه‌پێشی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت یان ڕێکخراوێکی دیاریکراو ئه‌نجام ده‌درێن. به زۆری ده‌وڵه‌تانی نادێموکراتیک و ناخه‌ڵکی له چوارچێوه‌ی دادگای نیشتمانیدا ئه‌و هاووڵاتییانه‌یان ده‌پارێزن که ئه‌و تاوانه مه‌ترسیدارانه‌یان ئه‌نجام داوه. هه‌ر بۆیه کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و که‌مایه‌سییه هیچ ده‌ریچه‌یه‌کی نه‌بوو جگه له بنیادنانی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌و دادگایه وه‌ک ته‌واوکه‌رێک بۆ دادگای نێوخۆیی کار ده‌کا و ده‌ستێوه‌ردان ده‌کا کاتێک هه‌ست بکا ڕێوشوێنه‌کان و ڕێکاره‌کانی لێکۆڵینه‌وه و به تاوانناسین و دادگایی کردنی ئه‌و تاوانانه‌ی که هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و کار له ویژدانی مرۆڤایه‌تی ده‌که‌ن، به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ک ده‌ڕۆن که ببنه پارێزه‌ر بۆ تاوانباران.
به‌پێی ڕاپۆرته ڕۆژنامه‌وانییه‌کان و هه‌روه‌ها ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی که له ناوچه جۆراوجۆره‌کانی ئێران به‌شێوه‌ی وێنه و ویدیۆ له خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕینه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران بڵاو بوونه‌وه، پێشێلکاریی گه‌وره‌ی مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادییه بنچینه‌ییه‌کان دژبه خۆپیشانده‌ران ڕووی داوه. ئاشکرایه ئه‌و پێشێلکارییانه یا به شێوه‌یه‌کی ڕێکخراو و ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن ناوه‌نده ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ده‌وڵه‌ت و کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوون، یا به ڕه‌زامه‌ندی و له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌و ناوه‌ندانه‌دا جێبەجێ کراون. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌و ڕووداوانه‌دا به‌رپرسیاریه‌تیی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی و ئه‌و تاوانانه‌ی کردوویانە شی بکه‌ینه‌وه، ئه‌وا پێویسته سه‌ره‌تا بگه‌ڕێینه‌وه بۆ باس کردن له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه و مافی هاووڵاتییان بۆ خۆپیشاندان هه‌م له چوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌م له چوارچێوه‌ی یاسای نێوخۆیی ئێران‌دا.
ئازادیی کۆبوونه‌وه‌ی ئاشتییانه یه‌کێکه له مافه بنچینه‌ییه‌کانی مرۆڤ که ده‌کرێ له لایه‌ن تاکه‌کان و کۆمه‌ڵه‌کان و کیانه قانوونییه‌کان و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه تۆمار نه‌کراوه‌کان ئه‌نجام بدرێ. مافی کۆبوونه‌وه‌ی ئاشتییانه ده‌ورێکی گرینگی هه‌یه له گه‌شه‌کردنی ئاستی ڕۆشنبیری و پاراستنی بنه‌ما شارستانییه‌کان و له هه‌مان کاتدا مه‌سه‌له‌یه‌کی جه‌وهه‌رییه بۆ بنیادنانی کۆمه‌ڵگەیه‌کی مه‌ده‌نی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه.
له‌سه‌ر ئاستی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، پاراستنی ئازادیی ڕاده‌ربڕین پایه‌یه‌کی گرینگی دانپیانراوه و داوا له کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی واته ده‌وڵه‌ت و ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تی و جیهانییه‌کان کراوه، ڕێز له ئازادیی بیر‌و بۆچوون و ڕاده‌ربڕین بگرن. بۆ نموونه جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ گرینگیی به‌و بابه‌ته داوه، که سه‌نه‌دێکی گرینگی نێونه‌ته‌وه‌ییه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سیفه‌تی پێبهندکهری نییه بۆ ده‌وڵه‌تان، به‌ڵام له ئاستی جیهانیدا ده‌وڵه‌تان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به ڕێزگرتن له نێوه‌رۆکی و جێبه‌جێکردنی ماده‌کانی، پێگه‌ی شارستانیه‌ت و دێموکراسیی خۆیان بپارێزن.
له ماده‌ی (١٨)ی ئه‌و جاڕنامه‌یه‌دا هاتووه: “هه‌موو که‌سێک مافی ئازادیی بیر و ویژدان و ئایینی هه‌یه.“ هه‌روه‌ها له ماده‌ی (١٩)دا هاتووه: “هه‌موو که‌سێک مافی هه‌یه به‌ئازادی بیروڕای خۆی ده‌رببڕێ. ئه‌م مافه‌ش پێویستی به‌وه هه‌یه که هیچ که‌س له‌وه‌ی که بیروڕایه‌کی هه‌بێ نه‌ترسێ و نیگه‌ران نه‌بێ و، له وه‌دیهێنان و وه‌رگرتن و بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاری و بیروبۆچوون‌دا، ئازادانه و بێ له‌به‌رچاو گرتنی تێبینییه سنوورییه‌کان ده‌ستی به هه‌موو ئامرازێکی گونجاوی بیروڕا ده‌ربڕین و بڵاوکردنه‌وه ڕابگا.”
هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی ئاماژه‌یان پێکرا له ڕێککه‌وتننامه‌ی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌کانی کۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان که له ساڵی ١٩٦٦ ده‌رچووه دووباره بۆته‌وه. به‌و جیاوازییه‌ی که ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌یه پێچه‌وانه‌ی جاڕنامه، سیفه‌تی پێبهندکهری هه‌یه بۆ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی بوونه‌ته ئه‌ندامی و واژۆیان کردوه. ئێرانیش له وڵاتانی واژۆکه‌ری ئه‌و ڕێکه‌وتننامه‌یه‌یه و هه‌ر بۆیه ئه‌رکداره به ڕێزگرتن و پاراستن و کارکردن به‌و مافانه‌ی وا هاتووه له‌و ڕێکه‌وتننامه‌یه‌دا. ڕێکه‌وتننامه‌ی تایبه‌ت به مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌کان جه‌خت له سه‌ر پاراستنی مافی ژیان بۆ تاکه‌کان و به‌ره‌وڕوو نه‌بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌شکه‌نجه‌دان یان هه‌ڵسوکه‌وتی نامرۆڤانه و سزای توند ده‌کاته‌وه و هه‌روه‌ها مافی ئازادیی که‌سی و ئه‌منیه‌ت و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر کردنی زێده‌ڕۆیانه به مافێکی بێئهملا و ئه‌ولا ده‌زانێ. هه‌روه‌ها ئه‌و ڕێکه‌وتننامه‌یه پارێزه‌ره بۆ کۆمه‌ڵێک مافی په‌یوه‌ست به ئازادییه بنچیینه‌ییه‌کان، له‌وانه‌ش ئازادیی کۆبوونه‌وه‌ی ئاشتیخوازانه بۆ ده‌ربڕینی بیروڕا و دروستکردنی کۆمه‌ڵه و به‌شداریی سیاسی. له ماده‌ی ٢١ی ئه‌و ڕێکه‌وتننامه‌یه‌دا هاتووه: “مافی کۆبوونه‌وه‌ی ئاشتییانه دانپیانراوه و ناکرێ کۆت دابنرێ بۆ پیاده کردنی ئه‌و مافه، ته‌نیا ئه‌و کۆتانه نه‌بێ که به‌پێی یاسا ده‌سه‌پێنرێ و به‌شێکه له ڕێوشوێنی پێویست له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دێموکراتیک بۆ پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و، سڵامه‌تی گشتی و سیستمی گشتی و پاراستنی ته‌ندروستیی گشتی و دابونه‌ریتی گشتی و یان پاراستنی مافی که‌سانی تر و ئازادییه‌کانیان.”
که‌واته ده‌توانین بڵێین مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانه و ده‌ربڕینی بیروبۆچوون مافێکی بنچینه‌یی و دانپێدانراوه له به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی تایبه‌ت به مافی مرۆڤ و ئه‌وه‌ش ده‌لاله‌ته له ڕێزگرتن له مافی مرۆڤ و له تەعبیرکردن له خۆ و ڕوویه‌که له ڕوویه‌کانی دروستی موماره‌سه‌کردنی سیاسی.
ئێران وه‌ک ده‌وڵه‌تێک له‌نێو کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی، که پێبه‌ندیی خۆی به ڕێکه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌کان ده‌ربڕیوه، ده‌که‌وێته ژێر ئاسه‌واره‌کانی ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌یه که بریتین له پێبه‌ند بوون به نێوه‌ڕۆکی ڕێکه‌وتننامه‌که و له‌به‌رچاو گرتنیان له داڕشتنی یاسا نێوخۆییه‌کان. که ئه‌وه‌ش له یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئێران‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، که له ماده‌ی ٢٧دا ده‌ڵێ: “ئه‌نجامدانی کۆبوونه‌وه و ڕێپێوان به‌بێ چه‌ک ڕێگه‌پێدراوه، به‌و مه‌رجه‌ی که پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماکانی ئیسلام نه‌بێ.”
یه‌ک له تایبه‌تمه‌ندییه گرینگه‌کانی ئازادیی ڕاده‌ربڕین به‌پێی بنه‌ماکانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌یه که ڕێسا پارێزه‌ره‌کانی ئه‌و مافانه ڕێسای “امره“ن و به هیچ شێوه‌یه‌ک ناکرێ ده‌ستکاری بکرێن یان سنووریان بۆ دابنرێ و هیچ ڕێککه‌وتنێک بە پێچەوانەی ئەوان بێ له لایه‌ن وڵاتانه‌وه. به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و ڕێسایانه هه‌ر ده‌قێک له یاسا نێوخۆییه‌کاندا پێچه‌وانه‌یان بێ، ئه‌وا پووچه‌ڵه و هیچ ئاسه‌وارێکی یاسایی لێ ناکه‌وێته‌وه و غه‌یری ئه‌وه ده‌وڵه‌ت تووشی به‌رپرسیاره‌تیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌کاته‌وه.
هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێکرا له خۆپیشاندانه‌کانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌مساڵدا که خه‌ڵکی ئێران له زۆربه‌ی پارێزگاکان دژی بڕیاری گران کردنی بێنزین و سیاسه‌ته چه‌وسێنه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان، به‌توندی سه‌رکوت کران. به شێوه‌یه‌ک که سه‌دان هاووڵاتی گیانیان لێ ئه‌ستێنرا و به هه‌زاران که‌س ده‌ستبه‌سه‌ر کران و تا ئێستاش به‌شی زۆریان له گرتووخانه‌کان ڕاگیراون و شکه‌نجه ده‌کرێن. ئه‌و پێشێلکارییانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئاشکرای بنه‌ماکانی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه، له هه‌مان کاتدا پێچه‌وانه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی و یاسای سزادانی ئیسلامیی ئێرانیشه. واته لێره‌دا هه‌م له‌گه‌ڵ تاوانی دژه مرۆیی به‌ره‌وڕووین که بابه‌تی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه و هه‌م له‌گه‌ڵ تاوانی کوشتنی به ئانقه‌ست، ئه‌شکه‌نجه‌دان و بێڕێزی به که‌رامه‌تی ئینسانه‌کان که بابه‌تی یاسای نێوخۆیی یان هه‌مان یاسای سزادانی ئیسلامیه. (ماده‌ی ٢٩٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی).
که‌واته لێره‌دا به‌رپرسیاریه‌تیی تاوانکاری بۆ بکه‌رانی ئه‌و تاوانانه دێته کایه‌وه، هه‌م به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی که تاوانی دژه‌مرۆییه و له تایبه‌تمه‌ندیی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تییه و، له لایه‌کی تریشه‌وه پێشێلکردنی نێوه‌رۆکی یاسا نێوخۆییه‌کانه له‌وانه‌ش ئه‌و ڕێکه‌وتننامه‌ی ئاماژه‌مان پێدا که دوای په‌سه‌ندکردنیان ده‌بنه به‌شێک له یاسای نێوخۆیی و، هه‌روه‌ها نێوه‌رۆکی به‌رزترین یاسای وڵات واتە یاسای بنه‌ڕه‌تی پێشیل کراوه، وه‌ک ئه‌وه‌ی له ئه‌سڵی ٣٨دا قه‌ده‌غه‌ی هه‌ر جۆره شکه‌نجه‌یه‌ک ده‌کا و هه‌روه‌ها به‌پێی یاسای سزادانی ئیسلامی، ئه‌و کردارانه‌ی کراون به تاوان داده‌نرێن و سزایان له‌سه‌ره وه‌ک کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست و ئه‌شکه‌نجه‌دان و بێڕێزی به که‌رامه‌تی ئینسانه‌کان و زۆریک له‌و تاوانانه‌ی تر که ڕوویان داوه. ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه له تاوان له جێبهجێکەرهوه ده‌ست پێده‌کا تا ده‌گاته کاربه‌ده‌ستان و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌کداره‌کان و سه‌ره‌نجام ڕێبه‌ری سیستم، جا چ فه‌رمانی دابێ یان ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕیبێ به‌رامبه‌ر به‌و کرده‌وانه، که ئه‌وه‌ش به نیشانه‌ی ڕه‌زامه‌ندی وه‌رده‌گیرێ. هه‌روه‌ها ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌رحه‌ق به خوپیشانده‌ران کراون به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ده‌چێته خانه‌ی تاوانی دژه‌مرۆیی. به‌پێی پێناسه‌ی تاوانی دژه‌مرۆیی له نیزامی بنچینه‌یی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی (ئه‌ساسنامه‌ی ڕۆم)، هه‌ر کردارێک که به شێوه‌ی هێرشێکی چوارچێوه فراوان و ڕێکخراو، ده‌بێته مایه‌ی دروست بوونی تاوانی دژه‌مرۆیی. ئه‌ویش کرداره‌کانی وه‌ک (کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست، زیندانی کردن یان بێبه‌شکردن له ئازادیی جه‌سته‌یی به هه‌ر شێوازێکی تر، ئه‌شکه‌نجه‌دان، ده‌ستدرێژی کردن، یان هه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی تری نامرۆڤانه‌ی به‌ئه‌نقه‌ست که ببێته مایه‌ی ئازارێکی مه‌ترسیدار که بگات به جه‌سته یان ته‌ندروستیی ئه‌قڵی یان جه‌سته‌یی و …). هیچ که‌س ناتوانێ ئینکاری ئه‌وه بکا که ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران کراون، ڕێکخراو و پلانمه‌ند بووه، هه‌ر بۆیه ناکرێ وه‌ک تاوانێک که له ناکاو و له ئه‌نجامی هه‌ڵچوونێک ڕووی داوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێ. چ له ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌مجاره و چ له پێشووشدا شاهیدی هێرشی ناڕه‌وا و سیتماتیک بووین له لایه‌ن هێزه ئه‌منی و فه‌رمییه‌کانی تری حکوومه‌ت، که هێرشی ناڕه‌وایان کردۆته سه‌ر خۆپیشانده‌ران، که شێوازی به‌کارهێنانی ئه‌و هێزانه پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی تایبه‌ت به هه‌ڵسوکه‌وتی پۆلیس له‌گه‌ڵ به‌شداربووانی کۆبوونه‌وه و خۆپیشاندانه‌کان. یاسای نێوده‌وڵه‌تیی مافه‌کانی مرۆڤ رێگه نادا به به‌کارهێنانی هێز له لایه‌ن لایه‌نه‌کانی جێبه‌جێکردنی یاسا له‌نێو وڵاتێک‌دا، ته‌نیا له حاڵه‌تی پێویستیی زۆر نه‌بێ و له سنووری پێویستیی جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانیان نه‌بێ و ئه‌وه‌ش به پشت به‌ستن به ده‌قی ماده‌ی ٣ له ڕاگه‌یه‌نراوی ڕێسای هه‌ڵسوکه‌وتی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌رکدار به جێبه‌جێکردنی یاسا، که په‌سەند و بڵاو کراوه‌ته‌وه به‌پێی بڕیاری کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ساڵی ١٩٧٩. به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه به‌کارهێنانی هێز له حاڵه‌تێکدا پێویسته که مه‌ترسیی گه‌وره هه‌بێ له‌سه‌ر ئه‌منیه‌تی گیانیی خۆیان و خه‌ڵک و یان ئاسایشی نیشتمانی. ئه‌وه له کاتێکدایه ئه‌و مه‌رجانه هیچیان بوونیان نه‌بووه له ناڕه‌زایه‌تییه‌کاندا. زۆربه‌ی وڵاتان له کاتی ڕوودانی پێشێلکاری له کۆبوونه‌وه و ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕینی خه‌ڵکدا، پێشێلکه‌ران به‌ره‌وڕووی دادگای وڵات ده‌که‌نه‌وه و سزایان ده‌ده‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ئێران دیتمان نه ته‌نیا بکوژانی خه‌ڵک و به‌رپرسانیان سزا نه‌دراون، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه قوربانیان به ئاژاوه‌گێڕ و تێکده‌ر ناو ده‌برێن.
له وه‌ها دۆخێک‌دا که تاوانباران له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌پارێزرێن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ناکرێ، ئه‌وا پێویسته بۆ سزادانی تاوانباران مێکانیزمی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی بگیرێته به‌ر. ڕێوشوێنه‌کانی بردنی داوا بۆ به‌رده‌م دادگا بریتییه له به‌رزکردنه‌وه‌ی داوا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌ندام به‌پێی ماده‌ی ١٤ له ئه‌ساسنامه‌ی ڕۆم یان ئاراسته‌کردن به‌پێی ماده‌ی ١٣ له ئهساسنامهکه، له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به‌پێی فه‌سڵی حه‌وته‌م له میساقی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان. گرینگیی به‌رزکردنه‌وه‌ی داوا له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه ئه‌وه‌یه ئه‌ندام بوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له ئه‌ساسنامه‌ی ڕۆم که تاوانه‌کانی تێدا ڕووی داوه مه‌رج نییه. وه‌ک ئه‌و حاڵه‌ته‌ی ڕووی دا له که‌یسی عومەر به‌شیر سه‌رۆکی پێشووی سوودان له مه‌سه‌له‌ی دارفووری سوودان. ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێ ئه‌وه‌یه که به‌رزکردنه‌وه‌ی داوا به‌پێی ماده‌ی ١٣ و ١٤ی ئه‌ساسنامه به‌ته‌واوی ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتان و مافه‌کانی مرۆڤ ده‌بنه قوربانیی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان. هه‌ر بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه وه‌ک ده‌ریچه‌یه‌ک که بکرێ پشتی پێ ببه‌سترێ، بریتییه له سه‌ڵاحیه‌تی داواکاری گشتی له وه‌گه‌ڕخستنی ئه‌و جۆره په‌روه‌ندانه به‌پێی ماده‌ی ١٥ له ئه‌ساسنامه‌ی ڕۆم، که سه‌ره‌ڕای ئاڵۆزیی ڕێوشوێنه‌کانی بۆ قه‌بووڵ کردنی زانیارییه‌کان، به‌ڵام ده‌کرێ له ڕێگه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنراو و جێگه‌ی ئێعتبار و شاهیدی قوربانیان و تاوانلێکراوان و پێشکه‌ش کردنی بۆ ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه ناحکوومییه‌کانی موعته‌به‌ره‌کانی وه‌ک هیوومەن ڕایتس وۆچ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی و …، پێشێلکه‌رانی ئه‌و تاوانانه بدرێنه به‌رده‌م دادگا. لێره‌دا به‌رپرسیاره‌تی، ته‌نیا بکه‌رانی ئه‌و تاوانانه ناگرێته‌وه به‌ڵکوو هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه که فه‌رمانیان کردوه یان ڕه‌زامه‌ندییان ده‌ربڕیوه به ئه‌نجامدانی و به هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانن خۆیان له به‌رپرسیاره‌تی بدزنه‌وه یان بیانووی بۆ بهێننه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی ماده‌ی ٢٨ له ئه‌ساسنامه‌ی ڕۆم ئاماژه‌ی پێداوه. هه‌روه‌ها تێپه‌ڕبوونی کاتیش کاریگه‌ریی نییه له‌سه‌ر کۆتایی هاتنی ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه سه‌باره‌ت به‌و تاوانانه‌ی هاتوون که له ماده‌ی ٢٩ له ئه‌ساسنامه‌ی ڕۆم ئاماژه‌ی پێدراوه.
که‌واته ئه‌وه‌ی ڕووی داوه له ئێران له سه‌رکوتی خۆپیشاندانه‌کان که بریتین له تاوانه‌کانی کوشتن و ده‌ستبه‌سه‌رکردن و ئه‌شکه‌نجه‌دان و سه‌رکوتی ئازادییه بنچیینه‌ییه‌کانی مرۆڤ و به‌کارهێنانی زیاده‌ڕۆیی له به‌کارهێنانی هێز دژبه گه‌لانی ئێران، هه‌موویان تاوانن و سزایان هه‌یه به‌پێی یاسای نیشتمانی و نێوده‌وڵه‌تی و گرینگه بکه‌رانی سزا بدرێن.
***