“فه‌زای سایبێر” (Cyberspace) له واتادا به مانای کۆمه‌ڵێک پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کانه که به‌هۆی کۆمپیۆتێر و که‌رسته‌ی مخابه‌راتی به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی جوغرافیای فیزیکی، پێناسه ده‌کرێ. سیستمێکی ئانلاین میناکێکی فه‌زای سایبێرییه که به‌کارهێنه‌رانی ده‌توانن ده‌گه‌ڵ یه‌کتر پێوه‌ندی بگرن، به پێچه‌وانه‌ی که‌شی واقعی، له فه‌زای سایبێردا پێویست به جێگۆڕکێی فیزیکی نییه و سه‌رجه‌م که‌ره‌سه و ئامراز و کارکرده‌کان له ڕێگای داگرتنی قرته یا جووڵه‌ی ماوس پێک دێ؛ بۆ میناک پێوه‌ندی گرتن له ڕێگه‌ی ئیمهیل، واتس‌اپ یا … پێوه‌ندیی نێوان ئه‌و مرۆڤانه‌ی که پێشتر ته‌نیا به چه‌ند شێوه‌ی کورتی ڕاسته‌خۆ (ڕووبه‌ڕوو) و ناڕاسته‌وخۆ (تیڤی، ته‌له‌فۆن یا تێلگراف) بوو، به شێوازێکی زۆر جۆراوجۆر و به‌ربڵاوتری لێ کردووه. که‌شی پێوه‌ندییه‌کان جا چ حه‌قیقی چ مه‌جازی بۆ وه‌رگرتن و ده‌ست وێڕاگێشتنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگە به تێفکرینه سیاسییه‌کان و هه‌بوونی پارادایم گه‌لی ده‌رهه‌ست و به‌رهه‌ست ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌یه. له‌م نێوه‌دا و له به‌ستێنی چالاکییه‌کانی به‌ره‌و گه‌شه و پێشکه‌وتووی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک یه‌کێک له فاکته‌ره‌کانی گۆڕانی سیاسی، ڕاستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره.(1) ئێمه به گشتی له باسی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان یا فه‌زای سایبێردا ده‌توانین باسی “سۆشیال مێدیا” یا ڕاگه‌یاندنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان (رسانههای اجتماعی) و ڕایه‌ڵکه (ڕایه‌ڵه، تۆڕ) کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان (شبکههای اجتماعی) بکه‌ین.
Social mediaیا ڕاگه‌یاندنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، واتایه‌که بۆ که‌لکوه‌رگرتن له شوول هێنانی سه‌ربه وێب، ته‌له‌فۆنی هاوڕێ و ئه‌و ئامێر و که‌ره‌سانه‌ی که بۆ گوتوبێژ به‌کار دێن، ڕاگه‌یاندنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌توانن یه‌کێک بن له، لاپه‌ڕه‌کان، هۆڵی گوتوبێژ، وێبلاگه‌کان، میکرۆبلاگینک، ویکی، پادۆکستهکان، وێنه و ویدیۆ و … که له چوارچێوه‌ی ئاوانسێک له‌سه‌ر ڕه‌گی به‌شداریی کۆمه‌ڵگە ده‌ژمێردرێن.
له سه‌د ساڵی ڕابردوودا له هه‌موو جیهان ئه‌م ئامێر و که‌ره‌ستانه وه‌ک ڕاگه‌یاندنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نه‌خشی به‌رچاویان هه‌بووه بریتی بوون له: ڕۆژنامە، گۆڤار، وەرزنامە، ڕادیۆ، تەلەویزیۆن، ماهوارە، ویدیۆ، بێتێل (بێ سیم)، ته‌له‌فۆن و … هه‌روه‌ها له دانی په‌یامی چالاکی وه‌ک ڕاگه‌یاندنێکی بیستن و بینیی ڕاسته‌وخۆ، ڕابواردن و پشوو، نمایشی هونه‌ر، ڕووناکی ده‌ری و … ده‌وریان هه‌بووه و جێ په‌نجه‌یان دیاره ده‌توانین ئاماژه به سینەما، مۆسیقا، شانۆ، ئەدەبیات، نیگارکێشی و … بکه‌ین که ئه‌مانه زیاتر له کۆڕ، کۆبوونەوە، فستیڤاڵ، کۆنگرە و … خۆ‌یا بوونه.
له‌ساده‌ترین پێناسه‌دا، سۆسیال میدیا ئه‌و جۆره له میدیایه‌یه که چیتر خودى خۆى به ته‌نها قسه ناکا و، جیاواز له میدیا باوه‌کان وه‌ک ڕادیۆ و ته‌له‌ویزیۆن و میدیاى چاپکراو ڕێگه به خه‌ڵک ده‌دا ببن به به‌شێک له به‌هاى نێوه‌رۆکى ئه‌و زانیارییه‌ى، که سۆسیال میدیا بڵاوی ده‌کاته‌وه.
باوترین جۆرى ڕایه‌ڵکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیش له وڵاتی به‌ناو ئێران، فه‌یسبووک، تێلێگرام، ئینستاگرام و … . هه‌رچه‌ند به‌پێی یاسای بنه‌ڕەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌ندام بوون له ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان تاوان نییه به‌ڵام چونکه به‌شێک له‌و ڕایه‌ڵکانه فیلتێر کراون و ده‌رباز بوون له سیستمی فیلتێرینگ-یش به تاوانی سایبێر ده‌ژمێردرێ به‌مجۆره به‌ربه‌ست بۆ به ئه‌ندام بوونی ئازادیی خه‌ڵک زۆره، هه‌ر بۆیه‌ش ئامارێکی ڕاست و دروست له‌به‌ر ده‌ستدا نییه به‌ڵام ئاماژه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن زیاتر له ٤٥ ملیۆن که‌س له ئێران‌دا ئه‌ندامی ئه‌پلیکه‌یشێنی تێلێگرامن و زیاتر له ٢٠ ملیۆن که‌سیش فه‌یسبووک به‌کار دێنن، هه‌ڵبه‌ت له‌م نێوه‌دا سه‌یر ئه‌وه‌یه به‌رپرسانی باڵای ڕێژیمیش که‌لک له‌و پرۆگرامانه وه‌رده‌گرن! به‌ڵام وه‌ک لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان ده‌ڵێن، به‌ربڵاویی ڕایه‌ڵکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به ماناى ئه‌وه نایه‌ت زانیارییه‌کانى ئه‌و ڕایه‌ڵانه بابه‌تى بن، چونکه به‌شێکى زۆر له‌و په‌یجانه‌ى له ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا هه‌ن کۆپى میدیا باوه‌کانن به‌جۆرێک ئاسته‌مه بتوانین میدیایه‌کى باو بدۆزینه‌وه و خاوه‌نى په‌یجێکى خۆى نه‌بێ له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌گشتى و له فه‌یسبووکیش به‌تایبه‌تى.
ڕایه‌ڵکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان: واتا ڕایه‌ڵه‌یه‌ک به به‌شداریی تاکه‌کان، گرووپه‌کان و پێوه‌ندیی نێوانیان. تاک و ئه‌ندامه‌کانیان گرووپ گه‌لێک پێک دێنن و نزیکایه‌تیی نێوان ئه‌م خه‌ڵکانه وه‌ک هاوڕێیه‌تی، خزمایه‌تی، بازرگانی، حه‌زی هاوبه‌ش و … ئه‌م به‌شدارییه داده‌مزرێنێ. به زۆرتر بوونی ئه‌م دیارده‌یه ڕایهڵکهکانیش تێک چڕژاوتر ده‌بن و ده‌کرێ به ئانالیزی ڕایه‌ڵکه شیکاری و شرۆڤه بکرێ. ده‌سته‌واژه‌ی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان چه‌مکێکی نوێ نییه، مرۆڤه‌کان له سه‌ده‌کانی رابردوو که له ده‌وری ئاگر پاپۆتهیان ده‌به‌ست و بۆ یه‌کتر قسه و باس و چیرۆکیان ده‌گێڕاوه سه‌رقاڵی پێكهێنانی ڕایه‌ڵکه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بوون. کاتێک سه‌رکانی له لادێیه‌کان به‌یانان و ئێواران ده‌بووە جێگای کۆبوونه‌وه‌ی ژنان و کچان، ئه‌مه ڕایه‌ڵکه‌یه‌ک دروست ده‌بوو یا له حوجره‌کانا، دیوه‌خانی ئاغاکان، حه‌مامه‌کان، ته‌کیه و خانه‌قاکان گشتیان ئه‌و شوێنه بوون که به له ده‌وری یه‌ک کۆبوونه‌وه و لێک هاڵان ڕایه‌ڵکه و تۆڕیان (Network) له خۆیان پێک دێنا. به‌ڵام تشتێک که بۆته ئه‌وه‌ی که ئه‌م تۆڕانه زیاتر سەرنجیان بدرێتێ و که‌لکیان لێ وه‌رگیرێ، هاتنی که‌ره‌سته‌ی دیجیتاڵی و یارمه‌تیدانی به گه‌شه‌ی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه.
ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، کاتێک پێک دێن که:
١- کۆمه‌ڵێک گرێی پێوه‌ندیدار ده‌گه‌ڵ یه‌ک شه‌قل ده‌گرن.
٢- هه‌ر گرێیه‌ک، تاکێک، گرووپێک یا ڕێکخراوێکه.
٣- ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، به مانای پێشان دان و خوێندنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی نێوان ئه‌م گرێیانه و ڕه‌وتی زانست و زانیاریی نێوانیانه.
به‌پێی ئه‌و پێناسه گشتییه‌ی که له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان خستمانه ڕوو، هه‌ر بۆشاییه‌ک که به مه‌به‌ستی شه‌قل گرتن و خێرا کردن و هاسانکاریی گه‌شه‌ی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێک بێ، سرویسێکی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه که SNS ده‌گوترێ. ته‌نانه‌ت ده‌توانین ڕێکام (ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی) یا “ئێن جی ئۆ” کانیش وه‌ک باشترین میناک بۆ سرویسی گه‌شه‌ی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به ده‌وری بازنه‌یه‌کی تایبه‌ت و بابه‌تێکی دیاریکراو، باس بکه‌ین.(2)
ئێمه به بیستنی ده‌سته‌واژه‌ی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان (Social Network) یه‌کجێ سەرنجمان بۆ پله‌تفۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ک فه‌یسبووک، ئینستاگرام و نهرمامێرگهلی نامه‌به‌ری وه‌ک تێلێگرام و واتس‌اپ ده‌چێ. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێ هه‌م ڕایه‌ڵکه و هه‌مژی سازانی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رله له‌دایکبوونی و به‌ره‌وپێشچوونی تێکنۆلۆژی هه‌بووه و ده‌کرێ بڵێین ڕایه‌ڵکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی مرۆیی ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می ئه‌شکه‌وت نشینی و ڕاو و نێچیرڤانی، ته‌ک مرۆڤ بووه. ده‌رکی باشتری چه‌مکی رایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هۆکارێکه بۆ ئه‌وه‌ی که له پله‌تفۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی و دینامیکی باشتر تێبگه‌ین و که‌لکی لێ وه‌رگرین. به جۆرێکی تر ده‌کرێ بڵێین ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، کۆمه‌ڵێک له پارادایمی پێوه‌ندیی نێوان دوو یا چه‌ند ئه‌ندامن. ئه‌م پێوه‌ندییه به ئامانجی گۆڕینه‌وه‌ی زانیارییه‌کان و چاره‌سه‌ری پرسگه‌لێک، شکڵ ده‌گرن و به‌رده‌وام بوونی ڕادهییان هه‌یه. چونکه توێژه‌ران و ده‌روونناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی به باش ده‌زانن له واژه‌گه‌لێکی ڕێکتر که‌لک وه‌رگرن، بۆ وێنه به جێگای “ئه‌ندام” له ده‌سته‌واژه‌ی “کۆنێشگهر” (Actor) که‌لک وه‌رده‌گرن، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه پێمان ده‌ڵێ که ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ته‌نیا له نێوان مرۆڤه‌کان نییه و ده‌توانێ له نێوان کۆمه‌ڵێک مرۆڤ و کۆمپانی یا ڕێکخراوێک-یش بوونی هه‌بێ.
به باوه‌ڕی “کاستێڵز” ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌رهه‌می هاوڕایی بوونی سێ بوویه‌ری مێژووی سه‌ربه‌خۆن.
١- شۆڕشی زانیاری.
٢- نوێکردنه‌وه‌ی کارکردی سه‌رمایه‌داری و ئابووری به‌پشت به‌ستنی به‌رنامه‌داڕێژی.
٣- بزووتنه‌وه کولتوورییه‌کانی ده‌یه‌ی ١٩٦٠ی زایینی.
تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م کۆمه‌ڵگەیانه به ڕوانینی کاستێڵز به‌کورتی ئه‌مانه‌ن:
١- گه‌شه‌ی ئابووری؛ به‌جۆرێک که به‌رهه‌مهێنان و کێبەرکێی نێوان کۆمپانیاکان له هه‌موو کاتێک پتر پێویستی به زانست و زانیاری و تێکنۆلۆژیی نوێ بووه.
٢- ئابووریی جیهانی؛ به جۆرێک له جۆره‌کان چینی ژێره‌وه‌ی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به جۆرێک پێوه‌ندییه‌کی توندوتۆڵی ده‌گه‌ڵ ئابووریی جیهانی هه‌یه.
٣- چالاکیی ئابووری ڕایه‌ڵکه‌کان؛ ئه‌مجاره ڕایه‌ڵکه‌کان ئادگاری واقعیی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و هێدی هێدی تۆڕه‌کان ده‌باڵ خۆیاندا ده‌توێنه‌وه و به ڕیکلامی ئابووری و پرۆپاگه‌ندایی، ده‌گلێن.
٤- سیاسه‌ت له‌سه‌ر باڵی ڕایه‌ڵکه‌کان؛ لێره‌دا سیاسه‌تمه‌داره‌کان بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان له مه‌یدانی ده‌سته‌ڵات ناچارن ده‌ست به‌سه‌ر تۆڕه‌کاندا بگرن ئا لێره‌دایه کۆنترۆڵی ڕایه‌ڵکه‌کان خۆی ده‌رده‌خا.
له‌لایه‌کی تره‌وه گه‌شه و پێشکه‌وتنه‌کانی ڕایه‌ڵه گشتییه‌کان، گۆڕانکارییه‌کی زۆری له پێوه‌ندییه‌کان و ئاستی جۆراوجۆری کولتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و … پێکهێناوه. له‌م نێوه‌دا و جیا له‌و هه‌مووه کارکردانه‌ی ئینتێرنێت و ڕایه‌ڵه‌کان، له‌لایه‌ک زانیاریی سیاسیی تاکه‌کان ده‌باته بان و له‌لایه‌کی تریش ده پرسگه‌لی سیاسی‌یان وه‌رده‌دا.
کاتێک که به‌ستێنی گشتی قه‌پات ده‌کرێ و که‌شی سیاسیی کۆمه‌ڵگە ڕه‌وگیر ده‌کرێ، باس و خواستی سیاسی ده‌چته نێو کۆمه‌ڵگەی ڕایه‌ڵکه‌یی دیجیتاڵی و فه‌زای گوت‌وبێژی ئازادانه له‌نێو ده‌چێ، ناچار ئه‌م باس و پرسانه ده‌چنه قوژبنی ئامێره دیجیتاڵییه‌کان و پێوه‌ندیی نهێنیی کۆمه‌ڵگە ده‌گوورێ. هاندانی سیاسیی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک یه‌کێک له ئاڵۆزترین و چڕترین پێگه و سه‌نگه‌ری به‌رگرییه مه‌ده‌نییه‌کان، زۆربه‌ی دوای بێهیوایی له گوێ نه‌دانی ده‌سته‌ڵاتداران و پتانسیێلی یاسایی داواکارییه ڕەواکانی شارۆمه‌ندان و ویستی به‌شێک له خه‌ڵکی، گڕ ده‌گرێ. ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان شێوازێکی نوێن له کۆمه‌ڵگەی پێوه‌ندییه‌کان، ئه‌گه‌رچی گشتییه به‌ڵام به‌شێوه‌ی تاک به‌رهه‌م دێ و چێدهکرێ و کاریگه‌رییش داده‌نێ. ئه‌م دیارده‌یه له هه‌موو جیهاندا بووته که‌ره‌سته‌یه‌ک له خزمه‌ت به بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی (ڕێکام).
ئه‌م بزووتنه‌وانه بۆ گێشتن به ئامانجی خۆیان ده‌بێ له سێ بواردا توانیان هه‌بێ:
شکڵ دان به شوناسی گشتی و به قه‌ناعه‌ت گه‌یاندنی لایه‌نگرانی و به‌سیج کردنیان. ئه‌م بزاڤانه به کهلكوهرگرتن له تێکنۆلۆژیی نوێ ده‌توانن به‌هاسانی ئه‌م سێ ئامانجه بپێکن …
زۆرێک له‌و که‌سانه بەبێ ئه‌وه‌ی که یه‌کتر ببینن و بناسن ده‌توانن بیروڕا بگۆڕنه‌وه، وه‌ک یه‌ک بیر بکه‌نه‌وه و له ئاکام وه‌ک یه‌ک بجووڵێنه‌وه. به‌م پێیه، به په‌یام، دروشم و هزر، به شێوازێکی هونه‌ری و به وێنه، گرافیک، ده‌نگ و مۆسیقا چالاکیی سیاسی بکه‌ن. هه‌روه‌ها ڕایه‌ڵکه‌کان وه‌ک تاقیگه‌یه‌ک وان بۆ بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ڕێکخراوه‌کان که له‌وێدا هه‌م تواناییه‌کانی خۆیان هه‌ڵسه‌نگێنن هه‌میش بیکه‌نه ڕاگه‌یاندنێک بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و چالاکییه‌کانیان، به‌م جۆره تۆڕه‌کان هه‌ر ته‌نیا وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌کی سیاسی چاوی لێناکرێ به‌ڵکوو فه‌زایه‌کی سیاسییش ده‌خولقێنێ.
هه‌روه‌ها ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک لایه‌نێکی شاراوه‌ی کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی ئه‌م ده‌رفه‌ته ده‌داته بزووتنه‌وه‌کان و ڕێکخراوه‌کان که شێوازی نه‌ریتیی ناڕەزایهتییهکانی خۆیان، وه‌ک ڕێپێوان، مانگرتنه‌کان و دروشم و … هاسانتر بکا و له‌ته‌ک شێوازی نوێ پێک ببه‌ستێته‌وه. به‌م پێیه، ئه‌م بزووتنه‌وانه توانایی باشتریان ده‌بێ بۆ وه‌رگرتنی توێژی لاوی کۆمه‌ڵگە و ڕێکخستنیان له‌نێو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگەی گشتی.
له‌لایه‌کی تریشه‌وه یه‌کێک له خه‌ساره‌کانی جدیی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئه‌وه‌یه که ئه‌م که‌ره‌سانه هه‌ر ده‌توانن چۆنیه‌تیی هه‌ڵگیرسانی بزووتنه‌وه‌کان ڕێک بخه‌ن و ڕابگه‌هێنن، ئه‌وان ناتوانن به‌رنامه‌داڕێژی بکه‌ن و حکوومه‌ت به‌ڕێوه به‌رن یا دامه‌زراوه‌یه‌کی دێموکراتیک دامه‌زرێنن و کاری پێ بکه‌ن. “ئیونی موروزۆف” یه‌کێک له نووسه‌رانی گۆڤاری “فارین پالیسی” له‌سەر ئەم باوه‌ڕه‌یه که: “ئه‌وه‌ی که ده‌گوترێ ڕۆڵی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک فه‌یسبووک و تویتێر په‌رجوو ده‌که‌ن و کاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر ناڕەزایه‌تییه‌کان و ڕێپێوانه‌کان هه‌یه، جۆرێک “ئارمانگه‌رایی سایبێری”ـیه.” ئه‌و له سه‌رده‌می خۆپیشاندانه‌کانی توونێس له‌سه‌ر سایته‌که‌ی خۆی ڕاگه‌یاند، تویتێر و فه‌یسبووک ڕۆڵێکی ئه‌وتۆیان له ڕه‌وتی خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵکی نییه و ئه‌م شۆڕشه به‌بێ بوونی ئه‌و ڕایهڵکانهش هه‌ر ده‌کرا. (ئه‌و قسه‌یه منی وه‌بیر شۆرشی ١٣٥٧ی گه‌لانی ئێران خسته‌وه هه‌ڵبه‌ت زۆر شۆڕشی تریش که ئه‌وکات ئه‌م پله‌تفۆرم و که‌ره‌سه و ئامێرانه هه‌ر نه‌بوون).(3)
شه‌پۆلی به‌ربڵاوی ناڕەزایهتییهکانی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١١ ڕۆڵێکی به‌رچاوی له په‌ره‌دان به زانیاری و پێوه‌ندییه‌کان، زیاتر له ڕابردوو ئاشکرا کرد. ته‌وژمی ئه‌م کاریگه‌رییانه له جیهاندا هه‌ستی پێکرا و وڵاتانی گه‌شه بوو و له‌حاڵی گه‌شه هه‌رکام به شێوه‌یه‌ک که‌وتنه به‌ر پلاری ئه‌م دیارده‌یه. شۆڕشهیلی وڵاتانی عەره‌بی له ئاکامی گوورانی به‌رین و نوێی ناڕەزایهتییه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی سه‌ریان هه‌ڵدا که به یارمه‌تیی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕێکخستنی ئه‌م پێواژۆیانه خێراتر و هاسانتر به‌ڕێوه چوون.
ساڵی ٢٠١١ له میسر که‌مپینێک له فه‌زای فه‌یسبووک به ناوی “بزووتنه‌وه‌ی لاوانی ٦ی ئاوریل” بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌یان هه‌زار که‌س به خۆپیشاندان و ناڕەزایهتی به ده‌نگ ئه‌م بانگه‌وازه‌وه هاتن و به‌دژی حکوومەت له ده‌وری یه‌ک کۆ بوونه‌وه. به‌پێی ئاماری وەزاره‌تی پێوه‌ندییه‌کان و فه‌ناوه‌ریی میسر ئه‌م وڵاته زیاتر له 17 ملیۆن به‌کارهێنه‌ری ئینتێرنێت هه‌یه (هه‌تا فێورییه‌ی ٢٠١٠). ئه‌م ئاماره به به‌راورد ده‌گه‌ڵ ساڵی ٢٠٠٠ به‌ره‌وپێش چوونی ٣٦٩١ له‌سه‌تای هه‌بووه که ته‌نیا ٤٥٠٠٠٠ که‌س له ئینتێرنێت که‌لکیان وه‌رده‌گرت. جیا له‌مه له ساڵی ٢٠١٠ دا زیاتر له ٤ ملیۆن که‌س فه‌یسبووکی هه‌بووه هه‌روه‌ها ١٦٠٠٠٠ وێبلاگ نووسیان هه‌بووه که له‌سه‌دا سی بابه‌تی سیاسی‌یان تێدا باس ده‌کرد.(4)
بابه‌ت و نێوئاخنی به‌شی هه‌ره زۆری به‌کارهێنه‌ران و ئه‌ندامانی ئه‌م ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییانه که به‌گشتی لاو، شاری و خوێنده‌وار بوون به ته‌واوی ده‌گه‌ڵ ئاڵۆزییه‌کانی نێو میسر و یه‌که‌م ناڕەزایهتیی دژه‌ده‌وڵه‌تی له مانگی ژانوییه که دواتر که‌مپینێکی زۆر مه‌زنتری خه‌ڵکی به‌دژی حکوومەتی لێ که‌وته‌وه، پێوه‌ندیی هه‌بوو.
چوونه ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بۆ نێو هه‌ناوی ناڕەزایه‌تییه‌کان دوو کاردکری گشتیی هه‌بوو:
١- ڕێکخستنی ناڕەزایه‌تییه‌کان.
٢- ناردنی هه‌واڵه‌کان، له‌وانه ویست و داخوازییه‌کانیان بۆ حکوومەت و هه‌موو جیهان.
به‌پێی ڕاپۆرته‌کان، فه‌یسبووک له‌و قۆناغه‌دا لانیکه‌م له خێرایی بڵاو کردنه‌وه‌ی زانیارییه‌کاندا وه پێش هه‌واڵده‌ریی به‌هێزی “ئه‌لجه‌زیره” که‌وتبوو. له به‌رامبه‌ردا کۆنترۆڵی وڵاتانی عەره‌بی به‌سه‌ر فه‌زای ئینتێرنێتدا زۆر لاواز بووه به‌جۆرێک هه‌وڵیان دا به‌گشتی ئه‌و هێڵه بپچڕێنن. ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ش نیشانی دا که ده‌وڵه‌تان ناتوانن له جیهانێکدا به‌و هه‌مووه جۆربهجۆرییهی که‌ره‌سه‌کانی پێوه‌ندی گرتن پێش به بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیارییه‌کان بگرن، چونکه له به‌رامبه‌ردا به‌کارهێنه‌رانی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئه‌مجاره به پشت به‌ستن به زانستی پرۆکسی (دژه فیلتێر، فیلتێرشکێن) و جۆره‌ها ئه‌پلیکه‌یشێنی تر، هه‌وڵه‌کانی حکوومەتیان بێکاریگه‌ر کرده‌وه.
ڕووداوه‌کانی ساڵی ٢٠١١ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ئه‌وه‌ی سه‌لماند که ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌توانن وه‌ک ڕه‌وتێک له چه‌مکی کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی بۆ هاوکاری و یارمه‌تیدانی بزاڤه‌کان که‌لکی لێ وه‌رگیرێ و هاسانکاری بکا بۆ ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی (ڕێکام). هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش ده‌بێ بزانین کاریگه‌ریی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له کۆ کردنه‌وه و ڕێکخستنی ناڕەزایهتییه به‌ربڵاوه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی له ناوچه‌یه‌ک بۆ ده‌ڤه‌رێکی تر و له پێکهاته‌یه‌کی سیاسی هه‌تا به‌ستێنێکی سیاسیی تر جیاوازه.
له به‌فرانباری ساڵی ١٣٩٦ تێلێگرام ڕێک ئه‌و ڕۆڵه‌ی بۆ ڕێکخستن و به‌رچاو ڕوونی ناڕەزایه‌تییه‌کان له شاره‌کانی مهشهد، که‌ره‌ج، تاران، ئیسفه‌هان و … گێڕا که تێدا خه‌ڵک به‌دژی زوڵم و گرانی له ڕاده‌به‌ده‌ر له شه‌قامه‌کان هه‌ڵوێستیان گرت. جارێکی تریش له سه‌رماوه‌زی ئه‌مساڵ (١٣٩٨) قۆناغێکی تر له ناڕەزایهتییه به‌ربڵاوه‌کانی خه‌ڵکی ئێران به پاساوی گران بوونی بێنزین ده‌ستی پێکرده‌وه که له‌م نێوه‌دا ڕۆڵی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئه‌وه‌نده پڕکاریگه‌ر بوو که حکوومه‌ت ناچار بوو، سه‌رجه‌م هێڵه‌کانی ئینتێرنێت بپچڕێنێ!
که‌وابوو به‌و ئاکامه ده‌گه‌ین که ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان وه‌ک ڕه‌وتێکی کاریگه‌ر و به‌رچاو ڕۆڵی هه‌رزان و ئاسانی کەرەسەی پێوه‌ندییه‌کانی کۆمەڵگەی مەدەنی ده‌گێڕێ بۆ بانگەشەی چالاکییەکان، ڕێکخستن، ئاگاداریی جیهانی و بڕه‌ودان به به‌رز بوونه‌وه‌ی ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تیی سیاسی لە جیهانی مۆدێرندا هه‌یه.
ژێدەر:
1) کرمی، هاشم، فرصتها و تهدیدات فضای سایبری برای جنبش کُرد، گۆڤاری پۆلیتیا، سالی دووه‌م ژماره 31
2) مدل توسعه مهارتهای من، سایت متمم
3) نقش شبکه های اجتماعی در انقلاب مصر دکتر بیانی – صدیقه حمیدی پايگاه تخصصي مطالعاتي INPO
4) استیپانوف ایکاترینا (پژوهشگر موسسه اقتصاد جهانی و روابط بین الملل در مسکو).ترجمه و تلخیص: مرتضی چرخزرین / منتشر شده در نشریه همگام