كۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌ك سیسته‌مێكی سیاسیی ناته‌با له‌گه‌ڵ پڕه‌نسیپه دێموكراتیكه‌كان له ئاست شارۆمه‌ندان له لایه‌ك و هه‌روه‌ها دژبه‌ری ته‌ناهی و ئاسایشی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی له لایه‌كی دیكه، لەمێژ ساڵە تووشی قه‌یرانی ڕه‌وایی بۆته‌وه. ئه‌و قه‌یرانه له ئاستی نێوخۆدا به‌ره‌وڕووی ڕه‌خنه و توانجی جۆراوجۆر هه‌م له لایه‌ن گه‌لانی بنده‌ست و هه‌م ته‌نانه‌ت له لایه‌ن جیابیرانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست بۆته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌و وتاره‌دا دەخرێتە بەرباس لایه‌نی ده‌ره‌كیی ئه‌و قه‌یرانه‌یه، به‌و مانایه‌ی ڕوانینی ڕۆژئاوا‌و به تایبه‌ت ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئا‌مریكا له سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامییه؛ بێئه‌وه‌ی گرینگی به پێوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات به هاووڵاتیان بدرێ. به واتایەکی دی ونبوونی گوتاری مافی مرۆڤ و مافی كه‌مینه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كیی به‌رده‌وام بوونی ڕێژیمه دیكتاتۆڕهكانه له پێشێلكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. هه‌روه‌ك دواتر و لە درێژەی وتارەکەدا باس دەکرێ ئاسته‌نگی سه‌ره‌كیی ئه‌و شێوه ڕوانینه‌ش گوێنه‌دانی ڕۆژئاوایه به خواستی هاووڵاتیان له نێوخۆی ئێران‌دا.
بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە ئه‌وه‌ی زیاتر ئا‌مریكا و ڕۆژئاوا و هاوپهیمانهكانیانی نیگه‌ران كردوه، به‌رله هه‌ر شتێك به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێرانه كه نزیك بیست ساڵه بۆته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ململانێ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا و ده‌كرێ بڵێین گرێكوێره‌ی سه‌ره‌كیی جووڵه دێمۆكراسیخواز و ئازادیخوازه‌كانی نێوخۆی ئێران بووه. ئه‌و وتاره هه‌وڵ ده‌دا وڵامی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه ئاخۆ سیاسه‌تی ئێستای ده‌وڵه‌تی ئا‌مریكا وه‌ك كاریگه‌رترین لایه‌نی ململانێ له‌گه‌ڵ ئێران بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی چییه و ئه‌و سیاسه‌ته تا چ ڕاده‌یه‌ك توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتوو بێ، یان له داهاتوودا چه‌نده شانسی سه‌ركه‌وتنی هه‌یه؟
دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی ئا‌مریكا ئامانجه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران له ڕێككه‌وتنێكی گشتگیری نوێ‌دا (وه‌ك ئالترناتیڤی به‌رجام) كورت كردۆته‌وه كه نێوه‌ڕۆكه‌كه‌ی گۆڕینی سیاسه‌تی ئێرانه له سێ ته‌وه‌ردا، كه بریتین له: چاره‌سه‌ركردنی كهمایهسییهكانی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی (به‌رجام)، سنووردار كردنی به‌رنامه‌ی مووشه‌كی و گۆڕینی هه‌ڵسوكه‌وتی ئێران كه هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ته‌ناهی و سه‌قامگیری لە ناوچه و جیهاندا.
ستوونی سه‌ره‌كیی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی ئا‌مریكا بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه سه‌پاندنی سزای ئابوورییه به سه‌ر ئێران‌دا، كه به باوه‌ڕی ترامپ ده‌بێته هۆی ڕاكێش كردنی ئێران بۆ سه‌ر مێزی وتووێژ و پێمل كردنی به ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. ترامپ پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆكه‌كانی پێش خۆی كه زۆر جار بژارده‌ی سه‌ربازییان وه‌ك هه‌ڕه‌شه وه‌بیر ئێران ده‌هێنایه‌وه، سه‌لماندوویه‌تی كه ته‌نیا بیر له سزای ئابووری ده‌كاته‌وه.
سزا ئابوورییه‌كان یه‌كێك له شێوازه كاریگه‌ره‌كانی سزای نێوده‌وڵه‌تین كه سروشتی ناسه‌ربازییان هه‌یه و به‌كار دێن بۆ چاره‌سه‌ری ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پاراستنی ئاشتی و هێمنایه‌تیی جیهانی و كۆتایی هێنان به پیشێلی ڕێساكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌و سزایانه پێگه‌یه‌كی گرینگ‌یان هه‌یه له سیسته‌می سزای نێوده‌وڵه‌تیدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێش بە به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی دەگرن و له هه‌مان كاتدا زۆر جار بوونه‌ته هۆی وه‌دیهێنانی ئه‌نجامی ویستراو. هه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌و لایه‌نه ئه‌رێنیانه‌ی ئاماژه‌یان پێكرا، سزای ئابووری لایه‌نی نه‌رێنیشی هه‌یه. وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بێته مایه‌ی پێشێل كردنی مافه‌كانی مرۆڤ و هه‌روه‌ها زیان به وڵاتانی تریش ده‌گه‌یه‌نن به‌هۆی پابه‌ندبوونیان به جێبه‌جێ كردنی سزاكان. ئه‌و ده‌ره‌نجامه نه‌رێنیانه‌ی كه له سزا ئابوورییه‌كان ده‌كه‌وێته‌وه، وایكردوه كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی بكه‌وێته به‌رده‌م دوو بژارده:
_ گۆڕانكاری له سیاسه‌تی پاراستنی ئاشتی و هێمنایه‌تی
_ گۆڕینی شێوازه‌كانی وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه
سزا له ساده‌ترین پێناسه‌دا بریتییه له گرتنه‌به‌ری هه‌ندێ ڕێوشوێن به ئامانجی سنووردار كردنی هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌وڵه‌تێك یان ڕێژێمێكی سیاسی، كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌تێك یان كۆمه‌ڵه ده‌وڵه‌تێك یان شووڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ده‌سه‌پێنرێ تا ده‌وڵه‌تی سزادراو واز له‌و پێشێلكارییانه بێنێ كه بوونه‌ته هۆی لادان له بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. یه‌كێك له گرینگ‌ترین سزاكانیش بریتییه له سزای ئابووری، كه دوو شێواز له‌خۆ ده‌گرێ:
_ سزای ئابووریی گشتگیر، کە بریتییه له سنووردار كردنی پێوه‌ندیی بازرگانی، دیپلۆماسی یان هه‌ر پێوه‌ندییه‌كی تر كه ببێته هۆی زیان گه‌یاندن به‌و به‌رپرسانه‌ی كه كرداری قه‌ده‌غه‌كراویان ئه‌نجام داوه و هه‌روه‌ها هاووڵاتیان. وه‌ك ئه‌و سزا ئابوورییانه‌ی ئا‌مریكا له نۆڤامبری 2018دا سهپاندویه به‌سه‌ر كه‌رتی وزه‌ی ئێران‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌و سزا گشتگیره‌ی شوورای ئەمنیەتی نەتەەوە یەکگرتووەکان دژی عێراق ڕه‌چاوی كرد له‌دوای هێرشی ئەم وڵاتە بۆ سه‌ر كوه‌یت.
_ سزای زیره‌ك، كه ته‌نیا به سه‌ر به‌رپرسان و ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕیار دروست ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانه‌كانیاندا، ده‌سه‌پێنرێ و ته‌نیا كه‌رتی تایبه‌ت ده‌گرێته‌وه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاووڵاتیان سنووردار ده‌بێ. ئه‌و شێوازه له جێبه‌جێ كردنی سزای ئابووری تا ڕاده‌یه‌كی زۆر نوێیه و، پاش ئه‌وه ده‌ركه‌وت كه سزای گشتگیری ئابووری بۆ سه‌ر عێراق بووه هۆی برسی كردنی بەربڵاوی هاووڵاتیان كه ناتەبا بوو له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ و؛ هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه بۆوە. هه‌روه‌ها له سزا زیره‌كه‌كاندا ده‌توانین ئاماژه بكه‌ین به بڕیاری وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئا‌مریكا له 2018دا كه سزای به‌سه‌ر وه‌زیری داد و ئه‌منی نێوخۆی توركیه‌دا سه‌پاند له كه‌یسی ده‌سبه‌سه‌ر كردنی قه‌شه بڕانسۆنی هاووڵاتیی ئامریكایی.
سزای زیره‌ك یان ئامانج دیاریكراو ده‌ره‌نجامی تێپه‌ڕین له‌و ئاسته‌نگانه‌یه كه ئاماژه‌مان پێكرد، واته به‌دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌و كهمایهسییانه هاته گۆڕێ كه له سزا ئابوورییه گشتگیرهكاندا به‌دی كرا. لێره‌دا نوخبه‌یه‌كی دیاریكراو به ئامانج ده‌گیرێ كه به‌شداره له دروست كردنی بڕیاردا و پێشێلكه‌ری ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه، نه‌ك هاووڵاتیان. ئه‌و جۆره سزایه گۆڕانكارییه له ستڕاتیژیی سزا ئابوورییه‌كان سه‌ره‌ڕای پاراستنی بنچینه یاساییه‌كه‌ی، كه هه‌مان ملكه‌چ كردنی لایه‌نی سزادراوه به ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. به ده‌ربڕینێكی تر سزای زیره‌ك سروشتێكی ئامانجدارتری هه‌یه له سزای ئابووریی گشتگیر و به سه‌ر ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌دا ده‌سه‌پێنرێ كه ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌رپرسیارن له پێشێلكارییه‌كان. هه‌روه‌ها سزای زیره‌ك سروشتێكی جیاكارییانه‌ی هه‌یه و بڕیارده‌ر و بڕیار له‌سه‌ردراو لێك جیا ده‌كاته‌وه و به‌و شێوه‌یه ته‌بایه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤدا.
سزای زیره‌ك شێوازی جۆراوجۆری وه‌ك ڕێگری له سه‌فه‌ری لایه‌ن و كه‌سانی دیاریكراو، ڕێگری له كڕینی چه‌ك، ڕێگری له بازرگانیدا و هه‌روه‌ها سزای دارایی له‌خۆ ده‌گرێ، له كاتێكدا سزای ئابووریی گشتگیر بریتییه له په‌راوێز خستن، گۆشه‌گیر كردن و ئابلۆقه‌ی ئابووری. سزای ئابووریی گشتگیر كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر ئابووریی ده‌وڵه‌تی به‌ئامانج گیراو، به پێچه‌وانه‌ی سزای زیره‌ك كه هه‌م كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه وه‌ك ڕێگری بازرگانی و سزای دارایی، هه‌م به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ كار له سه‌ر ئه‌و وڵاته ده‌كا وه‌ك ڕێگری له كڕینی چه‌ك و ڕێگری له سه‌فه‌ری كه‌سانی به‌ئامانج گیراو.
به دوای هاتنه‌ده‌رێی تاكلایه‌نه‌ی ئا‌مریكا له ڕێككه‌وتنی به‌رجام، كۆماری ئیسلامی به‌ره‌وڕووی سزای جۆراوجۆری ئابووری له هه‌ر دوو جۆری گشتگیر و زیره‌ك بۆوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سزاكانی ئا‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران قورسن و بواری جۆراوجۆری وه‌ك كه‌رتی وزه و بانك و … له‌خۆ ده‌گرێ، به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی زیاتر له ساڵ و نیوێك (دوای ده‌رچوونی ئه‌مریكا له به‌رجام) به سه‌ریاندا تا ئێستا ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه. واته ئه‌و ئامانجانه‌ی كه ئا‌مریكا له پێناویان‌دا سزای به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاندوه وه‌ك پێمل كردنی ئێران به ڕێككه‌وتنێكی نوێی ئه‌تۆمی، ده‌ستێوه‌رنه‌دان له كاروباری وڵاتانی ناوچه، وازهێنان لە پشتیوانیی تیرۆریزم، ڕێگری له په‌ره‌دان به پڕۆژه‌ی مووشه‌كی، نه‌هاتوونه‌ته دی.
لاوازیی ستراتیژی ئا‌مریكا لەسەر فراوانخوازییه‌كانی ئێران هۆكاری جۆراوجۆری هه‌یه، له‌وانه:
یەکەم، مانه‌وه‌ی پێنج لایەنەکەی تر له ڕێككه‌وتننامه‌ی به‌رجام سه‌ره‌ڕای كشانه‌وه‌ی ئا‌مریكا بووه هۆی دروستبوونی كه‌لێن له نێوان ئا‌مریكا و زلهێزه‌كانی تر. به‌و هۆیه‌وه فشاری ئا‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران له شێوه‌ی سزای ئابووریدا، سزایه‌كی تاك لایه‌نه‌یه و كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی به ته‌واوی پێوه‌ی پابه‌ند نییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و واقیعه‌ی كه هێزی ئابووریی زه‌به‌لاحی ئا‌مریكا زۆر لایه‌نی ناچار به پابه‌ندبوون به‌و سزایانه كردوه. له هه‌مان كاتدا بوونی ئه‌و كه‌لێنه وایكردوه هیندێك له وڵاتان هاوكاریی ئێران بكه‌ن و بۆ وێنه ئورووپاییه‌كان هه‌وڵیكی زۆریان داوه میكانیزمی جێگره‌وه‌ی سوئیفت بۆ مامه‌ڵه داراییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
دووهەم، سزاكانی ئه‌مریكا له سه‌ر كه‌رتی وزه‌ی ئێران له ستراتیژیی ئا‌مریكا به‌رامبه‌ر ئێران‌دا، گرینگیه‌كی زۆریان هه‌یه. له به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وت و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان 70 له سه‌دی كۆی هه‌نارده‌ی ئێران پێك دێنن. له كاتێكدا ئه‌مریكا له ڕێگری كردن له هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران‌دا تووشی ئاسته‌نگ بۆته‌وه وه‌ك پێمل نه‌بوونی هێندێك له وڵاتانی نه‌یاری ئه‌مریكا، فراوان بوونی سنووری ئاویی ئێران و گۆڕینی كه‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌كان له ڕێڕهوهكاندا یان كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئاڵای وڵاتانی تر له سه‌ر نه‌وت هه‌ڵگره‌كانی و سه‌ره‌نجام كاریگه‌ریی ئێران له سه‌ر نرخی جیهانیی نه‌وت وایكردوه ئا‌مریكا ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی بۆ پێكهێنانی هاوسه‌نگی له نرخی نه‌وت بكه‌وێته ئه‌ستۆ.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئامریكاییه‌كان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه سیاسه‌ته‌كانیان به‌رامبه‌ر ئێران توانیویه‌تی پاشه‌كشه به زێده‌ڕۆییه‌كانی ئێران له لوبنان و سووریه و وڵاتانی ناوچه بكا، به‌ڵام ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی ناوچه پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ. هۆكاری سه‌ره‌كیی وەڵام نەدانەوەی سیاسه‌تی ئا‌مریكا له هه‌مبه‌ر پێناسه‌كردنی سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كه‌یه. سیاسه‌تی زێده‌خوازانه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ناوچه و هه‌وڵدان بۆ خۆ پڕچه‌ك كردن و ده‌سڕاگه‌یشتن به چه‌كه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان، ده‌ره‌نجامی دهسهڵاتداریتیی ڕێژیمێكی دیكتاتۆریی نابه‌رپرسه. واته سروشتی ئه‌و كێشه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا جۆری سیستمی سیاسییه له ئێران‌دا كه بۆته مایه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی نابه‌رپرسانه له ده‌ره‌وه‌ی ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چ له ئاستی ناوخۆ و چ له ئاستی ده‌ره‌كی. ئه‌گه‌ر بێتوو ئامانجی ئا‌مریكا و كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له بایه‌خدان به چه‌كی ئه‌تۆمی بگۆڕدرێ بۆ بایه‌خدان به بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی گه‌لانی ئێران له پێناو گه‌یشتن به ئازادی و دێمۆكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ، ئه‌وا ده‌توانرێ كاریگه‌ریی به‌رهه‌ستی لێ بكه‌وێته‌وه.