مێژوو پڕه له كاره‌ساتی گه‌وره‌ی مرۆڤه‌كان دژی یه‌كتر. دابه‌شبوونی دانیشتووانی گۆی زه‌وی به‌سه‌ر ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه و عێل و عه‌شیره‌ی جیاوازدا به درێژایی مێژوو شه‌ڕ و كوشتاری گه‌وره‌ی لێ كه‌وتۆته‌وه كه تیایاندا زۆر جار به هه‌زاران كه‌س بوونه‌ته قوربانیی مه‌زنیخوازیی گرووپه مرۆییه جیاوازه‌كان. هه‌رچه‌ند ژینۆساید یان كۆمه‌ڵكوژیی ئامانجدار وه‌ك ده‌سته‌واژه‌یه‌كی مافه‌كی له نێوه‌ڕاسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا سه‌ری هه‌ڵدا و له ئاستی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیدا بایه‌خی پێدرا و سه‌ره‌نجام له چوارچێوه‌یه‌كی یاساییدا گونجێنرا، به‌ڵام له كرده‌وه‌دا مێژوویه‌كی زۆر دوورتری هه‌یه. لێره‌دا گرووپێكی مرۆیی به‌هۆی ناسنامه‌ی ڕه‌گه‌زی، ئایینی، ئایینزایی، ئیتنیكیی جیاوازه‌وه ده‌كه‌ونه به‌ر هێرش و هه‌وڵی له‌نێو چوونی گرووپێكی تر. زێده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێین یه‌ك له هۆكاره هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی شه‌ڕی جیهانیی دووه‌م سه‌رهه‌ڵدانی مهزنیخوازییهكی زیاتر ئاڵمانییانه و له پله‌ی دواتر ئیتالیایی و ژاپۆنی بوو، كه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كاره‌ساته‌كانی مێژووی مرۆیی لێ كه‌وته‌وه.
یه‌كێك له كۆمه‌ڵكوژییه گه‌وره‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌نییه‌كان و ڕاگواستنی زۆره‌ملییان به ئامانجی له‌نێو بردنیان بوو كه له لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه کرا و تیایدا نزیكه‌ی یه‌ك میلیۆن و نیو ئه‌رمه‌نی قڕ كران.
به‌فه‌رمی ناسینی ژینۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌كان له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئامریكاوه پاش نزیك سه‌د ساڵ له‌و ڕووداوه، كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ی گرینگی تێدایه كه ده‌توانێ بۆ گه‌لی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان سه‌رنجڕاكێش و ڕێنوێن بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد له هه‌موو به‌شه‌كان له قۆناغی جیاوازدا ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی له لایه‌ن گه‌لانی ده‌وروبه‌ری بۆته‌وه. به‌و هۆیه‌ی ئامانج له هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییانه له‌نێو بردنی گه‌لی كورد و سڕینه‌وه‌ی فیزیكی و ناسنامه‌یی بووه و له هه‌مان كاتدا به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو و پلان بۆ داڕێژراو له لایه‌ن دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌وه کراوه، هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییانه به ژینۆساید ئه‌ژمار ده‌كرێن. ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه باسی بكه‌م ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه به تایبه‌ت له ساڵانی دوای شۆڕشی 57 نموونه‌یه‌كی به‌رهه‌ستی ژینۆسایدن كه هه‌م كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی، خۆی لێ گێل كردوه و هه‌م گه‌لی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان كه‌متر هه‌وڵی به‌ڵگه‌مه‌ند كردنی داوه كه بشێ له داهاتوودا بۆ سه‌لماندنی مافه‌كانی كه‌لكی لێ وه‌ربگرێ.
بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه ئایا كوشتاره‌كانی سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامی له كوردستان ده‌چنه خانه‌ی ژینۆسایده‌وه، ته‌نیا پێویستیمان به‌وه‌یه پێوه‌ره حقووقییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌و كاره‌ساتانه بگرین كه له ناوچه جۆراوجۆره‌كانی كوردستان ڕوویان داوه. هه‌روه‌ك ڕێبه‌رانی كۆماری ئیسلامی و له سه‌روو هه‌موویانه‌وه خومه‌ینی له وتاره‌كانیاندا فه‌رمان به هێزه چه‌كداره‌كانیان ده‌كه‌ن بچنه كوردستان و كورده‌كان (كه به كافریان ناو ده‌بردن) له‌نێو به‌رن، به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گرن له‌سه‌ر ڕوودانی كاره‌ساتی ژینۆساید له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. له هه‌موو ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی له‌و ساڵانه‌دا له كوردستان ڕوویان دا وه‌ك كۆمه‌ڵكوژیی قاڕنێ و قه‌ڵاتان و ئیندرقاش و سه‌وزی و قه‌ره‌گۆل و … هه‌روه‌ها بۆردومانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له سنه و مه‌هاباد و … زۆر نموونه‌ی تر ئه‌و ڕاستییه ده‌رده‌كه‌وێ كه كرداری كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی پلانمه‌ند و ئامانجدار بۆ له‌نێو بردنی گه‌لی كورد بەڕێوە چوون، كه یاسای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و تاوانانه‌ی له ڕیزی ژینۆساید داناوه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه ئه‌وه‌یه به‌فه‌رمی ناسینی ژینۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌كان بكه‌مه بیانوویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بزانین گه‌لی كورد له داهاتوودا چۆن ده‌توانێ وه‌ك ئه‌رمه‌نییه‌كان كه‌یسی ژینۆسایدی خۆی بباته كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه و كه‌لكی لێ وه‌رگرێ. هه‌روه‌ك چۆن جووله‌كه‌كان به‌دوای ڕووداوی هۆلۆكاست و به ژینۆساید ناساندنی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه توانیان سۆزێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌ره‌و پرسی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی جووله‌كه ڕابكێشن و وه‌ك گه‌وره‌ترین هۆكاری به‌هێز بوونی خۆیان كه‌لكی لێ وه‌رگرن و تا ئێستاش به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ڵگرنه‌وه.
له ده‌ره‌نجامی به‌فه‌رمی ناسینی ژینۆسایدی هه‌ر گرووپێكی ئینسانی، به‌رپرسیاره‌تییه‌ك بۆ ئه‌و لایه‌نه دروست ده‌بێ كه تاوانه‌كه‌ی کردوە. ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه به دوو شێوه بۆ لایه‌نی تاوانبار دروست ده‌بێ. یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه تاكه‌كانی بکەر و بڕیارده‌ری تاوانه‌كه به‌ره‌وڕووی به‌رپرسیاره‌تیی تاوانی ده‌بنه‌وه و سزا ده‌درێن وه‌ك سزادراوانی دادگای نۆرێنبێرگ و تۆكیۆ به مه‌به‌ستی سزادانی ئه‌و ئاڵمانی و ژاپۆنیانه‌ی له شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیدا تووشی تاوانی جه‌نگی ببوون و لایه‌نی دووهه‌م كه گرینگتره ئه‌وه‌یه كه لایه‌نی تاوانبار كه له باسه‌كه‌ی ئێمه‌دا كۆماری ئیسلامییه، ناچار به قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه، وه‌ك ئه‌و قهرهبوویهی تا ئێستاش وڵاتی ئاڵمان ده‌یداته‌وه به ئیسڕاییل به‌رامبه‌ر بە هۆلۆكاست. هه‌روه‌ها لایه‌نێكی گرینگی دیكه‌ی ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه ده‌كه‌وێته سه‌رشانی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی كه پێویسته ڕێكاری پێویست بگرنه به‌ر بۆ پێش‌گرتن له دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه. ترسی توركه‌كان له قه‌بووڵ كردنی به‌فه‌رمی ناسینی ژینۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌كان، ڕاده‌ی قورسایی ئه‌و بهرپرسیارهتییهیه كه ده‌كه‌وێته سه‌ر شانیان بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌رمه‌نییه‌كان.
بێده‌نگیی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له ئاست تاوانی ژینۆسایدی ده‌وڵه‌تانی زاڵ به‌سه‌ر كوردستاندا نیشانه‌ی بهرژهوهندتهوهر بوونی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه كه به‌ها گشتگیر و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌ته‌واوی په‌ڕاوێز خستوه. به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانیان دیاری ده‌كه‌ن كه كام وڵاتی تاوانباری پێشێلكه‌ری مافه‌كانی مرۆڤ چاوپۆشی لێ بكرێ یان فشاری بخرێته سه‌ر. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تا ڕاده‌یه‌ك ڕه‌چاوی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناكه‌ن، له هه‌مان كاتدا نابێ ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین كه ئه‌وه پره‌نسیپه په‌سندكراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانن كه له دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانییه‌وه سه‌قامگیرییه‌كی ڕێژه‌ییان به به‌راورد به سه‌رده‌می شه‌ڕه جیهانییه‌كان به‌دی هێناوه، په‌ره‌یان به پرسی مافی مرۆڤ و مافی كه‌مینه‌كان داوه. هه‌ر بۆیه گه‌لی كورد كه كه‌متر ده‌كه‌وێته خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌كانه‌وه، پێویست و له هه‌مان كاتدا ناچاره ده‌ست به‌و پرهنسیپانەوە بگرێ.
له ئێران له داهاتووی دوور یان نزیك هه‌ر ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر كار بێ، به‌رامبه‌ر ژینۆسایدی گه‌لی كورد به‌رپرسیاره و ئه‌و بهرپرسیارەتییه ده‌توانێ كاریگه‌ریی گه‌وره له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی كوردستان له بواری ئابووری و سیاسی دابنێ. له ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری له سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تان به‌رامبه‌ر ئێران له ئاست پرسی كورددا، لاپه‌ڕه‌ی جینایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی له كوردستان هه‌ڵده‌درێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین قه‌ناعه‌تێكی گشتی له‌و كۆمه‌ڵكوژییانه سه‌ره‌تا له‌نێو خۆماندا و دواتر ڕوو به جیهان دروست بكه‌ین و ئارشیوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند له هه‌موو به‌ڵگه‌كان كۆ بكه‌ینه‌وه، ده‌رفه‌تێكی باشمان ڕه‌خساندووه بۆ بردنە پێشی پرسی كورد له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته لێكۆڵه‌رانی كورد ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ن لێكۆڵینه‌وه‌ی جۆراوجۆر به زمانه زیندووه‌كانی جیهان له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه ئه‌نجام بده‌ن و بڵاوی بكه‌نه‌وه. ژینۆساید له‌و تاوانانه‌یه كه به‌پێی ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به تێپه‌ڕینی كات گۆڕان به‌سه‌ر به‌رپرسیاره‌تیی بکەرانی نایه و له لایه‌كی تریشه‌وه هه‌موو وڵاتانی جیهان ئه‌ركدارن كه بۆ پێش‌گرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی، هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه گه‌ڕ. گه‌لی كورد ته‌نیا كاتێك ده‌توانێ دڵنیا بێ له‌وه‌ی كاره‌ساتی ژینۆسایدی له‌سه‌ر دووباره نه‌كرێته‌وه كه ببێته خاوه‌ن كیانێكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دانپیانراوی نێوده‌وڵه‌تی.
***