خیانه‌ت ڕه‌نگه ته‌مه‌نی به‌قه‌را مێژووی مرۆڤ بێ، ڕێك له‌و كاته‌وه كه قابیل، هابیلی برای كوشت، چه‌مكێكی دێرین و تێكچندراو كه ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار ئه‌وه‌نده ئاڵۆز ده‌بێ كه خائین و خیانه‌تلێكراو جێگۆڕكێیان پێده‌كرێ! به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمهه‌وێ له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تدا مانایه‌كی ساكاری بۆ دیاری بكه‌م _ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی ده‌مه‌وێ بیپێكم_ ده‌كرێ وه‌ك جۆرێ له په‌یمان شكێنی باسی لێبكه‌ین. واته سه‌ره‌تا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌ش، په‌یمان و به‌ڵێنێك ده‌درێ (زاره‌كی یان ڕێكکه‌وتنێكی فه‌رمی) و تا به ئه‌نجام گه‌یشتنی مه‌به‌ست، به پێی ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌بێ لایه‌نه‌كان سوور بن له‌سه‌ر به‌ڵێنی خۆیان، به‌ڵام كه پاشگه‌ز بوویه‌وه له به‌ڵێن و په‌یمان، ئیتر ڕێك له‌م پنته‌ڕا خیانه‌ت ده‌ست پێده‌كا و ئه‌خلاق و مۆڕاڵ هیچ شوێنێكی نییه و ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی یهكلایانهیه كه یه‌كلاكه‌ره‌وه و یان باشتر بڵێم پێشێلكه‌ری جۆری پهیماننامهكانه.
هه‌ر بۆیه له پرسی «به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی»دا هیچ وڵاتێك گوێ ناداته بایخه ئه‌خلاقییه‌كان و كاری به سه‌ر چاكه و خراپه‌وه نییه، ته‌نانه‌ت سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م چه‌مكه دیاری ده‌كرێ، بۆیه هه‌موو ده‌وڵه‌تێك خۆی به ملزهم ده‌زانێ بۆ پاراستنی ئه‌م چه‌مكه له پێناو پاراستنی سه‌روه‌ریی وڵاتی خۆی!
بێگومان هۆكاری ئه‌وه كه بۆچی ئه‌م چه‌مكه ئه‌وه‌نده گرینگه، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌مه كه شوێنكه‌وته سهلبییهكان و ئاسه‌واری خیانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم تا هه‌تاهه‌تایه، تا ساڵیانی ساڵ له‌نێو هه‌ست و نه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی خیانهتلێكراودا ده‌مێنێته‌وه و ده‌بێته به‌شێك له مێژوو، مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كی شكستخواردوو!
به باوه‌ڕی من ئێستا كاتی ئه‌وه هاتوه كه ئه‌م پرسیاره سه‌رله‌نوێ بێنینه گۆڕێ كه به‌ڕاستی كورد خیانه‌تی لێكراوه و قوربانیی خیانه‌ته؟ یان وه‌ك هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێن ئه‌وه كورده كه بۆخۆی هۆكاری خوڵقانی ئه‌و دۆخه‌یه كه تێیدایه؟ جنسی ئه‌و خیانه‌ته چییه؟ به‌ر له‌وه‌ی وه‌ك خیانه‌ت سه‌یر بكرێ ده‌توانین بڵێین دۆخی كورد گرێدراوی جه‌برێكی ژێئۆپۆلیتیكییه؟ بۆ ئه‌وه‌ی به ده‌رئه‌نجامێكی باش بگه‌ین ڕه‌نگه دابه‌شكردنی خیانه‌ت به ده‌ره‌كی و ژووره‌كی زیاتر بۆ شرۆڤه‌ی باسه‌كه‌مان یارمه‌تیده‌ر بێ.
سه‌باره‌ت به هۆكاری نێوخۆیی كه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر نه‌بوونی یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی خودی كورد، ده‌مه‌وێ له ده‌سته‌واژه‌ی «سه‌ركێشی» كه‌لك وه‌رگرم:
بێشك هه‌موو مرۆڤێك ناتوانێ سه‌ركێش بێ، یاخی بێ له یاسا و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان. بۆ سه‌ركێشی ده‌بێ جۆرێ بوێریی تایبه‌تت هه‌بێ كه خۆی له ئاكامخوازی ده‌بوێرێ، واته مرۆڤی سه‌ركێش بیر له‌وه ناكاته‌وه كه له كورتماوه‌دا به ئاكام بگا و زیاتر وه‌ك ڕێبواری ڕێگایه‌كی دوور و درێژ و پڕكهندولهند ملی ڕێ ده‌گرێ. نسكۆ و هه‌ره‌س، سه‌ركه‌وتن و سه‌ربه‌رزی قۆناغ و مەنزڵهكانی ئه‌م ڕێگایه‌ن، بۆیه جاری وایه به سه‌ركه‌وتن پشوو ده‌دا، جاری وایه به نسكۆ، ههنیسكان! به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگه نه‌وه‌ستان و بڕینی قۆناغه‌كانه.
له‌م نێوه‌دا عه‌قڵییه‌تێكی تریش هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ عه‌قڵییه‌ته سه‌ركێشه‌كه، قۆناغ به قۆناغ ڕێگا ده‌بڕێ و سه‌ره‌تا به شێوه‌یه‌كی مهسڵحهتخوازانه له قۆناغه‌كانی سه‌ركه‌وتندا به‌ڕواڵه‌ت ڕه‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌كانی سه‌ركێشی ده‌كه‌وێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م چركه‌ی نسكۆ، مه‌سڵه‌حه‌تخوازی ڕوخساری خۆی ده‌گۆڕێ بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ری. ئیتر ناكه‌وێته خه‌سارناسیی هۆكاره‌كانی نسكۆ به‌ڵكوو به بیانووی نسكۆ، بیری سه‌ركێشی ده‌داته به‌ر تیروتوانج و حه‌ولی ده‌سته‌مۆكردنی ئه‌م بیره ده‌دا و به‌توندی لۆمه‌ی خۆڕاگریی بیری سه‌ركێش ده‌كا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خۆی به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی باڵاده‌ست ڕێك ده‌خا و دواجار تا ئاستی خیانه‌تیش ده‌ڕوا. واته ئه‌م خیانه‌ته نێوخۆییه ڕێك له خزمه‌ت خیانه‌تی وڵاتی داگیركه‌ر یا نه‌ته‌وه باڵادهستهكهدایه.
كه سه‌یری مێژووی هاوچه‌رخ ده‌كه‌ی، خیانه‌ت له بزووتنه‌وه‌كانی كوردی، له خودی جووڵه و بزووتنه‌وه‌كه تۆختر دێته به‌رچاو. له ناوچه‌ی موكریان ئایدیۆمێك باوه به ناوی: «خیانه‌تی عرووس» كه باس له خیانه‌تی ڕووسه‌كان ده‌كا به نیسبه‌تی كۆماری كوردستانه‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا باس له ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێری (خیانه‌تی خۆجێیی) تاقمێ ئاغا و ده‌ره‌به‌گیش ده‌كا كه خۆیان به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن و ئاخرجار ئه‌م دوو كرده‌وه‌یه ده‌بنه هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ره‌سی كۆماری كوردستان. وه‌ك له سه‌ره‌تادا باسی به‌رژه‌وه‌ندیم كرد، هۆكاری كشانه‌وه‌ی ڕووسه‌كانیش به‌رژه‌وه‌ندی بوو كه ئه‌ویش بریتی بوو له نه‌وتی باكووری ئێران!
نموونه‌یه‌كی تر له باشووری كوردستان، ماڕسی ١٩٧٥ مه‌لا مسته‌فای بارزانی به‌رپرسیاریەتیی ئه‌خلاقی و سیاسیی ئه‌مریكا به نیسبه‌ت گه‌لی كورده‌وه وه‌بیر هێنری كسینجێر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا دێنێته‌وه و ده‌ڵێ ئه‌م بێده‌نگییه چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌ی ئێوه بزووتنه‌وه و خه‌ڵكی ئێمه له‌نێو ده‌با! چه‌ند ساڵ دواتر بارزانی ده‌ڵێ خیانه‌تیان پێكردین، بێگومان مه‌به‌ستی بارزانی، خیانه‌تی ئه‌مریكا بوو له بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی كورد له باشوور.
سه‌یر له‌وه‌دایه هه‌ر ئه‌م هێنری كسینجێره دواتر حاشا له‌وه ناكا كه ئه‌وان له‌بنه‌وه خیانه‌تیان له كورد كردوه. كسینجێر بۆ پاساوی خیانهتهكانیان به دژی كومیته‌ی پایك (Pike Committee) كه له كۆنگرێسی ئه‌م وڵاته ساز ببوو ده‌ڵێ: نابێ ئۆپراسیۆنی شاراوه له‌گه‌ڵ كاری خێرخوازی تێكه‌ڵ بكه‌ین! كه‌چی ڕاپۆرته‌كانی پایك نیشان ده‌ده‌ن كه ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنه شاراوهكانیشدا، به‌ڵێنه‌كانی ئه‌مریكا به نیسبه‌ت خه‌ڵكانی تر هه‌میشه نییه‌تێكی خراپی له‌گه‌ڵ بووه. پایك ده‌ڵێ كه ئه‌مریكا به نیازپاكییه‌وه له‌گه‌ڵ كورده‌كان نه‌جووڵاوه‌ته‌وه!
ئه‌ركی ئه‌م كومیته‌یه به‌دواداچوون بوو بۆ كار و چالاكییه نایاساییه‌كانی CIA و هه‌روه‌ها FBI و NSA. هه‌رچه‌ند هه‌رگیز كۆنگرێس ئیزنی نه‌دا ئاكامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی به فه‌رمی بڵاوكاته‌وه، به‌ڵام به نافه‌رمی ئه‌و ڕاپۆڕتانه‌ی بڵاو بوونه‌وه نیشان ده‌ده‌ن كه ئه‌م وڵاته هه‌رگیز به‌هایه‌كی نه‌داوه به هاوپه‌یمانی و هاوڕێیه‌كی كاتی بووه! ڕاپۆرته‌كانی كومیته‌ی پایك ترسێنه‌ر و ناهومێدكهرن و به‌تاڵن له بنه‌ماكانی ئه‌خلاقی و ته‌نانه‌ت ئینسانی!
هێرشی حه‌شدی شه‌عبی به سه‌رپه‌رستیی پاسدار سوله‌یمانی بۆ سه‌ر كه‌ركووك دوای ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕێك به به‌رچاوی هێزه‌كانی ئه‌مریكادا، سه‌رله‌نوێ گریمانه‌ی خیانه‌تی ئه‌مریكای له كورده‌كان هێناوه گۆڕێ. به تایبه‌تی كه جارێكی تر ئه‌مریكا ڕێك له‌و شوێنه‌ی پاسدار سلێمانی لێ‌بوو و سێ ڕۆژ پێشتر له لایه‌ن ئه‌مریكاوه خرابوویه لیستی تیرۆره‌وه، پشتی تێكردن!
به‌ڵام كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ڕۆژاوای كوردستان له‌سه‌ر فه‌رمانی تڕا‌مپ زۆر سه‌رسوڕهێنه‌رتر بوو، چون له ڕاستیدا ڕێك به دژی چه‌مكی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌ی خۆی بوو! بۆیه چراسه‌وزی تڕا‌مپ بۆ هێرش بۆ سه‌ر شه‌ڕڤانان كه هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كیی ئه‌مریكا بوون بۆ له‌ناوبردنی داعش؛ وه‌ك په‌یمان شكێنی و خیانه‌ت نه‌بێ هیچ ناوێكی تر بۆ دیاری ناكرێ. ته‌نانه‌ت شه‌پۆلی به‌ربڵاوی هاوسۆزی له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا ئه‌وه‌نده ئاشكرا و ڕوون بوو كه له باڵاترین ئاستی حكوومیدا یه‌كی وه‌ك نانسی پلۆسی، سه‌رۆكی كۆنگرێس و ده‌یان سێناتۆر و كۆنگرێسمه‌ن و كه‌سایه‌تیی سیاسی و ڕۆژنامەنووس، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكایان ڕاسته‌وخۆ و بێ پێچوپه‌نا وه‌ك «خیانه‌ت له هاوپه‌یمانه كورده‌كان» ناوده‌بن، بۆیه به هیچ كلۆجێك ناكرێ ئه‌م خیانه‌ته په‌رده‌پۆش بكرێ.
له ڕۆژاوای كوردستانیش ئه‌مریكا پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نه‌بوو، ئه‌مه ڕسته‌ی ژێنڕاڵ مه‌زلووم كۆبانی بوو، به واتایه‌كی تر خیانه‌تیان لێكراوه، وه‌ك له‌وه‌پێش باس كرا خۆ دیاره مێژووی كورد لێوڕێژه له خیانه‌تی نێوخۆیی و ده‌ره‌كی و ئه‌مه شتێكی تازه نییه، به‌ڵام ئه‌وه كه چۆن خۆت و نه‌ته‌وه‌كه‌ت قوتار كه‌ی له دۆخه‌كه شه‌رته. بۆیه ئه‌وان تا ساته‌وه‌ختی ئێستا له پتانسییهلهكان كه‌لكیان وه‌رگرتوه: ڕه‌چاوی سیاسه‌تی زیگزاگی له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان، شه‌ڕی قاره‌مانانه‌ی شه‌ڕڤانه‌كان و خوڵقاندنی حه‌ماسه‌ی خۆڕاگری، ده‌وری گرینگی كوردانی تاراوگه (هه‌ر چوار پارچه) بۆ بردنی كێشه‌كه بۆ نێو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وڵاتانی ئورووپایی و ئه‌مریكا، هاوته‌ریب كردنی به‌شێكی به‌رچاوی فه‌یسه جۆراوجۆره‌كانی دنیا له‌گه‌ڵ خۆیان، كردنی سۆشیال میدیا به سكۆی و مه‌كۆی ده‌نگ هه‌ڵبڕین و… ئه‌وان دنیایان ڕه‌گه‌ڵ خۆیان خست، بۆیه نابێ به هاسانی ئه‌م دهسكهوتهیان له‌كیس بچێ.
خۆ ئه‌گه‌ر دوێنێ چه‌قۆی خیانه‌تی ئه‌مریكا له پشتی ژێنڕاڵ بارزانی درا و ئه‌مڕۆ هه‌مان چه‌قۆ له پشتی ژێنڕاڵ كۆبانیدایه، دیپلۆماسیی كوردی ته‌نانه‌ت به ناعیلاجیش بێ، له‌به‌ر نه‌بوونی هاوسه‌نگیی هێز و ده‌ره‌تانێكی ئه‌وتۆ و ژێئۆپۆلیتیكی تایبه‌تی كوردستان، ده‌بێ دیسان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی كورد و ئه‌مریكا و ئورووپا پێ‌داگر بێ. به‌ڵام له سه‌ره‌تادا پێویستیی به وته سواوهكهیه، واته ڕێكخستنی ماڵی كورد! مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه بڵێم سه‌ره‌ڕای ئه‌م ڕاستییه تاڵه‌ی وه‌ك خیانه‌ت باسمان لێ‌كرد و یه‌كی وه‌ك تڕا‌مپ به ڕووههڵماڵدراوییهوه به‌بێ ڕه‌چاو كردنی گیانی هه‌زاران شه‌هیدی شه‌ڕی داعش له عێراق و سووریە ده‌ڵێ: واشنگنتۆن بەڵێنی بە کورد نەداوە بۆ 400 ساڵ پارێزگاری‌یان لێ بکا،
ڕێئال پۆلێتیك پێمان ده‌ڵێ كه ئێستا كورد بۆته كایهكهرێكی جیددیی گه‌مه‌ی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و بۆته پرسی سه‌ره‌كیی ناوچه‌كه و ناوی كورد له كۆنگرێس و سێنا و پارلمانه‌كانی ئورووپادا ده‌نگ ده‌داته‌وه و ئه‌م پشتیوانییه هه‌مه‌لایه‌ن و بێ وێنه‌یه، له‌گه‌ڵ یه‌كڕیزی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌بێ ببێته «ئاس»ی كورد، به‌ڵام له سه‌ره‌تادا وەک گوترا پێویستی به وته سواوهكهیه، واته ڕێكخستنی ماڵی كورد!