له كۆتاییه‌كانی ده‌یه‌ی 60 و 70ی زایینی‌دا كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی پێی نایه قۆناغێكی نوێی ململانێی زلهێزه‌كان، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی زلهێزه‌كان و له سه‌رووی هه‌موانه‌وه ئه‌مریكا و یه‌كیه‌تیی سۆڤییه‌ت له‌و ڕاستیه تێگه‌یشتن كه چیتر ناتوانن كێشه‌كانیان له ڕێگای جه‌نگی ڕاسته‌وخۆ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه. هاوكات له‌گه‌ڵ شكستی ئه‌مریكاییه‌كان له شه‌ڕی ڤیه‌تنام‌دا، جۆزێف نای و ڕابێرت كۆین بیرمه‌ندانی ئه‌مریكایی هه‌وڵیان دا بیردۆزێكی نوێ بۆ په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دابڕێژن كه وڵامده‌ری قۆناغی دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م بێ و ته‌كووزیی نوێی جیهانی به پێی گۆڕانكارییه سیاسییه‌كان ڕوون بكاته‌وه. له بیرمان نه‌چێ ئه‌و بیردۆزه له سه‌رده‌می جه‌نگی سارددا له دایك بووه، به‌ڵام ئاماژه‌كانی كۆتایی هاتنی شه‌ڕی ساردی زۆر به‌وردی تێدا به‌دی ده‌كرێ. نای و كۆین له كتێبی «هێز و به‌ستراوه‌یی دوولایه‌نه«دا جه‌ختیان له سه‌ر ئه‌وه كردوه‌ته‌وه كه ڕه‌وت و ڕووداوه جۆراوجۆره‌كان له وڵاتانی دو‌نیا به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له سه‌ر وڵاتانی تریش داده‌نێن و به جۆرێك كه زۆربه‌ی بیاڤه‌كانی ژیانی مرۆیی له ئاستی گلۆباڵدا ده‌كه‌ونه به‌ر ته‌وژمی گۆڕانكاری؛ له بچووكترین وڵاتانه‌وه بگره تا گه‌وره‌ترین وڵاتان. به ده‌ربڕینێكی دیكه جیهان یه‌كه‌یه‌كی پێكه‌وه‌به‌ستراوه له به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان.
هه‌ر چه‌ند ئه‌و بیردۆزه ڕه‌خنه‌ی زۆریشی لێ گیراوه و ڕوودانی چه‌ند شه‌ڕی نێوده‌وڵه‌تی له چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا گومان ده‌خه‌نه سه‌ر ئاماژه‌كانی ئه‌و بیردۆزه، به‌ڵام به كورتی ده‌توانین تایبه‌تمه‌ندییه جێگه‌ی سه‌رنجه‌كانی له‌و چه‌ند خاڵه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه:
ده‌وڵه‌تان له حه‌وزه‌ی جۆراوجۆردا ناچارن وه‌ك به‌شێك له یه‌كه‌یه‌كی یونیڤێرساڵ بجووڵێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان پارێزراو بێ. ئاشكرایه ئابووری له سه‌رده‌می ئێستا‌دا پرسێكی هاوبه‌شه له نێوان هه‌موو وڵاتان و هه‌ر كام له وڵاتان ناچارن وه‌ك ئاڵقه‌یه‌ك له زنجیره‌یه‌كی پێك به‌ستراو له ئابووریی جیهانی بجووڵێنه‌وه. ڕێكخستنێكی بازرگانی و دارایی جیهانی به سه‌ر په‌یوه‌ندییه بازرگانی و داراییه‌كاندا حوكم ده‌كا كه پابه‌ندبوون پێی له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مووان دایه.
_ گه‌شه‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و تۆڕی جیهانیی ئینترنێت وایكردوه جیهان به‌ره‌و كولتوورێك هه‌نگاو بنێ كه خاوه‌ن ڕه‌گه‌زی هاوبه‌شی گه‌وره‌یه. ڕووداوه كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له یه‌ك كاتدا له پانتایی جیهاندا ده‌بینرێن و سه‌رنجیان ده‌درێتێ و كاریگه‌ری و كارتێكه‌ری له سه‌ر یه‌كتر داده‌نێن.
پاكێجێك به‌های مرۆیی سیفه‌تی جیهانی وه‌رگرتووه و هه‌موو كۆمه‌ڵگەكان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێی پابه‌ندیش نه‌بن، ناتوانن نكۆڵی لێ بكه‌ن و به ئاشكرا دژی بوه‌ستنه‌وه. ئازادی و دێمۆكڕاسی و مافی مرۆڤ له‌و به‌هایانه‌ن كه ده‌توانین وه‌ك به‌های هاوبه‌شی كۆمه‌ڵگای مرۆیی بیانژمێرین.
_ ژینگه یه‌كێكه له گرنگترین ئه‌و پرسانه‌یه كه وڵاتان ناچار ده‌كا بیر له ڕێگه‌چاره‌ی هاوبه‌ش بۆ پاراستنی بكه‌نه‌وه. مه‌ترسیی كاره‌ساتی ژینگه‌یی هه‌ڕه‌شه له هه‌موو جیهان ده‌كا و ته‌نیا به هاوكاریی هه‌مه‌لایه‌نه ده‌توانرێ كه‌م بكرێته‌وه.
به پێی ئه‌و بیردۆزه بوایه جیهان چیتر شاهیدی جه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ده‌بوو. ڕوودانی كاره‌ساتی 11ی سێپتا‌مبر و ستڕاتیژیی نێئۆلیبڕاڵه‌كانی ئه‌مریكا به سه‌رۆكایه‌تیی جۆرج بووش، كه جیهانی به سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش كرد و بۆ جارێكی دیكه له ئاستێكی نزمتردا دووجه‌مسه‌رییه‌كی به‌رهه‌م هێنا، گه‌وره‌ترین نیشانه‌ی پرسیاری خسته سه‌ر ئه‌و بیردۆزه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌ستراوه‌یی دوو لایه‌نه یان هه‌مه لایه‌نه‌ی وڵاتان نه ته‌نیا ڕووی له دابه‌زین نه‌كرد، به‌ڵكوو تا دێ به‌ره‌وژوورهه‌ڵده‌كشێ. ڕووخانی ڕێژێمه‌كانی تاله‌بان و سه‌ددام وه‌ك ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م نه‌زمی جیهانیی ئاماژه‌كراو قابیلی لێكدانه‌وه‌ن.
مه‌به‌ست له هێنانه‌گۆڕی ئه‌و بیردۆزه، خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقعبینانه له ململانێكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا و به تایبه‌ت ئه‌مریكایه. به‌رپرسانی ئه‌مریكا ڕێژێمی سیاسیی ئێران به ده‌وڵه‌تێكی «نامتعارف» ناو ده‌به‌ن كه پێچه‌وانه‌ی نەزمی نوێی جیهانی هه‌نگاو ده‌نێ. واته ده‌وڵه‌تی ئێران وه‌ك كۆسپێكی گه‌وره ده‌بینن كه به‌رامبه‌ر ڕه‌وتی ئازادیی ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌ها جیهانییه‌كان. ئه‌وه‌ش ته‌نیا خه‌ڵكی ئێران له‌و به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندییانه بێبه‌ش ناكا، به‌ڵكوو وه‌ك ئاڵقه‌یه‌ك له زنجیره‌یه‌كی گه‌وره‌ی جیهانی، كاریگه‌ریی له سه‌ر وڵاتانی دیكه‌ش داده‌نێ.
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و به تایبه‌ت ئه‌مریكا بۆ كۆتاییهێنان به ڕێژیمێكی نامتعارف (وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران) ئاماده‌یه جه‌نگێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌رپا بكا؟
وڵامی ئه‌و پرسیاره ئاسان نییه و ته‌نیا ده‌توانین له ده‌قی نەزمی نوێی جیهانیی ئاماژه‌پێكراو، چوارچێوه‌یه‌كی لۆژیكی بۆ پێناسه بكه‌ین و له‌و ڕوانگه‌وه هه‌وڵ بده‌ین ئه‌گه‌ره جۆراوجۆره‌كان پێشبینی بكه‌ین.
هه‌ر چه‌نده زه‌حمه‌ته ده‌وڵه‌تی ئێستای ئه‌مریكا و به تایبه‌ت كه‌سایه‌تیی تڕا‌مپ لانیكه‌م له ڕواڵه‌تدا بخه‌ینه چوارچێوه‌ی ستڕاتیژییه‌كی پێناسه‌كراو. بۆیه ئه‌وه ده‌ڵێین چونكه تڕا‌مپ له ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا سه‌لماندوویه‌تی زۆر پابه‌ند نییه به‌و ته‌كووزییه نوێیه جیهانیه. چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ترامپ له ڕێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ك ڕێككه‌وتنی ئاو و هه‌وای پاریس، ڕێككه‌وتنی نه‌فتا، ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و هتد وایكردوه دژوار بتوانین هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌مریكا پێشبینی بكه‌ین. وه‌ك چۆن ترامپ له هه‌ڵوێستێكی دیكه‌یدا له وتاری كۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌وساڵ ڕایگه‌یاند جیهان به‌ره‌و تۆخبوونه‌وه‌ی سنووره نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هه‌نگاو ده‌نێ و دیارده‌ی جیهانگیری كۆتایی پێ دێ. پێویسته ئه‌و ڕاستییه‌ش ببینرێ هه‌ندێك ئاماژه له وڵاتانی ئورووپاش به‌دی ده‌كرێ كه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ جۆره لێكترازانێك له گه‌وره‌ترین یه‌كه‌ی ئابووری و سیاسیی ڕێكخراو له جیهان واته یه‌كیەتیی ئورووپا به‌دی ده‌كرێ. چوونه ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له‌و یه‌كه‌یه و هه‌روه‌ها به‌هێزبوونی حیزبه ڕاستره‌وه‌كان له به‌شێك له وڵاتانی ئورووپا، له ئاماژه‌كانی ئه‌و له‌قبوونه‌ن.
هه‌ر چه‌نده ئه‌و ئاماژانه وڵامی ئه‌و پرسیاره قورس‌تر ده‌كا كه ململانێی ئێران و ئه‌مریكا چۆن كۆتایی پێدێ، له هه‌مان كاتدا و سه‌ره‌ڕای جۆرێك له بێ پڕنسیپی له سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی ئێستای ئه‌مریكا، له دیوی پشته‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تان و یه‌ك له‌وان ئه‌مریكا ستراتیژییه‌كی نه‌گۆڕ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان هه‌یه. به ده‌ربڕینێكی دیكه پاراستنی ته‌كووزیی جیهانی كه ئه‌مریكا خۆی به خاوه‌نی ده‌زانێ، ئاراسته‌یه‌كی ڕوون به كاركردی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و به گشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا ده‌دا. به‌و پێیه تا ئه‌و كاته‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕه‌وته بجووڵێته‌وه و پابه‌ندی به‌ها گه‌ردوونیه‌كان نه‌بێ، بژارده‌ی جه‌نگ هه‌ڵبه‌ت وه‌ك دوا بژارده ئاماده‌یه.
هۆكاری سه‌ره‌كیی سووربوونی ڕۆژئاوا له گۆڕینی سیاسه‌تی ناموتەعارفی ئێران كه وا پێده‌چێ ته‌نیا له ئه‌نجامی گۆڕینی ئه‌و ڕێژێمه بێته دی، به‌پێی بیردۆزی به‌ستراوه‌یی دوولایه‌نه (هه‌مه‌لایه‌نه)، گێڕانه‌وه‌ی ئاڵقه‌ی ونبووی زنجیری به‌رژه‌وه‌ندیی جیهانییه كه هه‌موو وڵاتان تێیدا زیانمه‌ند ده‌بن. سه‌رده‌می مانه‌وه‌ی دوڕگه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی جیهانی و پێشێلكردنی بنه‌ما چه‌سپاوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌سه‌ر چووه. ئێستاكه پرسی پاراستنی مافی مرۆڤ چیتر ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به نێوخۆی وڵاتانه‌وه نییه و پێشێلكردنی وه‌ك مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ئاسایشی جیهانیی سه‌یر ده‌كرێ. هه‌نارده‌ی ئیدئۆلۆژیی كۆماری ئیسلامی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی، ڕه‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و سه‌قامگیریی جیهان به ئامانج ده‌گرێ، سنوورداركردنی ده‌سڕاگه‌یشتن به سه‌رچاوه‌كانی زانیاری وه‌ك به‌هایه‌كی گلۆباڵ، چیتر ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به نێوخۆوه نییه و كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له به‌رامبه‌ریدا به‌رپرسیاره، په‌ره‌دان به تێكنۆلۆژیی چه‌كی كۆكوژ وه‌ك چه‌كی ناوكی و مووشه‌كی بالیستی و … به پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می جه‌نگی سارد قبووڵكراو نییه. هه‌موو ئه‌وانه كۆماری ئیسلامی به‌ره‌وڕووی دژكرده‌وه‌ی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كاته‌وه. سیسته‌مێكی سیاسی وه‌ك كۆماری ئیسلامیی ئێران شانسێكی ئه‌وتۆی بۆ جێگرتن له ته‌كووزیی نوێی جیهانی نییه و گوته‌زای تاقانه‌یه‌كی ملهوڕ و نابه‌رپرسیار له كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیدا كۆتایی پێ هاتووه.
***