خوشک و برایانی به‌ڕێز!
بۆ من شهڕهفێكی گه‌وره‌یه که ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م هه‌یه له‌و شوێنه بهپرستیژه باسی کورده‌کان له ئێران و خه‌باتی ڕه‌وای ئه‌وان بکه‌م. سوپاس بۆ هاتنتان. سوپاسیش بۆ دۆستانی لیبرالمان له پارلمانی سوئێد به‌تایبه‌تی فرێدریک ماڵم که ئه‌م سیمیناره‌یان ڕێک خست.
من وای داده‌نێم که هه‌مووتان که‌م و زۆر له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کورد ئاشنان. چه‌ند ده‌هه له‌مه‌وبه‌ر که‌م که‌س له ئورووپا له بوونی گه‌لێک به‌ناوی گه‌لی کورد و “وڵات”ێك به‌ناوی کوردستان ئاگادار بوو. ئه‌مڕۆ هه‌موو که‌س کاکڵی مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌ناسێ، وه‌ک هه‌وڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی چاره‌نووسی خۆی (ئه‌گه‌ر ته‌نیا له شکڵی ئۆتۆنۆمی و فیدرالیشدا بێ)، نه‌ته‌وه‌یه‌ک که خاکه‌که‌ی له دوو بڕگه‌ی مێژوویی‌دا به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌یل و ئاره‌زووی خۆی دابه‌ش کراوه.
ئه‌م هۆشیارییه جیهانییه له دۆزی کورد پێش هه‌موو شتێک به‌رهه‌می خه‌باتی گه‌لی کورد و هه‌روه‌ها ده‌رفه‌ته‌کانی جیهانی ئه‌مڕۆ له‌بواری ڕاگه‌یاندن و واقیعییه‌ته نوێیه‌كانی پێوه‌ندیی نێونه‌ته‌وه‌ییه. به‌ڵام له سایه‌ی ئه‌و سهرنجهشهوهیه که هێندێک ده‌وڵه‌ت به گه‌لی ئێمه‌یان داوه. ده‌وڵه‌تی سوئێد یه‌ک له‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه که سه‌رنج و یارمه‌تییه‌کانی بۆ گه‌لی ئێمه شایانی ئه‌مه‌گناسییه.
به‌و حاڵه‌ش، سه‌رنجێک که له دنیای ده‌ره‌وه‌دا به کورد ده‌درێ، بۆ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان وهکیهک نییه. به کۆمه‌ڵێک هۆکاری پێوه‌ندیدار به مێژوو و سروشتی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و دۆخی نێوده‌وڵه‌تی، کوردستانی ئێران ئه‌و پارچه‌یه له کوردستانه که ئه‌مڕۆ که‌متر له پارچه‌کانی دیکه ئاوڕی لێ ده‌درێته‌وه. ئه‌وه له‌کاتێکدایه که کوردستانی ئیران دووه‌مین پارچه‌ی گه‌وره‌ی کوردستانه به حهشیمهتێکهوه که لانیکه‌م هێنده‌ی حه‌شیمه‌تی سوئێده. سه‌رده‌مێک کوردستانی ئێران ناوه‌ندی قورسایی هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی کورد بوو. له‌وێیه که له کۆتایی شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا یه‌که‌مین و ته‌نیا کۆماری کوردی له مێژوودا دامه‌زرا. ئه‌م کۆماره هه‌رچه‌ند که‌م ژیا، به‌ڵام شوێنه‌واری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێرنی هه‌موو کورد به‌جێ هێشت.
ده‌توانم هه‌روه‌ها ئاماژه به مانگ و ساڵه‌کانی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بکه‌م کاتێك گه‌لی ئێمه دیسان ئازادیی خۆی وه‌ده‌ست هێنایه‌وه و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانمان کۆنتڕۆڵی خاکی کوردستانیان به‌ده‌سته‌وه گرت. به‌ڵام لێره‌شدا ده‌سه‌ڵاتی نوێ نه ئاره‌زووه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان و نه روانگه دێموکڕاتیک و پێشکه‌وتنخوازه‌کانی ئێمه بۆ باقیی ئێرانی ته‌حه‌مول نه‌کرد. هه‌ربۆیه له به‌رامبه‌ر په‌لاماری هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر کوردستان ڕێگایه‌کمان جگه له ده‌ستکردنه‌وه به خه‌بات و خۆڕاگری بۆ نه‌مایه‌وه.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هه‌میشه لایه‌نگریی خۆی له ڕێگا سیاسییه‌کان و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد نیشان داوه. به‌ڵام ئه‌و حیزبه ئێستاش له ئێران قه‌ده‌غه‌یه. نه‌ک هه‌ر ئه‌ندامانی ئێمه، به‌ڵكوو چالاکانی مه‌ده‌نییش به‌رده‌وام له مه‌ترسیدان. کوردستان زۆرترین ژماره‌ی گیراو و له‌سێداره‌دانی هه‌یه و ته‌نیا به‌شی ئێرانه که ئێستاش ئێعدامی سیاسیی لێ به‌ڕێوه ده‌چێ. زمانی کوردی ئێستاش له خوێندنی ده‌وڵه‌تی و به‌گشتی له به‌ستێنی حکومه‌تیدا قه‌ده‌غه‌یه. ناوچه‌ی ئێمه هه‌روا به گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی ماوه‌ته‌وه. هێزه ئهمنیەتییهکانی ڕێژیم هه‌موو ڕۆژێک گیانی کۆڵبه‌ران ده‌ستێنن.
ئه‌مڕۆ کۆماری ئیسلامی به‌هۆی نیگه‌رانی له ئایندهی خۆی وا جارێکی دیکه ئیدیعا ده‌کا که حازره وتووێژمان له‌گه‌ڵ بکا. هه‌ر ئێستا هه‌وڵ و ده‌سپێشخه‌ریی لایه‌نێکی ئورووپایی له‌و پێوه‌ندییه‌دا له‌ئارادایه. به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا ڕێژیم هێرش و سه‌رکوتی خۆی بۆ سه‌ر گه‌لی ئێمه و حیزبه‌کانی ڕانه‌گرتوه، به‌ڵکوو خه‌ستتری کردۆته‌وه. له‌ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی هه‌رگیز ڕوانینی ئه‌منیه‌تیی خۆی بۆ کوردستانی وه‌لا نه‌ناوه. مانگی سێپتا‌مبر بۆ ئێمه پڕه له ڕووداوی تاڵ. له‌و مانگه‌دا بوو که چل ساڵ پێش ئێستا هێزه‌کانی ڕێژیم ده‌ستیان کرد به جێبه‌جێکردنی فه‌توای جیهادی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی به‌دژی خه‌ڵکی کوردستان. هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا بوو که نزیک به ده ساڵ دواتر ئێعدامی به‌کۆمه‌ڵی زیندانیانیی سیاسی له ئێران که زۆریان کورد بوون به‌ڕێوه چوو. ئه‌مڕۆ، ١٧ی سێپتا‌مبر، ساڵوه‌گه‌ڕی تێرۆری ڕێبه‌ری ئێمه دوکتور شهڕهفکهندییه که ٢٧ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له بێرلین تێرۆر کرا. ناوبراو جێگره‌وه‌ی دوکتور قاسملوو بوو که سی ساڵ پێش ئێستا له ڤییه‌ن له‌سه‌ر مێزی وتووێژ له‌لایه‌ن نێردراوانی کۆماری ئیسلامییه‌وه تێرۆر کرا. زۆر سه‌ربه‌رزم به‌وه که ئه‌مڕۆ تۆماس هاماربێری لێره له‌گه‌ڵمانه. کاتێک وه‌ژوور که‌وت یه‌کسه‌ر په‌یامه جوانه‌که‌ی ویم وه‌بیر هاته‌وه که له کاتی ناشتنی دوکتور قاسملوو له گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس پێشکه‌شی کرد. ئه‌م هه‌فته‌یه هه‌روه‌ها یه‌که‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی مووشه‌کبارانی باره‌گای سه‌ره‌کیی حیزبی ئێمه له قووڵایی خاکی کوردستانی عیراقدا بوو. له‌و هێرشه‌دا ١٦ که‌س له هاوڕێیان و که‌سوکارمان له‌ده‌ست دا.
له‌کاتێكدا که پرسی تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی و موشه‌که بالیستیکه‌کانی ڕێژیمی ئێران ته‌نیا خاڵه که ئورووپاییه‌کان و ئه‌مریکا له‌سه‌ری کۆکن، ئێمه پێمان سه‌یر بوو که ڕێژیمی ئێران توانی جینایه‌تێکی وه‌ها ئه‌نجام بدا به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ دژکرده‌وه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی جیددیی به‌دوادا بێ. ئه‌ندامانی ئێمه له کوردستانی عیراق و بنه‌ماڵه‌كانیان ئێستاش له ئه‌مانی پیلان و جینایه‌تی له‌م جۆره‌ی ئێران‌دا نین.
ئه‌من پێم خۆشه به‌شی زۆری کاتهكه بۆ پرسیاره‌کانی ئێوه ته‌رخان بکه‌ین. هه‌ربۆیه قسه‌کانم به چه‌ند سه‌رنجێک له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ ئێران کۆتایی پێ دێنم. ئێمه له‌وه تێده‌گه‌ین که ده‌وڵه‌تی سوئێد و وڵاتانی دیکه‌ی ئورووپا پێش هه‌موو شتێک به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانیی خۆیانه‌وه بن. ئه‌وه‌شم پێ سه‌یر نییه که گۆشهنیگاتان بۆ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان وهکیهک نه‌بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له درێژخایه‌ندا بیر بکه‌ینه‌وه، زۆر گرینگه که ئورووپا هه‌ڵوێستێکی مونسه‌جیم سه‌باره‌ت به پرسی کورد له ته‌واوه‌تیی خۆیدا بگرێته‌به‌ر. ئه‌مه‌ش نه‌ک ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه که قسه له یه‌ک نه‌ته‌وه یان یه‌ک پرسه. به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه که له‌نێوان مه‌سه‌له‌ی کورد له هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌دا و پرسی ئاشتی و جێگیری له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا (به هه‌موو ئه‌و ده‌ره‌نجامه ئه‌منیه‌تی و ئینسانی و کۆچبه‌رییه‌کانی بۆ وڵاتانی ئورووپا به‌تایبه‌تی بۆ سوئێد) ئه‌ڵقه‌یه‌کی پێوه‌ندی هه‌یه که بڕیارده‌ره، ئه‌ویش ڕۆڵی خراپکارانه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه.
هه‌روه‌ک ده‌زانن له مانگه‌کانی ڕابردوودا گرژییه‌کانی که‌نداو به‌شێوه‌یه‌کی پێشتر نه‌دیتراو ڕوویان له هه‌ڵچوون کردوه و ئه‌گه‌ری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نیزامییش هه‌یه. هاوکات هێندێک هه‌وڵ بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی دیالۆگ و گه‌یشتن به ڕێککه‌وتنێكی نوێ له‌نێوان ئێران و کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیدا له ئارادان. ئێمه لایه‌نگری فشاری زیاتر بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامیین. هه‌رله‌وکاته‌دا ڕوانگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ئێران نابێ ته‌نیا له هه‌ڵبژاردنێكدا کورت‌دا بکرێته‌وه له‌نێوان شه‌ڕ له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کی دیکه‌وه درێژه‌دانی دۆخی ئێستا که نه خه‌ڵکی ئێران و نه جیهانی شارستانی له‌گه‌ڵی مورتاح نین. بۆ ده‌رچوون له‌م دیلهمایه پێویسته کۆڕ و کۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه بڕیارده‌ره‌کان سه‌ره‌نجام قبووڵی بکه‌ن که به‌کرده‌وه ویست و ئاره‌زووی خه‌ڵکی ئێران و نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌و وڵاته وه‌به‌رچاو بگرن و به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هێزه دێموکڕات و میانه‌ڕه‌وه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران به‌تایبه‌تی کورده‌کان کار بکه‌ن.
ئه‌مڕۆژانه زۆر ده‌بیسین که دێموکڕاسی له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا خه‌ون و خه‌یاڵه. هه‌رچۆنێک بێ، ڕاستییه‌ک هه‌یه که که‌س ناتوانێ خۆی لێ ده‌رباز بکا: ته‌نیا کاتێک ده‌وڵه‌تی ئێران له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌رپرسیارانه ده‌جوڵێته‌وه که ئه‌و ڕێژیمه له‌پێشدا له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی خۆیدا وڵامده‌ر بێ.
سوپاستان ده‌كه‌م.