ساڵێك تێپه‌ڕی به‌سه‌ر مووشه‌كبارانه‌كه‌ی قه‌ڵای حیزبی دێموكراتی كوردستان و كاتی ئه‌وه هاتوه لێكدانه‌وه‌یه‌كی وردتر و لههمان كاتدا خهسارناسانهترمان هه‌بێ بۆ دۆخی پاش ئه‌م ڕووداوه تیرۆریستییه.
ڕه‌نگه سووكهئاوڕێك بۆ مانگرتنه‌كان و جووڵه مه‌ده‌نییه‌كانی ڕابردووی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، و به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌ستێن و بواره‌ی مانگرتنه‌كان تێیدا شكڵ ده‌گرن بتوانێ بۆ شرۆڤه‌ی مانگرتنه حیماسییهكهی 21ی خه‌رمانانی پاره‌كه یارمه‌تیده‌ر بێ.
ئه‌م به‌ستێنه، ئه‌م بواره‌ی كه ده‌ره‌تانی ڕه‌خسانی وه‌ها جووڵه و بزاڤێك ده‌دا به خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆیان هه‌ڵبڕن، من وه‌ك “شه‌قام” پێناسه‌م كردوه!
شه‌قام له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، زۆر جاران هه‌ڵكشان و داكشانی به خۆیه‌وه بینیوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دایمه له‌سه‌ر خه‌ت بووه، ته‌نانه‌ت به‌نیسبه‌ت پارچه‌كانی تریشه‌وه… شه‌قامه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له قاڵبی خه‌باتی مه‌ده‌نیدا به‌رده‌وام داكۆكییان له باشوور و باكوور و ڕۆژئاوا كردوه له بۆنه جۆربه‌جۆره‌كانی ئه‌م پارچانه‌دا.
له لایه‌كی تریشه‌وه له قاڵبی خۆڕاگری و نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا له ناوخۆی ڕۆژهه‌ڵات، به بۆنه‌ی تایبه‌تی، دووكان و بازاڕ داده‌خا و مانگرتنی سه‌راسه‌ری سازده‌كا. له ژێر زه‌خت و زه‌بروزه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆی كۆماری ئیسلامی‌دا، بۆ تیرۆری شه‌هید دوكتور قاسملوو، له سێداره‌دانی شه‌هید فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر، شه‌هیدكردنی شوانه‌ی سه‌ید قادر، ئیعدامی 59 لاوی شاری مه‌هاباد و… بوێرانه ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێ و مان ده‌گرێ و تێچووی قورسیشی بۆ ده‌دا.
كۆی ئه‌م نموونانه گوزاره له‌وه ده‌كه‌ن، شه‌قام له ڕۆژهه‌ڵات چه‌مكێكی جیاوازه. بوونه‌وه‌رێكی زیندوو كه هه‌ندێ جار به قه‌ره‌باڵغی و هه‌ندێ جار به بێده‌نگی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی كش و مات ده‌كا و پلان و پیلانه‌كانی پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه. شه‌قام ته‌نیا شوێنێكه كه كۆماری ئیسلامی زراوی لێی چووه!
له‌ڕاستیشدا ئه‌وه له‌سه‌ر شه‌قامه كه ناسیۆنالیزمی كوردی، خه‌ریكی ته‌قه‌ڵ و دروومانی خۆیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ “پێكه‌وه‌لكاوی ناسیۆنالیزمی” وه‌ك دوامه‌به‌ست، به ئاكام بگه‌یه‌نێ. مه‌به‌ستم له پێكه‌وه‌لكاوی ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر سه‌یری بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بكه‌ی له ڕوانگه‌یه‌كی خه‌سارناسانه‌وه، ده‌بینین به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ گرفتێك به‌ناوی “كه‌لێن” بهرەوڕوو بووه كه دایمه له‌مپه‌ر بووه له‌سه‌ر ڕێی پێكه‌وه‌لكاویی ناسیۆنالیزمی.
ئه‌م كه‌لێنانه بریتین له: كەلێنە چینایەتییەكان، كەلێنە حیزبییەكان، كەلێنە ئایینی و مەزهەبییەكان، كەلێنە جێندەرییەكان، كەلێنە جیلییەكان و… كۆی ئەم كەلێنانە دواجار لەسەر ڕەفتاری سیاسی كۆمەڵگە شوێندانەر دەبن و كەلێنە سیاسییەكان بەرفراوانتر دەكەن. به‌ڵام وێده‌چێ هه‌م حزووری خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و هه‌م چۆڵكردنی شه‌قامه‌كان، خه‌ریكه كه‌لێنه جۆربه‌جۆره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات داپۆشێ و _هه‌رچه‌ند تا گه‌یشتن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گه‌لێ كۆسپی تریش له‌ئارادان_ له‌ڕاستیدا ئه‌و پێكهوهلكاوییه ناسیۆنالیزمییه‌ی باسم لێوه كرد، زۆر به ڕاشكاوی له‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستادا هه‌ستی پێده‌كرێ، هه‌م به ڕه‌هه‌نده نێوخۆییهكهیدا، هه‌م له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی دیکه‌ی کوردستانیش.
سه‌باره‌ت به ڕه‌هه‌نده نێوخۆییه‌كه، ڕه‌نگه باس كردن له یه‌ك دوو نموونه بتوانێ به‌رچاوڕوونییه‌كی زیاترمان بداتێ:
یه‌كه‌م؛ هه‌ره‌وه‌زی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كاره‌ساتی بومه‌له‌رزه‌ی كرماشان و خوێندنه‌وه‌ی وردی ئه‌م هه‌ره‌وه‌زه و لێكدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م دال و نیشانه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌رخه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن كه باكووری ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك دوو جه‌مسه‌ری كوردی سوننه‌مه‌زه‌ب و كوردی شیعه‌مه‌زه‌ب و یارسان لێك گرێ دراون، ئیراده‌ی گه‌ل له سه‌رووی خواستی ده‌سه‌ڵاتی حاكم به شێوه‌یه‌كی دژكرده‌وه‌یی، هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ تاك و كۆمه‌ڵی كوردهواری. به واتایه‌كی دی، ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی كه‌لوپه‌لی پێویستیان بۆ ناوچه بومهلهرزهلێدراوهكان ده‌گواسته‌وه، له‌گه‌ڵ بڕینی تاك به تاكی سنووری نێوان شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ڕاستیدا ته‌قه‌ڵ و دروومانی لێكترازانی مێژوویی شار و ناوچه‌كان بوو. ئه‌مه واته به ده‌روونی كردنه‌وه‌ی چه‌مكی نه‌ته‌وه‌خوازی له نێوخۆدا.
دووه‌م، نههاتنهدهرێی خه‌ڵك له ماڵه‌كانیان له ڕۆژی 21ی خه‌رمانان جۆرێ له هاوپه‌یوه‌ندیی نێوان سێكوچكهکەی خه‌باتی سازكرد، هاشتاگی #من_له‌ماڵ_نایه‌مه‌ده‌ر له سۆشیال میدیا هه‌موو كه‌لێن و قوژبنه‌كانی ته‌نی و له ماوه‌ی سێ چوار ڕۆژدا زه‌ینی نێوخۆی به‌ته‌واوی ئاماده كرد بۆ دژكرده‌وه‌یه‌كی به‌ربڵاو! چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نیی نێوخۆ، بانگه‌وازی حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان له‌ژێر چه‌تری ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران و سه‌رئه‌نجام خواستی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و چالاكانی سیاسی له ده‌ره‌وه، به یه‌ك گوتار به‌ره‌نگاری مووشه‌كه‌كانی كۆماری ئیسلامی بوونه‌وه. ئه‌وان به هاشتاگ چوونه شه‌ڕی مووشه‌ك! لێره‌شدا واته له دنیای مه‌جازیدا سه‌ره‌ڕای هه‌موو خاڵه لاوازه‌كانی، پێكه‌وه‌لكاویی ناسیۆنالیزمی به‌ڕوونی خۆی ده‌رده‌خا.
دژكردهوهكه ئه‌وه‌نده خێرا و به‌ربڵاو بوو كه كۆماری ئیسلامیی تووشی شۆك كرد. ئه‌گینا به‌پێی ئه‌و ناسیاوییه‌ی له كۆماری ئیسلامی هه‌یه، ئه‌م هێرشه تیرۆریستییه درێژه‌ی ده‌بوو به ئاقاری مه‌ترسیدارتردا. هه‌رچه‌ند حاشا له‌وه ناكرێ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر قه‌ڵای دێموكرات، كاره‌ساتێكی زیانبار بوو بۆ بزووتنه‌وه‌ی كوردی ڕۆژهه‌ڵات و كۆستێكی گه‌وره بوو، به‌ڵام بێ هیچ شك و گومانێك مانگرتنی سه‌رانسه‌ری له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و نههاتنهدهرێی خه‌ڵك له ماڵه‌كانیان، ساڕێژی برینی شه‌هیدبوونی پۆلێك كادر و پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموكرات و ئێعدامی سێ گه‌نجی جیابیری سه‌ر جه‌سته‌ی نیشتمانی كرده‌وه. بۆیه ڕۆژی 21ی خەرمانان ده‌بێ بكرێ بە ڕۆژی خۆڕاگری و بەرخۆدانی نەتەوەیی!
له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی دیکه‌شدا، لاموایه زۆر له‌وه ئاشكراتره كه بمانه‌وێ باسی هه‌ست و دژكرده‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات به نیسبه‌ت به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بكه‌ین. له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا هاتنی ده‌یان هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی شاره جۆربه‌جۆره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان، سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن كه ناسیۆنالیزمی كوردی له ڕۆژهه‌ڵات به‌ته‌واوی په‌لوپۆی هاویشتۆته پارچه‌كانی دی و ڕهگئاژۆی كردوه و خه‌ریكی ته‌قه‌ڵ و دروومانی سنووره‌كانه له‌باری زه‌ینی و سۆزدارییه‌وه. ڕۆژێك بۆ په‌سندی فیدرالیزم له عێراق یان پشتگیری له شنگال یان به بۆنه‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له باشوور دێته سەر شه‌قام، ڕۆژێك به بیانووی كۆبانی بۆ ڕۆژاوا، ڕۆژێك به بیانووی ده‌سبه‌سه‌ركردنی سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی كورد له باكوور و… بۆ هه‌موو ئه‌مانه‌ش تێچووی بۆ داوه به گیان و ماڵ و ژیان.
پرسیارێكی گرینگ كه لێره‌دا قوت ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه كه بۆچی هێرش كرایە سه‌ر قه‌ڵای حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌م ساته‌وه‌خته‌دا؟
دیاره زۆر هۆكار ده‌سنیشان كراوه بۆ هێرشی كۆماری ئیسلامی وه‌ك:
– كۆماری ئیسلامی ئێران له‌م كاته‌دا وه‌ك ستراتیژیی شاراوه و ئاشكرای خۆی، ده‌یه‌وێ به خوڵقاندنی قه‌یران، خۆی له قه‌یران ڕزگار بكا.
– په‌یامێك بۆ ئه‌مریكا، په‌یامێك بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێم و په‌یامێك بۆ هاوپه‌یمانان كه ده‌كرێ وه‌ك هه‌ڕه‌شه دێكۆدهی كه‌ین!
– له دوای شكانی ئۆتۆریته‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران به سووتاندنی كۆنسوڵخانەکەی لە به‌سره، له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕا بۆ قه‌ره‌بووی سومعه‌ی تێكشكاوی.
– داڕمانی دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له نێوخۆی ئێران.
– گوشاره دهرەكییهكان، به‌تایبه‌تی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا
– به‌ئامانجكردنی لایه‌نێكی تایبه‌ت بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت.
و… زۆر هۆكاری تر.
به‌ڵام هۆكاره‌كان هه‌رچییه‌ك بن، بێ چه‌ند ئاكامێكی گرینگی لێكهوهتهوه:
– هه‌رچه‌ند باس كردن له چه‌مكی شه‌رعییه‌ت له مابه‌ینی حیزبێكی دژی كۆماری ئیسلامی و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره زۆرتر له پارادۆكس ده‌چێ به‌ڵام هێرشی تیرۆریستیی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر قه‌ڵا، به‌ته‌واوی شه‌رعییه‌تێكی شۆڕشگێڕی بۆ حیزبی دێموكراتی كوردستان ده‌سته‌به‌ر و مسۆگه‌ر كرد.
– دووپاتبوونه‌وه و جه‌خت له‌سه‌ر نه‌بوونی شه‌رعییه‌تی سیاسی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان (ده‌توانین زیاتر وه‌ك جۆری په‌یوه‌ندیی وڵاتێكی داگیركراو و وڵاتێكی داگیركه‌ر لێی بڕوانین!)
– یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی خه‌ڵكی نێوخۆ.
– به ته‌عبیری هه‌ندێ كه‌س ئه‌مه به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی “نا” بوو به كۆماری ئیسلامی كه چل ساڵ له‌وه‌پێشیش خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی خه‌ڵكی ئێران به كۆماری ئیسلامی‌یان گوت: نا!
– ڕه‌واییدان به خه‌باتی چه‌كداری (ده‌سه‌ڵاتێك كه شه‌ڕت پێده‌فرۆشێ، ده‌سه‌ڵاتێك كه قهڵاچۆت ده‌كا… ده‌بێ و ده‌كرێ به چه‌ك به‌ره‌نگاری ببییه‌وه.)
– وه‌ك چۆن ئه‌م مانگرتنه له ساڵانی ڕابردوودا و به‌تایبه‌تی پاره‌كه وه‌ك نه‌ریتێكی شۆڕشگێڕی لێ هات، ده‌بێ چه‌كی “من له‌ماڵ نایه‌مه‌ده‌ر” به‌ده‌ستی خه‌ڵكه‌وه بێ و به‌رده‌وام له‌سه‌رپێ بێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتكه‌ر و ئازادیکوژ!
– سۆشیال میدیا به‌ستێن و بواری ده‌نگهه‌ڵبڕینی ئۆنلاینی بۆ خه‌ڵك ڕه‌خساند تا به هاشتاگێك ڕووبه‌ڕووی مووشه‌كه ڕووسییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ببنه‌وه.
له كۆتاییدا ڕه‌نگه جێی خۆی بێ ئه‌م پرسیاره ئاراسته‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستان بكه‌ین كه دۆسییه‌ی شه‌هیدانی قه‌ڵا به كوێ گه‌یوه و له‌م په‌یوه‌ندییه چ كراوه؟
هه‌موو لایه‌ك له‌بیرمانه، نیكی هێیڵی باڵوێزی ئه‌و كاتی ئه‌مریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ڕاسته‌وخۆ و بێ پێچوپه‌نا باسی هێرشی مووشه‌كی بۆ سه‌ر قه‌ڵای حیزبی دێموكرات كرد، واته ئه‌مه یه‌كه‌م جار بوو له مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورددا – ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم – ناوی حیزبی دێموكرات له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بێته گۆڕێ كه بووه‌ته قوربانی تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی، كه‌وابوو ئه‌و پتانسییه‌له به‌هێزه هه‌بووه كه ئه‌م پرسه كه له‌م ئاسته‌دا بۆ ته‌واوی دنیا خراوه‌ته ڕوو، بكرێته كه‌یسێكی زۆر جیددی به دژی كۆماری ئیسلامی و تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی. له هه‌مان كاتیش‌دا میدیاكانی جیهان به نیسبه‌ت هێرشه‌كه ڕووماڵێكی باشیان كرد و ئه‌مه‌شیان هه‌ر به شێوه‌یه‌كی له‌ناخداهه‌ڵگر ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر دمامك له سه‌ر ڕوخساری ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریست لادرێ، به تایبه‌تی كه ئێستا له سپای پاسدراران و ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامییه‌وه بگره تا پله‌كانی خوارێ له لیستی تیرۆری ئه‌مریكادان!
به‌هه‌رحاڵ وه‌ك دواوته ئه‌گه‌رچی جه‌سته‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد جارێكی تر بریندار بوو، به‌ڵام بێگومان ئه‌وه خه‌ڵكی كوردستان بوون كه زامه‌كانیان ساڕ‌ێژ كرده‌وه و نیشانیان دا کە وه‌ك هه‌میشه شه‌قام پشت و په‌نای قه‌ڵایه!