لەسەر دیارده‌ی شۆرش و ده‌ركه‌وته‌كانی شۆرش زۆر گوتراوه و ته‌نانه‌ت كاری مه‌یدانیی زۆریشی بۆ كراوه. له‌گشت توێژینه‌وه‌كاندا پێوه‌ندییه‌كی ماندار له نێوان دیارده‌ی شۆرش و دیارده‌ی گرژیدا ده‌بیندرێ و له ئاكامدا خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی بۆ كراوه. ئه‌گه‌ر دیارده‌ی گرژی له به‌ستێنی عه‌ینی و واقعی خۆیدا تاوتوێ نه‌كرێ، بێگومان غه‌درێكی گه‌وره له ماهییه‌تی شۆڕش ده‌كرێ. كه‌وایه كاتێ ده‌ڵێین پێوه‌ندییه‌كی ماندار له نێوان شۆڕش و گرژیدا هه‌یه، پێویست ده‌كا له‌دوای تێگه‌یشتن له‌و فاكتۆرانه بگه‌ڕێین كه ئه‌م پێوه‌ندییه ساز ده‌كه‌ن. له زۆر یه‌ك له توێژینه‌وه‌كاندا فاكتۆری «ناكامی» وه‌ك هۆكاری جۆشدانی دیارده‌ی «شۆرش» و «گرژی» پێناسه كراوه كه ده‌توانێ وڵام یاخۆ پاساوێكی مه‌نتیقی بدا به ده‌سته‌وه بۆ هۆكاری گرژینواندن له كۆمه‌ڵگەدا. به‌پێی ئه‌م بۆچوونه ڕاده‌ی ناكامی داواكانی شۆرش، چه‌ندایه‌تی و چۆنیه‌تیی گرژی سیاسیش دیاری ده‌كا. لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا خەڵک ڕەفتاری نامەدەنیانە ناکەن و تەنیا لەو وڵاتانەدا خەڵک نامەدەنیانە هەڵسوکەوت دەکەن کە دەسەڵات وڵامدەر نابێ. جیاكردنه‌وه‌ی گرژی له شۆڕش یا خۆجیاكردنه‌وه‌ی شۆڕش له گرژی نه موومكینه و نه ڕه‌وایه، چوونكه شۆرش له‌ڕاستیدا بریتییه له گرژیی سیاسی. بۆ نموونه ڕاپه‌رین، مانگرتن، ڕێپێوانی هێمنانه و هتد، مه‌دلوولی شۆڕشن و گرژی لێره‌دا دالی شۆرشه، هه‌ڵبه‌ت خه‌باتی چه‌كداریش دیارده‌یه‌كی دیكه‌یه كه دواتر له‌م وتاره‌دا تیشكی ده‌خرێته سه‌ر. به‌گشتی ئه‌و نموونانه‌ی كه ئاماژه‌یان پێدرا، هه‌ركامه‌یان ئیمكانێكی شۆرشن كه له شه‌قامی گشتیدا كۆنتراستی حه‌قیقه‌تی سیاسی پڕڕه‌نگتر ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌م ئاكسیۆنانه كاتێ ده‌چنه فازی پێكدادان كه حكوومه‌ت زه‌رفییه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بێ گرژییه‌كان به‌ره‌و ئاقارێكی مه‌ده‌نی ببا و ڕێ له هه‌رچه‌شنه ته‌عامولێكی دێمۆكراتیك ده‌گرێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه ئاڵۆزاو و تێک چڕژاوەكان.
كاتێ باس له گرژیی سیاسی ده‌كرێ، بێگومان سه‌رنجێكی زیاتر به به‌ستێن و ده‌رفه‌ته‌كانی گرژی ده‌درێ. واته چ هۆكارێك زه‌مینه بۆ گرژی خۆش ده‌كا و ئه‌و ده‌رفه‌تانه چین كه ڕه‌چاو نه‌كراون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی شه‌قام به‌ره‌و پێكدادان نه‌چێ. له وه‌ها دۆخێك‌دا زۆرترین به‌رپرسایه‌تی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. هه‌ڵبه‌ت بۆ تێگه‌یشتن له‌م بۆچوونه پێویست ده‌كا سه‌رنج به ماهییه‌تی تیۆریكی «ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه» بده‌ین. ماكس وێبه‌ر گرژی وه‌ك یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ت_نه‌ته‌وه پێناسه ده‌كا. واته كاركردی ده‌وڵه‌ت_نه‌ته‌وه وه‌هایه كه گشت ئامێره‌كانی گرژی نواندن بكه‌وێته پاوانیهوه بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی و ته‌ناهی له كۆمه‌ڵگەدا مسۆگه‌ر بكا. له فازی یه‌كه‌مدا ده‌وڵه‌ت گشت ئامێره‌كانی گرژی ده‌خاته پاوانی خۆی و بۆ ئه‌وه‌ی ئامێره‌كانی گرژی له خزمه‌تی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی چینی باڵاده‌ست یاخۆ هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێ، پێویسته به‌ره‌و فازی دووهه‌می ده‌وڵه‌ت_نه‌ته‌وه بچێ، واته؛ نه‌هێشتنی زه‌مینه‌كانی گرژی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌وڵه‌ت ده‌بێ سه‌ره‌تا له خۆیه‌وه ده‌ست پێ‌بكا، یاسامه‌ند بێ، وڵامده‌ر بێ، ڕه‌وایی دێمۆكراتیكی خۆی بسه‌لمێنێ و ڕه‌فتارێكی مه‌ده‌نیانه له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان بكا. بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت_نه‌ته‌وه له ئێران ئیستعدادی ئه‌وه‌ی نه‌بووە كه به‌ره‌و فازی دووهه‌م واته دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی دێمۆكراتیك بچێ و هه‌ر له فازی یه‌كه‌می ده‌وڵه‌ت_نه‌ته‌وه، واته پاوان كردنی ئامێری گرژیدا چهقیوە و له ڕاستیدا بۆخۆی بوو به «عیلله‌تی» گرژی نواندن له ئێران‌دا. ڕێژیمی دوای ئینقلابیش، هه‌نگاوێك زیاتر له فازی یه‌كه‌می ده‌وڵه‌ت_نه‌ته‌وه كشایه‌وه ق، ئامێره‌كانی گرژیی له پاوانی ده‌وڵه‌ت ده‌رهێنا ق،كردی به فه‌زیله‌تێكی شه‌رعی و خستیه پاوانی ئومه‌تی ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ی پلۆرالیزمی سیاسی و كولتووریی ئێران له‌بار ببا و بزووتنه‌وه‌ی میللی دێمۆكراتیكی كوردستان سه‌ركوت بكا. فتوای جیهادی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی له ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٥٨ بۆ سه‌ر كوردستان، یه‌كێكه له نموونه‌كانی گرژی نواندنی شه‌رعی.
هه‌موومان له‌گه‌ڵ ئه‌م تیۆرییه‌دا ئاشناین كه؛ ده‌وڵه‌ت ڕێسای گەمهی سیاسی دیاری ده‌كا، چوونكه ده‌وڵه‌ت هه‌م ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه و هه‌م كۆنتڕۆڵی ده‌رفه‌ته‌كانی له‌ده‌ست دایه. به‌پێی ئه‌م تیۆرییه ده‌وڵه‌ته‌كان مه‌یدان و مێتۆدی خه‌بات بۆ ئۆپۆزیسیۆن دیاری ده‌كه‌ن. له وڵاته دێمۆكراتیكه‌كان،كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی وه‌ك مۆدێمێكی نێوانگر هه‌وڵ ده‌دا كێشه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئۆپۆزیسیۆن بخاته فازی ڕه‌فتاری كۆمۆنیكاتیڤهوه[1]و «حه‌وزه‌ی عموومی[2]»ش ده‌كا به به‌ستێنی داوه‌ری كردن. به‌ڵام ئه‌و ڕێژیمانه‌ی كه ڕه‌چاوی ستاندارده‌كانی دێمۆكراسی ناكه‌ن، نه مه‌جال به كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی ده‌ده‌ن و نه ته‌مای ڕه‌فتاری كۆمۆنیكاتیڤیشیان هه‌یه، كه‌وایه هه‌وڵ ده‌ده‌ده‌ن ئۆپۆزیسۆن به‌ره‌و كرده‌وه‌ی گرژین واندن پاڵ پێوه‌نێن، چوونكه له وه‌ها دۆخێك‌دا زۆر به ئاسانی ده‌ست بۆ ئامێری گرژی (كه له پاوانیدایه)ده‌با بۆ سه‌ركوتكردنی ئۆپۆزیسیۆن.
پرسی كورد له ئێران یه‌كێكه له‌و نموونانه كه كۆماری ئیسلامی له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵی دا مێتۆدی خه‌باتی چه‌كداریی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێ و له ڕێگای سیناریۆسازییهوه پلانه شوومه‌كانی خۆی یه‌ك به یه‌ك بباته پێش. سه‌ره‌تا فتوای جیهادی ده‌ركرد، دواتر هێرشی كرده سه‌ر كوردستان و دواجار هەوڵی بەردەوامی داوە بۆوەی مه‌رجه‌عه سیاسییه‌كان له كۆمه‌ڵگە جیا بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌جالێكی باشتری هه‌بێ بۆ كۆنترۆڵ كردنی كوردستان. یه‌كێك له خهسارناسییهكانی شۆڕشی كورد به‌داخه‌وه، له‌م حه‌قیقه‌ته تاڵه‌دا ده‌ركه‌وتووه كه ڕێژیمه‌كان مێتۆد و ڕێسای گەمهی خه‌باتیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن. ئێمه ناچارین ئه‌م ڕه‌خنه‌یه قبووڵ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك بدۆزرێته‌وه بۆ ده‌ربازبوون له‌م گرفته ڕووكردییه.
حیزبه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه كۆكن كه خه‌باتی چه‌كداری ئامانجی حیزبه‌كان نه‌بووه و ڕێژیم ئه‌م مێتۆده‌ی به‌سه‌ردا سه‌پاندوون (ڕێسای گەمهی دوژمن). ئه‌م بۆچوونه هه‌م له‌باری تیۆریكه‌وه ڕاسته و هه‌م له‌باری مێتۆدیكهوه سه‌لمێنراوه. له‌باری تیۆریكه‌وه هیچ كام له حیزبه‌كانی كوردستان خه‌باتی چه‌كدارییان وه‌ك زه‌رووره‌تێكی دیالیكتیك بۆ ده‌سپێكی خه‌بات له‌به‌رچاو نه‌گرتبوو چوونكه ئه‌م حیزبانه به‌رهه‌می داوایه‌كی ڕه‌وا و جه‌ماوه‌ریی بوون، له كه‌شێكی مه‌ده‌نیانه‌دا دامه‌زراون و دواتر بۆ به‌رگریكردن ده‌ستیان بۆ چه‌ك بردوه. ئه‌م ڕه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ تیۆرییه مائۆئیستییهكان ناته‌بایه كه خه‌باتی چه‌كداری وه‌ك دیالیكتیكی ئینقلابی پناسه ده‌كا. له‌م تیۆرییه‌دا شاخ یاخۆ گونده‌كان وه‌ك چه‌خماخه‌ی خه‌بات دیاری كراون كه ئاراسته‌كه‌ی شاره و به هیوان بزووتنه‌وه‌كه له‌وێ په‌ره بستێنێ. بۆ نموونه شه‌ری سیاهكه‌ل له ١٩ی رێبه‌ندانی ١٣٤٩ وه‌ك ده‌سپێكی خه‌باتی چریكه فیداییه‌كان، به‌پێی ئه‌م ڕوانگه ڕۆمانتیكه ده‌ستی پێكرد و ئامانجه‌كه‌یان ڕاپه‌رینی شار بوو، به‌ڵام قه‌ت ئه‌م ئامانجه نه‌هاته‌دی؛ چوونكه دۆخی ئێران جیاوازییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ چین و كوبا و وڵاتانی دیكه هه‌بوو.
حیزبه كوردستانییه‌كان له‌باری مێتۆدیكیشهوه به دوو هۆكار جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تیان هه‌بوو: یه‌كه‌م ئاقاری خه‌بات بوو؛ ئه‌وان له شاردا په‌ره‌یان سه‌ند و له شاخدا به‌رگرییان كرد. دووهه‌م ماهییه‌تی خه‌بات بوو؛ خسڵه‌تی خه‌باتی چه‌كداریی حیزبه كوردستانییه‌كان به‌رگریكردن و پاراستنی ئازادی و ده‌سكه‌وته مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كانی كورد بوو. لێره‌دا پرسیارێكی مه‌نتقی دێته ئاراوه كه ئه‌گه‌ر دوژمن له دیاریكردنی مێتۆدی خه‌باتدا ڕۆڵی هه‌بووه، چۆنه حیزبه كوردستانییه‌كان وه‌ها مكووڕن له‌سه‌ر به‌رده‌وام بوون له گەمهیهكدا كه دوژمن ڕێساكه‌ی بۆ داناوه؟
له كه‌س شاراوه نییه كه حیزبی دێمۆكراتی كوردستان، لانیكه‌م به‌دوای كۆنگره‌ی ١٤ی ئه‌و حیزبه‌دا، گۆڕانێكی بنچینه‌یی له ته‌عامولی سیاسی خۆی له‌گه‌ڵ واقعه‌كانی ئه‌مڕۆی ئێران و كوردستاندا كرد و هه‌روه‌ها به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی ڕه‌چاوی كۆمه‌ڵێ پره‌نسیبی بنه‌مایی ده‌كردكه ئه‌و حیزبه‌ی زیاتر له دۆخی ڕۆمانتیكی خه‌بات دوور ده‌خسته‌وه و به‌هه‌مان ڕاده‌ش له دۆخی ڕێئاڵیستیانهی سیاسه‌ت نزیكتر ده‌بۆوه. ده‌ره‌نجامی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه ته‌عامولییه لانیكه‌م خۆی له سێ ڕووكردی كرده‌وه‌ییدا ده‌بینێته‌وه:
ڕهووكردی یه‌كه‌م؛ تۆختر كردنی كۆنتراستی حه‌قیقه‌تی سیاسی له شه‌قامی گشتیی كوردستانی ئێران بوو. ئاوڕدانه‌وه و به هه‌ندگرتنی چالاكییه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی نێوخۆی كوردستان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ئێكۆسیستهمه نیشتمانییه له ڕاگه‌یاندنه‌كانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستاندا هۆكارێكی جیددی بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كۆنتراسته حه‌قیقیه له كوردستانی ئێران‌دا پڕڕه‌نگتر و زیندووتر له جاران ده‌ركه‌وێ.
ڕووكردی دووهه‌م؛ كولتوورێكی سیاسی بوو كه ئه‌م حیزبه‌ی له پێهاتهیهكی دسیپلینییهوه بۆ حیزبێكی پڕاگماتیك گۆڕی. له ڕاگه‌یاندنه‌كانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ڕه‌خنه‌ی ده‌روون پارادایمی ئاساییه و دیسیپلینی حیزبی ڕێگری له ئازادیی به‌یان ناكا. هه‌ر وه‌ها ئه‌م حیزبه پیشانی داوه كه تا چه‌ند ئیستعدادی هه‌یه له‌گه‌ڵ ڕه‌قیبه سیاسییه‌كانی خۆی له تهعاموولدا بێ و له ئه‌نجامدا زه‌مینه‌ی كۆده‌نگی و پێكه‌وه‌كاركردن خۆش بكا. ڕه‌نگه به به‌راورد له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دێمۆكراسیی ده‌روون حیزبی هه‌ست به كه‌موكوڕی بكرێ، به‌ڵام ئه‌م كرانه‌وه سیاسییه له خۆیدا به‌رچاوگه‌ی كولتووری سیاسی “حدك”ی گه‌شتر كرد و له كۆمه‌ڵگەشدا به چاوی هومێده‌وه سه‌یری ده‌كرێ.
ڕووكردی سێهه‌م، گۆڕانێكی ڕێتۆریكه له‌و حیزبه‌دا كه ڕه‌هه‌ندی ئیستدلالی و مه‌نتقی ڕێتۆریكی حیزبی به‌هێز كردوه. حیزبی دێمۆكراتی كوردستان تا دێ له زمانی پرۆپاگاندایی و ڕۆمانتیك، له زمانی ئهوتۆریتاری و ئینته‌زاعی دوورتر ده‌كه‌وێته‌وه و به‌و ڕاده‌یه‌ش له نسبیه‌تی زمانی نزیكتر ده‌بێته‌وه. ئه‌م ڕه‌وه‌نده ڕێتۆریكه به‌پێی بۆچوونی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كارتێكه‌ریی حیزب له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگە زۆرتر ده‌كا و مه‌یدانێكی زیاتر به مانۆری سیاسیی حیزبه‌كان ده‌دا.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م گۆڕانكاریانه زۆر گران له‌سه‌ر حیزبی دێمۆكراتی كوردستان كه‌وتوون و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك كه‌وتۆته به‌ر هه‌جمه‌ی هه‌یاران و نه‌یارانی، به‌ڵام له ڕاستیدا به‌م هه‌ڵوێستانه‌وه خۆی له چاره‌نووسێكی شووم ڕزگار ده‌كرد كه چیدی مه‌جال به ڕێژیم نه‌دا مێتۆدی خه‌باتی بۆ دیاری بكا و نه‌یویست به‌پێی ڕێساكانی گەمهی دوژمن كایه بكا. هه‌ڵبه‌ت حهساسییهتهكانی ڕێژیم له‌مه‌ڕ حیزبی دێمۆكراتی كوردستان له كه‌س شاراوه نییه و كۆمه‌ڵگەی كوردستان ئاگادارن كه چۆن ڕێژیم په‌نا بۆ هه‌ر چه‌شنه كرده‌وه‌یه‌كی شووم ده‌با بۆ ئه‌وه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ره‌و ئه‌و مه‌یدانه په‌ڵكێش بكاته‌وه كه به پشتبه‌ستن به ته‌كنۆلۆژیای شهر پێی ده‌وێرێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بۆمب ده‌با بۆ به‌رده‌م ده‌فته‌ری سیاسیی ئه‌و حیزبه، كادره‌كانی تیرۆر ده‌كا و دواجار ئه‌و مووشه‌كانه‌ی تێده‌گرێ كه قه‌راربوو ئیسرائیلی پێ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان بسرێته‌وه.
حه‌ساسیه‌تی هه‌یاران له‌مه‌ڕ گۆڕانكارییه ڕووكردییهكانی حدك دیارده‌یه‌كی ئاساییه چوونكه هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی سیاسی كاتێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ دیارده‌كان ده‌كا و هه‌ڵوێسته‌كانی جیاواز ده‌بن تووشی وه‌ها ههجمهیهك ده‌بێته‌وه، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه ههجمهكارانی ئه‌و پێكهاته‌یه نایانهه‌وێ له مه‌لۆتكه‌ی عاده‌ت بێنه ده‌ر و دارهداری داهێنان تاقی بكه‌نه‌وه.
مانگرتنی گشتی له ٢١ی خه‌رمانانی ١٣٩٧ خاڵێكی وه‌رچه‌رخان بوو له مێژووی كورد، ئه‌گه‌ر له گۆشه‌نیگایه‌كی كۆمهڵناسیانهوه سه‌یری بكه‌ن. بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوودا ئێمه ئیراده‌یه‌كی ڕژد ده‌بینین كه پرسی كورد به‌ره‌و «حه‌وزه‌ی عموومی» بانگێشت ده‌كا و ڕێسای گەمهی دوژمن ده‌شێوێنێ. داخستنی دوكان و بازار له شاره‌كان ڕه‌نگی كۆنتراستی حه‌قیقه‌تی سیاسیی تۆختر كرد و ڕێژیمیان ئاگادار كرده‌وه كه گشت پێكهاته سیاسی، مه‌ده‌نی، سینفی، بازاری، كرێكاری، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی و ئایینییه‌كانی كوردستان، چ له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان و چ له ژووره‌وه‌ی سنووره‌كان بن، به‌شێكی گرنگن له ئێكۆسیسته‌می نیشتمانی و خه‌ڵكی كوردستان له حاندیاندا خه‌مسارد نین، به هی خۆیانی ده‌زانن و به‌رگرییان لێده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر گرنگترین په‌یامی مانگرتن، به بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، پرسی یه‌كگرتن بوو، له ڕاستیدا ئه‌م یه‌كگرتنه ده‌بێ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی نێوخۆی نیشتمانیش بێ. ڕوانگه‌ی سەلیقەیی سیاسه‌ت له حه‌وزه‌ی عموومی كوردستاندا جێی نییه و هیچ هێزێكی سیاسی بۆی نییه نیشتمان به‌سه‌ر چاك و نهچاكدا دابه‌ش بكا به‌ڵكه پرسی كورد هه‌رده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌قامی گشتی و له‌وێدا ئامانج و ئه‌جندای لایه‌نه سیاسییه‌كان له مه‌حه‌ك ده‌درێن.
هێرشه‌كانی ڕێژیم و مانگرتنی خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵگری ئه‌م په‌یامه‌ش بوو بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان كه ستراتیژیی حیزبه‌كه‌تان كار ده‌كا و زۆریش جیددییه.
[1]کنشارتباطی
[2]publicsphere