تایبه‌تیسازی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه به‌دوای كۆتایی هاتنی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و عێڕاق وه‌ك ڕه‌وتی قه‌ڵه‌وكردنی ئابووریی داموده‌زگا نیزامی و ئه‌منیەتییە‌كانی كۆماری ئیسلامی له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ڕه‌فسه‌نجانیه‌وه ده‌ستی پێكرا و به ته‌واوی ده‌ستی سپای پاسداران و ناوه‌نده‌كانی نزیك له ده‌زگای ڕێبه‌ری بۆ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی جومگه ئابوورییه‌كان له هه‌موو كه‌رته‌كاندا كرده‌وه. به جۆرێك كه ده‌رفه‌تێكی هه‌ر چه‌شنه داهێنانێكی ئابووریی له خه‌ڵكی ئاسایی سه‌ند.
ئه‌وه له كاتێك دایه تایبه‌تیسازی له وڵاتانی سه‌رمایه‌داریی گه‌شه‌سه‌ندوو به ئامانجی ڕێگرتن له قۆرخكاریی ئابووریی ده‌وڵه‌ت و پێكهێنانی كه‌شێكی گونجاو بۆ پێشبڕكێ له سه‌رجه‌م جومگه‌كاندا، یارمه‌تیی به‌ره‌وپێش چوونی ئابووریی وڵات ده‌دا. له‌و وڵاتانه‌دا ده‌وڵه‌ت به پێكهێنانی ده‌رفه‌تی وه‌ك یه‌ك بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵك هه‌وڵ ده‌دا ئابووری لیبرالیزه بكا و به‌و شێوه‌یه سه‌رمایه‌ی زیاتر لای خه‌ڵك كۆ ده‌بێته‌وه و به‌رهه‌مهێنان گه‌شه ده‌كات. به‌ڵام پڕۆژه‌ی به‌ناو لیبرالیزه كردنی ئابووری له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا ئاراسته‌یه‌كی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ی به‌خۆوه گرتوه و بۆ هه‌رچی زیاتر ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌رمایه و كۆنتڕۆڵ كردنی پیشه‌سازی و بازرگانی و كۆی كه‌رته خزمه‌تگوزارییه‌كان و ته‌نانه‌ت په‌روه‌رده‌شی كه‌ڵكی لێ وه‌رگیراوه.
ڕه‌وتی به‌ناو تایبه‌تیسازی له ئێران هه‌ر زوو كه‌رتی په‌ره‌وه‌رده و خوێندنی باڵاشی گرته‌وه كه به دوو هۆكاری ئابووری و ئیدئۆلۆژی گرینگیه‌كی تایبه‌تیان بۆ بردنه پێشی مه‌رامه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران هه‌بوو. سه‌ره‌تا به دامه‌زرانی زانكۆ ئازاد و كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی له زۆربه‌ی شار و ته‌نانه‌ت شارۆچكه‌كان، پڕۆسه‌ی خوێندنی باڵایان لیبرالیزه (هه‌ڵبه‌ت به خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیان) كرد و وایانكرد بڕوانامه به‌ر له‌وه‌ی ده‌ره‌نجامی فێربوون و تێگه‌یشتن بێ، بۆ توانای ماددیی خوێندكار بگه‌ڕێته‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌ش ڕێگه‌خۆشكه‌ر بوو كه بڕوانامه بوو به كاڵایه‌كی بازرگانی كه وه‌ك هه‌موو كاڵایه‌كی دیكه بتوانرێ به پووڵ بكڕدرێ. له لایه‌كی دیكه‌وه ناوه‌ندایه‌تییان له زانكۆ ده‌وڵه‌تییه‌كان سڕییه‌وه كه پێگه‌ی سه‌ره‌كیی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری و ڕه‌خنه‌گری جیددیی سیسته‌م بوون و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌وه وه‌ك مه‌ترسی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان سه‌یر كرد. ده‌ره‌نجامی ئه‌و ڕوانینه‌ی ده‌سه‌ڵات پڕۆژه‌ی به‌ناو شۆڕشی فه‌رهه‌نگی لێ كه‌وته‌وه كه نزیك به سێ ساڵ سه‌رجه‌م زانكۆكانیان داخست و به هه‌زاران مامۆستا و خوێندكاری جیابیریان له زانكۆكان ده‌ركرد.
دواتر و به تایبه‌ت له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا، دیارده‌ی تایبه‌تیسازی بۆ مه‌دره‌سه‌كانیش گواستراوه و ئێستاكه ده‌بینین ژماره‌یه‌كی به‌رچاو مه‌دره‌سه‌ی تایبه‌ت له‌ژێر ناوی جۆراوجۆردا ساڵانه قوتابی وه‌رده‌گرن. به پێی ئاماره نافه‌رمییه‌كان 15 له سه‌دی قوتابیان له‌و مه‌دره‌سانه ده‌خوێنن كه خاوه‌نی ئیمكاناتی تایبه‌ت و ئاستی خوێندنی به‌رزتر له مه‌دره‌سه ده‌وڵه‌تیه‌كانن، به شێوه‌یه‌ك كه دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامی كونكووڕی ئه‌وساڵ ده‌ركه‌وت كه له سه‌دا سه‌دی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به پله‌ی ته‌ك ڕه‌قه‌می ده‌رچوون، قوتابی ئه‌و مه‌دره‌سه تایبه‌تانه بوون. ئه‌وه‌ش وه‌ك بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره له نابه‌رابه‌ریی په‌روه‌رده‌یی ده‌ركه‌وت.
له زۆربه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتووی دونیا مه‌دره‌سه تایبه‌ته‌كان هەن بەڵام به‌و جیاوازییه‌ی كوالیتیی خوێندن له مه‌دره‌سه ده‌وڵه‌تییه‌كان جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌دره‌سانه نییه و ئاستی په‌روه‌رده‌یه‌كی گونجاو بۆ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگە بوونی هه‌یه و ده‌وڵه‌ت به گرینگیه‌كی ته‌واوه‌وه خۆی له به‌رامبه‌ری نه‌وه‌ی خوێنده‌واری داهاتوو به به‌رپرسیار ده‌زانێ. به‌واتایه‌كی دیكه به‌ستێنه‌كانی تایبه‌تیسازی په‌روه‌رده‌یی له وڵاتانه‌دا ئاماده‌یه و كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نیی پەر‌وه‌رده‌یی چاوه‌دێریی ته‌واوی به سه‌ر دووره‌دیمه‌نه‌كانی په‌روه‌رده‌یه‌كی ستاندارد و مۆدێڕن‌دا هه‌یه و باڵانسێكی لۆژیكی له نێوان ئیراده‌ی ده‌وڵه‌ت و ئیراده‌ی قو‌تابیاندا دەستەبەر كراوه. ئه‌وه‌ش وایكردوه ده‌سڕاگه‌یشتنی گشتی بۆ قوتابیان به په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌رده‌میانه بڕه‌خسێ.
هه‌رچه‌ند به‌پێی یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئێران خوێندن ده‌بێ بۆ هه‌مووان به‌خۆڕایی بێ، به‌ڵام له نزیك به دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا كردنه‌وه‌ی قو‌تابخانه تایبه‌ته‌كان بۆته سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی پووڵ و له هه‌مان كاتدا فراوانتر كردنی كه‌لێنی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌ره‌دان به لیبڕالیزمێكی ڕووتی په‌روه‌رده‌یی ئه‌ویش له وڵاتێكی داخراو له باری سیاسی و ئابوورییه‌وه.
كردنه‌وه‌ی مه‌دره‌سه تایبه‌ته‌كان بۆته پیشه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك نوێ كه به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت و كه‌سانی نزیك له خۆیان قۆرغیان كردوه و وه‌ك كارتێلێكی ئابووری گه‌وره له سه‌ر خوانی قوتابیان سه‌رمایه كۆ ده‌كه‌نه‌وه. به چاوخشاندنێك به ڕه‌قه‌می شه‌هرییه‌ی ئه‌و مه‌دره‌سانه ده‌رده‌كه‌وێ كه مافیای ده‌سه‌ڵاتدار به چ شێوه‌یه‌ك ده‌ستی خستۆته نێو ئه‌و كه‌رته‌وه.
ڕۆژنامه‌ی “فرهیختگان” له ڕاپۆرتێكدا له‌ژێر ناوی “ڕه‌وتناسیی گرانترین مه‌دره‌سه‌كانی تاران” تیشكی خستۆته سه‌ر ناوی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و مه‌دره‌سه تایبه‌تانه و خاوه‌نه‌كانیان و هه‌روه‌ها ئه‌و بڕه پووڵه‌ی وه‌ك شه‌هریه‌ی ساڵانه له قوتابیه‌كان وه‌رده‌گیرێ، كه زۆربه‌ی نزیك به ته‌واویان له به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامین به هه‌ر دوو باڵه‌كه‌یه‌وه. به گوێره‌ی ئه‌و ڕاپۆرته شه‌هریه‌ی ساڵانه‌ی زنجیره مه‌دره‌سه‌كانی “حنان” كه محه‌ممه‌د خاته‌می خاوه‌نیه‌تی، 37 میلیۆن تمه‌نه و شه‌هریه‌ی ساڵانه‌ی مه‌دره‌سه‌ی “امام صادق” 25 میلیۆن تمه‌نه كه خاوه‌نه‌كه‌ی “محه‌ممه‌دڕه‌زا مه‌هده‌وی كه‌نی”ه. له درێژه‌ی ئه‌و ڕاپۆرته‌دا ئاماژه به ده‌یان مه‌دره‌سه‌ی تایبه‌تی و خاوه‌نه‌كانیان و بڕی شه‌هرییه‌كانیان كراوه.
تایبه‌تی سازی په‌روه‌رده له وڵاتانی دێمۆكڕاتیك و له‌ژێر سێبه‌ری ده‌وڵه‌تێكی به‌رپرسیاردا لایه‌نی ئه‌رێنیی زۆره و ده‌بێته هۆی به‌ره‌وپێشچوونی سیسته‌می په‌روه‌رده له وڵات‌دا. به شێوه‌یه‌ك كه جۆرێك له كێبركێ به‌رهه‌م دێنێ له باش كردنی مێتۆده‌كانی فێركردن و به‌ره‌وپێش بردنی پڕۆسه‌ی فێركردن. له كاتێكدا له وڵاتێكی گه‌شه‌نه‌سه‌ندووی وه‌ك ئێران كه نێونجی داهاتی تاكه‌كه‌س زۆر نزمه و بنه‌ما ئابووری و سیاسییه‌كانی لیبڕالیزم نه‌هاتوونه‌ته دی، بازدان به‌ره‌و لیبرالیزمی ئامووزشیی ئاوێته‌كراو به ئیدئۆلۆژی، قه‌یرانی جۆراوجۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی لێ كه‌وتۆته‌وه و جۆره ئابوورییه‌كی ڕانتێری به‌رهه‌م هێناوه كه ده‌رفه‌ته‌كان له چینی هه‌ژار و كه‌م داهاتی كۆمه‌ڵگا ده‌ستێنێته‌وه كه زۆربه‌ی خه‌ڵك ده‌گرێته‌وه. له ئێران‌دا كه به پێی ئاماره نافه‌رمیه‌كان ڕێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له ژێر هێڵی هه‌ژاری دان په‌نجا له سه‌دی تێپه‌ڕاندوه و له هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نیی په‌روه‌رده‌یی ده‌رفه‌تی هه‌ناسه‌دانی لێ ئه‌ستێندراوه‌و ناتوانێ كاریگه‌ریی له سه‌ر سیاسه‌تی په‌وه‌رده‌یی وڵات بێ، په‌ره‌گرتنی مه‌دره‌سه تایبه‌ته‌كان ده‌توانێ ئه‌نجامی كاره‌ساتباری لێ بكه‌وێته‌وه‌و زۆربه‌ی قوتابیان له خوێندن و چوونه زانكۆ هیوابڕ بكا.
ئه‌و دۆخه به تایبه‌ت له ناوچه په‌ڕاوێزییه‌كانی ئێران وه‌ك كوردستان كاریگه‌ریی گه‌وره‌تری دروست كردوه و ویست و ئاره‌زووی خوێندنی لای قوتابیان و بنه‌ماڵه‌كانیان به جۆرێك لاواز كردوه كه به به‌راوردێكی سه‌رپێی له ڕێژه‌ی ده‌رچووان و ئه‌و به‌شه به‌رزانه‌ی قوتابیان له ده‌یه‌ی 60 و 70دا و هه‌مان ڕێژه له ده‌یه‌ی 80 و 90 دا به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێ چ پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره له پڕۆسه‌ی خوێندن له هه‌موو ئاسته‌كاندا ڕووی داوه.