نابێ هیچ شک و گومانێک له‌وه‌دا هه‌بێ که دیالۆگ دوامه‌نزڵگه‌ی هه‌موو کێشه‌کانه. له کێشه‌یه‌کی ساکاری بنه‌ماڵه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بگره تا دانوستانی پاش شه‌ڕێکی ماڵوێرانکه‌ری چه‌ندین وڵات له‌گه‌ڵ یه‌کتر، واته له پاش هه‌موو شه‌ڕه‌کان ڕێگاکان ده‌گه‌نه‌وه چوارچێوه‌ی میزی وتووێژ. ڕه‌نگه یاسر عه‌ڕه‌فات هه‌ستی به‌مه كردبوو كه له پاش دانیشتنه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌موو جارێ ده‌یوت: سه‌د ساڵ وتووێژی بێ ئاكام باشتره له کاتژمێریک شه‌ڕ.
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی به ئاکامێکی ئیجابی بگه‌ین سه‌باره‌ت به‌وه که به‌ڕاستی وتووێژ دوامه‌نزڵگه‌ی گرفته‌کانه، سه‌ره‌تا ده‌بێ ئاوڕێک بده‌ینه‌وه سه‌ر چه‌مکی وتووێژ و بزانین كه ئایا هه‌موو پێش مه‌رج و مه‌رجه‌كانی ئه‌م چه‌مكه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ئاماده‌ن یان نا؟
لام وایه بۆچوونه‌کانی یورگن هابێرماس فیلسووفی ئاڵمانی سه‌باره‌ت به چه‌مکی دیالۆگ که دواجار ده‌بێته بنه‌مای “توافق و وفاق” به‌تایبه‌تی له کۆمه‌ڵگەیه‌کی چه‌ندنه‌ته‌وه‌یی و چه‌ند کولتووریدا باشترین مۆدێلێک بێ له دێموکراسی که له‌سه‌ر بنه‌مای لێک تێگه‌یشتن دامه‌زراوه.
هه‌روه‌ك ده‌زانین دوو چه‌مکی ده‌ڤه‌ری گشتی public sphere و جهان زیست (ژینگه) life world له چه‌مکه سه‌ره‌کییه‌کانی هابرماسن كه ده‌بنه هۆی تهکوزێکی تایبه‌تی له ئه‌ندیشه‌ی سیاسیی ئه‌ودا و دواجار مۆدێلێكی تایبه‌ت له دێموکراسی! ئه‌و ده‌ڵێ ده‌ڤه‌ری گشتی ئه‌و شوێنه‌یه که دێموکراسی تێیدا خویا ده‌بێ، واته وه‌ک تۆڕێکی واقعییه که ئاڵوگۆڕی بیروڕا و ڕوانگه‌کان له‌ودا ئه‌نجام ده‌درێ و له ڕاستیدا ده‌کرێ بڵێین هه‌مان ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیشه که هه‌موو شارۆمه‌نده‌کان ده‌توانن به شێوه‌یه‌کی ئازاد و بێ ترس، بیروبۆچوونی خۆیان ده‌رببڕن. واته له ده‌ڤه‌ری گشتیدا هیچ به‌ربه‌ند و له‌مپه‌رێک بوونی نییه به‌رامبه‌ر به ده‌ربڕینی بیروبۆچوونی تاکه‌کان، بۆیه ده‌کرێ له‌و ده‌ڤه‌ره که‌ڵک وه‌رگیرێ بۆ ده‌سپێکی دیالۆگ له نێوان تاکه‌کان. ته‌نانه‌ت هابرماس هه‌نگاوێک ئه‌ولاتر ده‌ڕوانێ و ده‌ڵێ: وتووێژ ته‌نیا بۆ ئه‌وه نییه بگه‌ینه لێک تێگه‌یشتن، به‌ڵکوو ده‌بێ دیالۆگ ببێته هۆی دانی جۆرێ له مهشروعییهتیش به یاساکان، واته نابێ تۆ له به‌ر ئه‌وه ملکه‌چی یاسا بی که جۆرێك له زۆری تێدایه به‌ڵکوو ده‌بێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌شرووعییه‌تیان هه‌یه ملکه‌چیان بێ.
لەلایەکی دی، به‌ڵام هه‌نگاوی گرینگ بۆ پێشمه‌رجه‌کانی وتووێژ له‌سه‌رووی هه‌موویان سه‌داقه‌ته، واته بۆ ئه‌وه‌ی دیالۆگێکی سالم و ته‌ندروست ساز بێ واته کرده‌یه‌کی په‌یوه‌ندی سالم، ده‌بێ مه‌رجی سه‌داقه‌ت له سه‌رووی هه‌مووان بێ، هه‌ر ئه‌و شته‌ی که له تێۆری ئه‌خلاقی گوتاری هابرماسدا جێگه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆخۆی دیاری کردووه.
بۆ وێنه ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی مێژوویی بدرێته‌وه سه‌ر بزووتنه‌وه‌كانی كورد، ده‌بینی كه هه‌رگیز بارودۆخی دیالۆگ چێ نه‌كراوه و ده‌سه‌ڵات له‌بری ئه‌وه‌ی میكرۆفۆنێكش بدا به كورد، هه‌رتك میكرۆفۆنهكانی به‌رامبه‌ر به خۆی گرتوه و دیالۆگ بۆته مۆنۆلۆگێكی خۆسه‌پێنه‌ر و له‌مه‌ش سه‌رنجڕاكێشتر پێشمه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هابرماسه واته سه‌داقه‌ت، كه هه‌رگیز ده‌وڵه‌تانی ناوه‌ندی به‌رامبه‌ر به كورد نه‌یانبووه و به پێچه‌وانه‌وه، درۆ و ده‌هۆ و فێڵ و دا‌و ئه‌ودیوی ئه‌م به ڕواڵه‌ت دیالۆگانه بووه، نموونه له مێژووی كورددا یه‌كجار زۆرن یا به واتایه‌كی وردتر بڵێم كه‌م هه‌بووه سه‌ركرده‌ی سیاسیی كورد نه‌كه‌وتبێته ئه‌م داوی به‌ناو دیالۆگانه‌وه و دواجار گیانی له‌سه‌ر دانه‌نابێ یان پێوه نه‌بووبێ!
بۆیه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌بێ كورد له ئێران سه‌رنجی بداتێ ئه‌وه‌یه كاتێ ده‌سه‌ڵاتێك وه‌ك كۆماری ئیسلامی قایل به هه‌بوونی ده‌ڤه‌ری گشتی نییه و ئیزنی ڕاده‌ربڕین به تاكی ئاسایی نادا، چۆنه له ئاستێكی ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی كورد له سه‌ر میزی وتووێژ دابنیشێ، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ئه‌م ماسته بێ موو نه‌بێ، به دڵنیاییه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئامانجێكی تری هه‌یه بۆ وێنه نیشاندانی ژێستێكی دیمۆكراتیك به دنیا له كاتێكدا گڵۆڵه‌ی خه‌ریكه بكه‌وێته لێژی!
خۆ سه‌یر نییه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وای بۆ بچین كه كۆماری ئیسلامی له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا خه‌ریكه به جۆرێ ئۆپۆزیسیۆنی كوردی له ئه‌مریكا دوور بخاته‌وه ڕه‌نگه بۆچوونێكی هه‌ڵه نه‌بێ و به كڕینی كات بۆ ده‌رباز بوون له‌م قه‌یرانه‌ی به‌رۆكی گرتوه له دواڕۆژدا سه‌رله‌نوێ بكه‌وێته دژایه‌تی و هێرش بۆ سه‌ر هێزه كوردییه‌كان. ئەمن پێموایه هه‌رگیز دۆخی وتووێژ وه‌ك ئه‌و مه‌رجانه‌ی هابرماس باسی ده‌كا، له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی به‌نیسبه‌ت كورده‌وه چێ نابێ. ئه‌وان له‌سه میزی وتووێژ دایمه قاتڵی ژیان و ئاشتی بوون!!!