بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسیی واقبعین و به‌رپرسیار ناتوانێ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی خۆی و ده‌سه‌ڵاتی حاکم له ڕێگای ئاشتییانه و وتووێژه‌وه وه‌ك ئه‌سڵێک ڕه‌ت بکاته‌وه. بزووتنه‌وه‌ی کوردیش به سروشتی ئاشتیخوازانه‌ی و به‌هۆی دۆخێکی سه‌خت و ناله‌باری نێوخۆیی و ده‌وروبه‌ر که هه‌میشه له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕوو بووه، قه‌ت ئه‌سڵی وتووێژی ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رسه‌ختترین ده‌سه‌ڵاتیش ڕه‌ت نه‌کردۆته‌وه. ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی کورد له مه‌یدانی وتووێژدا زۆر جار ڕه‌خنه‌ی هاتۆته‌وه سه‌ر، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه نییه که وتووێژ وه‌ك خۆی خراپ بێ، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تانێکدا که ته‌نیا زمانی ئینکار و سه‌رکوتیان زانیوه، زۆربه‌ی کات کورد له به‌ستێنسازیی پێش وتووێژ و له خودی وتووێژدا وه‌ها نه‌جووڵاوه‌ته‌وه که به ده‌ستی پڕ و به سڵامه‌تی له‌سه‌ر مێزی وتووێژ هه‌ستێ.
وتووێژ پرسێکی فه‌لسه‌فی نییه هه‌تا به‌شێوه‌ی ڕه‌ها حوکم له‌سه‌ر دروست یا هه‌ڵه‌بوونی بده‌ین، به‌ڵكوو پرسێكی سیاسییه که ده‌بێ وه‌ک یه‌كێک له شێوازه‌کانی گه‌یشتنی لایه‌نێک به به‌شێك له ئامانجه‌كانی چاو لێبکرێ. ده‌کرێ له سه‌رده‌مێکدا شێوازێکی خه‌بات مومکین و کاریگه‌ر بێ، له سه‌رده‌مێکدا شێوازێکی دیکه. جاری وایه شێوه‌یه‌کی خه‌بات هیچ چه‌شنه کاراییه‌کی سیاسی و عه‌ینیی نییه، به‌ڵام له به‌ستێنی حقووقی و مێژوویی‌دا مانادار و به‌جێیه. مادام هیچ کێشه‌یه‌کی سیاسی له دنیادا له درێژخایه‌ندا ڕێگاچاره‌ی نیزامیی نییه، ده‌توانین بڵێین هه‌موو شێوه‌کانی خه‌بات و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه بۆ ئه‌وه به‌کار دێن که له کۆتاییدا لایه‌نه‌کانی کێشه له ڕێگای گفتگۆوه به چاره‌سه‌رێکی ڕاسته‌قینه و چه‌ندی بکرێ هاوسه‌نگ بگه‌ن. هه‌ربۆیه قسه نه‌ک له ڕوانینێکی ئیدهئالیستانه و بههاگهرایانه، به‌ڵکوو له باڵانسی سوود و زیانه‌کانی ئه‌م شێواز یان ئه‌و شێواز له دۆخی هه‌نووکه و له چاره‌نووسی درێژمه‌ودادا هه‌م له‌باری زه‌ینی و جههانبینییهوه و هه‌م له‌باری عه‌ینی و سیاسییه‌وه‌یه.
به‌و پێیه ئه‌وه‌ی ده‌بێ قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێ ئه‌سڵی وتووێژ نییه، به‌ڵکوو ئه‌و فاکته‌رانه‌ن که شانسی سه‌رکه‌وتن و به‌رهه‌مدار بوونی وتووێژ و سنووردارکردنی زیان و مه‌ترسییه‌کانی وه‌ها ڕێکارێک دیاری ده‌كه‌ن و پێمان ده‌ڵێن که ئه‌گه‌ر وتووێژ ده‌که‌ین، چۆنی بکه‌ین. گرینگترینی ئه‌و فاکته‌رانه بریتیین له: ١/ لایه‌نی وتووێژ؛٢/ کاتی وتووێژ؛ ٣/ مه‌به‌ست له وتووێژ؛ ٤/ بابه‌تی وتووێژ (ئه‌م دووانه‌ی دوایی پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان پێکه‌وه هه‌یه و به‌سه‌ریه‌که‌وه باسیان ده‌كه‌ین)؛ ٥/ تێکنیکی وتووێژ. ته‌نیا له ئه‌نجامی هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌سه‌ریه‌که‌وه‌ی ئه‌م فاکتهرانهدایه که ده‌کرێ وتووێژ له قۆناغێکدا یا له که‌یس و کانتێکستێكدا به دروست یان به هه‌ڵه بزانین.
لایه‌نی وتووێژ
له کانتێکستی کێشه و ناکۆکییه سیاسییه‌كاندا، له بنه‌ڕه‌تڕا وتووێژ ڕێکاری مامه‌ڵه‌ی نێوان نه‌یار و ناتهباکانه. ئه‌مه ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ش که لایه‌نێک بۆ ڕووخان و نه‌مانی لایه‌نی نه‌یاری خۆی خه‌بات ده‌كا، ڕاسته. نه‌ک هه‌ر بزووتنه‌وه‌کان، به‌ڵکوو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش که له‌گه‌ڵ یه‌كتر له شه‌ڕدان یا ته‌نانه‌ت یه‌كتر به‌ڕه‌سمی ناناسن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانن که سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیی بنه‌ڕه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندی و به‌هاکاندا یه‌کتریان پێ له‌نێو ناچێ، به شێوه‌ی تاکتیکی یا له‌ژێر جه‌بری واقیع له خاڵێکدا هه‌ر ناچار ده‌بن پێکه‌وه گفتگۆی ڕاسته‌وخۆ بکه‌ن. ئه‌وان ئه‌وه وه‌ک ڕێکارێک بۆ پاشه‌کشه به لایه‌نی نه‌یار و ئه‌گه‌ر بکرێ بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و هۆکارانه به‌کار ده‌به‌ن که بوونه هۆی ئه‌وه‌ی خوازیاری نه‌مانی لایه‌نی نه‌یار بن.
کورده‌کانی ئێران له خه‌بات له‌گه‌ڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا له‌چاو به‌شه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگەی ئێران تێچووی قورستریان داوه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به‌له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندیی مه‌سه‌له‌ی کوردستان، حیزبه کوردییهكان _وێڕای هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی سه‌راسه‌ری_ هه‌میشه ئیبتکاری کرده‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ و بهجیایان له هێندێک بواردا به مافی خۆیان زانیوه. له‌م ڕووه‌وه و بۆ نموونه، وتووێژی کورده‌کان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی نابێ له ڕه‌وتی ئاشتیی نێوان عه‌ره‌به‌کان و ئیسرائیل یا موزاکره‌ی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ تاڵیبان سه‌یرتر بێته پێش چاو.
دیاره هه‌روه‌ک دواتر ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه، دیاریکردنی به‌كرده‌وه‌ی لایه‌نی وتووێژ به‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه که ره‌سمیه‌ت و “مانده‌یت mandate” (راسپێردراوی)ی هه‌یئه‌تی به‌رانبه‌ر وه‌ها بێ که پێشکه‌وتن یان ئاکامه‌کانی وتووێژ ئه‌رک و ده‌روه‌ستی بۆ کۆی لایه‌نی به‌رامبه‌ر دروست بکا.
کاتی وتووێژ
کات فاکته‌رێکی سه‌ربه‌خۆ نییه و به فاکته‌ره‌کانی دیکه که ئه‌وان بۆخۆشیان به‌رهه‌می هاوکێشه‌ی هێز له‌نێوان لایه‌نه‌کانی وتووێژدان، به‌ستراوه‌ته‌وه. له‌ڕاستیدا هه‌موو کاتێک بۆ وتووێژ گونجاوه ئه‌گه‌ر له ئاکامی هه‌ڵسه‌نگاندنی هاوکێشه‌ی هێزدا بتوانین بڵێین نیشاندانی مه‌یلی لایه‌نه‌کان (لێره‌دا به‌تایبه‌تی حاکمییه‌ت) بۆ وتووێژ که‌مترین جیدییه‌تی هه‌یه. کاتێك له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێک به‌ره‌وڕووین که به ماهییه‌ت نادێموکڕاتیکه و به‌شێوه‌ی عه‌قلانی ناجوڵێته‌وه، ته‌نیا وه‌ختێک ده‌توانین ئیراده‌ی وتووێژ له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه به جیددی بگرین که له‌ڕووی مه‌یدانییه‌وه یان له کۆی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕوویه، له‌ژێر فشار و نیگه‌رانی ئاینده و هه‌رمانی خۆی بێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و فاکته‌ره له‌سه‌ر ئه‌مڕۆی کورد و کۆماری ئیسلامی جێبه‌جێ بکه‌ین، سه‌ره‌ڕای له‌سه‌رپێبوونی بزووتنه‌وه‌ی کورد و هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ی کۆماری ئیسلامی له سه‌رده‌می ئێستادا له‌گه‌ڵیان به‌ره‌وڕوویه، راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌و ڕێژیمه وێدەچێ ئێستاش بەو قهناعهتە نەگەیشتبێ و خۆی له دۆخێك‌دا نه‌دیوه که مل بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران یا هه‌ر نه‌بێ کرانه‌وه‌یه‌کی رێژه‌یی به‌ڕووی بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستاندا رابکێشێ.
ئامانج له وتووێژ/ بابه‌تی وتووێژ
ئه‌وه که مه‌به‌ستی لایه‌نه‌کان بۆ ڕووکردنه وتووێژ هه‌میشه وهكیهک نه‌بێ، ته‌واو سروشتییه. به‌ڵام گرینگه که جیاوازیی نێوان ئه‌و دوو مه‌به‌سته ئه‌وه‌نده نه‌بێ که دژایه‌تیی سروشت و نالێکیی ئاشتیههڵنهگری لێ بکه‌وێته‌وه. پێویسته مه‌به‌ست و مه‌رامه جیاوازه‌کان لانیکه‌م له خاڵێکدا پێک بگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تی وتووێژ بۆ هه‌ردوولا که‌م و زۆر یه‌ک شت بێ (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وڵامی هه‌ردوولا بۆ هه‌مان پرسیار جیاوازیش بێ). مه‌به‌ستی حیزبی دێموکڕات و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی نێو بزوتنه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵات شتێک نییه جگه له چاره‌سه‌ر یا لانیکه‌م بردنه‌پێشی پرسی کورد له ئێران‌دا (به هه‌موو قۆناغبه‌ندی و قهتهعاتێکهوه که ئه‌و پرسه هه‌یه‌تی). دیاره ئه‌گه‌ر خه‌للاق و واقعبینانه سیاسه‌ت بکه‌ین، نابێ نه وتووێژ و نه به‌گشتی چاره‌سه‌ری پرسی کورد به‌شێوه‌یه‌کی خه‌تی و یهکساته چاو لێ بکه‌ین، به‌ڵکوو له دیاریکردنی نه‌خشه‌ڕێگای خه‌بات و ڕێكارهکانیدا، وێڕای له‌به‌رچاوبوونی جه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد و دووره‌دیمه‌نی ستراتژیکی خه‌باتی ئه‌و گه‌له، ده‌كرێ هه‌نگاو به هه‌نگاویش بجوڵێینه‌وه (به مه‌رجێک لایه‌نی به‌رامبه‌ر واته ده‌سه‌ڵاتی حاکم قابلیه‌تی گۆڕانی تێدا هه‌بێ). دیاره ئه‌وه‌ش که دۆخی ئێستای خه‌بات و ئایندهی بزووتنه‌وه له بڕیاری حیزبه‌كان بۆ چوونه نێو وتووێژ ده‌خیل بێ هه‌ر شتێکی ڕه‌وایه، چونکه هۆکاری بوونی ئه‌م حیزبانه داخوازه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر کۆماری ئیسلامی، به‌هۆی ئه‌و ناکۆکییه بنه‌ڕه‌تییه‌ی ئه‌و ڕێژیمه له‌نێوان ویسته‌کانی کورد و مانه‌وه‌ی خۆیدا ده‌یبینێ (چونکه ده‌زانێ که قبووڵکردنی مافه‌کانی کورد ئاکامی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر دێموکڕاتیزاسیۆنی ئێرانیش ده‌بێ)، ئاشکرایه که مه‌به‌ستی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران نه‌بووه. ئه‌گه‌ر وابا، ئه‌و ڕێژیمه ده‌یتوانی له چل ساڵی ڕابردوودا دۆخی مافه‌کانی کورد له ئێران له‌سه‌ر په‌یژه‌یه‌کی گریمانه‌یی سفر بۆ سه‌ت، له سفره‌وه لانیکه‌م بکا به یه‌ک، به دوو، به پێنج، … به‌پێچه‌وانه‌وه، سیاسه‌تی هه‌ڵاواردن و سه‌رکوت ده‌رهه‌ق به گه‌لی کورد له سایه‌ی حاکمیه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا بەردەوام درێژەی بووە.
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی کۆماری ئیسلامی له وتووێژ له سه‌ره‌تای ئینقلاب‌دا کڕینی کات بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ی هێزه‌کانی و داگیرکردنه‌وه‌ی کوردستان بوو؛ سی ساڵ پێش ئێستا بۆ تێرۆری دوکتور قاسملوو بوو؛ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بۆ نانه‌وه‌ی ته‌فره‌قه له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی کورددا بوو؛ وێده‌چێ مه‌به‌ستی ئه‌مجاره‌ی رێژیم له وتووێژ که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه بێ که له دۆخی ئێستادا ئه‌و ڕێژیمه هه‌م له نێوخۆ و هه‌م له ده‌ره‌وه له‌سه‌ر خۆی هه‌ست پێده‌كا. نابێ ئه‌و واقعییه‌ته دیاره پشتگوێ بخه‌ین که ئاستی ڕێکخراوی و ئینسجامی سیاسی له کوردستان له‌چاو هه‌موو شوێنه‌کانی دیکه‌ی ئێران به‌رزتره؛ حیزبه کوردییه‌کان هه‌م له‌نێو خه‌ڵکدا خۆشه‌ویستن، هه‌م سه‌رنجی ئه‌و ئه‌کته‌ره نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی له دیاریکردنی چاره‌نووسی ناوچه‌دا ڕۆڵ ده‌گێڕن، بۆ لای خۆیان ڕاده‌کێشن.
ئه‌وه که کۆماری ئیسلامی ته‌نیا له‌به‌ر دۆخی قه‌یراناویی خۆی و نیگه‌رانیی له ئاینده (نه‌ک له‌ڕووی باوه‌ڕ به چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد) دیسان حه‌زی له وتووێژ له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کانی کورده، ئه‌گه‌رچی مزگێنیده‌ری ئاکامی دڵخوازی وه‌ها ئاقارێک نییه، به‌ڵام هۆکارێکیش نییه بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه کوردییهكان پێشنیاری وتووێژ ڕه‌ت بکه‌نه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وان به‌دروستی له هه‌ر ده‌رفه‌تێک به قازانجی خه‌ڵکی کوردستان و ڕه‌وتی گشتیی خوازیاری گۆڕان له ئێران‌دا که‌لك وه‌رده‌گرن. پرسیار ته‌نیا ئه‌وه‌یه چلۆن ده‌کرێ کارێک بکه‌ین که وه‌ڵامی موسبه‌تی کورده‌کان به پێشنیاری گفتگۆی سیاسی ته‌نیا بۆ سه‌لماندنی ئاشتیخوازبوونی ئه‌وان نه‌بێ (کورد به‌تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵات زۆر له‌مێژه و زیاتر له جارێك لایه‌نگریی خۆی له ئاشتی و ڕێگاچاره‌ی سیاسی به تاڵترین شێوه سه‌لماندوه). به‌ڵكوو کارتی وتووێژ بۆ ئه‌وه به‌کار ببه‌ین که دۆخی مه‌وجوود هه‌ر نه‌بێ تا ڕاده‌یه‌ک به قازانجی جووڵانه‌وه‌ی کوردستان بگۆڕدرێ. لێره‌دایه که ده‌بێ له خۆمان بپرسین که ئایا ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه حازره له به‌رامبه‌ر کامه ده‌سکه‌وتانه له کورتماوه یان نێوان ماوه‌دا له کامه ئامرازانه‌ی فشار بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی که له‌به‌ر ده‌ستیدایه، بگوزه‌رێ؟
له حاڵه‌تێکدا که مه‌به‌ستی هێزه کوردییه‌کان و کۆماری ئیسلامی له وتووێژ ئه‌وه‌نده لێک دوور بێ، ته‌نیا به دوو مه‌رج ده‌کرێ به‌شێوه‌ی تاکتکییش وتووێژ ره‌ت نه‌که‌ینه‌وه : یه‌كه‌م ئه‌وه که هه‌تا ئه‌و کاته‌ی کۆماری ئیسلامی ره‌فتاری خۆی ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی کورد و حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات نه‌گۆڕیوه، له‌سه‌ر خه‌باتی خۆمان هه‌ر به فه‌لسه‌فه‌ی پێشووی ئه‌و خه‌باته به‌رده‌وام بین؛ دووه‌م ئه‌وه که کۆمه‌ڵێک مه‌رج له تێكنیکی وتووێژدا ڕه‌چاو بکرێن.
تێکنیکی وتووێژ
مۆدێله‌كانی دانوستان و بنیاتنانی ئاشتی (Peacebuilding) له دنیادا یه‌کجار زۆرن. به ڕوانینێک له ڕابردووی خۆمان و به چاوخشاندنێک به ئه‌زموونی گه‌لانی دیکه له‌و بواره‌دا، ده‌بێ چه‌ند مه‌رجێکمان له‌به‌رچاو بێ: یه‌كه‌م، پێکهاته و ئاستی وه‌ڤده‌کانی دانوستانکاره. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که له گفتگۆ سه‌ره‌تاییه‌کانی ئێستادا، قه‌ڵه‌مبازێکی نه‌وعی (هه‌رچه‌ند لاواز) له ئاستی نوێنه‌رایه‌تیی کۆماری ئیسلامی‌دا به‌دی ده‌کرێ، به‌ڵام هێشتا ناهاوسه‌نگی له ئاستی نوێنه‌رایه‌تیی نێوان دوو لایه‌نی وتووێژدا هه‌یه. جیا له‌وه‌ش، هێشتا زۆر روون نییه که هه‌یئه‌تی کۆماری ئیسلامی متمانه و مه‌ئمورییه‌تی کۆی نیزامی پێیه، یان هه‌ر جێبه‌جێکاری مانۆڕی به‌شێکی نیزامه (ده‌وڵه‌ت) که به‌ده‌ر له‌وه که بۆخۆیشی چه‌نده‌ی باوه‌ڕ به چاره‌سه‌ری پرسی کورد یا لانیکه‌م گۆڕینی ڕه‌فتار ده‌رهه‌ق به کورد هه‌یه، ده‌کرێ ئه‌و بڕه مانۆڕه‌ش له‌لایه‌ن به‌شێكی دیکه‌ی نیزامه‌وه (ڕه‌هبه‌ری؛ نیهاده نیزامی_ئه‌منیه‌تییه‌كان) بنکۆڵ بکرێ. هه‌ڵبه‌ت خاڵێکی پۆزه‌تیڤ که له‌م ڕه‌هه‌نده‌ی تێکنیکی وتووێژدا ده‌یبینین ئه‌وه‌یه که هه‌موو حیزبه‌کانی ئه‌ندام له “ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران”دا پێکه‌وه چوونه‌ته نێو ئه‌و پرۆسه‌یه و له‌وێشدا تا ئێستا یه‌كگرتوو جووڵاونه‌وه.
مه‌رجی دووه‌م له تێکنیکی وتووێژدا بوونی لایه‌نێکی سێهه‌می نێوده‌وڵه‌تییه که ئه‌رکی نێوبژیوان یا لانیکه‌م ئاسانکهرهوه بگرێته ئه‌ستۆ. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وتووێژانه‌ی له وڵاتانی دێموکڕاتیکدا له‌نێوان حکومه‌تی ناوه‌ندی و نوێنه‌رانی به‌شێک له خه‌ڵک به‌ڕێوه ده‌چن، له‌و وڵاتانه‌دا که زه‌مینه‌ی دێموکراتیکیان نییه و له‌وێ کێشه سیاسییه‌كان ده‌بنه رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی چه‌کدارانه، بوونی لایه‌نێکی سێهه‌م (چه‌ندی بکرێ خانه‌خوێیه‌کی ته‌واو ده‌ره‌كی) بۆ ئیعتباری ڕه‌وتی ئاشتی و بۆ ئه‌منیه‌تی گفتگۆکان زه‌روورییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ئه‌و لایه‌نه سێهه‌مه‌ی ئیبتکاری گفتگۆکانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان لایه‌نه سیاسیه‌کانی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی گرتۆته ده‌ست نه ڕێکخراوێکی نێوده‌وڵه‌تی و نه ته‌نانه‌ت دهوڵهتێكیشه، به‌ڵام نیهادێکی ئورووپاییه که جیدیه‌ت و ئیعتباری پێویستی هه‌یه و ده‌بێ ئه‌وه وه‌ک پێشوه‌چوونێکی موسبه‌ت و پێشتر نه‌دیتراو له مێژووی وتووێژی کورد و ده‌سه‌ڵات له ئێران‌دا چاو لێ بکه‌ین.
سێهه‌مین مه‌رج بۆ گونجاوبوونی تێکنیکی وتووێژ، ڕه‌سمیه‌ت و ئاشکرا بوونی وتووێژه که دیاره نابێ ئه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ شه‌فافیه‌تی وتووێژ لێ تێک بچێ (یه‌که‌میان هه‌میشه زه‌رووره، دووه‌میان هێندێک جار به‌زیانه). هیچ وتووێژێک له سه‌ره‌تاوه نه له ئاست و شکڵی دڵخوازدا و نه به ئاشکرا به‌ڕێوه ناچێ؛ ته‌نانه‌ت کاتێک بهمێدیاییش کرا، دروست نییه یه‌کجێ هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی بخرێته ده‌ره‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ کاره‌که ئاکامی خوازراوی لێ بکه‌وێته‌وه؛ لایه‌نه‌كان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه رووبه‌ڕووی که‌موکوڕیی بنه‌ڕه‌تیی پڕۆسه‌که نەبنه‌وه و خۆشمان له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکدا به به‌رپرسیار بزانین (چونکه ئه‌و پرسه پرسی گه‌له، نه‌ک هی که‌س و لایه‌نێک)، نابێ له درێژخایه‌ندا گفتگۆی نهێنی و به‌هه‌رحاڵ دانپێدانه‌نراو بەدروست دابنێین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که چاوه‌ڕوانیی لایه‌نی نێوبژیکار له نهێنی مانه‌وه‌ی ده‌سپێکی وتووێژی ئه‌مجاره‌ی کورد و کۆماری ئیسلامی قابیلی ده‌رکه، به‌ڵام ئێستا که به هه‌ر هۆیه‌ک نه‌ک هه‌ر ئه‌سڵی کاره‌که، به‌ڵکوو زۆر له ورده‌کارییه‌کانیشی دزه‌یان کردۆته ده‌ره‌وه و به‌رپرسانی لایه‌نه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانیش به‌ڕێوه‌چوونی گفتگۆی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی کۆماری ئیسلامی‌یان به به‌شێک له‌و وردهکارییانهشهوه ته‌ئید کردوه (ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت هێشتا نه‌توانین باس له “موزاکره” به مانای راسته‌قینه‌ی وشه‌ش بکه‌ین)، خۆبواردنی تا ئێستای کۆماری ئیسلامی له پشتڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌وته به‌شێوه‌ی ره‌سمی و له به‌رزترین ئاستیدا چیدیکه پاساو هه‌ڵناگرێ.
متمانه‌سازی
هه‌موو ئه‌و فاکته‌رانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باس کران ته‌نیا کاتێک ما‌نایان هه‌یه که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هێندێک هه‌نگاو له‌بواری متمانه‌سازی و نیشاندانی “حسن نیت” هه‌ڵگیرێته‌وه. جیا له‌وه که کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گفتگۆکانی ئه‌م دواییانه‌یان له‌گه‌ڵ حیزبه سیاسییه‌كانی کوردستان و چاره‌سه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران (یا هه‌ر نه‌بێ دروستکردنی زه‌مینه‌ی وه‌ها چاره‌سه‌رێک) ئیراده و ئاماده‌یی خۆیان ڕانه‌گه‌یاندوه، ڕه‌فتاری ئه‌و ڕێژیمه ده‌رهه‌ق به خه‌ڵک و لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستانیش هه‌روه‌ک خۆی درێژه‌ی بووه. له‌بیرمان نه‌چێ بنکه‌ی سه‌ره‌کیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕۆژی ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨ له‌کاتێكدا که‌وته‌به‌ر هێرشی مووشه‌کیی سووپای پاسداران که ئه‌و حیزبه هیچ جۆره چالاکییه‌کی نیزامیی له نێوخۆی وڵات به‌ڕێوه نه‌ده‌برد، له‌حاڵێکدا ئاماده‌کارییه‌کانی به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنی ڕاسته‌وخۆی حیزبه کوردییه‌کان و کۆماری ئیسلامی چه‌ند مانگێک بوو له ئارادا بوو.
حاشای لێ ناکرێ که پرۆسه‌ی ئه‌مجاره‌ی گفتگۆی “کورد” و رێژیم قازانجی خۆیشی له‌بواری دانپێدانانهوهی دوفاکتۆ به پرسی کورد له ئێران له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه و راکێشانی سه‌رنجی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ فاکته‌ری کورد له ئێران و راهێنانی نوێنه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستان بۆ کاری هاوبه‌ش و تێکنیکی دیپڵۆماسی و دانوستان هه‌یه. به‌ڵام هه‌مووی ئه‌مانه له شرۆڤه‌ی کۆتاییدا جێگایه‌کی که‌متریان وه‌به‌ر ده‌که‌وێ.
بۆ پرسێکی وه‌ک پرسی وتووێژ که له‌سه‌ر سنووری نێوان ئیبتکاری سیاسیی کورد (له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات له ئێران و هاوپه‌یمانییه جیهانی و ناوچه‌ییه‌کان) و تابووه ئهرزشییهکان (له نێوخۆی بزوتنه‌وه‌ی کورد و له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا) گیری کردوه، ته‌نیا کاتێک ده‌کرێ ئومێدی بێجێ له‌سه‌ر وه‌ها ئاقارێک هه‌ڵنه‌چنین که کۆماری ئیسلامی هه‌رچی زووتر به ڕوانین و ره‌فتاری خۆی ده‌رهه‌ق به خه‌ڵکی کوردستان و بزوتنه‌وه‌ی کورددا بچێته‌وه. له حاڵه‌تێکدا که وه‌ها ئه‌گه‌رێک به‌دوور ده‌زانرێ، پێویسته به پارێزی زیاتره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه بکرێ.