كاتێ هه‌ڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌هه‌مبه‌ر ڕێژیمی ئێران ڕژدتر ده‌بێ و بازنه‌ی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان ته‌نگتر ده‌بن، پرسی «گۆڕینی ڕێژیم»یش زیاتر دێته سه‌ر زاران. هه‌ڵبه‌ت وڵاتانی ڕۆژئاوا نكۆڵی له‌وه ده‌كه‌ن كه ئامانجیان گۆڕینی ڕێژیم بێ و زیاتر باس له گۆڕینی ڕه‌فتاری رێژیم ده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕێژیمی ئێران له‌و ته‌نگاوییه‌دا هه‌وڵ ده‌دا پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ئیدیعایه بسه‌لمێنێ و سه‌رنجی ڕای گشتی بۆ لای به‌ندێكی ئه‌ساسنامه‌یی ده‌با كه ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تان له سیاسه‌تی نێوخۆیی وڵاتان قه‌ده‌غه ده‌كا و هه‌روه‌ها هه‌ستی ناسیۆنالیزمیی ئێرانیش به‌م كاره ده‌هارووژێنێ. ئه‌م تاكتیكه به‌پێی ڕێساكانی دیپلۆماسی ده‌توانێ كارتێكی فشار بێ له به‌رامبه‌ر گوشاری وڵاتانی ڕۆژئاوا، بۆ نموونه سه‌دام، به‌شار ئه‌سه‌د، قه‌زافی و… له حاند زه‌ختی بایكۆت و گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان، په‌نایان بۆ وه‌ها تاكتیكێك بردوه.
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش ڕاسته‌وخۆ له‌م هه‌رایه تێوه ده‌گلێن و پرسی گۆڕینی ڕێژیم به‌لایه‌نه‌وه زۆر له جاران ڕژدتر ده‌بێ و، له ئاكامدا مه‌ودای سیاسی و فكرییهكانیان زیاتر كه‌لێنی تێده‌كه‌وێ. به‌پێی ئه‌زموون بینیومانه كه له وه‌ها دۆخێك‌دا، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به‌سه‌ر سێ به‌ره‌دا دابه‌ش ده‌بن: به‌ره‌ی دڵخۆش، به‌ره‌ی هه‌ڵوێست و به‌ره‌ی بێده‌نگی. ئه‌م ڕه‌وه‌نده ده‌رخه‌ری ڕاستییه‌كی تاڵه كه؛ فاكتۆری ده‌ره‌كی، به‌تایبه‌ت ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، گرینگ‌ترین فاكتۆره بۆ هه‌ر چه‌شنه گۆڕانێك له ئێران‌دا! هه‌ڵبه‌ت به‌ره‌ی هه‌ڵوێست كه دژی سیاسه‌تی گۆڕینی ڕێژیمن، باس له كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی وه‌ك پوتانسییهڵێكی به‌هێز بۆ گۆڕانی دۆخی سیاسی ئێران ده‌كه‌ن و زیاتر داكۆكی له مێتۆدی نه‌رم ده‌كه‌ن. باسی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی خۆی هه‌ڵگری شرۆڤه‌یه‌كی تایبه‌ته كه له‌م وتاره‌دا مه‌جالی نییه، به‌ڵام كارایی و پانتای كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی له ئێران به‌ڕاده‌یه‌ك نادیار و ئیدهئالیستیانهیه كه زیاتر وه‌ك كۆمه‌ڵگەیه‌كی وه‌هه‌می ده‌چێ و ڕوون نییه تا چه‌ند ده‌توانێ خاڵی وه‌رچه‌رخان بێ له ئێران‌دا. له لایه‌كی دیكه‌وه به‌ره‌ی هه‌ڵوێست هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه و دیاریش نییه كه كاریگه‌ریی و پێوه‌ندیی ئه‌وان به كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نییه‌وه تا چه‌نده و چۆنه. له كه‌س شاراوه نییه كه دۆخی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ئێران زۆر ناسه‌قامگیره و سروشتییه كه پرسی گۆرینی ڕێژیم له وه‌ها دۆخكێدا زیاتر فۆكووسی له‌سه‌ر بێ و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش خوێندنه‌وه‌ی خۆیان بۆی هه‌بێ. خوێندنه‌وه‌ی حیزبی هه‌رچییه‌ك بێ و هه‌ر چۆنێ بێ، خوێندنه‌وه‌یه‌كی مانیفێستیانهیه كه به‌پێی هه‌ڵوێستی حیزب دیاری ده‌كرێ. به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی ئاماری و توێژینه‌وه مه‌یدانییه‌كان عهینیترن و ئێمه ناچارین زیاتر پشت به‌وان ببه‌ستین. هه‌ڵبه‌ت له سیسته‌مێكی ئه‌منییه‌تی و داخراوی سیاسی‌دا ده‌ستڕاگه‌یشتن به ئامار و ده‌ره‌نجامی توێژینه‌وه مه‌یدانییه‌كان زۆر زه‌حمه‌ته، به‌ڵام له كێشه‌ی باڵه ناكۆكه‌كانی ڕێژیم‌دا جاروبار لێفه له‌سه‌ر هه‌تیوان لاده‌درێ و به‌شێك له‌و به‌ڵگانه له میدیاكاندا ڕووماڵ ده‌كرێن و، به‌پێی ئه‌و ئامارانه ئێمه پتر دڵنیا ده‌بینه‌وه كه قه‌یرانی ئێران له ئێستادا پرسی گۆڕین یا نه‌گۆڕینی ڕێژیم نییه، به‌ڵكوو «هه‌ره‌سی مه‌ده‌نییه»(1).
گه‌ڕان به‌دوای تێگه‌یشتن له هۆكاره‌كانی هه‌ره‌س، به‌شێكی گرنگه له مێژووناسیدا. كاتێ بۆ نموونه سه‌یری سنووری ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریی ڕۆم(2) ده‌كه‌ین، ده‌بینین به‌شێكی گه‌وره‌ی جیهانی له‌خۆ گرتوه، به‌ڵام له قۆناغێكدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته مه‌زنه وه‌ها ده‌پووكێته‌وه كه دواتر له هیچ شوێنێكی نه‌خشه‌ی جیهاندا نایدۆزینه‌وه. به دڵنیاییه‌وه هیچ توێژه‌رێكی ژیر پێی وانییه ده‌سه‌ڵاتیش وه‌ك دیارده سروشتییه‌كان ماوه‌ی به‌سه‌ر ده‌چێ و له ئه‌نجامدا تووشی نه‌مان دێ، چوونكه ده‌سه‌ڵات هه‌ر فۆرم نییه به‌ڵكوو سیسته‌میشه و گشت سیسته‌مه‌كان له توانایاندا هه‌یه به پێی دۆخی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری بەڕۆژ ببنه‌وه و له پارادایمێكهوه به‌ره‌و پارادایمێكی نوێ بچن به‌بێ ئه‌وه‌ی سیسته‌م تووشی هه‌رەس بێت. كۆڵه‌كه‌ی سیسته‌م به ڕاده‌یه‌ك پته‌وه كه ته‌نانه‌ت گۆڕینی ڕێژیمهكانیش نابێته هۆی هه‌ره‌سهێنانی، به‌ڵكوو ڕێژیمی نوێ له‌سه‌ر هه‌مان سیسته‌م داده‌مه‌زرێته‌وه كه رژیمی پێشووتری له‌سه‌ر دامه‌زراوه. بۆ نموونه ئینقلابی ئێران گۆڕانێكی ئه‌وتۆی له سیسته‌مدا پێك نه‌هێنا به‌ڵكوو گۆڕان به‌سه‌ر فۆرمی ده‌سه‌ڵاتدا هات.
كۆی ئه‌و پارامێترانه‌ی كه توێژه‌ران له‌مه‌ڕ هه‌ره‌سی شارستانییه‌ت و ئیمپراتۆرییه‌كان دیاری‌یان كردوه زۆرن، له هێندێ نموونه‌دا ئه‌و پارامێترانه ڕۆڵێكی سه‌ره‌كییان هه‌یه و له هێندێ نموونه‌ی دیكه‌دا ڕۆڵی لاوازیان هه‌یه. پرۆفیسۆر جه‌رید دایمۆند له كتێبی «هه‌ره‌س» (3) ، باس له ڕكوودی ئابووری، نه‌خۆشی، شه‌ڕی درێژماوه، ڕووداوی ژینگه‌یی (لافاو، ئاگركه‌وتنه‌وه و وشكه‌ساڵی)، ئۆلیگاریشی، ناكارامه‌یی ڕێبه‌ر، ناكۆكییه نێوخۆییه‌كان، گه‌نده‌ڵی، عه‌داڵه‌ت و نایه‌كسانی ده‌كا كه له هه‌ره‌سهێنانی زۆربه‌ی شارستانییه‌ته‌كاندا ڕۆڵیان هه‌بووه. ئه‌مانه‌ی كه باس كران هۆكاری هه‌ره‌س نین به‌ڵكه ئیندێكسه‌كانی هه‌ره‌س بوون كه ده‌كرێ له جیهانی مۆدێرنیشدا هه‌بن و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌كانیش تووشی قه‌یران بكه‌ن. به‌ڵام هۆكاری هه‌ره‌س به بۆچوونی دایمۆند، چۆنایه‌تیی مامڵه‌كردنی ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگەیه له‌گه‌ڵ ئیندێكسه‌كانی هه‌ره‌سدا. یه‌كێك له خاڵه سه‌رنجڕاكێشه‌كان له‌م كتێبه‌دا ئه‌وه‌یه كه هه‌م لای ده‌سه‌ڵات و هه‌م له كۆمه‌ڵگەدا «ئیراده‌یه‌ك» نامێنێ بۆ چاره‌سه‌ری و له ئاكامدا سیسته‌م به‌سه‌ر هه‌موویاندا ده‌ڕووخێ. مه‌به‌ستی دایمۆند له نه‌بوونی ئیراده‌ی چاره‌سه‌ری هه‌ر ناكارامه‌یی نییه، به‌ڵكوو چاو قونجاندنه. ده‌سه‌ڵات وه‌ها چاوپۆشی له ئیندێكسه‌كانی هه‌ره‌س ده‌كا كه ته‌نانه‌ت زۆرجار هه‌ست ده‌كه‌ین بۆی گرنگ نییه كۆمه‌ڵگە به‌ره‌و هه‌ڵدێر بچێ. هه‌ڵبه‌ت نكۆڵی كردن به‌و مانایه نییه كه قه‌یرانه‌كان نه‌بینێ و بۆی گرنگ نه‌بێ، به‌ڵكوو بێمتمانه‌یی وه‌ها سیسته‌ماتیك ده‌بێ و ئایدیالۆژی ده‌سه‌ڵات وه‌ها بروكراتیزه ده‌كرێ كه مه‌جالی كرده‌وه‌ی سیاسی له كۆمه‌ڵگەدا نامێنێ. له وه‌ها دۆخێك‌دا ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و ئولیگاریشی ده‌چێ و ڕۆڵی كۆده‌نگی و به‌شداربوون له‌به‌ر چاو ناگرێ. كۆمه‌ڵگەش له سیسته‌مێكی داخراوی سیاسی‌دا ئیراده‌ی چاكسازی نامێنێ و هه‌میشه چاوێكی له ده‌سه‌ڵاته بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان. كاتێ ده‌سه‌ڵات چاوی له‌حاند ئیندێكسه‌كانی هه‌ره‌سدا قوونجاند، چاو قوونجاندنی هاووڵاتیانیش ئاسایی ده‌بێ.
به‌پێی ئه‌و ئیندێكسانهی ئاماژه‌یان پێكرا و به به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامارانه‌ی له ناوه‌نده‌كانی ئاماری ئێران كه‌وتوونه به‌ر ده‌ست، ئێران له دۆخی هه‌ره‌سی مه‌ده‌نیدایه و ته‌نیا كۆڵه‌كه‌ی نیزامی ڕایگرتوه. وه‌ك باس كرا بۆ هه‌ره‌سی مه‌ده‌نی ده‌بێ ئیندێكسه‌كانی هه‌ره‌س و هۆكاره‌كانی هه‌ره‌س له‌ئارادا بن. سه‌باره‌ت به ئیندێكسه‌كانی هه‌ره‌س، ئاماره‌كان زۆر به ڕاشكاوی باس له قه‌یرانی ژینگه، گه‌نده‌ڵی، هه‌ژاری، ئولیگاریشی، مودییریهتی ناكارامه، تێچووه‌كانی شه‌ری درێژماوه‌ی ڕێژیم له‌گه‌ڵ جیهان، بێكاری، نایه‌كسانی، عه‌داڵه‌ت و… له ئێران‌دا ده‌كه‌ن. له‌مه‌ڕ هۆكاری هه‌ره‌سیش ته‌نانه‌ت ڕاگه‌یاندنه فه‌رمییه‌كانی ڕێژیمیش گله‌یی له بێئیراده‌یی حكوومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ریی ئه‌و ئیندێكسانه ده‌كه‌ن و پێیان وایه حكوومه‌ت چاوی به‌سه‌ر گشتیاندا قوونجاندوه. سه‌باره‌ت به فاكتۆری كۆمه‌ڵگە وه‌ك هۆكاری هه‌ره‌س، توێژینه‌وه و ڕێپۆرتاژهكان باس له لاوازبوونی هومێدی كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژی، دابه‌زینی متمانه‌ی نیشتمانی و هه‌ڵكشانی ڕێژه‌ی خه‌مۆكی ده‌كه‌ن كه ده‌توانێ ئێران به‌ره‌و سوونامییهكی مه‌ده‌نی پاڵ پێوه‌نێت. ئه‌م دۆخه وه‌ها عه‌ینی و واقعییه كه نوخبه و خه‌ڵكانی ده‌سترۆیشتوو چی دیكه وڵاته‌كه‌یان به شوێنێكی گونجاو نازانن بۆ ژیان و له ئاكامدا بیرۆكه‌ی هه‌ڵاتن بۆ هه‌نده‌ران ڕووی له زیاد بوونه.
بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له ڕه‌هه‌نده‌كانی سوونامی مه‌دنی تێبگه‌ین پێویست ده‌كا سه‌رنجێكی زیاتر به سێندرۆمێكی هه‌مه‌گیر بده‌ین كه له‌م وتاره‌دا وه‌ك «خۆخۆریی مه‌ده‌نی» پێناسه‌ی ده‌كه‌م. مه‌به‌ست له خۆخۆریی مه‌ده‌نی ئاراسته‌یه‌كی گه‌نده‌ڵییه كه ڕووی له خۆیه‌تی. كاتێ كاربه‌ده‌ستانی حكوومی، له رێگای رانتی حكوومیی و به به‌رچاوی هاوڵاتیانه‌وه خه‌ریكی هه‌ڵووشینی سه‌رمایه‌ی وڵاتن و ڕۆژ نییه ماڕاتۆنی ئیختلاس و دزی ڕكۆردی تازه‌ی میلیاردی نه‌شكێنێ، هاووڵاتیان له بازنه‌یه‌كی به‌رته‌سكتر دا و له ڕێگای ئیحتهكار و ده‌نگۆی ئابوورییه‌وه، كۆنترۆڵی بازار به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن و خه‌ریكی هه‌ڵووشینی ده‌سمایه‌ی یەکترین. به‌ڵام سێندرۆمی خۆخۆری به‌پێی ئاماره‌كان هه‌ر له‌نێو توێژی كاسبكاراندا نییه به‌ڵكوو په‌ره‌ی سه‌ندوه و گه‌یشتۆته توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگە كه بۆته هۆی له‌بارچوونی هومێدی كۆمه‌ڵایه‌تی. له هه‌ڵوێست و شرۆڤه‌ی به‌شێكی به‌رچاو له نوخبه، چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا، وه‌ها سێندرۆمی خۆخۆری به‌ڕۆتین كراوه كه زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانین سنووری نێوان ئۆپۆزیسیۆن و پۆزیسیۆن بدۆزینه‌وه. ئه‌م توێژه گله‌یی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره كه بۆ مسۆگه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و ئینتمای حیزبی خه‌ریكی ململانێیه‌كی نامهشرووعن كه له درێژماوه‌دا به قازانجی مانه‌وه‌ی ڕێژیمه. هه‌ڵمه‌تی ماس-دیسكۆرسی ئه‌م توێژه له شه‌قامی گشتیدا، نه‌ك هه‌ر خزمه‌تی به سامانی رۆشنبیریی نه‌كردوه به‌ڵكوو ده‌ركه‌وته‌كه‌ی بۆته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی «زانیاریی ناته‌با»(4) و له ئه‌نجامدا بهرچاوگهیهكی گه‌ش بۆ كۆمه‌ڵگە نه‌ماوه و به‌م كاره خه‌ڵكی ئێرانیان تووشی فۆبیای ئاینده كردوه. ئه‌و شته‌ی كه ئه‌مرۆ خه‌ڵك لێی ده‌ترسن و وه‌ك هه‌ڕه‌شه سه‌یری ده‌كه‌ن ئیندێكسه‌كانی هه‌ره‌س نین به‌ڵكوو ئه‌و داهاتووه‌یه كه نوخبه‌ی ئێرانی بۆی وێنا كردوه (سێبه‌ری شهر، چاره‌نووسی سووریه، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئێران و هتد). كاتێ زانیاریی ناته‌با باڵ به‌سه‌ر ویژدانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاگایی واقعیدا ده‌گرێ، سروشتییه كه دڕدۆنگی وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌ره بستێنێ.
دیارده‌ی دڕدۆنگی ڕیتمی هه‌ره‌سی مه‌ده‌نی له كۆمه‌ڵگەدا خێراتر ده‌كا. ئاماره‌كان به شێوه‌یه‌كی سه‌رسامهێنه‌ر باس له دڕدۆنگیی كۆمه‌ڵگە له حاند گشت فاكتۆره‌كانی گۆڕان ده‌كه‌ن. مه‌به‌ست له فاكتۆڕهكانی گۆڕان؛ فاكتۆڕی ده‌روونی و فاكتۆڕی ده‌ره‌كین. له‌هه‌مبه‌ر فاكتۆڕی ده‌روونی؛ خه‌ڵكی ئێران به گومانه‌وه سه‌یری جووڵه ڕێفۆرمیستییهكان ده‌كه‌ن، چونكه تا دێ مه‌ودای زیاتر له‌گه‌ڵ داخوازییه واقعییه‌كانی كۆمه‌ڵگە ده‌گرن. له لایه‌كی دیكه‌وه كاتێ بزاڤه ئێعترازییهكان ڕادیكاڵتر ده‌بن هه‌جمه‌ی ڕشاندنی زانیاریی ناته‌با له ڕاگه‌یاندنه‌كاندا به دژی به‌رنامه‌ی گۆڕینی رێژیم ده‌ست پێده‌كا و به چاوی گومانه‌وه سه‌یری ئیمكانی ڕێكخستن و ڕاپه‌رینی خەڵک ده‌كرێ. كه باس له فاكتۆڕی ده‌ره‌كی ده‌كرێ، ده‌بێ دوو ڕه‌هه‌ند له‌به‌ر چاو بگرین: یه‌كه‌م؛ سیاسه‌تی «تێڵا و گێزه‌ر»ی وڵاتانی ڕۆژئاوایه كه خه‌ڵك زیاتر تووشی دڕدۆنگی ده‌كه‌ن. دووهه‌م؛ چالاكانی سیاسی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن كه له ئه‌مرۆی ئێران‌دا نه‌ك ده‌رفه‌ت نین به‌ڵكوو گرفتن. یه‌كێك له گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له ماوه‌ی ئه‌م چل ساڵه‌دا ئه‌وه‌یه كه هێشتا نه‌یانتوانیوه له‌سه‌ر ئه‌وله‌وییه‌ته‌كان ڕێك بكه‌ون. هه‌ڵبه‌ت پێكهاتن له‌سه‌ر ئه‌وله‌وییه‌ته‌كان پێویستیی به دیالۆگێكی دێمۆكراتیك هه‌یه كه به‌داخه‌وه له ڕه‌فتاری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا به‌دی ناكرێ. ئه‌جندای ئۆپۆزیسیۆن كه‌متر پراگماتیك و وه‌ك نه‌ریتێكی هه‌میشه‌یی ئایدیالۆژیكه. حه‌ساسییه‌ت و هه‌ڵوێستی سیاسی به‌شێكی زۆر له لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئێران له‌مه‌ڕ دیارده‌ی ترامپیزم، كه‌پرێكی ئاسوده‌ی بۆ ڕێژیم هه‌ڵداوه كه به دوور له هه‌جمه‌ی ڕۆشنگه‌ری پشوو بدا، له كاتێكدا گشت فاكته‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه مانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی له خۆیدا هه‌ره‌سی مه‌ده‌نییه. كاتێ پرسی گۆڕین یاخۆ نه‌گۆڕینی ڕێژیم ده‌بێته كێشه‌ی سه‌ره‌كیی نێوان ئۆپۆزیسیۆن، له ڕاستیدا ماناكه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئیراده‌یه‌ك له ئارادا نه‌ماوه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری و كۆمه‌ڵگە ناچاره له حاند ئۆپۆزیسیۆنیشدا چاو بقونجێنێ، پشت له داهاتوو بكا و ڕوو له ڕابردوو بژی، له شه‌قامه‌كانی قووم، تاران و شیرازدا چاو بۆ تراویلكه‌یه‌كی نوستالۆژیك بگێڕێ و هاواری مردووان بكا (ڕه‌زاشای په‌هله‌وی).
بننووسەکان:
1( Civil Collapse
2) ٢٧ سال پێش زایین هه‌تا ١٤٥٣ی دوای زایین
3) Diamond Jared (2005), «Kollaps, Hvordan samfunn går under eller overlever», Norsk utgave, Spartacus forlag AS, 2013.
4) Cognitive dissonance
زانیاری ناته‌با تیۆرییه‌كی ساكۆلۆژییه و بۆ پێناسه‌كردنی نموونه‌یه‌كی سترێس ده‌كار ده‌كرێ كه پێوه‌ندی به فره‌زانیاریی دژ به‌یه‌ك هه‌یه. كاتێ مرۆڤ بۆ تێگه‌یشتن له ناكامییه‌كانی ژیان تووشی چه‌ند زانیاری و پێشمه‌رجی جیاواز و دژ به یه‌ك ده‌بێ، ناهێمنی و ناهومێدی دایده‌گرێ و له ئاكامدا نازانێ چۆن له‌گه‌ڵ واقعهعیهته عهینییهكانی ناكامیی به‌ره‌وروو بێته‌وه، دردوونگی و شه‌رم دوو نموونه‌ن بۆ كارتێكه‌ری زانیاری ناته‌با له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵ.