هه‌نووکه ئه‌و باسه له ئێران له ئارا دایه که ئایا به‌رجام (رێککه‌وتنی ڤییه‌ن) ده‌بێ وه‌ک پرۆژه‌یاسا بدرێته مه‌جلیس و له‌وێ تاووتوێ بکرێ؟ یان په‌روه‌نده‌ی ناو‌کی له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی شۆرای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران‌دا بووه و هه‌ر بڕیارێک که ئه‌و بنیاته بیدا، له‌لایه‌ن هه‌موو داموده‌زگاکانی دیکه‌وه ده‌بێ پێڕه‌وی لێ بکرێ؟ ئه‌و باسانه چه‌ند لایه‌نی حقووقی، سیاسی-جیناحی هه‌یه و به‌شێکیش له‌و روانگه‌وه دێنه نێو ئه‌و باسه، که ئایا له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران دایه که به‌رجام له مه‌جلیس په‌سند بکرێ(یان ره‌د بکرێته‌وه)؟
لێره‌شدا وه‌ک زۆر شتی دیکه دوالیزمێک به‌رچاو ده‌که‌وێ. ده‌وڵه‌ت و هه‌وادارانی، به زۆری ده‌ڵێن که به‌رجام پێویستی به په‌سندی مه‌جلیس نییه و ته‌نیا وه‌ک راپۆرت دراوه به مه‌جلیس؛ بۆ ئه‌وه‌ی که تاووتوێی بکا و ئاگاداری هه‌موو ره‌هه‌ند و لایه‌نه‌کانی به‌رجام بێ. به‌شێکی زۆری ئوسوولگه‌راکان، به تایبه‌ت ره‌وتی راستیی توندئاژۆ، پێداگریی له سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن که به‌رجام ده‌بێ وه‌ک پرۆژه‌یاسا بدرێ به مه‌جلیس و ته‌نیا دوای په‌سندی مه‌جلیس، جێبه‌جێ کردنه‌که‌ی یاسایی ده‌بێ. هه‌ر کام له‌و دوو گرووپه بۆچوونه‌که‌یان پشتبه‌ستوو به‌و خوێندنه‌وه حقووقی و سیاسییه‌ی ده‌که‌ن که له به‌رجام ده‌یخه‌نه روو.
دانوستانه ناوکییه‌کانی ئێران له لایه‌ن شۆرای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانه‌وه سه‌رپه‌ره‌ستی و مودیرییه‌ت کرا و له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی داڕێژراوی ئه‌و بنیاته‌دا رێککه‌وتن کرا. بۆ نموونه میکانیزم و چۆنیه‌تیی سه‌ردانی ناونده گوماناوییه‌کانی ئێران له لایه‌ن ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ناوکییه‌وه، دوای پرس و راوێژ به بنیاته نیزامی و ئه‌منییه‌تییه‌کان و به له به‌رچاوگرتنی توانای ئیمتیازگیریی ئێران قبووڵ کراوه. ئێستا ئه‌گه‌ر شۆرای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران به‌رجام په‌سند بکا، له راستیدا دانی به عه‌مه‌لکردی خۆی داناوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش مه‌جلیس پێش رێککه‌وتنه‌که، له دووتوێ په‌سندکراوێک دا، به چه‌شنێک تاووتوێ کردن و بڕیاردان له سه‌ر به‌رجامی به شۆرای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سپاردووه.
ده‌وڵه‌ت ده‌ڵێ به‌رجام سه‌نه‌دێکی جێبه‌جێکارییه که دوو لایه‌ن به شێوه‌یه‌کی دڵخوازانه به‌ڵێنییه‌کانیان جێبه‌جێ ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر لایه‌نێک پێشێلی رێککه‌وتنی کرد لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ش بۆی هه‌یه جێبه‌جێ کردنی به‌ڵێنییه‌کانی راگرێ و بۆ پێش دۆخی رێککه‌وتن بگه‌ڕێته‌وه. ئیستدلالیان ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر بێتوو مه‌جلیس به‌رجام په‌سند بکا ئه‌مه ئێران به شێوه‌یه‌کی حقووقی زیاتر پابه‌ند ده‌کا و ده‌ستی ئێران ده‌به‌ستێ و له حاڵه‌ت پێشیل کرانی رێککه‌وتنه‌که له لایه‌ن 5+1ه‌وه، ئازادیی کرده‌یی ئێران که‌متر ده‌کاته‌وه. له لایه‌کی دیکه‌ش کام یه‌ک له وڵاتانی 5+1، به‌رجام وه‌ک په‌یماننامه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌یر ده‌که‌ن و ئه‌و ده‌قه ده‌به‌نه پارلمانهکانیان و له‌وێ په‌سندی ده‌که‌ن، تا ئێران ئه‌و کاره بکا! وه‌فدی دانوستانکاری ئێران ده‌ڵێن که ئه‌گه‌ر به‌رجام وه‌ک پرۆژه‌یاساش بدرێ به مه‌جلیس، مه‌جلیس بۆی هه‌یه که به به‌ڵێ یان نه‌خێر ده‌نگ به گشتییه‌تی رێککه‌وتنه‌که بدا و ناتوانێ ته‌نانه‌ت ویرگول یان رسته‌یه‌کی ده‌ستکاری بکا، چونکه ئه‌وه رێککه‌وتنه‌که لێک هه‌ڵده‌وه‌شێنێ. ئه‌مه له حاڵێک دایه که پرۆسه‌ی تاووتوێ کردنی پرۆژه‌یاساکان له مه‌جلیس دا به‌و شێوه‌یه که سه‌ره‌تا مه‌جلیس ده‌نگ بۆ گشتییه‌تی پرۆژه‌یاسایه‌ک وه‌رده‌گرێ و دواتریش بڕگه به بڕگه‌ی قسه‌ی له سه‌رده‌کرێ و په‌سند یان ره‌د ده‌کرێته‌وه. له په‌سند کرانی پرۆژه‌یاساکان دا مه‌جلیس مافی ده‌ستکاری کردنی هه‌یه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌ت و ره‌وتی نزیک له ده‌وڵه‌ت، به تایبه‌ت راستیی توندئاژۆ ده‌ڵێن که مادام به‌رجام کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنی و به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی زۆر به سه‌ر ئێران‌دا ده‌سه‌پێنێ، بۆیه ده‌چێته چوارچێوه‌ی په‌یماننامه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه و ته‌نیا دوای په‌سندی مه‌جلیس، جێبه‌جێ کردنی یاسایی ده‌بێ. دیاره ئه‌و که‌س یا لایه‌نانه‌ی که له بنه‌ڕه‌تدا دژی رێککه‌وتن بوون ئێستاش وازیان نه‌هێناوه و له هه‌موو رێگه‌یه‌ک بۆ بێ سه‌ره‌نجام هێشتنه‌وه‌ی رێککه‌وتنه‌که که‌ڵک وه‌رده‌گرن. واته به‌شێک له‌و باسه‌ی که له‌م پێوه‌ندییه‌دا له ئارا دایه ده‌چێته چوارچێوه‌ی پۆلیمیکی سیاسی و زیاتر به جه‌ده‌لی سیاسی-جیناحی هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێ.
خامنه‌یی هه‌تا ئێستا به راشکاوی رای خۆی سه‌باره‌ت به به‌رجام ده‌رنه‌بڕیوه. هه‌ر ئه‌مه‌ش رێگه‌ی بۆ ئه‌و گه‌نگه‌شه سیاسی و حقووقییهی سه‌ره‌وه کردۆته‌وه.
1)خامنه‌یی نایه‌وێ دلخۆشیی خۆی له به‌رجام رابگه‌یه‌نێ چونکه له‌وانه‌یه ئه‌مه وه‌ک لاوازیی ئێران لێک بدرێته‌وه. ئه‌و ده‌یه‌وێ نمایشی هێز بکا و وا بنوێنێ ئه‌گه‌ر به‌رجامیش جێبه‌جێ نه‌بێ، دنیا خراپ نابێ.
2)ئه‌و قسه‌یه‌ی خامنه‌یی که مه‌علوم نییه به‌رجام له ئێران و ئه‌مریکا په‌سند یان ره‌د بکرێته‌وه، چه‌شنێک مانۆڕی ئێرانه له هه‌مبه‌ر کۆنگره‌ی ئه‌مریکادا. ده‌نا ئێران له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا نابینێ که ببێته هۆی پێشیل کرانی رێککه‌وتنی ڤییه‌ن.
3)هه‌ر وه‌ک چۆن ئامرازه‌کانی هێزی ئێران له ناوچه‌که‌دا له کێشانی وڵاتانی 5+1 بۆ سه‌ر مێزی وتووێژ کاریگه‌ریی هه‌بوو، راگرتنی ئه‌و ئامرازانه له جێبه‌جێکردنه‌که‌شی دا بێ کاریگه‌ر نییه. به‌م هۆیه‌یه که خامنه‌یی له سه‌ر درێژه‌دان به سیاسه‌ته‌کانی ئێران له ناوچه‌که‌دا پێداگریی ده‌کا.
4) خامنه‌یی به‌ره‌نجامی کاریگه‌ریی هێزه سیاسی و بانده‌کانی هێزه. لانی که‌م له گوتاری گشتی دا به شێوه‌یه‌ک قسه ده‌کا که ده‌ره‌تانێک بۆ کێشمه‌کێشی ره‌وته سیاسییه‌کان دێڵێته‌وه. ئه‌و باس یان جه‌ده‌له سیاسی و حقووقییهی سه‌باره‌ت به په‌سندکران یا نه‌کرانی به‌رجام له مه‌جلیس دا، له ئارا دایه، ده‌کرێ به چه‌شنێک یاریی سیاسی و مانۆڕی سیستمیش له قه‌ڵه‌م بدرێ، ئه‌گینا بڕیار دان له سه‌ر به‌رجام نه له مه‌جلیس، به‌ڵکوو له ژێر چاوه‌دێری خامنه‌یی دا کراوه و ده‌کرێ.
لە ژماره ٦٦٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه