له کوردستان، ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له ژماره‌ی ٧٩ی ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٩ی گه‌لاوێژ ١٣٢٥ی هه‌تاویدا بابه‌تێک له‌ژێر ناو نیشانی؛ «مبارزه‌ی ئازادی و دێموکراسی ئێمه پێی له پێنجه‌مین ساڵی خۆی ناوه« بڵاو ده‌بێته‌وه و نووسه‌ر (سید محمد حمیدی) نووسیویه‌تی: بۆ یه‌که‌م جارئێمه له دوای چوارساڵ به‌ربه‌ره‌کانی له ڕێگه‌ی ئازادی و دێموکراسی و له‌گه‌ڵ هه‌زاران گرێپوچکه و گیروگرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مادی و مه‌عنه‌وی، ئه‌وڕۆ به ئاشکرا و له ئه‌وپه‌ڕی هێزدا و له کاتێکدا هێزی چه‌کدارمان دامه‌زراندوه هه‌زاران پێشمه‌رگه‌مان له سنووری کوردستاندا بۆ پاسه‌وانی داناوه و به حاڵه‌تێکی ئازاد و سه‌ربه‌ست ڕۆژنامه و گۆڤاری (نه‌ته‌وه‌یی- ملی) خۆمان به دنیا دا بڵاو ده‌که‌ینه‌وه و … ده‌رکه‌یه‌کی هومێدمان بۆ دواڕۆژ به ڕووی گه‌لی کورددا کردۆه‌ته‌وه.
خه‌سڵه‌تی دێموکراتیک بوونی کۆماری کوردستان به گێڕانه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی پێنج ساڵه‌ی درووستبوونی ڕێکخراوه‌ی «کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد ژ-ک» له ساڵی ١٣٢١ی هه‌تاویدا هه‌تا دامه‌زراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان له ٢٥ی گه‌لاوێژی ١٣٢٤ی هه‌تاوی و به‌رپا بوونی کۆمار له 2ی ڕێبه‌ندانی هه‌مان ساڵدا له‌م دێڕانه‌ی نووسه‌ری بابه‌تی باسکراودا ده‌دره‌وشێته‌وه و نووسه‌ر له‌وپه‌ڕی شادومانی و هیواداریدا باسی کرانه‌وه‌ی ده‌رگای ئومێد بۆ دواڕۆژی گه‌لی کورد ده‌کات…
پیاهەڵگوتن به کۆماری کوردستان بۆ «کورد» چ به واتای تاک و چ به واتای «کۆ» بۆ ئه‌زمونێکی سیاسی و فه‌رمانڕه‌وایی له به‌شێکی جیهان که ناوه‌ندی ئاژاوه و شه‌ڕ و پێکدادانه‌کانی مێژوو بووه و له هه‌مان کاتدا پێگه‌ی شارستانیه‌ته که‌وناره‌کانی ژیانی مرۆڤایه‌تی بووه کاتێ مانادار ده‌بێ و له عه‌یبه‌ی»ئافه‌ره‌م کردنی خۆ» دوور ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌ر چاوێک به ئێستای وڵاتانی ده‌وروبه‌ری کۆماری ئه‌وکاته‌ی کوردستان له موکریانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له سه‌رده‌می کۆمار له ١٩٤٦ی زایینی‌دا ده‌خشێنین و ڕه‌وشی ئاوهژۆکراوی ژیان و ئازادی و ڕێز و که‌رامه‌ت و شه‌ڕافه‌تی مرۆڤه‌کان ده‌بینین. ئێستاش له وڵاتانی ئێران و عێراق و تورکیه و سوریا و … مرۆڤه‌کان به شێوازی جۆراوجۆر له ئازاری ده‌ست و زمان و کرده‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان ئاسووده و ئارام نین. مرۆڤایه‌تی له‌م وڵاتانه‌دا به خێرایییه‌کی سه‌یر و چاوه‌ڕوان نه‌کراو به‌ره‌و پاشه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ. سه‌ربڕین و سووتاندنی مرۆڤ و ده‌ست و پێ په‌ڕاندن و چاوده‌رهێنان و لووت و گوێ بڕین و ده‌ربه‌ده‌رکردن و ده‌رکردن و تاڵان کردن و هه‌تک کردن و ژن و منداڵ ڕفاندن و بازرگانی کردن به مرۆڤه‌کان و ماده هۆشبه‌ره‌کان و هه‌موو جۆر که‌ره‌سته‌ی کوشتن و پاکتاو کردن و زیندان کردن و په‌تی سێداره هه‌ڵدان و نووسینی یاسای دژه مرۆڤ و به‌کار هێنانیان و پشت گوێ خستنی ئه‌و یاسا‌و ڕێسانه‌ی که بۆنی پشتگیری کردنی مافی مرۆڤه‌کانیان لێوه دێ و هه‌موو کرداره خراپه‌کان به داخه‌وه وه‌ک نه‌ریتێکی گشتی ڕووی له‌م وڵاتانه کردوه و به‌داخه‌وه چونکه کورد دابه‌شکراوه و له نێوان ئه‌م چوار ده‌وڵه‌ته دایه و به شێکه له کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌م وڵاتانه ده‌بێ به ئاگری نه‌هامه‌تی و نه‌گبه‌تی ئه‌م وڵاتانه‌وه بسووتێ و هه‌رکات بیه‌وێ خۆی له نه‌هامه‌تی ئه‌م کۆمه‌ڵگه «چه‌رخه ناوه ڕاستیانه‌وه« (قرون وسطایی) ده‌ربهێنێ به هه‌زاران ئامرازی سیاسی و سه‌ربازی و فه‌رهه‌نگی سه‌رکوتی ده‌که‌ن! به‌و پاساوه‌ی نه‌خشه‌ی ئه‌م وڵاتانه نه‌گۆڕن و نابێ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه! چاکه لانی که‌م دان به‌وه‌دا ده‌نێن ئه‌م وڵاتانه له شڕکه و پڕکه‌ی شهڕوپهت په‌تیه‌کان پێک هاتوون و به شه‌ڕ و ماره‌که پێکه‌وه نووساون و له‌یه‌ک ههڵدوراون ده‌نا وڵاتێک ئه‌گه‌ر یه‌کده‌ست و یه‌کپارچه و یه‌ک فه‌رهه‌نگ بێ، یه‌ک دڵ و یه‌کزمان ده‌بێ، نه‌ک تاوێ نه تاوێ ده‌سته‌یه‌ک هه‌ستنه سه‌رپێ و ده‌سته‌یه‌کی دیکه بچه‌وسێنن یان ده‌مکوتیان بکه‌ن…
حیزبی دێموکراتی کوردستان له ١٩٤٦ دا و له کاتی دروست بوونیدا بیری له‌وه ده‌کرده‌وه خۆی له شێتحاڵی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌زانانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران ڕزگار بکات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یزانی سه‌به‌بکاری دواکه‌وتویی فه‌رهه‌نگی و ئابووری و سیاسی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ڕفتاری نا هاوسه‌نگ و نهسازانهی ده‌وڵه‌ته‌کانی ئێرانه… سروشتی ده‌وڵه‌ته ئێرانییه‌کان هیچ کات نه‌یتوانی خۆی له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆی بگونجێنێ. هه‌ر له کۆنه‌وه په‌لهاوێژی و کوده‌تای ناوخۆ، سیسته‌می کۆیلایه‌تی (به‌رده‌داری)، دژایه‌تی ئایینی به ده‌یان نموونه و به گژدا کردنی ئایین و ئایینزاکان له دژی یه‌کتر و خۆسه‌پاندن وه‌ک ئایینی فه‌رمی هه‌رله سه‌رده‌می هخامنشی (ههخمینی)یه‌کانه‌وه هه‌تا ئه‌م چرکه ساته سیاسه‌تی نه‌گۆڕی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م به‌شه له جیهانه.
به پێچه‌وانه‌وه کوردستان وه‌ک یه‌که‌یه‌کی جوگرافیایی و فه‌رهه‌نگی لانکه‌ی شارستانیه‌ت و هونه‌ر و پێکه‌وه ژیان و ئاسوده‌یی و حه‌وانه‌وه بووه. ئازایه‌تی کورد له خۆڕاگری و نهبهزیدا بووه نه‌له شه‌ڕ فرۆشی و بهدفهڕیدا… هه‌ربۆیه ئایینه‌کان چ ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئایینی مێهره‌وانی (میترائیسم) وا «پیرانی موغان» ڕێبه‌رایه‌تی یان ده‌کرد و ئایینی مه‌زدا که زه‌رده‌شت سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرد و له خودی کوردستاندا سه‌ریان هه‌ڵدا بوو چ وه‌ک ئایینه‌کانی مه‌ندایی، مه‌سیحیه‌ت و جووله‌که و دواتر ئیسلام به هه‌موو لق و پۆپه‌کانیه‌وه له کوردستاندا حه‌وانه‌وه‌و لایه‌نگره‌کانیان له که‌مترین حاڵه‌تی بارگرژیدا له گوندوشارهکانی سه‌رتاسه‌ری کوردستاندا پێکه‌وه ده‌ژیان …
بۆ وێنه هه‌ر ئێستا له کرمانشان و مووسڵ و که‌رکوک و ورمێ وهه‌ولێر چه‌ند جۆر ئایینی له ناوه‌ڕۆک دا دژبه‌یه‌ک ده‌بینی به‌ڵام لایه‌نگره‌کانیان پێکه‌وه له‌و کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ژین و حه‌واونه‌ته‌وه… ئه‌مه شتێکی سه‌یر نیه، ناخ وڕۆح و سروشتی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی خووی به‌م ڕه‌وشه گرته‌وه، ئه‌مه دیارده نیه تاکوو سه‌رسووڕمان دروست بکات، به‌ڵکو هه‌رکات ئاڵۆزی و نه‌سازان ڕووی داوه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی تووشی سه‌رسووڕمان کردوه… کاتێ به درێژایی مێژووی هه‌موو وڵاتان وه‌ک ڕۆما، ئێران و مسر، یان ئه‌وروپای کۆن و مۆدێڕن پاکتاو کردن یان سووکایه‌تی کردن به ئایین و ئایینزاکان به‌شێ له داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگه‌کان بووه شانازی بۆ خۆمانه‌وه ده‌که‌ین سه‌ره‌ڕای هه‌موو نههامهتهیهکان ده‌ست و داوێنمان خاوێنه له‌و کرداره دژه ئه‌خلاقیانه. کاتێ ده‌بینین له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی هیتڵێر به‌سه‌ر نیوه‌ی ئه‌وروپادا، شه‌ش میلیۆن جووله‌که نیست و نابود ده‌کرێن شیاوی گێڕانه‌وه و ئافه‌رین کردنه جووله‌که‌کانی کوردستان به دڵ و به گیان له خزمه‌تی به‌رپابوونی کۆمار و گه‌شه کردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته کوردیه دان. بۆ وێنه داودزاده نوێنه‌ری جووله‌که‌کانی مه‌هاباد له ڕۆژی 2ی ڕێبه‌نداندا لایه‌نگریی جووله‌که‌کانی کوردستان بۆ کۆمار به فه‌رمی ڕاده‌گه‌یێنێ و ئه‌مه‌ش ته‌نیا شاری مه‌هاباد ناگرێته‌وه دیاره کوردانی جووله‌که‌ی سه‌قز و بانه و بۆکانیش ده‌گرێته‌وه و فیداکاری ئه‌و خوشک وبرا کورده جووله‌کانه‌ی ئێمه ده‌گاته ڕاده‌ی خۆ له مه‌ترسی خستنی وه‌ک کاری نهێنی کردن بۆ کۆماری کوردستان (فعالیت تشکیلاتی) به‌تایبه‌ت له سه‌قزوبانه که له ساڵی ١٣٢١ی هه‌تاوی دا به گوێره‌ی «بڕیاری گڵۆڵان»که‌وتبوونه‌وه ده‌ستی ده‌وڵه‌تی شاهه‌نشایی ئێران و ده‌زگای سه‌ربازی ئه‌م وڵاته له ئه‌و په‌ڕی توند و تیژی و خراپه‌کاریدا هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئه‌م دوو شاره ده‌کرد… بێهۆنیه کوردانی جووله‌که‌یان ئه‌رمه‌نیه‌کان له مهاباد و له شاره‌کانی ده‌وروبه‌ر ئه‌وه‌نده به لێبڕاوه‌یی و به دڵسۆزی یه‌وه خزمه‌ت به کۆماری کوردستان ده‌که‌ن.کۆماری کوردستان که له‌لایه‌ن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانه‌وه به‌رپاکرابوو آبه ڕێڕه‌وی داڕێژراوی ئه‌م حیزبه‌دا ده‌ڕۆییشت و ئه‌م ڕێره‌وه بریتی بوو له یاسا بنه‌مایی یه‌کانی مرۆڤ که له هه‌مان ساڵدا له کۆنفڕانسی»سانفرانسیسکۆ» له ئه‌مریکا، وڵاتانی جیهان کاریان بۆ ده‌کرد بیکه‌ن به «جاڕنامه‌ی گه‌ردونی مافی مرۆڤ» و له رێکخراوی تازه به‌ر پاکراوی «نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان»دا وه‌ک کۆڵه‌یه‌کی ئه‌خلاقی وبنهمایی جێگه‌ی بۆ بکه‌نه‌وه.
که‌واته داڕێژه‌رانی یاسا و به‌رنامه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان خه‌ڵکێکی ئاگه‌دار و پسپۆڕ و تیگهیشتوبوون وزانیارییان له‌سه‌ر بارودۆخی جیهانی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌بووه و بنه‌ماکانی دێمۆکراسییان ناسیوه‌ته‌وه وکه‌ڵکیان لێ وه‌رگرتوه بۆ ئه‌وه‌ی له سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی کۆماری کوردستاندا به کاری بهێنن. بۆ وێنه له رۆژنامه‌ی کوردستان ژماری ٧٥ به‌رواری یه‌کشه‌مه ٢٠ی گه‌لاوێژی ١٣٢٥،له لاپه‌ڕه‌ی 4 دا له ژێر ناوی «ئاگاداری» دا هاتوه: له ژێر داڵده‌ی حه‌زره‌تی پێشه‌وای شکۆمه‌ند و خۆشه‌ویستی کوردستان و چاوه‌دێری وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ دا قوتابخانه‌یه‌ک بۆ گوتنه‌وه‌ی وانه‌ی کوردی و هه‌روه‌ها «عێبری» له مه‌هاباد دروست بووه و ده‌بێ منداڵانی کوڕوکچ له‌م قوتابخانه دا فێری خوێندن و نوسین بن و هه‌ر که‌س منداڵی خۆی نه‌هێنێ بۆ ناونووس کردن له لایه‌ن بنکه‌ی پۆلیسه‌وه دستگیر ده‌کرێن و منداڵه‌کان ده‌خرێنه به‌ر خوێندن. ـ به‌رپرسی قوتابخانه‌ی عێبری: سلیمان داود زاده.
یان له ئاگاداری یه‌کی دیکه‌دا و له لاپه‌ڕه‌ی ٤ی رۆژنامه‌ی کوردستان به‌رواری یه‌کشه‌مه ٦ی گه‌لاوێژی ١٣٢٥ دا، به‌رێز»سه‌قه‌فی» قایم مه‌قام (فه‌رماندار)ی مهاباد، به‌خه‌ڵکی ئه‌م شاره و ده‌وروبه‌ری ڕاده‌گه‌یه‌نێ:کۆماری کوردستان بڕیاری داوه ئهوئهرمهنیانهی(والهساڵی ١٩١٥دا وله ئه‌رمه‌نی قڕانی باکوری کوردستان له لایه‌ن عوسمانیه‌کانه‌وه ده‌ربه‌ده‌ری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کراون) ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆزێدی خۆیان هه‌رکه‌س له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ورده حیساب ومامه‌له وقهرزوقۆڵهی هه‌یه به جێی بگه‌یێنێ با له کاتی رۆیشتنیاندا تووشی ڕاگیران نه‌بن…ئه‌مانه چه‌ند نمونه له هه‌ڵسوکه‌وتی به‌رپرسیارانه‌ی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری کوردستان بوو که به‌رنامه‌و بنه‌ماکانی حیزبی دێموکڕاتی کورستانیان به رێوه ده‌برد و به‌ڕاستی شیاوی رێز و ئافه‌رین کردنن.ئێستا دوای ٧٠ ساڵ له‌و رۆژه زێڕینانه، هه‌رچه‌ند به داخه‌وه کۆمار دوای یازده مانگ له به‌رپا بوونی،ڕووخێنرا به‌ڵام نۆستالۆژیای ئه‌وسه‌رده‌مه به گێڕانه‌وه‌یان خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی که ڕاستیه‌کانی ژیانی سه‌رده‌می کۆماری کوردستان ده‌گێڕنه‌وه واز له مرۆڤ ناهێنی و سه‌ودای ئه‌وه له خه‌یاڵ و ڕامانیدا ده‌کات ئاخۆ دیسانه‌وه ئه‌و رؤژانه دروست ده‌بنه‌وه؟!!
بێگومان وه‌ڵام «ئه‌رێ»یه! به‌ڵام به یه‌ک مه‌رج : ئه‌ویش متمانه به خۆبوون و بڕوامند بوون به ئازادی و دێموکڕاسی وهه‌روه‌ها خۆشویستنی کۆماری کوردستان له رێگه‌ی پێبه‌ندی به بنه‌ماکان و یاسا و رێساکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان .بژی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان! پیرۆزبێ یادکردنه‌وه‌ی ٧٠ ساڵه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان !
لە ژماره ٦٦٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه