25ی گەڵاوێژی ئەمساڵ 7 دەیەی بەسەر تەمەنی حیزبی دیموکراتدا تێپەڕ دەبێ. ئەگەرچی حیزبی دیموکرات وەک بە تەمەنترین حیزبی کوردی ناسراوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هێشتا بستێک خاکی رزگار کراوی بەدەستەوە نییە و چاوەڕوانی ئەوەیە کە ئەویش وەک حیزبەکانی دیکە لە داهاتوودا حوکمڕانیی تاقی بکاتەوە و دوای تێپەڕ کردنی دەیان هەوراز و نشێو سەرکەوتن بەدەست بێنێ.
حیزبی دیموکرات لە کاتێدا پێ دەنێتە دەیەی هەشتەمی خەباتییەوە کە هەر لە نزیك خۆی لە باشووری كوردستان «یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان» دوای تێپەڕینی ١٦ ساڵ بەسەر دامەزرانیدا گەیشتە دەسەڵات و «پارتی دیموکراتی کوردستان»یش كە ساڵێك دوای حیزبی دیموکرات دامەزراوە لە تەمەنی ٤٥ ساڵیدا بەهەمان شێوە گەیشتە دەسەڵات. ئەگەر دوورتریش بڕۆین دەبینین لە كۆسۆڤۆ دوای ١٣ ساڵ سوپای ئازادی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٠٨ سەركەوتن و سەربەخۆیی خۆیان لە سربیا راگەیاند، هەروەها لە باشووری سودان دوای ٥٠ ساڵ شەڕی ناوخۆ شۆڕشگێڕان سەركەوتن و ساڵی ٢٠١١ سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند.
٧ دەیە مانەوەی لە قۆناغی خەبات و نەچێشتنی تامی دەسەڵات بۆ حیزبێکی سیاسی تەمەنێکی کەم نییە و رەنگە نموونەی وا لە مێژوودا زۆر دەگمەن بێ، یان ئەگەر هەشبێ ئەوا کۆتایی پێهاتووە و ئاسەواری نەماوە. حیزبی دیموکرات ئەگەرچی پاش ئەم مێژووە درێژە لەخەبات نەگەیشتووەتە دەسەڵات، بەڵام لە هەمان کاتدا درێژە کێشانی ئەم قۆناغەش، حیزبی دیموکراتی تووشی چارەنووسی حیزبی «تودە» نەکرد. بێگومان هۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ پتەو بوونی ریشەی کۆمەڵایەتیی حیزبی دیموکرات لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها بەردەوام بوونی ئەم حیزبە لە خەبات.
بە ئاماژە بەوەی کە تا ئەم قۆناغە بەلانی کەمەوە ٨٠ لە سەدەی چارەنووسی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرێدراوی چارەنووسی حیزبی دیموکراتە، چاوەڕوانییەکان بە نیسبەت حیزبی دیموکراتەوە فرەن و حیزبی دیموکرات ئەگەر بیەوێ بمێنێ و لە ئاکامدا بگاتە دەسەڵات و براوە بێت، ناتوانێ بەو شێوەی کە تا ئێستاش درێژەی پێ دەدا، بەردەوام بێ. چونکە بۆ هەموو لایەک روون بۆەتەوە گوتار، مێتۆدیی کار کردن و پێکهاتەی رێکخراوەیی بۆ ئەم قۆناغە وڵامدەر نییە و لەمێژە ئەو زەروورەتە هاتووەتە ئاراوە کە ئەم حیزبە پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە. لە ٧٠ ساڵەی تەمەنی حیزبی دیموکراتدا لە لای هەڵدانەوەی لاپەڕە پرشنگدارەکانی مێژووی حیزبی دیموکرات هەقە بپرسین کە بۆ خەباتی ئەم حیزبە دوای ٧٠ ساڵ نەگەیشتووەتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە و ئەوەندە درێژەی کێشاوە؟ لە لای باس کردن لە کۆمەڵێک هۆکاری دیکەدا هەقە بپرسین بۆ حیزبی دیموکرات دوای ٧٠ ساڵ خەبات نەیتوانیوە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نیشتمان یەکلایی بکاتەوە و کورد لە سایەی پرۆگرامەکانی ئەم حیزبەدا لە رۆژهەڵات بە مافەکانی خۆی بگا؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستی بە شیکاریی و خەسارناسیی ورد هەیە کە رەنگە بابەتی چەندین توێژینەوە بن. ئەگەر بەشێوەی گشتی چاو لە پرسەکە بکەین، رەنگە زۆرجار بوترێ کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زۆر دڕندە و داخراوە، بۆیە لە ئێرانیش فەزایەکی هاوشێوەی تورکیا دروست نابێ بۆ ئەوەی پرسی کورد بچێتە پێشەوە و کورد بە لانی کەمی مافەکانی بگات. هەروەها رەنگە پەنا ببەینە بەر ئەوە وەڵامە کە بڵێین فاکتۆرە دەرەکیی و ناوچەییەکان بۆ حیزبی دیموکرات و پرسی کورد لە رۆژهەڵات لە بار و یارمەتیدەر نەبوون، تا کورد لەو پارچەیە بگا بە مافەکانی خۆی. بێگومان ئەم فاکتۆرانە کاریگەرییان هەیە و لە شێکاریی ئەم بابەتەدا دەبێ لەبەرچاو بگیردرێن.
ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە کە بۆ حیزبی دیموکرات خۆی نەیتوانیوە ببێتە فاکتۆری یەکلاکەرەوە و لە ئەنجامی قورسایی خۆی و قەیران سازیی لە ناوچەکەدا بۆ ئێران، پرسی کورد لە رۆژهەڵات پێش بخات و پشتیوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ خۆی دروست بکات؟ لەم پێناوەدا ئەگەر چاو لێ بکەین دەبینین حیزبی دیموکرات دوای تیرۆری دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەرەفکەندی هەتا هاتووە کاریگەریی لەسەر هاوکێشەکان کەمتر و کەمتر بووەتەوە و چووەتە پەراوێزەوە. لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی بوونە هۆی ئەوەی حیزبی دیموکرات بگاتە ئەو دۆخەی ئێستا و وەک یاریکەرێکی سەرەکی لە ئاستی کوردستاندا دەوری نەمێنێ. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ دواوە و سێکوچکەیەک لە ئاستی هێزەکانی هەر چوار پارچەدا لەبەرچاو بگرین، دەبین ئەم سێ گۆشەیە تا ئەو کاتەی کە حیزبی دیموکرات هێزی پێشمەرگەی لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە (واتە تا ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو) بەم شێوەیە: حیزبی دیموکرات(رۆژهەڵات) پەکەکە(باکور و رۆژاوا)، پارتی و یەکێتی(باشوور). بەپێچەوانەی ئەو سەردەمە ئێستا ململانێی هێزەکان و جەمسەربەندییەکان لە ئاستی هەر چوارپارچەدا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە کە بەرەیەکیان «پەکەکە» سەرۆکایەتی دەکا و بەرەکەی دیکەش «پارتی»یە و هێزە و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش هەر کام بەشێوەیەک دابەش بوون بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا.
بەو پێیەی کە حیزبی دیموکرات بەتەمەنترین حیزبی کوردییە و خاوەنی کۆمەڵێک شاناریی و رەمزە و قورساییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی هەیە و مەیدانی خەباتەکەی دووەمین پارچەی کوردستانی گەورەیە، دەبێ بەرەوە ئەو ئاراستەی بڕوا کە سێ گۆشەکەی جاران دروست بکاتەوە و ببێتەوە بە کارتێکی بەهێز و خاوەن قورسایی.
حیزبی دیموکرات لە سەدەی رابردوودا، واتە پاش کۆمار زیاتر لە دوو دەیە دەکەوێتە پەراوێزەوە. دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان شیرازەی رێکخراوەیی حیزبی دیموکراتیش تێکدەچێ و بۆ ماوەی چەند ساڵ چالاکییەکی ئەوتۆی نابێ. لە دەیەی ٥٠دا زیاتر لە ژێر کاریگەریی حیزبی «تودە»دا دەبێ و لە دەیەی ٦٠دا دەبێتە پاشکۆی بزووتنەوەی کورد لە باشوور. دیارە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵانی ٤٦ـ٤٧ (٦٧ـ٦٨) خاڵێکی زێڕین و گرنگیی مێژووی حیزبی دیموکراتە لەو سەردەمەدا. ئەو کاتە حیزبی دیموکرات لە رووی پێکهاتەی رێکخراوەیی و سیاسییەوە تووشی قەیرانێکی قووڵ بووە و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە مەیدانی راستەقینەی خەباتی خۆیدا نەماوە، بە گەڕانەوەی دوکتۆر قاسملوو ئاڵوگۆڕێکی گەروە لە ژیانی حیزبی دیموکراتدا دروست دەبێ. لەو قۆناغەدا دوکتور قاسملوو حیزب دەکاتە حیزبێکی سەربەخۆ و لە پاشکۆی بزووتنەوەی باشوور رزگاری دەکا و قەوارەیەکی سیاسیی وەڵامدەری ئەو سەردەمەی بۆ دادەڕێژێ. ئەم قۆناغە دەکرێ وەک قۆناغی رێنسانسی یەکەم لە مێژووی حیزبی دیموکراتدا دەست نیشان بکەین کە دواتر دەبێتە هۆی ئەوەی حیزب بەردەوام لە هەڵکشان و گەشەدا بێ. لەم قۆناغە بەدواوە تا نەوەدەکانی سەدەی رابردوو حیزبی دیموکرات کارتێکی دیار و یاریکەرێکی سەرەکییە لە ناو هێزە کوردستانییەکان دا، تەنانەت لە قۆناغێکدا یاریکەری یەکەم و کاراکتەری یەکەمی گەمە کوردستانییەکان لەسەر ئاستی هەر چوار پارچە بووە. ئەندازیاری ئەو قۆناغەش رێبەرێکی ستراتیژیستی وەک دوکتۆر قاسملوویە. کەسایەتیی و رێبەرایەتی و سیاسەت و پلانەکانی دوکتۆر قاسملوو هۆکاری بنەڕەتیی بوون بۆ ئەوەی حیزبی دیموکرات خاوەن هێزێکی گەورە بێ و لایەنێکی گرنگی ئەو سێکوچکەیە بێ کە لەسەرەوە باسمان کرد. ئەگەر رەوتی هەڵکشانی حیزبی دیموکرات دوای تیرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتۆر شەرەفەکەندی، درێژەی پێ داربایە و بەردەوام بوایە، بێگومان چارنووسی پرسی کورد لە رۆژهەڵات ئێستا بەشێوەیەکی دیکە دەبوو. واتە لەو حاڵەتەدا حیزبی دیموکرات دەبووە فاکتۆرێکی ئەکتیڤ و دۆزی کوردیش لە رۆژهەڵات دەبووە دۆسییەکی دیار لەسەر مێزی وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان. هەروەها کۆماری ئیسلامیش نەیدەتوانی ئەم پرسە بخاتە پەراوێزەوە و سەرکوتی بکات.
لە دەست دانی دوو رێبەری کارامەی وەک دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەرەفکەندی، هاتنە خوارەوە لە قەندیل و سەرهەڵدان و پەرەگرتنی کۆمەڵێک ململانێی ناوخۆیی و لێکترازانی ریزەکانی حیزب و…، وای کرد حیزبی دیموکرات لە فاکتۆرێکی ئەکتیڤەوە ببێتە کارتێکی پاسیڤ و لە یاریکەرێکی سەرەکییەوە ببێتە یاریکەرێکی لاوەکی (یان یەدەک) و بخرێتە پەراوێزەوە.
دوای ٧٠ ساڵ، ئەگەر بمانەوێ بەرەو داهاتوویەکی گەش بچین، ئەوا لە قۆناغی یەکەمدا پێویستە بە جورئەتەوە رەخنە لە رابردووی خۆمان بگرین و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ دۆخی ئێستای حیزبی دیموکرات بکەین. دوای ٧٠ ساڵ ئێمە نەمانتوانیوە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکەینە کارتێکی چالاک و لە بەرانبەریشدا دوژمن ئەگەرچی نەیتوانیوە حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ناو ببات، بەڵام دەبێ دان بەوەدا بنێین کە توانیویەتی ئێمە بخاتە پەراوێزەوە و پرسی کورد لەو پارچەی کوردستان سەرکوت بکات و رێگا نەدا ببێتە پرسێکی چالاک. دوای ٧٠ ساڵ هەوڵدان بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا، هێشتا دەسەڵات و تەنانەت هێزە سەرانسەرییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە روانگەیەکی ئەمنییەوە سەیری پرسی کورد دەکەن و لە ژێر بیانووی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێراندا دژی مافەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکە دەوەستنەوە. لەم رووەوە پێویستمان بەوەیە کە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ دروشمەکان و پۆزیشێنی کورد لە ئێران بکەین. پێویستمان بەوەیە بە شێوەیەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ تاران و هێزە سەرانسەرییەکان بکەین.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵنەکشانی دۆزی کورد (وەک دۆزێکی ئەکتیڤ) لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حیزبی دیموکرات نەهاتووە لە روانگەی هاوکێشەی هێزەوە کار بۆ پێشخستنی پرسی کورد لەو پارچەیە بکا، بەپێچەوانەوە لەو ماوەدا حیزبی دیموکرات خۆی داوەتە دەستی بارودۆخی ئارایی و چاوەڕوانی ئەوە بووە کە لە ئەنجامی گۆڕانکاریی لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا کۆماری ئیسلامی لاواز بێ، یان بڕوخێ و دەرفەتێکی بۆ بڕەخسێ بۆ ئەوەی بچێتەوە رۆژهەڵات. ئەم سیاسەتە هەم لە رووی دەرەکییەوە کاریگەریی نێگەتیڤی هەبووە لەسەر دۆزی کورد لە رۆژهەڵات و هەم لە رووی ناوخۆییەوە فەزایەکی خولقاند کە وزە و توانا مرۆییەکانی سەرقاڵی کێشە و ململانێی نێوخۆیی ببێ و هەتا هات حیزبی پێ لاوازتر بوو.
ئەگەر ئاوڕ لە رووداوەكانی مێژووی حیزب بدەینەوە، بێگومان هەر کەس لە روانگەی خۆیەوە دەڕوانێتە هۆکارەکانی درێژ بوونەوە و سەرنەكەوتنی خەباتی حیزبی دیموکرات دوای ٧٠ ساڵ. لەم بارەوە رەنگە هەندێ کەس هۆکاری سەرەکی بگەڕێننەوە بۆ هەڵەی کاربەدەستانی حیزب، یان نا هەلومەرج دەرەتانی بۆ نەڕەخساندووین و دوژمنەكەمان زۆر دڕندەیە. وەک پێشتریش باس کرا ئەم تەوەرانە دەتوانن بابەتی چەندین توێژینەوە بن، بەڵام سەرەڕای ئەم کێشانە، دەبێ ئەوەش بپرسین كە حیزبێك بەو تەمەنەوە ئایا دەتوانێ هیوایەک بێ بۆ داهاتوو؟ یان نا وەڵامدەر نییە و مایەی بێ هیواییە؟ بەلەبەرچاوگرتنی پێگەی مێژوویی ــ کۆمەڵایەتی حیزبی دیموکرات و کاریگەریی ئەم حیزب لەسەر پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بێگومان حیزبی دیموکرات هیوایەکی گەورەیە بۆ داهاتووی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەڕای ئەوەی خەباتەکەی زۆری خایاندووە، بەڵام هێشتا جێگەی ئومێدە و زۆر دوورە لەوەی کە تووشی چارەنووسی حیزبی «تودە» بێ.
دوای دوو دەیە پەراوێز نشینی، ئێستا دەرفەتێک دروست بووە بۆ ئەوەی حیزبی دیموکرات هەڵسێتەوە و بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات کە باڵانسی هێز لە ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان بگۆڕێ و ببێتەوە بە یاریکەرێکی سەرەکی. ئەگەر بمانەوێ لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرین و لە کارتێکی پاسیڤەوە ببینەوە بە فاکتۆرێکی ئەکتیڤ و لە یاریکەرێکی لاوەکی (یان یەدەک) ببینەوە بە یاریکەرێکی سەرەکی، پێویستمان بە رێنسانسێکی دیکەیە. واتە دەبێ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە حیزبدا بکەین و بیکەین بە حیزبی سەردەمی ئەمڕۆ و سەر لە نوێ ورە و هیوا بگەڕێنینەوە بۆ خەڵک و لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دیموکرات. ئەگەر دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر تەمەنی حیزبی دیموکرات، لە سەرەتای ٧٠کانی سەدەی رابردوودا رێنسانسی یەکەم لە حیزبی دیموکراتدا پێویست بوو، ئێستاش دوای تێپەڕی حەوت دەیە تەمەن و دوای تێپەڕینی دوو دەیە پەراوێز نشینی، رێنسانسی دووەم پێویستە.
پێگەی مێژوویی ـ کۆمەڵایەتی حیزبی دیموکرات و ئەو سەرمایە مرۆییەی کە لە دەوری حیزبی دیموکراتە، بەستێنێکی گونجاوە بۆ ئەوەی رێنسانسی دووەمی لەسەر بکرێ و حیزبی دیموکرات بکرێتەوە بە هێزە سەرەکی و کاریگەرەکەی جاران، بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا گرنگە و دەکرێ وەک پێش مەرجی قۆناغی رێنسانسی دووەم لە حیزبی دیموکراتدا دەست نیشانی بکەین، یەکگرتنەوەی ریزەکانی حیزبی دیموکراتە. واتە هیچ لایەنێک بە تەنیا ناتوانێ رێنسانسی دووەم لە خۆیدا پێک بێنێ و ببێتەوە بە هێزی سەرەکی، بەڵکوو یەکگرتنەوە دەتوانێ سەرەتای قۆناغی رێنسانسی دووەم بێ و لەو رێگایەوە دەروازە بۆ گۆڕانکارییەکانی دیکە بکرێتەوە.
لە ژماره ٦٦٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه