مانگی گه‌لاوێژ، هەم وەبیرهێنه‌ره‌وه‌ی گرنگترین‌و خۆشترین رووداوه له مێژووی نوێ‌و هاوچه‌رخی گه‌لی كورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، هەم گه‌له‌كه‌مان‌و خه‌ڵكی ئێران ده‌خاته‌وه یادی چەند رووداوی تاڵ‌و خوێناوی.
گه‌لاوێژ، ئه‌و مانگه‌یه كه كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كورد»ژ. ك» (١٩٤٢ ) و حیزبی دیموكراتی كوردستانی تیدا دامەزراوە (١٩٤٥). ئه‌م دوو رووداوه هه‌ر كامێكیان له مێژووی گه‌لی كورد دا، جێگا‌و شوێنی خۆیان هه‌یه. یه‌كه‌میان، رووداوێكی گرنگ بوو، چونكه یه‌كه‌م ئه‌زموونی خه‌ڵكی كوردستان له‌و به‌شه‌ی نیشتمانه‌كه‌یان له پێكهێنانی رێكخرا‌و‌و كۆمه‌ڵه‌ی سیاسی‌و خه‌باتگێڕ‌و نیشتمانپه‌روه‌ر دابوو و، توانی ببێ به ده‌سمایه‌و بنچینه بۆ دامه‌زرانی حیزبێكی سیاسی‌و سه‌رده‌میانه. بۆ گرنگیی دووهەم رووداویش هەر ئەوەندە بەسە بڵیین وه‌رچه‌رخانێكی له ژیانی سیاسیی به‌شێكی گه‌وره له نه‌ته‌وه‌ی كورد دا خوڵقاند‌و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی‌و ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی كورد له رۆژهەلاتی كوردستانی خسته سه‌ر رێڕه‌وێكی نه‌پساوه، پێشكه‌وتنخوازانه‌و مۆدێڕن‌و، بوو به سه‌رچاوه‌و هه‌وێنی رووداو‌و ئاڵوگۆڕی سیاسیی گرنگ‌و مێژوویی له ژیانی میلله‌تێك دا.
به‌ڵام گه‌لاوێژ بیرخه‌ره‌وه‌ی هێندێك رووداوی تاڵ‌و خوێناوییشه، كه له هه‌مووانیان گرنگتر ئه‌و رووداوانه‌ن كه هه‌ر دووكیان راست له ٢٨ی ئه‌م مانگه‌دا، روویان دا. یه‌كه‌میان كودێتای ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٣٢ی رێژیمی په‌هله‌وی له دژی حكوومه‌تی نیشتمانیی دوكتور موسه‌ددیق، كه بووه هۆی له‌سه‌ركارلاچوونی موسه‌ددیق‌و، شكان‌و پاشه‌كشه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی له سه‌رانسه‌ری ئێران‌دا. دووهه‌م، راگه‌یاندنی فه‌رمان یا فتوای جیهاد له دژی گه‌لی كورد له لایه‌ن خومه‌ینی‌یه‌وه له ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٥٨دا! به‌ڵێ له ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٥٨دا، خومه‌ینی رێبه‌ر‌و بنیاتنه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران، كه شێلگیری‌و خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان له سه‌ر داواكردنی ئازادی‌و مافه نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌كانیان، تووڕه‌و هه‌راسانی كردبوو، «فه‌رمانی جیهادی له دژی خه‌ڵكی كوردستان ده‌ركرد‌و فه‌رمانی به «قوای سه‌گانه« (*)دا به هه‌موو هێز‌و توانایانه‌وه هێرش به‌رنه سه‌ر كوردستان‌و به فڕۆكه‌و هێلی‌كوپتێر پردێكی هه‌وایی بۆ نێو كوردستان سازبكه‌ن، له ماوه‌ی ٢٤ سه‌عات دا بیگرن‌و بۆخۆشی فه‌رمانده‌یی هێزە چەکدارەکانی به‌ده‌سته‌وه گرت».
خومه‌ینی بۆ جێ‌به‌جێ كردنی فتوا به‌دناوه‌كه‌ی خۆی چه‌ندین مۆره‌ی جینایه‌تكاری وه‌ك مسته‌فا چه‌مران، سه‌ییادی شیرازی (كه به قه‌سسابی كوردستان ناوبانگی ده‌ركردبوو) حه‌سه‌نی، نوێنه‌ری خۆی له ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا(پاریزگەی ورمێ) و خه‌ڵخاڵیی جینایه‌تكار كه ده‌ستووری ئیعدام كردنی ده‌یان رۆڵه‌ی كوردی له بێدادگاكانی رێژیم‌دا ده‌ركرد، وه‌ك به‌رپرسی به‌ڕێوه‌بردنی فه‌رمانی خۆی له كوردستان دیاری كرد‌و هێزێكی زۆری ره‌وانه‌ی كوردستان كرد . . . (1)
سه‌ركه‌وتنی كودێتای ٢٨ی گه‌لاوێژ، له دوو باره‌وه بۆ خه‌ڵكی ڕۆژهەلاتی كوردستان و حیزبی دیموكرات تاڵ‌و ناخۆش بوو. له‌لایه‌كه‌وه ئه‌وانیش وه‌ك هه‌موو خه‌ڵكی ئێران جارێكی دیكه شایه‌دی زاڵبوونه‌وه‌ی دیكتاتۆری‌و سه‌ره‌ڕۆیی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا بوون‌و، خه‌ڵكی ئێران بۆ ده‌وره‌یه‌كی ئه‌وسه‌ر نادیار له گه‌یشتن به ماف‌و ئازادی‌یه‌كانیان دوور كه‌وتنه‌وه. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه خه‌باتی گه‌لی كورد له ئێران‌و تێكۆشانی حیزبی دیموكرات كه له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانیی سه‌رانسه‌ری، له دوای رووخانی كۆماری كوردستانه‌وه به شێوه‌یه‌كی بێ‌وێنه په‌ره‌یان گرتبوو، ناچار به پاشه‌كشه بوون.
به‌ڵام خاڵی هاوبه‌ش‌و سه‌رنج‌راكێش له دوای هه‌ر دوو ٢٨ی گه‌لاوێژ له كوردستان، به‌رده‌وامیی خه‌بات‌و تێكۆشان له‌لایه‌ن حیزبی دیموكرات‌و گه‌لی كورد به دژی دیكتاتوری‌و سه‌رڕۆیی‌و له پێناوی ئازادی‌و مافه نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌كانی ئه‌و گه‌له‌دا بوو. دیاره له نێوان ئه‌و دوو هه‌لومه‌رجه‌دا (هه‌لومه‌رجی سیاسی‌و گشتیی ئێران، كوردستان‌و حیزبی دیموكرات له دوای 28ی گه‌لاوێژی ١٣٣٢و ١٣٥٨)، جیاوازیی زۆر هه‌بوو.
ئه‌گه‌ر له دوای ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٣٢ه‌وه، رۆڵه خه‌باتگێڕه‌كانی گه‌لی كورد‌و تێكۆشه‌رانی حیزبی دیموكرات، له نێو به‌ندیخانه‌كان‌و له ده‌ربه‌ده‌ری‌و دووره وڵاتی‌دا نه‌یانهێشت كوانووی خه‌بات به دژی رێژیمی پاشایه‌تی دابمركێ‌و له ساڵه‌كانی ٤٦و ٤٧دا ئه‌م خه‌باته‌یان به راپه‌ڕینی چه‌كدارانه‌و پڕ له فیداكاریی خۆیان گه‌یانده چڵه‌پۆپه، له دوای ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٥٨ه‌وه، كوردستان بۆ ماوه‌ی نزیك به دوو ده‌یه، له ژێر پێی هێرشكه‌ران‌و ئینسانكوژانی كۆماری ئیسلامی‌دا بوو به یه‌ك پارچه ئاگر. گه‌لی كورد له خه‌بات‌و به‌ربه‌ره‌كانی‌یه‌كی نابه‌رامبه‌ردا كه حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵی یەکەمی لە بەڕیوەبردنی‌دا هەبوو، نیشتمانی خۆی كرد به سه‌نگه‌ری كۆڵنه‌دان‌و به چۆك دانه‌هاتن له به‌رامبه‌ر زۆرداری‌و دیكتاتوریی كۆماری ئیسلامی‌دا. خه‌باتێك كه لە هەلومەرجی ئێستا دا ئەگەر چی بە شێوەی چەکداری خۆی نانوێنێ، بەلام چونکە هەڵگری ئامانجەکان و داخوازەکانی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستانە، و راپردوویەکی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانی هەیە، هەر وا خۆشەویست و جێگای پشتیوانیی گەلی کورد لەم بەشەی کوردستانە. ئەوەتا هەر لە ژێر دەسەلاتی جەهەننەمی ئەو ڕێژیمەی ئێستا دا چەندین جار دیتوومانە، ئەو خەڵکە هەر کە هەل و دەرفەتێکی تەنانەت بچووک و بەرتەسکی بۆ دێتە پێش، بۆ نیشاندانی پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دیموکرات و خەباتەکەی دەیقۆزنەوە.
یەکێکی دیکە لە بیرەوەرەییە ناخۆشەکانی مانگی گەلاوێژ، ئەو کوشتارە بوو کە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی و بە دوای ڕاوەستانی شەڕی نێوان دوو ڕێژیمی ئێران و عێراق دژی بەندییە سیاسییەکان وەڕێ خرا. دەسپێکی ئەو کوشتارە کە تا کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزی خایاند، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی گەلاوێژی هەمان ساڵ. بە هۆی ئەم کوشتارەوە هەزاران کەس لە ڕۆلە خەباتکارەکانی وڵات کە سالانێک بوو لە بەندیخانە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە دابوون، گیانیان لی ئەستێندرا.
بەڵام تەم وهەوری دیکتاتۆرانی تاریکیپەرەست، نەیتوانیوە تریفەی گەلاوێژی رووناکی بۆ هەمیشە بشارێتەوە. شای ئێران کە بە کودەتای٢٨ی گەلاوێژ ویستی بەرۆکی ڕێژیمەکەی بە یەکجاری لە چنگ بزووتنەوەی نیشتمانی و ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران دەربێنێ، سەرئەنجام ٢٥ ساڵ دواتر خۆی و ڕیژیمەکەی، تووشیان بە تووشی بڵێسەی ڕق و توورەیی پەنگخواردووی ئەو خەڵکەوە بۆوە و ئەم جار هیچ شتێک فریایان نەکەوت. خومەینی دامەزرێنەری ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی‌یش کە بە ڕاگەیاندنی شەڕ دژی خەڵکی کوردستان لە ٢٨ی گەلاویژی١٣٥٨ دا، پێی وابوو دوای ئەو لەشکرکێشییە بە چەند ڕۆژێک خۆراگریی ئەو خەڵکە تێک دەشکێنێ و کوردستان دەکا بە ماستی مەییو، ١٠ ساڵی کۆتایی تەمەنیشی تیپەڕ بوو و هەر ئەم ئارەزووەی نەهاتە دی و سەرئەنجام ئەم ئارەزووەی بردە بن گڵ. هەر وا کە بە کوشتاری بەندییە سیاسییەکانیش نەیانتوانی کۆتایی بە خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانی ئێرانی دژی ئەم ڕێژیمە بێنن.
ئەمە جەبری مێژووە .لە دوا جار دا دەبێ تاریکی و ستەم و دیکتاتۆری بڕۆن و رووناکی و حەق و ئازادی ، سەربکەون.
(*)مەبەستی خومەینی لە «قوای سه‌گانه« هەر سێ هێزی چەکداری زەمینی، هەوایی و دەریایی بوو. ناوبراو ئەوەندە لە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەرامبەر ڕێژیمەکەی تووڕە و داخ لە دڵ بوو لە خۆی نەپرسیبوو هیزی دەریایی بە کوێ دا بگاتە کوردستان و سەڕ لە گەڵ گەلی کورد بکا؟!!
(1) كوردستان، ژماره ٢٧٤ گه‌لاوێژی ١٣٧٨ وتاری «ئاوڕێك له بیست ساڵ شه‌ڕ له كوردستان»دا، م. مه‌عرووفی
لە ژماره ٦٦٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه