کاتژمێر 5ی ئێوارێ بوو، له پشت ئاوایی گڵۆڵانی خواروو له ناوچه‌ی گه‌ورگی مه‌هاباد، هێزی پێشمەرگە بۆ پشوو دانێک لایان دابوو و خەریک بە نان خواردن بوون، یەکێک لە پێشمەرگەکان کە ئەرکی نیگابانی پێ سپێردرا بوو فەرماندەکانی لە هاتنی هێزی ڕێژیم ئاگادار کردەوە. به بیستنی ئه‌و هه‌واڵه پێشمه‌رگه وه‌ک هەمیشە بەخێرایی خۆیان ڕێک خست و هەر دەستە و پەلێک، بەپێی ئەرکێک کە بۆیان دیاری کرا به‌رزاییه‌کانیان لە دوژمن گرت و پهلامارەکەیان تێک شکاند. پاش دوو سه‌عات شه‌ڕ سپای ڕێژیم بە کوژراو و بریندار بوونی ژمارەیەک لە هێزەکانی سەرشۆڕانە ئه‌وه‌ندەی توانیان ڕایان کرد، پێشمه‌رگه‌ش به سڵامه‌تی به‌ره‌و ئاوایی «کانیبهند»ی سەقز کشانه‌وه. ئەم ئاواییە پێشتر نیشانی دابوو کە چەندەی پێشمەرگەی کوردستان خۆش دەوێ و هەموو کات بە باوەشی ئاوەڵاوە بەخێرهاتنی ڕۆڵە گیان لەسەر دەستەکانی نیشتمانیان دەکرد؛ هەر بۆیە لە دوای شەڕێکی دوو سەعاتە و ڕێپێوانێکی زۆر و هەست بە دڵنیایی کردن لەوێ، دەرفەتی ماندوو حەسانەوەیان بۆ ڕەخسا.
پێشمەرگەکان پاش پشوودانێکی کورت له نێو ئه‌و خه‌ڵکه حیزب خۆشه‌ویسته‌دا، نانی سبه‌ینێیان پێچاوه و به‌ڕیز و به نیزامی پێشمه‌رگایه‌تی به‌ره‌و چیای پیرچۆپان که له نێوان گونده‌کانی شێخ‌چۆپان، گوێزێ و مێرگهنهخشینەدا هه‌ڵکه‌وتوه رێگایان بڕی. کاتژمێری 3ی به‌یانیی ڕۆژی 19ی پووشپه‌ڕی ساڵی 1369ی هه‌تاوی بۆ پشوودان له ده‌وروبه‌ری ئەو چیایە مانه‌وه. هه‌ر له‌و به‌ره‌به‌یانییه‌دا 15 که‌س له پێشمه‌رگه‌کان بۆ که‌مین دانەنەوە و پاراستنی هاوڕێیانیان و هەروەها پێشگیری له هاتن و هه‌ر جموجۆڵێکی ڕێژیم دیاری کران.
هەلومەرجی گونجاو و شەڕی پارتیزانی، پێشمه‌رگه‌ی وا بار هێنابوو کە هەڵسووڕ بێ، پێشمەرگەکانی دێموکرات لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان نیشانیان دابوو کە بیروبڕوایان ئەوەندە قایم و پته‌وە کە هەم سەختی و دژواریی هاتوچۆ و جووڵەی بەردەوام لە ناوچەدا تەحەمول دەکەن، هەمیش خۆیان لەگەڵ هەر ئاڵ‌وگۆڕێک لە مەیدانی شەڕ و بهربهرهکانیدا دەگونجاند.
کاتژمـێری ٥ی بەیانی ڕۆژی 19ی پووشپه‌ڕ، که ته‌نیا 2 ڕۆژی مابوو بۆ یه‌که‌مین ساڵڕۆژی شه‌هید بوونی ڕێبه‌ری مه‌زنمان دوکتور قاسملوو، گرمەی ئارپیجی و قریشکەی بیکەیسی و چەکی دیکە لە خەوی راپەڕاندن و دەرکەوت کە دوژمن پەلاماری هێزی پێشمەرگەی داوە، پێشمەرگە وەک هەمیشە کە بە دەیان جار بەو شێوەیە کەوتبوە بەر هێرشی کوتوپڕی دوژمن، قۆڵیان لێ هەڵماڵی و کاتێک لەگەڵ دوژمن دەرگیر بوون بە ڕقوقینی شۆڕشگێڕانەوە دەستیان پێ‌کرد و بە قارەمانەتی و ئازایەتی، بەبێ دوودڵی زەبری کوشندەیان لە ڕێژیم دا.
دوژمن له کاتێکدا له‌گه‌ڵ که‌مینه‌کانی سه‌ر چیای پیرچۆپان تووش ببوو، بەڵام لەو لاوه به ده‌یان تیربار و چه‌کی دیکه پەلاماری ئەو پێشمه‌رگانه‌یان دا که له حاڵی پشووداندا بوون. ئه‌وه نه یه‌که‌م جار و نه ئاخر جار بوو که به شێوه‌ی «کەمتیار» په‌لاماری هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌دا، کوڕانی دێموکرات به‌پێی ئه‌زموونێکی که له مه‌یدانی به‌رخۆدان وه‌سه‌ریه‌کیان خستبوو به یادی دوکتور قاسملوو بڕیاریان دا ده‌رسێکی له‌بیر نه‌کراو به هێزی دوژمن بده‌ن، بۆیه له دوژمنی کۆنه‌په‌رست ڕاسان و له ماوه‌ی 20 ده‌قیقه‌دا پشتیان له‌دوژمنی داخ له‌دڵ گرت و سەری هێرشکەرانیان پان کردەوە و پشتیان شکاندن. کاتێک هێزی دوژمن که به‌و گوردانه واته گوردانی «جندالله»ی سه‌قز مانۆڕی بەهێز بوونی ده‌دا، له‌ماوه‌ی نیزیک به 3 سه‌عات ئه‌وه‌ی توانی له مەیدانی شه‌ڕ ڕای کرد و خۆی ده‌رباز کرد، ئه‌وانی دیکه یا کوژران یا به‌دیل گیران. لەو عەمەلیاتەدا له گوردانێکی 200 که‌سی زیاتر له 60 که‌لاک بەجێ ما و 91 کەسیش به‌دیل گیران. ئەم دەسکەوتانە لە سایەی ورەی بەرز و بڕوای پۆڵایین و هەڵسووڕ بوونی هێزی پێشمەرگە وەدەست هات.
له‌و عه‌مه‌لیاته‌دا که 3 سه‌عاتی خایاند له دوو به‌ره‌ی جیاوازدا 8 قاره‌مانیش بەناوەکانی عه‌لی شه‌هابی، ساڵح شه‌ریفی، عه‌بدوڵڵا چراغواره، خدر عه‌ڕه‌بی، برایم پوورسه‌عید، محه‌مه‌د خانه‌خا، سه‌عید شكه‌نجه و برایم جەهاندیدە تێكه‌ڵ به كاروانی سوورخه‌ڵاتی شه‌هیدانی گه‌ل بوون و؛ بوونه نرخ و قوربانیی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه پیرۆزە.
ئه‌و عه‌مه‌لیاته له چه‌ند باره‌وه گرینگیی تایبه‌تی بوو. یه‌که‌م؛ به یادی شه‌هید دوکتور قاسملوو له یه‌که‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی شەهید بوونیدا بەڕێوە چوو و، دوژمنیش پێی وابوو ده‌توانێ له‌و کات و زەمەنەدا زه‌برێک له هێزی پێشمه‌رگه بوه‌شێنێ؛ بەڵام له‌گه‌ڵ شکست ڕووبه‌ڕوو بۆوه و پێشمه‌رگه تاڵه‌واری مه‌رگیان پێچێشتن. دووهه‌م؛ شوێنی عه‌مه‌لیاته‌که گرینگییەکی تایبه‌تی بوو له هه‌موو ناوچه‌کانی سه‌قز، بۆکان، مه‌هاباد و بانه ڕا دیار و به‌رچاو بوو و چه‌ندین مۆڵگه و جاده، چیای پیرچۆپانی ته‌نیبوو، هەر بۆیە ئەم تایبەتمەندییانە ببوە هۆی ستراتێژی بوونی ناوچەکە. سێهه‌م؛ ڕێژیم زۆر مانۆڕی به گوردانی «جندالله»ی سه‌قزه‌وه لێده‌دا و پێی وابوو ناوچه‌ی گه‌ورکی سه‌قز جێگای ته‌راتێنی ئه‌وانه، بۆیه کاتێک هه‌واڵی شکستی ئه‌و گوردانه به شاری سه‌قز و سپای پاسدارن گه‌یشته‌وه، ڕێژیم به چه‌ندیین گرووهی زه‌ربه‌تی له بانه، مه‌هاباد، بۆکان و میاندواو و ساینقه‌ڵا و گوردانی تیپی «مدینه منوره«ی زیڕاندۆڵ بۆ قه‌ره‌بووی شکستەکهی په‌لکێشی مه‌یدانی شه‌ڕ کرد؛ به‌ڵام به‌ته‌واوی تاسابوون و به‌هۆی بێورهییەوە نه‌یانتوانی خۆ له قەرەی پێشمه‌رگه بده‌ن. چوارەم: ئەوەی جێگای سەرنجە پێشمەرگە لەو شوێنە لە تاکتیکی شەڕی شێر و کەمتیار کەلکی وەرگرت و توانیی زەبری گورچکبڕ لە ڕەوەی کەمتیار بدا.