رۆژی هەینی، سێزدەی جولای ١٣٦٨ی هەتاوی 30 ساڵ لەمەوبەر لە ئیوارە هاوینێکی سازگار و چراخانیی شاری وییەن پێتەختی ئوتریش لە گەرەکێکی شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی دیتودا لە ماڵێکی بێدەنگ و کپ لە سەر مێزی وتووێژ قرمژنی گوڵلەی تیرۆریستانی دڵڕەشی نێردراوی جمهوری ئیسلامی سینگی پڕ لە هیوا و ئاواتی مەزنە پیاوی ناودار و سیاسەتمەداری بەتوانای نەتەوەی کورد، رێبەری خۆشەویستی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوکتور عبدولرەحمانی قاسملویان پێکا و دڵی ئەو ئەویندارە راستەقینەی ئاشتی و ئازادی و دێموکراسییان لە لێدان خست. دوکتور قاسملوی نەمر لە شارێکدا تیرۆر کرا کە لەگەڵ پراگدا مەودایەکی کەمیان هەبوو، ئەو پراگەی کە لە ژیانی سیاسیی دوکتوری سەرکردەدا دەوری تایبەتی هەبوو. پاش راپەرینە مەزنەکەی ١٩٥٦ی مەجارستان لە دژی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٦٨ راپەرینی خەڵکی چێکوسلاواکی بە رێبەریی ئەلکسیندر دوبجی لە دژی سۆڤییەت و بۆ بە دەستهێنانی ئازادی و دێموکراسی دەستی پێکرد، بەڵام بە داخەوە راپەرینەکە هەر زوو لە لایەن سۆڤییەتەوە سەرکوت کرا و دوکتور قاسملووش بە تاوانی پشتیوانی لەو راپەرینە مەجبور کرا کە ئەم وڵاتە بەجێ بێڵێ. هەر ئەو دووربینی و وردبینی و ئاشقی ئازادی و دێموکراسییەی دوکتور قاسملو بوو بە هۆی ئەوە کە پاش راپەرینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا و هاتنە سەرکاری رژێمی کۆماری ئیسلامی هێندێک حیزب و لایەنی بەڕواڵەت کۆمۆنیست و پاشکەوتوو ویستیان جەریانی پراگ و ڕۆڵی دوکتور قاسملو وەک خاڵێکی رەش لە مێژوی سیاسیی ئەودا بناسێنن؛ بەڵام رێبەری گەورە دوکتور قاسملوی نەمر لە میتینگی سەد هەزار کەسیی شاری مەهاباد لەنێو ئاپۆرای خەڵکدا دەری خست کە ئەو چ کاریزمایەکی جیاوازە.
بۆیە کاتێک تورەیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەو جەریانە هەڵپەرستانەیە لە دروشمی مەرگ بۆ حیزبی تودە رەنگ دەداتەوە، دوکتور قاسملوی شەهید زۆر بە ئارامی و بە کەڵام و راوێژە جوانەکانی جەماوەر هێور دەکاتەوە و دەڵێ مەرگ بۆ تودە دروشمی حیزبی ئێمە نییە. ئەو رستەیە نێوەرۆکی بڕوای دوکتور قاسملوو بە دێموکراسی و ئازادیی بەیان بۆ زۆر کەس و لایەن دەردەخا. زۆر ناکێشێ حەققانیەتی جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵپەرەستیی ئەو جەریانانە بۆ هەموو کەس و لایەنەکان ئاشکرا دەبێ و سیاسەتی قاسملوو، دوربینیی قاسملوو و لێهاتوویی قاسملو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان روون دەبێتەوە.
دوکتور قاسملوی نەمر بێ ترس لەو پرۆپاگەندە و تاونبارکردنانە لە پێناو ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەریدا شێلگیرانە خەباتی کرد و دڵنیا بوو کە سوسیالیزم بێ دابینکردنی دێموکراسی راستەقینە ناتوانێ بەردەوام بێت، هەر بۆیە لە وتوێژێکی رادیوییدا “لەگەڵ بی بی سی” رادەگەینێ کە خراپترین دێموکراسیی پێ لە باشترین دیکتاتۆری باشترە. شەهیدی سەرکردە لە سەر دێموکراسی سور بوو و پێیوابوو شەرتی ئەساسی بەرەو پێشچوون و نەمانی زوڵم و زۆر سەرتا دابینکردنی دێموکراسیە هەر بۆیە ئازایانە و بوێرانە مەسئەلەی سوسیالیزمی دێموکراتیک لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دێنێتە گۆرێ و وەک ئامانجی دواڕۆژی حیزبی دێموکرات دیاری دەکا کە سەرەئەنجام لە کۆنگرەی شەشەمی حیزبدا پەسەند کرا .
دوکتور قاسملوی رێبەر لە نێو بەرداشی شەری سارد و مەکتەبە شوینیستەکانی ناوچەدا خەباتێکی بەرگریی چەکدارانەی بە دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وەرێخست و لێزانانە لە هەموو بوارەکانی خەباتدا هەوڵی بۆ دا و ڕێبەریی کرد. مەسئەلەی کوردی لە نێو گەلانی ئێراندا زەق کردەوە و بە کردەوە بە ئێرانی نامۆ بە کوردی سەلماند کە کورد گەلێکی جیایە و لە بەشێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە کوردستانی ناوە دەژی و داوای مافی رەوای نەتەوەیی خۆی دەکات، هەر وەها شان بە شانی ئەو خەباتە لێبراوانەیە لە کوردستان لە هەمان کاتدا دەرگای دیپڵۆماسی لە دونیای دەرەوە کردەوە و کۆر و کۆمەڵ و حکومەتەکانی ئورووپایی لە مەسئەلەی کورد باشتر تێگەیاند. ئەو لەو مەیدانەدا بە دەیان کەسایەتیی ئورووپایی وەک فرانسۆ میتەران، دوکتور بێرناردکۆشنێر، دوکتور فردریک تیسۆ، هانس فیشێل لە دۆستانی نیزیکی دوکتور قاسملو بوون کە ویرای پشتیوانی لە جووڵانەوەی گەلی کورد بە کردەوە زۆریان هەوڵ بۆ چارەسەری مەسئەلەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دا.
بۆ تێگەیشتن لە بیروباوەڕ و رێبازی دوکتور قاسملوی نەمر تەنیا ئەوەندە بەس نییە کە خۆمان بە درێژەدەری رێگای ئەو بزانین بە بێ ئەوەی لێکدانەوە و خویندنەوەی دروستمان لە سەر هەڵوێستەکان و بریارەکانی هەبێ، ئەویش پێویستیی بە هەڵسەنگاندن و تەفسیری زانستی هەیە کە بیری سیاسی و زانیاریی ئەو رێبەر و گەورە پیاوەی نەتەوەی کوردمان بۆ دەردەخا.
دوکتور قاسملو حیزبی دێموکرات دەخاتە سەر ریگەیەکی مودێرن و بیر و بریاری بە کۆمەڵی تێدا جێگیر دەکا ، دوکتور قاسملو کاتێک لە گەڵ بیرو ڕا جیاوازەکان دەکەوێتە وتووێژ وێرای حورمەت بۆ بەرامبەرەکەی ئیسپات دەکات کە چەندە شارەزایە و ئامادە نییە لە پێناو ئامانجەکانی گەلدا تۆسقالێک لە ویست و داخوازییەکان بێتە خوار و سەربەخۆیی حیزبی دێموکراتی لە هەموو شتێک بە لاوە گرینگتر بوو.
دوکتور قاسملوی هەمیشە زیندوو بە هەڵسەنگاندنی وردبینانە لە روانگەیەکی رەخنەگرانە و بروا بە داهاتویەکی بەختیار دێتە سەر باسی نەسلەکانی ڕابردو و لە قووڵایی تێگەیشتنێکی مێژوییەوە ئەرکی سەر شانی بەرەی هاوچەرخ دەست نیشان دەکا و بە شێوەیەکی شەففاف خەبات کردن بۆ ئازادی و دێموکراسی لە پرۆپاگەندەی شۆینیستی تێکەڵ بە ئیدۆلۆژیک کراو، شەهید پەروەری، تەرویجی مەرگ جیا دەکاتەوە. ئەو هەڵسەنگاندنەشی هەڵقوڵاوی وردبوونەوەیەکی فەلسەفییە کە سەرکردەی شەهیدمان زانایانە تێیاندا شارەزا بوو.
دوکتور قاسملوی ڕێبەر وەک سیاسەتمەدارێکی کارامە گرنگیەکی تایبەتی داوە بە تێگەیشتنی مەعریفی تا لەو رێگایەوە دەست نیشان بکات چ شتێک ژێرخان و پایەی بنەڕەتی و ئەساسییە لە هەڵسانگاندنی پرۆسە و روداوە سیاسیەکاندا، هەر بۆیە لە دەستنیشان کردنی دواڕۆژ و خویندنەوەی بریارە سیاسیەکاندا و لە تەعبیری هەڵوێستە سیاسیەکانی دەوروبەرماندا حیزبەکەمان لە ژێر رێبەری ئەودا لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا سەرکەوتو و سەربەرز هاتۆتە دەر و لە گەڵ ئەوەی مێژویەکی پرشەنگدار و پر سەروەریی تۆمار کردووە، لە هەمانکاتدا نەوەکانی داهاتوومان شانازیی پێوە دەکەن و لێی فێر دەبن کە سەربەخۆیی سیاسی لە جەریانی خەبات و تێکۆشاندا چەندە شانازیەکی گرینگ و بە نەرخە لە مێژووی شۆرشەکاندا.
دوکتوری نەمر بۆ ئازادی و سەربەستی خەباتی کرد، تەنیا ژیان بە ئازادی بۆ ئەو گەورە پیاوە شێوەی ژیانێکی پر بایەخی ئینسانی بوو، بیری دوکتور قاسملو بیری مرۆڤێکی دێموکرات و ئەوینداری ژیان بوو، ڕوحی ئەو شەیدای ئاشتی و مافی مرۆڤ بوو، دوکتور قاسملوی نەمر خەت و رێبازێکی نوێی بە نەسلی ئازادیخوازی و رەوتی خەباتی رزگاریخوازی دا و رەوتی خەباتی رزگاریخوازی بردە قۆناغێکی پێشکەوتووانە و زۆر ئازایانە بیری دێموکراتی لە نێو کۆمەڵگەدا بەهێز کرد، دوکتوری نەمر بروای تەواوی بەوە هەبوو کە هەموو ئینسانەکان ئازادن نەک لە بەر ئەوە کە ئازاد لە دایک دەبن بەڵکوو لە بەر ئەوە بۆ ئەرکی بریاردان و ژیانی ئازاد و ئیرادەی ئازاد دێنە سەر زەوی.
دوکتور قاسملوی رێبەر باوەڕی تەواوی بە چارەنوسی هاوبەشی نەتەوەی کورد هەبوو و قازانجی کاتی حیزبی دێموکراتی فیدای قازانجی ستراتیژیکی گەلی کورد دەکرد، ئەو کاتە کە تەنیا داواکردنی مافی نەتەوایەتی بۆ کورد بە گوناح دەژمێردرا دوکتور قاسملو لە کتێبی بە ناوبانگی خۆی کوردستان و کوردا بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد کورد نەتەوەیەکی جیا لە هەموو نەتەوەکانی دیکەیە و ئەگەر ڕۆژێک وەک هەموو گەلانی ئازاد و بەختەوەری ئەم جیهانە چارەنووسی خۆی بە تەواوی بە دەستەوە بگرێ ئەوە یەکگرتنەوەی نەتەوەی کوردە نەک جیا بونەوە لە حکومەتەکانی سەردەست.
سەرەنجام دوکتور قاسملوی هەمیشە زیندوو جگە لە وەی ڕێبەری حیزبی دێموکرات بوو سەرمایەیەکی هەرە بە نەرخی رۆژهەڵاتی نێوەراست بەگشتی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی بوو، هەر بۆیە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بیر و بۆچوون و هەڵوێستەکانی دوکتور قاسملوی نەمر کارێکی زۆر ئەستەم و سەنگینە و ئەوە ئەرکی گەورە پیاوان و پسپۆرانی مەیدانی عیلم و زانست و سیاسەتمەدارانی بە توانا و نێو بەدەرەوەیە.
لە کۆتاییدا بەدیهێنانی هەموو ئەو ئاوات و ئامانجە پیرۆزانەی کە ئەو رێبەرە هەڵکەوتووی کورد سەری خۆی لە پێناودا دانا هەر وەک بۆ خۆی دەفەرمێ “باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژە پێدانی رێگایانە” تەنیا بە وەفادار بوون بە ئاوات و ئامانجە پیرۆزەکانی و درێژەدان بە رێبازە پر لە سەروەریەکەی دوکتور قاسملوی هەمیشە زیندوو بە دی دێت.
هەزاران سڵاو لە ڕوحی پاک و بێ گەردی دوکتور قاسملوی گەورەمان!
مردن و نەمان بۆ داگیرکەرانی کوردستان و بۆ بوکوژانی دوکتور قاسملوی نەمر!