له‌کاتێکدا که جموجۆڵی نیزامیی ئه‌مریکا له که‌نداو هه‌ر دێت و زیاتر ده‌بێ و ده‌نگی ده‌هۆڵی شه‌ڕ تا ڕاده‌یه‌ک ده‌بیسترێ، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا قسه‌یه‌کیش له به‌ستێنی سیاسه‌تی نێوخۆی ئێران‌دا سه‌رنجه‌کانی بۆ لای خۆی راکێشا. به‌پێی راپۆرتی ڕاگه‌یه‌نه‌کان، محه‌ممه‌دی خاته‌می سه‌رکۆماری پێشووتری ئێران، له کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی شووڕای شاری تاران‌دا فیدرالیزمی به گونجاوترین شێوه‌ی حکومه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له‌قه‌ڵه‌م داوه.
پێش هه‌موو شتێک ده‌بێ بڵێین له غه‌یری ئه‌وه‌دا که ئه‌ستێره‌ی به‌ختی خاته‌می جارێکی دیکه بدره‌وشێننه‌وه، ناوبراو ئیدی له مه‌یدانی هاوکێشه نێوخۆییه‌کانی سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا عونسورێکی کاریگه‌ر نییه، ئه‌وه جیا له‌وه که ئه‌و کاته‌ش که له‌سه‌ر کورسی بوو، ئه‌و نه‌خشه‌ی که هێندێک که‌س چاوه‌ڕوانییان لێی هه‌بوو، نه‌گێڕا. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، کارنامه‌ی نه‌رێنیی کۆماری ئیسلامی له بواری ڕێفۆرم و زه‌رفیه‌تسازیی ڕاسته‌قینه‌دا و هه‌روه‌ها دۆخی له‌رزۆکی رێژیم له ئێستادا هیچیان بۆ ئه‌وه نابن که لێدوانی له‌م جۆره به جیددی بگرین. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، له‌به‌ر ئه‌وه که حیزبی دێموکڕات وێڕای خه‌بات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، هه‌میشه پێی باشتر بووه کێشه و مه‌سه‌له‌کان له ڕێگای سیاسی و بنیاتنه‌ره‌وه چاره‌سه‌ر بن، هه‌روه‌ها چونکه حیزبی ئێمه و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری لایه‌ن و بژارده‌کانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌کانی ئێران خوازیاری فیدرالیزمن، لێره‌دا ئاماژه به چه‌ند خاڵێک به پێویست ده‌زانرێ.
ئه‌گه‌ر قبووڵمان بێ که هزر و گوتار خاڵی ده‌ستپێکی هه‌ر جۆره کردار و مێتۆدێک له به‌ستێنی سیاسه‌ت و حکومه‌ت دایه، ئه‌وکاته ده‌بێ پێشوازی له هه‌ر جۆره تابووشکێنییهک له بواری ئه‌و ئامانج و چه‌مکانه‌دا بکه‌ین که بۆ وه‌دیهێنانیان تێ ده‌کۆشین، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر تابووشکێنی و پێداچوونه‌وه‌که له لایه‌ن که‌سانێكه‌وه بێ که ته‌واوی ژیانیان بۆ دژایه‌تیی ئه‌م چه‌مکانه ته‌رخان کردوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، ده‌مه‌ساتێک دێ که پێویسته به وردبینی و جیدیه‌تی زۆرتره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسانه بکه‌ین که بۆ ژیان و ئایندهی گه‌لان گرینگن.
ئه‌گه‌ر چاو له لێشاوی ئه‌و دژکرده‌وانه بکه‌ین که لێدوانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی خاته‌می به‌دووی خۆیدا هێنان، ده‌توانین دژکرده‌وه‌کان به‌سه‌ر دوو گرووپدا دابه‌ش بکه‌ین: له‌لایه‌ک، دڵنیگهرانهکانی یه‌کپارچه‌یی ئێرانمان هه‌یه که له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره دابه‌شکردنێكی ستوونیی ده‌سه‌ڵات، چ دیکتاتۆری و چ دێموکراتیک، موخالفن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، لایه‌نگرانی به‌ڕه‌سمی ناسینی فرهنهتهوایهتی به‌تایبه‌تی له‌نێو میللیه‌ته‌کانی ئێرانمان هه‌یه که به ساردی و گومانه‌وه چاو له‌و «دانپێدانان به‌گوناح»ه دره‌نگوه‌خته‌ی ئاغای خاته‌می ده‌که‌ن و زۆرتر وه‌ک مانۆڕێک بۆ گه‌رمکردنه‌وه‌ی ته‌ندووری ئیسڵاحتهڵهبی و له کۆتاییدا وه‌ک هه‌وڵێک بۆ به‌لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی به قازانجی مانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی لێی ده‌ڕوانن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێ که خاته‌می بۆخۆی هێشتا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک به‌ربه‌ست به‌ره‌وڕوویه و ناتوانێ هه‌رکات هه‌رچییه‌كی پێی خۆش بوو، ده‌ری ببڕێ.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر گرووپی یه‌که‌م؛ لێره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێین که جیا له‌وه که هیچکام له هۆکاره‌کانی سڵه‌مینه‌وه له فیدرالیزم له ئێران‌دا بنه‌مای زانستی‌یان نییه، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت وای دابنێین که نه‌ته‌وه‌کانی ئێران خوازیاری دیاریکردنی چاره‌نووس له پێشکه‌وتووترین شکڵی خۆی دان، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌کی حقووقی و ئه‌خلاقی ئه‌وانه به زه‌بر و سه‌رکوت و به نرخی درێژه‌دانی سه‌ره‌ڕۆیی به‌سه‌ر یه‌که‌وه ڕاده‌گیرێن؟
به‌ڵام سه‌باره‌ت به گرووپی دووه‌م؛ لایه‌نگرانی راسته‌قینه‌ی ئازادی و یه‌کسانی و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له ئێران، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه که به‌درێژایی مێژووی هاوچه‌رخی ئێران باری قورسی سته‌می دوو چه‌ندانیان به کۆڵ هه‌ڵگرتووه، هه‌قیانه که به‌و لێدوانانه‌ی ئاغای خاته‌می شاگه‌شکه نه‌بن. ئه‌وه‌ش نه‌ک ته‌نیا له‌به‌ر کارنامه‌ی ڕه‌شی کۆماری ئیسلامی له بواری ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵكیدا، ڕێژیمێک که له وڵامی داخوازیی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران‌دا زمانێک جگه له تۆقاندن و هه‌ڕه‌شه نازانێ. به‌ڵکوو له‌به‌ر کۆمه‌ڵێک خێچ و خواریی جیددی که له ناخی قسه‌کانی خاته‌میدا خۆیان مۆڵ داوه.
ئاغای خاته‌می وێڕای بهگونجاوزانینی فیدرالیزم بۆ ئێران، ئاماژه‌ی به دوو کۆسپ له سه‌ر ڕێگای فیدرالیزاسیۆنی ئه‌و وڵاته کردوه کە یەکەمیان قانوونی ئەساسییە. گریمان ئه‌و قسه‌یه به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆش بێ به مانای قبووڵکردنی پێویستیی پێداچوونه‌وه به قانوونی ئه‌ساسییه. به‌ڕاستی وه‌ها دانپێدانانێک له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه که به‌درێژایی ده‌ورانی سه‌رکۆماری و ته‌نانه‌ت دواتریش پێداچوونه‌وه به قانوونی ئه‌ساسیی نیزامی به خیانه‌ت له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا، چه‌نده ده‌توانێ به جیددی وه‌ربگیرێ؟ ئه‌گه‌ر له یاسای بنه‌ڕه‌تیی کۆماری ئیسلامی جێگایه‌ک بۆ فیدرالیزم نییه، خۆ شووڕاکانی شار و دێ له‌وێدا باس کراون. ئه‌دی بۆ بیست ساڵ (واته ده ساڵ پاش کۆتایی هاتنی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێراق)ی خایاند هه‌تا ڕێبه‌ری نیزام ڕازی بوو هه‌ڵبژاردنی شووڕاکان به‌ڕێوه بچێ؟ خاته‌می هه‌ر له‌و قسانه‌ی ئه‌مجاره‌یدا ده‌ڵێ که له سه‌رده‌می سه‌رکۆماریی خۆیدا نه‌یتوانیوه بنه‌مایه‌کی قانوونیی پته‌وتر بۆ شووڕاکان جێ بخا. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که به‌پێچه‌وانه‌ی ئیدیعای ناوبراو، ته‌گه‌ره‌ی سه‌ره‌کی، ناکۆکیی نێوان شووڕاکان و شاره‌دارییه‌کان یان ڕکابه‌ریی نێوان شووڕاکان و به‌خشه‌کان نییه، به‌ڵکوو کۆماری ئیسلامی هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره خهڵکسالارییهكی ڕاسته‌قینه له هه‌ر ئاستێک‌دا کێشه‌ی هه‌یه.
ئه‌وه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نه‌ته کۆسپی دووه‌می فیدرالیزم به بۆچوونی خاته‌می. به باوه‌ڕی سه‌رکۆماری بانگه‌شه‌کاری پێشکه‌وتن و پێکه‌وه‌ژیانی شارستانییه‌كان، هه‌لومه‌رجی سیاسیی ئێستای ئێران بۆ فیدرالیزاسیۆنی ئه‌و وڵاته له‌بار نییه. کاکڵی شته‌که‌ش هه‌ر لێره‌دا په‌نگ ده‌خواته‌وه. ئه‌وه یه‌ک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هه‌موو سیستمێکی سه‌ره‌ڕۆیه که هیچ زه‌مانێک بۆ ئه‌نجامدانی به‌ڕاستیی ئه‌و شته که خه‌ڵک ده‌یانه‌وێ به له‌بار نازانن. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ به‌هۆی گرژییه‌کانی ده‌ره‌وه و مه‌ترسیی شه‌ڕ یان له‌به‌ر ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك و دۆخی ڕوو به ته‌قینه‌وه له نێوخۆ، بیرکردنه‌وه و هه‌نگاونان بۆ ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی و پێکهاته‌یی دوایین خه‌می حاکمانی وڵاتێك بێ، ده‌بێ له خۆمان بپرسین که سه‌رچاوه‌ی ئه‌و گرژی و فشارانه چیه و چ که‌سانێک یان کامه دامه‌زراوانه به دروستکردن و دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان پێش به‌وه ده‌گرن که نه‌ته‌وه‌کان له ئارامیدا به پرسه‌کانی پێوه‌ندیدار به به‌ڕێوه‌بردنی ته‌ندروستانه‌ی کاروبار و پێوه‌ندیی بنیاتنه‌ری نێوانیان ڕابگه‌ن؟
ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ئه‌وله‌ویه‌تی کارمان خه‌بات له‌پێناو وه‌دیهێنانی داخوازه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا که له ئێران و ناوچه‌دا ده‌گوزه‌رێ، بێخه‌م نین. هۆی هه‌بوونی حیزبی ئێمه شوناس‌خوازیی کوردانه. به‌ڵام ئاگاداری ئه‌و ڕاستییه‌ش هه‌ین که بۆ بردنه‌پێشی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له وڵاتێک‌دا ده‌بێ یان واقعییه‌ته مه‌یدانییه‌کان بگۆڕدرێن یان یارمه‌تی به دروستبوونی بوارێکی دێموکراتیک له‌و وڵاته‌دا بکرێ. هه‌وڵ و تێکۆشانی ئێمه هه‌ردوو ڕه‌هه‌ند ده‌گرێته‌وه. بێگومان ئێمه پێشوازی له هه‌ر جۆره گۆڕانێکی ڕاسته‌قینه‌ی ئاقاره‌کان که ببێته هۆی چاره‌سه‌ری کێشه‌کان له‌رێگای سیاسی و نیهادییهوه ده‌که‌ین. به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی ئێستادا له‌و باوه‌ڕه داین که پێویسته هۆش و سه‌رنجی هێزه به‌ڕاستی دێموکڕاسیخوازهکانی ئێران به‌تایبه‌تی له کۆمه‌ڵگای سیاسیی کوردستان و له‌نێو نه‌ته‌وه‌کانی ئێران‌دا پێش هه‌موو شتێک له‌سه‌ر خه‌بات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بێ.