وا وێده‌چێ دۆخی «نه وتووێژ نه شه‌ڕ» که له ته‌واوی ئه‌م ساڵانه‌ی پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌دا، بۆته دوکتورینی سه‌ره‌کیی کۆماری ئیسلامی، چیتر نه‌توانێ خۆی له هه‌مبه‌ر دیپلۆماسیی ستراتیژیی زۆرینه کردنی گوشاری ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئه‌م وڵاته ڕابگرێ و ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی جدیتر له لایه‌ن ئیداره‌ی ترامپه‌وه بدرێته‌وه سه‌ر ئه‌م دۆخه، باڵانسه‌كه یان تێک بدا یان ئاڵوگۆڕی بنەڕهتیی به‌سه‌ر بێنێ.
كاتالیزۆری گۆڕینی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی كۆماری ئیسلامی، ده‌یان ساڵه چاوی هومێدی تێ بڕیوه خستنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وه‌ک گرووپێکی چه‌کداری تێرۆریستی بوو، بۆ لیستی تێرۆری وه‌زاره‌رتی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له لایان دۆناڵد ترامپه‌وه. ئه‌مه بێ هیچ شك و گومانێك گه‌وره‌ترین زه‌بری گورچووبڕه كه تا ئێستا به‌ر كۆماری ئیسلامی كه‌وتبێ!
ئه‌گه‌ر له هڕوگیفهکان و هه‌ڕه‌شه بێبنه‌ماکانی کۆماری ئیسلامی چاوپۆشی بکه‌ین له ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی قایله به پاراستنی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای و ته‌نانه‌ت نه‌وی کێشان له هه‌مبه‌ر داخوازییه‌کانی ئه‌مریکا. كۆماری ئیسلامی ئێستا له خراپترین دۆخی خۆی دایه له هه‌موو بوارێكه‌وه: داڕماویی كۆمهیهڵاتی، ئابووریی وێران، ناڕه‌زایه‌تیی سیاسیی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران و … هه‌مووی ئه‌وانه له نێوخۆ پتانسییه‌لی به‌ره‌و هه‌ڵدێر بردنی كۆماری ئیسلامی‌یان ئاماده كردوه، بێگومان دۆخی سیاسیی ئێران له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش كاره‌ساتباره، هه‌ر دوور نه‌ڕۆین چه‌ند ڕۆژ له‌وه‌پێش یه‌کیەتیی ئورووپاش گه‌مارۆکانی سه‌باره‌ت به پێشێلکردنی مافی مرۆڤ که له ساڵی 2011ـەوه به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاوه تا ساڵی 2020 درێژە پێدا.
هه‌ر بۆیه كاتێ کۆی لێدوانه‌کانی ترامپ و تیمه‌که‌ی، پۆمپێئۆ، جان بۆڵتۆن و بڕایان هۆک، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه لەبارەی ئێران و هه‌ڵوێستی وڵاتانی ئورووپایی (به‌ده‌ر له ساتوسه‌ودا ئابوورییه‌كانیان) و بۆچوونی به‌شی زۆری وڵاتانی ناوچه سه‌یر ده‌كه‌ین سه‌رجه‌میان گوزاره له‌وه ده‌که‌ن که ئێران گڵۆڵه‌ی که‌وتۆته لێژی.
دیاره بۆ ئه‌وه‌ی سپای پاسداران بخرێته لیستی تێرۆره‌وه ده‌مێک له‌وه پێش ئاماده‌کاری بۆ کرابوو و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکا و باڵی توندئاژۆی کۆماریخوازه‌کان له سه‌ر ئه‌م بڕیاره شوێندانه‌ر بوون. بێگومان ده‌وری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاش، مایک پۆمپێئۆ یه‌کجار کاریگه‌ر بوو. ئه‌و ته‌نانه‌ت له قسه‌کانیدا به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو و له هه‌مان کاتدا ڕاستگۆیانه ده‌ڵێ ده‌ستی کۆماری ئیسلامی و سپاکه‌ی سووره به خوێنی سه‌ربازانی ئه‌مریکایی. ئه‌مه‌ش یه‌که‌م جاره له مێژوودا که هێزی چه‌کداریی فه‌رمیی وڵاتێک بخرێته لیستی تێرۆره‌وه و له ڕوانگه‌یه‌که‌وه ده‌کرێ وه‌ک شهرمهزارییەکی سیاسی به نێوچاوانی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسیی کۆماری ئیسلامییه‌وه سه‌یر بکرێ و له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییشه‌وه باجێکی قورس پرێستیژی به‌دوادا بێ، و دواجار ئه‌مانه هه‌موو کارتێكهریی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه له‌سه‌ر دۆخی ئابووریی وێران و دۆخی سیاسیی ئاڵۆزی ئه‌م وڵاته‌دا.
به‌ڵام پرسیارێک كه لێره‌دا قوت ده‌بێته‌وه بریتییه له‌مه که، به شێوه‌یه‌کی ئاکامخوازانه چۆن ده‌توانێ ئه‌م كاره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، دهسکهوتێكی به‌رهه‌ستی بۆ گه‌لانی ئێران و داهاتووی ئه‌م وڵاته هه‌بێ؟
له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی دواییدا دوو ده‌سته‌واژه‌ی maximum pressure minimum results له لایان هه‌ندێ چاودێری سیاسییه‌وه به‌رده‌وام ده‌کار ده‌کرێن و پێیان وایه ستراتیژیی زۆرینه کردن و به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یاندنی گوشاره‌کانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران، که‌مترین ئاکام و ده‌سکه‌وتی بووه و هه‌یه و دۆخی پێشتر باس‌کراو واته «نه وتووێژ و نه شه‌ڕ» وه‌ک خۆی دێڵێته‌وه و ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش وه‌ک ساڵانی ڕابردوو هه‌ر به قازانجی کۆماری ئیسلامی بێ و گوشاری له ڕاده‌به‌ده‌ری بۆ خه‌ڵک لێ بکه‌وێته‌وه، بۆیه مادام ئه‌مریکا بۆشایی ئاڵترناتیو به ئۆپۆزیسۆنێکی هه‌مه‌گیر پڕ نه‌کاته‌وه چی بۆ ناچێته سه‌ر و وه‌ک ده‌ڵێن گوشاره تازه‌کانیش له‌باری کرده‌ییه‌وه چی لێ شین نابێته‌وه.
خۆ ڕاسته نه‌بوونی هاوئاهه‌نگی له نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئێران و دیار نه‌بوونی قورسایی و بارستاییان ئه‌مریكای تووشی ناهومێدی و سه‌رلێشێواوی كردووه، به‌ڵام له بیرمان نه‌چێ له عێراق كاتی خۆی كۆنفڕانسی موعارێزین له له‌نده‌ن كه هه‌موو هێزه‌كانی دژی سه‌دامی له خۆ ده‌گرت وه‌ك كورده‌كان، سونییهكان و شیعه‌كان به هۆی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وه‌ك حكوومه‌تی كاتیی ئینتیقالی ده‌سنیشان كرا و، سه‌ره‌ڕای پڕشوبڵاوی و جیاوازییه‌كانیان ئیجماعێكی ڕێژه‌یی ساز كرا، هه‌رچه‌ند نكۆڵی له‌وه‌ش ناكرێ كه هێزه‌كانی عێراق ڕێكخراوهتر بوون، به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ ئه‌مریكا ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووی هه‌بووه بۆ سازكردنی ئاڵترناتیو، بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێ كۆماری ئیسلامی به یه‌كجاری یه‌كلا كاته‌وه ده‌بێ ئه‌م ئاڵترناتیوه گشتگیره ساز بكا و؛ له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌ست له تێزی گۆڕینی ڕه‌فتاری ڕێژیم هه‌ڵگرێ، تێزێك كه تا ئێستا جوابی نه‌داوه‌ته‌وه.
ڕه‌نگه وه‌ك قسه‌ی كۆتایی وه‌بیر خستنه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه پێویست بێ كه كورد ده‌مێ ساڵه سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی وه‌ك تێرۆریست ناساندووه و له هه‌مان كاتیش‌دا بۆته قوربانی ده‌ستی تێرۆری ئه‌م جه‌ماعه‌ته چه‌كداره له ده‌ره‌وه و له نێوخۆی وڵات، بۆیه ئه‌مه‌ش ده‌توانێ ببێته سه‌ره‌تای گیرساندنی پهیوهندهییهكی تۆكمه‌ی كورد له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ترامپ، به مه‌رجێ دیپلۆماسییه‌كی چالاكی له‌م وڵاته هه‌بێ و بوێرانه به ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌مریكا بڵێ خۆشحاڵین كه پاش چل ساڵ ئێوه‌ش گه‌یشتنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئێمه كه سپای پاسداران، هێزێکی تێرۆریستییە، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن: Late is better than never.