هاتنەپێشێی ڕووداوێکی ناخۆش و وێرانکەری وەکوو لافاو سروشتییە، بەڵام ڕەهەند و ڕادەی وێرانکەریی دیاردەکە بەتەواوتی بە سیاسەت و پێکهاتەی سیاسیی کۆمەڵگەوە بەندە. کە لافاو هەڵدەستێ و بەو ڕادەیەی ئەم ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنەکانەوە دەبینین ئەو هەموو ماڵوێرانییەی بەدوودا هاتووە و هەزاران خانووی وێران کردووە و دەیان کەسی کوشتووە و چالاکیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و، بەگشتی ژیانی خەڵکی ڕاگرتووە؛ ئەوە هۆکارەکەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی وڵات و نەبوونی سیاسەتی پێشگرانەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوای وڵاتە. ڕێژیمی دەسەڵاتداری تاران نەک خۆی هیچ ڕوانگە و بەرنامەیەکی ژینگەپارێزیی نییە، بگرە لەم چەند ساڵەی دواییدا چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بواری ژینگەپارێزیشی تووشی دەیان گیروگرفت کرد و دەیان کەسی لێ دەستگیر و زیندانی کردن و چەندین کەسیشی لە زیندانەکاندا کوشتن، یان لە دەرەوە تیرۆری کردن. ئەو ڕەفتارەی ڕێژیمی وێرانکەری ئیسلامیی تاران کە نایەوێ هیچ بەرنامەیەکی ژینگەپارێزی لە سیاسەت و ئابووری و پیشەسازی و شارسازی و دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبووندا ڕەچاو بکا، ئەوەی لێ کەوتووەتەوە کە ئێستا دەبینین دیاردەیەکی سروشتیی وەکوو لافاو بووەتە خوڵقێنەری تراژیدیی مردنی خەڵک و لەنێوچوونی ماڵوحاڵ و شار و گوندی ناوچە جیاجیاکانی ئێران.
ڕێژیمی ئیسلامیی تاران لەوەتای هەیە وا وەدیار کەوتووە کە نەک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئێران، بگرە بۆ نانەوەی ئاژاوەی ناوچەیی و تیرۆری نێودەوڵەتی و دروستکردنی میلیشیای چەکداری شیعە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بۆ بەشیعەکردنی گەلانی ناوچەکە دەستی بەسەر سامان و داهاتی گەلانی ئێراندا گرتووە. لەڕاستیدا هیچ شتێک لەو ڕێژیمەدا لەسەر جێی خۆی نییە. هەرکاتێک بەڵایەکی سروشتی، وەکوو بوومەلەرزە و لافاو و… هتد ڕووی لە ئێران کردبێ، کاربەدەستانی ڕێژیم دەستەوستان بوون و ئەرکی خۆیان بەجێ نەهێناوە. تەنانەت لەو جۆرە حاڵەتانەدا دەستیان بەسەر ئەو یارمەتییانەشدا گرتووە کە خەڵکی ئێران خۆیان بە ناوی ‹›یارمەتییەکانی خەڵکی›› کۆیان کردوونەتەوە، یان لە لایەن وڵاتانی بیانییەوە نێردراون. جا یان هەموویان دزیوە، یان بەهۆی نەبوونی بەرنامەی دابەشکردنی ئەو یارمەتییانەوە خەڵکی لێقەوماو و زیاندیدە بە ئاوارەیی و بێدەرتانی ماونەتەوە.
دیدگای زاڵی ڕێژیمی ئاخوندەکان سەپاندنی هێژمۆنیی ئایدیۆلۆژی و خوڕافاتی مەزهەبییە، بۆیە نە دەیەوێ بیر لە پێداویستییە قووڵەکانی گەلانی ئێران بکاتەوە و نە دەشتوانی بەو شێوەبیرکردنەوەیەی خۆیەوە لەو پێداویستییانە تێ بگا. بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی ڕێژیم لەسەر بنەمای پێوەندیی نیزیک لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات و وەفادرییان بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ئاخوندەکان کاریان پێ سپێردراوە و پسپۆڕییان لە ئەرکەکانیاندا نییە، بەڵکە بەپێی ئایدیۆلۆژیی ڕێژیم لەسەر بنەمای قەزاوقەدەر کار دەکەن و بەرنامەیان بۆ پێشگری لە ڕووداو و دیاردە سروشتییەکان نییە، بگرە تەنیا لە کاتی ڕووداوەکاندا بە قسە وا دەنوێنن کە دەچن بە هانای لێقەوماوانەوە، کەچی ئەوەش هیچی لێ ناکەوێتەوە، چونکە بنەمای کاری کارمەندانی ئەو ڕێژیمە گەندەڵی و مشەخۆرییە و لە حاڵەتی وادا تەنیا هەراوهوریا دەنێنەوە. ئەوەتا لەم لافاوەی ئەمساڵدا شاری ‹›پولدوختەر››ی ئوستانی لوڕستان لە لافاودا نوقم بووە، کەچی غوڵامڕەزا ئاغامیرزایی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕیوەبەرایەتیی قەیرانی ئوستانی لوڕستان ڕۆژی دووشەممە (١٢ی خاکەلێوە) بە هەواڵنێری فەرهەنگی لوڕستانی گوتووە: ٨ هێلیکۆپتەری ڕێژیم ویستوویانە هەڵفڕن و بچن بە هانای خەڵکی پولدوختەرەوە، کەچی نەیانتوانیوە لەو کەشوهەوایەدا ئەرکەکەیان بەجێ بێنن و بەبێ هیچ دەستکەوت و یارمەتییەک گەڕاونەتەوە و لە شوێنی خۆیان نیشتوونەتەوە! ئەوە لە حاڵێکدایە کە سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم چەندین ساڵە باس لە پێشکەوتنی کەرەستە سەربازییەکانی دەکا و هەڕەشە لە گەلانی ئێران و ناوچەکە دەکا، کەچی هێلیکۆپتەرەکانیان ناتوانن لە هەوای بارانیدا هەڵفڕن!
ئەو ئاخوندە دز و گەندەڵانەی ئێرانیان خستووەتە ژێر دەستی خۆیانەوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر زەمێنێکی زۆردا بگرن سەرچاوە نیشتمانی و سروشتییەکانی وەکوو دارستان و لێڕەوار و قۆپی و کەناری ڕووبارەکانیان داگیر کردووە و باری کاربەرییەکانیان بۆ زەویی نیشتەجێبوون گۆڕیون و تاپۆیان بۆ هەڵبەستوون و بە خەڵکی هەژار و کەمداهاتیان فرۆشتوون، تاکو بیکەن بە خانوو و تێیدا دانیشن. خۆیشیان هەر زەوییەکی پێیان خۆش بووبێ، تەنانەت ئەگەر زەویی کشتوکاڵ و باغیش بووبێ، خانوو و ڤیللا و کارگەی پیشەسازییان لەسەر دروست کردوە، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ساختوسازی لەو جۆرە پێویستی بە زانیاریی ستراتیژی هەیە. هەمووی ئەم کارانە لەڕاستیدا دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ژینگە و وێرانکردنی ژینگە. ئەو مەلا و کاربەدەستە دزانە بۆ ئاخنینی بەڕک و گیرفانی خۆیان سروشتی ئێرانیان تێک داوە؛ دارستانەکان، لەوەڕگەکان، کەناراوەکان، چیاکان، گرد و لێڕەوارەکان، کە سەرچاوەی سروشتی و نیشتمانین و دەوڵەت مافی لەنێوبردنیانی نییە، بەڵکوو دەبێ بیانپارێزێ، لە لایەن ئاخوندەکانەوە فرۆشراون. بۆیە ئێستا دیاردەیەکی سروشتیی وەکو لافاو ئەو هەموو وێرانییەی لێ کەوتووەتەوە، چونکە بەڕێوبەرایەتیی ژینگەی ئێران گەندەڵە و دزینی زەویی دارستان و ناوچە سروشتییەکان و، دروستکردنی بەنداو، کە ئەویش خۆی دەرفەتێکە بۆ گەندەڵیی کاربەدەستان و دزینی بوودجەی ئەو بەنداوانە، سەرلەبەری ئیکۆسیستەمی ئێرانی تووشی قەیران کردوە. هەر بەپێی ئاماری سەرچاوە سروشتییەکان و جەنگەڵداریی ڕێژیم لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا دارستانەکانی باکووری ئێران لە ٣٦٠٠ هەزار هێکتارەوە کەم بوونەتەوە بۆ ٨٠٠ هەزار هێکتار. ڕێژیم بۆ دروستکردنی هەر بەنداوێک دەیان هێکتار دارستان لەنێو دەبا. ساڵانە لە چیاکانی کوردستان سپای پاسداران بە بیانووی ئەمنییەتییەوە دەیان هێکتار دارستان دەسووتێنێ.
ئەم کارەساتە دیار و حاشاهەڵنەگرانە نموونەی خەڵواری دەیان و بگرە سەدان گەندەڵیی لەو چەشنانەن، کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران دەیکەن.