له چل ساڵه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی گشت‌پرسیی دیاریكردنی كۆماری ئیسلامی‌دا، ئاوڕێك له‌و ڕووداوه دهدهینەوه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین به به‌ڵگه‌هێنانه‌وه له كه‌شوهه‌وای ئه‌و سه‌رده‌مە و شێوازی بەڕێوەبردنی ئه‌و گشتپرسییه، سه‌رنج بخهینە سه‌ر لایه‌نه ناڕوونه‌كانی ئه‌و ده‌نگدانه و ناڕه‌وا بوونەکەی بسه‌لمێنین.
له ئه‌سڵی یه‌كه‌می یاسای بنه‌ڕه‌تیی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا هاتووه: «سیستمی كۆماری ئیسلامی … به ده‌نگی 98.2 له سه‌دی خه‌ڵكی ئێران له گشت‌پرسیی ڕۆژانی 10 و 11ی خاكه‌لێوه‌ی 1358ی هه‌تاویدا په‌سەند كراوه.»
له ده‌لاقه‌ی ئه‌و ئه‌سڵه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تییه‌وه، چه‌ند پرسیارێك دێنمه گۆڕێ و هه‌وڵی وڵامدانه‌وه‌یان ده‌ده‌م. گشتپرسی و ڕیفراندۆم له ڕوانگه‌ی حوقووقییهوه چۆن پێناسه ده‌كرێ؟ به‌ستێنه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی گشتپرسی له وڵاتێكدا چین؟ گشت‌پرسیی دیاریكردنی كۆماری ئیسلامی وه‌ك سیستمی سیاسیی ئێران چه‌نده پێوه‌ره دێموكراتیكه‌كانی تێدا به‌دی ده‌كرێ؟ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و گشتپرسییه چۆن بوو و ڕێوشوێنه پراكتیكه‌كانی و لایه‌نه جێبه‌جێكاره‌كانی تا چ ڕاده‌یه‌ك مه‌شڕووع بوون؟
شاره‌زایانی زانستی حوقووق و سیاسه‌ت جیاوازییان له نێوان دوو چه‌مكی ڕیفراندۆم و گشتپرسی كردوه. په‌نابردن بۆ ڕیفراندۆم یان گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕای گشتی له وڵاتێكدا كاتێك پشتی پێ ده‌به‌سترێ كه كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له وڵات‌دا سه‌ری هه‌ڵدابێ كه ده‌وڵه‌ت به هه‌موو دامودهزگاكانییهوه توانای بڕیاردان و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كه‌یان نییه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕای خه‌ڵك. جار هه‌یه ڕیفراندۆم وه‌ك ڕاوێژكردن كه‌لكی لێ وه‌رده‌گیرێ و ئه‌نجامه‌كانی بۆ ده‌وڵه‌ت ته‌نیا ڕاوێژكارییه نه‌ك یه‌كلاكه‌ره‌وه. بۆ نموونه كاتێك ده‌یوید كامێرۆن، سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا به مه‌به‌ستی سیاسی و به گومانی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بریتانیا خوازیاری مانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ن له یه‌كیەتیی ئورووپا، په‌نای بۆ ڕیفراندۆم برد و به پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كانی، خه‌ڵك ده‌نگیان بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه له یه‌كیەتیی ئورووپا (برێگزیت) دا. واته له ڕیفراندۆمدا ڕێبه‌ران و نوخبه‌ی سیاسی به نیگه‌رانییه‌وه چاوه‌ڕوانی ئهنجامهكانن و ڕاسته‌وخۆ ئه‌نجامه‌كان كار ده‌كاته سه‌ر چاره‌نووسی سیاسی‌یان. هه‌روه‌ك كامێرۆن ناچار بوو واز له ده‌سه‌ڵات بێنێ.
واته ڕیفراندۆم له چوار چێوه‌ی سیستمێكی دێموكراتیكدا به‌ڕێوه ده‌چێ كه تیایدا ئازادیی به‌یان و گردبوونه‌وه و ده‌ربڕینی ڕا جیاوازه‌كان چه‌سپاوه و لایه‌نگران و نه‌یارانی بابه‌تی ڕیفراندۆم ده‌رفه‌تی یه‌كسان و وەک یەکیان هەیە بە مه‌به‌ستی سه‌ركه‌وتنی بۆچوونه‌كانیان و؛ ڕاگه‌یاندن و بیاڤی گشتی بۆ هه‌ردووك لا ئاماده‌یه تا به‌رگری له مافی هه‌ڵبژاردنیان بكا.
له كاتێكدا گشتپرسی یان پابلیسیته له چوارچێوه‌ی وڵاتێكی نادێموكراتیكدا به‌ڕێوه ده‌چێ و ئه‌و پرسانه‌ی ده‌خرێنه به‌رده‌م خه‌ڵك بنه‌ڕه‌تی تر و چارهنووسسازترن، وه‌ك گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی یان به واتایه‌كی دروستتر گۆڕینی سیستمی سیاسی. لێره‌دا نوخبه‌ی سیاسی، نیگه‌رانی ده‌ره‌نجامه‌كان نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ر له به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسییه‌كه هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ده‌رهێنانی ده‌ره‌نجامه‌كان له سندووقهكاندا كراوه و، ویستی نوخبه‌ی سیاسی بەبێ ئه‌ملا و ئه‌ولا وه‌دی دێ. له گشتپرسیدا كه‌شی ئازاد و دێموکراتیك بوونی نییه و ڕاگه‌یاندن و بیاڤی گشتی به‌ته‌واوی له كۆنتڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتدار دایه و، له‌وه‌ش گرینگتر ده‌رهێنانی ئه‌نجامه‌كان له سندووقه‌كان له‌ژێر سێبه‌ری قورسی ده‌زگایه‌كی بۆرۆكراسی پشتبه‌ستوو به ئیدئۆلۆژیی سیستمی حاكم دایه و؛ ژماره‌كان به شێوه‌یه‌كی كۆمێدی له سندووقه‌كان ده‌ردێن.
ئه‌گه‌ر به‌و پێشه‌كییه‌وه لێكدانه‌وه بۆ ڕووداوه‌كه‌ی 10 و 11 و 12ی خاكه‌لێوه‌ی 1358ی هه‌تاوی له ئێران‌دا بكه‌ین ده‌توانین به‌و ده‌ره‌نجامانه بگه‌ین:
یەکەم، ئه‌وه‌ی له خاكه‌لێوه‌ی 58 له لایه‌ن خومه‌ینی و داروده‌سته‌كه‌ی كرا گشتپرسی بوو نه‌ك ڕیفراندۆم.
دووهەم، ئه‌و گشتپرسییه له كه‌شێكی ته‌واو نادێموكراتیك و داخراودا ئه‌نجام درا. كه‌متر له دوو مانگ به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی شۆڕشدا تێپه‌ڕیبوو و كه‌شێكی نائه‌من و ئینقلابی به‌سه‌ر ئێران‌دا زاڵ بوو. داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت به ته‌واوی شكڵیان نه‌گرتبوو و قورسایی بۆرۆكراسیی سیستمی پێشوو به‌سه‌ر كۆی جومگه ئیدارییه‌كانه‌وه دیار بوو. لایه‌نگرانی خومه‌ینی خاوه‌نی هه‌موو ڕاگه‌یاندنه‌كان، هێزه چه‌كداره‌كان، دادمودهزگاكانی به‌ڕێوه‌بردنی گشتپرسی و گرینگتر له‌وانه ده‌رفه‌تی یاریكردن به‌سه‌ر ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌سته‌وه بوو. له كاتێكدا نه‌یارانی كۆماری ئیسلامی نه‌ك ته‌نیا هیچ ئامرازێكی پڕوپاگه‌نده‌یان له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بوو تا به‌رگری له بۆچوونه‌كانیان بكه‌ن و ڕای خه‌ڵك بۆ مه‌به‌سته‌كانیان ڕابكێشن.
سێهەم، شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی گشتپرسییه‌كه به‌ته‌واوی لایه‌نگرانه و تاك ڕه‌هه‌ندی بوو و مافی هه‌ڵبژاردنی خه‌ڵك له چوارچێوه‌ی پرسیارێكی ناڕووندا به‌رته‌سك كرابۆوه، ئه‌ویش قه‌بووڵكردن یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی بوو. له لایه‌كی دیكه‌وه كه‌شی ئه‌منیه‌تیی زاڵ به‌سه‌ر گشتپرسیدا وایكردبوو كه ده‌نگی «نا» بۆ كۆماری ئیسلامی تێچووی هه‌بوو. ئه‌وه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌شی ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان به ڕاده‌یه‌ك ئه‌منیه‌تی كرابوو كه نهێنی بوونی ده‌نگدانه‌كه‌ی خستبووه ژێر پرسیار.
چوارەم، به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان كه له لایه‌ن خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه بڵاو كراونه‌ته‌وه، له ڕۆژی گشتپرسیدا زیاتر له 6 میلیۆن به‌رگه‌ی ده‌نگدانی زیادی چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه، كه ئه‌وه به ته‌واوی دژی بنه‌ماكانی ده‌نگدانێكی بێخه‌وشه. هه‌ر به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان به‌هۆی نه‌بوونی ده‌زگایه‌كی ئیداریی پته‌و به‌شێكی به‌رچاوی ده‌نگه‌كان نهژماردراون و ئه‌نجامه‌كان به شێوه‌یه‌كی ته‌مومژاوی و ئاراسته‌كراو ڕاگه‌یه‌نراون. جیا له‌وه‌ی هیچ چاودێرییه‌كی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ر پڕۆسه‌كه‌وه نه‌بووه.
پێنجەم، گاڵته‌جاڕی گه‌وره له ڕاگه‌یاندنی ده‌ره‌نجامه‌كان و له ئه‌نجامدا گونجاندنی له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا به‌دی ده‌كرێ. هه‌روه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێكرد له ئه‌سڵی یه‌كه‌می یاسای بنه‌ڕه‌تیدا هاتووه كه 98.2 له سه‌دی خه‌ڵكی ئێران ده‌نگی به كۆماری ئیسلامی داوه. كه ئه‌و ئاماره له چه‌ند ڕووه‌وه جێگای تێڕامانه:
ــ به‌پێی ئه‌و ئیدیعایه ده‌بێ هه‌موو خه‌ڵكی ئێران واته 100 له سه‌دی خه‌ڵكی ئێران به‌شداریی گشتپرسی كردبێ و له‌و نێوه‌دا 98.2 له سه‌د ده‌نگیان به كۆماری ئیسلامی دابێ. له كاتێكدا به‌شداری 100 له سه‌دی خه‌ڵك له هیچ هه‌ڵبژاردنێكدا و له هیچ وڵاتێكی جیهاندا مومكین نییه.
ــ به‌شێكی به‌رچاو له ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به هۆی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند سندووقی ده‌نگدانی بۆ نه‌هاتووه و گشتپرسی تێدا به‌ڕێوه نه‌چووه.
ــ نائه‌منی و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ناوه‌ند به سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی ئێرانیشدا وای كردووه كه یان گشتپرسی تیایدا به‌ڕێوه نه‌چووه یان ئه‌و ده‌رفه‌ته نه‌بووه هه‌موو ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی مافی ده‌نگدان بوون بچنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان.
شەشەم، ته‌مه‌نی ده‌نگدان بۆ 16 ساڵ دابه‌زێنرا، ئه‌وه له كاتێك دایه كه به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره دانپیانراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌مه‌نی 16 ساڵی به منداڵ داده‌نرێ و شیاوی به‌شداریكردن له ده‌نگداندا نییه. خومه‌ینی و ئه‌نجومه‌نی شۆڕش به مه‌به‌ستی كهلكوهرگرتن له سۆزی ئینقلابیی مێرمنداڵان و بردنه‌سه‌ری ده‌نگی «به‌ڵێ» بۆ كۆماری ئیسلامی، ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی له ته‌مه‌نی ده‌نگداندا كرد.
له كۆتاییدا پێویسته ئه‌و ڕاستییه له‌بیر نه‌كه‌ین كه خومه‌ینی به‌ر له هه‌ڵبژاردن دژایه‌تیی هه‌موو ئه‌و بژاردانه‌ی كرد كه لەبارەی سیستمی داهاتووی ئێران خرابوونه به‌رده‌می. بۆ نموونه یه‌كێك له‌و بژاردانه كه له لایه‌ن نیزیكانی خومهینییهوه پێشنیار كرا، «كۆماری دێموكراتیكی ئیسلامی» بوو، كه له لایه‌ن خومهینییهوه به‌توندی ڕه‌ت كرایه‌وه و ڕایگه‌یاند «كۆماری ئیسلامی نه یه‌ك وشه زیاد، نه یه‌ك وشه كه‌م».
له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی كه خومه‌ینی له چوارچێوه‌ی سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیهـدا ساڵانێك پێش سه‌ركه‌وتنی شۆڕش گه‌ڵاڵه‌ی كردبوو، ڕه‌واییه‌تی له خوا وه‌رده‌گرت و به هیچ شێوه‌یه‌ك پێویستی به گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕای خه‌ڵك نه‌بوو. خومه‌ینی ته‌نیا بۆ ده‌مكوت كردنی نه‌یارانی په‌نای بۆ ئه‌و گشتپرسییه برد.